ھاوکات لە سەردانەکەیدا قوباد تاڵەبانی لەگەڵ شاناز ئیبراھیم ئەحمەد کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی گەلەرییەکی تایبەتی بەسەرکردەوە کەپرۆژەیەکی نیشتمانی گرنگ و خەونی مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد بووە و دەستخۆشی کردنەوەی گەلەرییەکەی لەخاتوو شاناز کرد و کۆکردنەوەی نمونەی خاکی پیرۆزی (٣٠٠) شارو ناوچەی جیاجیای کوردستانی بەھەوڵێکی گرنگ زانی کەلەرێگەیەوە پەیامی سەرەکی گەلەرییەکە ((زەڕەیەک خاکی وەتەن نادەم بەقەسری قەیسەری)) دەچەسپێت، کەئەمەش یٔەو دێڕەیە کەمامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد زۆر سەرسامی بوو .


قوباد تاڵەبانی وتیشی ، لەم گەلەرییەدا ھەست بەبۆن و بەرامەی نیشتمانپەروەری و شۆرشگێڕی و پیرۆزییەکانی گەلی کوردستان دەکەم، دڵخۆشم کە ئاواتەکانی مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد دەبینم دێنەدی، ئەو مامۆستای کوردایەتی و پێشەنگی رووناکبیری نمونەی خۆڕاگری بوو، خەباتی بێ ووچانی بۆ ئازادی و رزگاری کوردستان بوو.


لەبەرامبەرداو لەمیانی بەسەرکردنەوەی بەشەکانی گەلەرییەکەدا، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد ڕایگەیاند، ئەم گەلەرییە نمونەی خاکی پیرۆزی چەند ناوچەیەکی کوردستانی لەخۆگرتوە کەلەم گەلەرییەدا یەکیانگرتووە و ھەریەکە و ڕەنگ و بۆنێکی جیاوازی تایبەت بەخۆی ھەیە، وتیشی ئەمە ئەو خاکە پیرۆزەیە کەدوژمنانی گەلی کورد چەندین ساڵە شەڕی لەسەر دەکەن.


ئەم بەسەرکردنەوەیەی قوباد تاڵەبانی بۆ گەلەری خاکی کوردستان، لەچوارچێوەی دیدارێکیدا بوو لەگەڵ خاتوو شاناز ئیبراھیم ئەحمەد لە نووسینگەی تایبەتی لە شاری سلێمانی.