فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی پەیوەندییەکی تەلەفونی لەلایەن ئۆلاف شۆلز راوێژکاری ئەڵمانییەوە پێگەیشتووە و تیایدا پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێکردووە.
ئەوەشھاتووە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا سودانی داوای لە راوێژکاری ئەڵمانیا کردووە، یەکێتی ئەوروپا ھەڵوێستێک بگرێتەبەر بۆ ئیدانەکردنی پێشێلکارییەکان بەرامبەر خەڵکی فەڵەستین، لەبەرئەوەی ڕووداوەکانی غەززە تاقیکردنەوەیەکە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و زلھێزەکان و دەیانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەوە.
لەبەرامبەریشدا، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاندووە، کار بۆ ئاگربەستی شەڕی غەززە دەکەن، ئامادەییشی دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنەکە رایگەیاند، ھەر حاڵەتێکی پێشێلکاری لە کاتی بانگەشە ببینن بۆ لایەنە دادوەرییەکانی بەرز دەکەنەوە، چونکە کۆمیسیۆن مافی سزادان و لێپێچینەوەی لەگەڵ ھیچ ھاووڵاتییەک نییە، تەنھا بە رێکارە یاساییەکان ھەڵدەستێت.
وتیشی، ھەر کەسێک پێشێلکاری بکات لە بانگەشەدا سزای دارایی دەدرێت کە لە ٥٠٠ ھەزارەوە دەستپێدەکات تا زیندانی و غەرامەکردنی ٥٠ ملیۆن دیناری عێراقی.
لە یەکی ئەم مانگەوە بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکردووە تا ٢٤ سەعات بەر لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکە لە رۆژی ١٨ی کانونی یەکەم، بەردەوام دەبێت.
سەدر لە نوێترین پەیامیدا سەبارەت بە پشتیوانییەکانی بۆ فەڵەستین و بزووتنەوەی حەماس، داوای لە وڵاتانی ئوردن و لوبنان و میسر و سوریا کرد، رێگە بە سەدرییەکان بدەن بچنە سنورەکانی فەڵەستین و ئاو و خۆراک و دەرمان و سوتەمەنی و ھاوکاری دیکە لەگەڵ خۆیان ببەن بۆ ئەوەی بگەیەندرێنە غەززە.
وتیشی ھیواخوازە ئەو سەدرییانە بتوانن لە رۆژانی داھاتوودا خۆپیشاندانی ملیۆنی ئاشتییانە لە سنوری فەڵەستین رێکبخەن.
سەدر راشیگەیاند، پابەند دەبن بە سیستم و یاسا و رێڕەوی ئاشتییانە، وەک چۆن لە پێشتردا بەڵێنیان دابوو، ھەمووان لە رووداوەکانی غەززە بەرپرسیارن.
محەمەد زیادی، پەرلەمانتاری ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا کە نوری مالکی سەرۆکایەتی دەکات رایگەیاندووە، ھەڵوێستی عێراق تایبەت بە پەیوەندییە دیبلۆماسییە دەرەکییەکان راستەوخۆ پەیوەندی بە بڕیارەکانی حکومەتەوە ھەیە و تەنانەت ھەر حکومەتیش بڕیاریداوە ھاوکاری مرۆیی بۆ غەززە بنێرێت و ھیچ ھێز و لایەنێکی تر ناتوانێت بڕیاری لەو جۆرە بدات و عێراقیش پەیوەستە بە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان.
وتیشی، تائێستا تەنھا لە میدیاکانەوە بیستویانە ژمارەیەک پەرلەمانتار ئیمزایان کۆکردووەتەوە و ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانیان کردووە بۆئەوەی بڕیار بدرێت بە داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد، بەدووریشی زانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوەی تایبەت بەو بابەتە بکات بەتایبەتیش لەکاتێکدا کە پشووی یاسادان دەستپێدەکات و کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەران رادەگیرێن.
سعود ساعدی، سەرۆکی کوتلەی حقوق لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دەرکردنی سەرجەم ھێزەکانی ئەمریکا داواکاری جەماوەری و زۆربەی لایەنە سیاسییەکانە و چەندین ساڵیشە ئەو داوایە پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە بەتایبەتی دوای کوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبومەھدی موھەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بەھۆی بۆردومانێکی ئەمریکاوە لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد.
وتیشی، رێکارەکان بۆ دەرکردنی تەواوی ھێزەکانی ئەمریکا تەواوکراوە، بەڵام ئیرادەیەکی سیاسی ھەیە کە لە پشت دواخستنی دەرکردنی ئەو ھێزەوەیە و ئەو بابەتەی راگرتووە.
رەزاق محێبس، سەعداوی وەزیری گواستنەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، حزبی بەعسی رووخاو بەپێی یاسا لە عێراق قەدەغە کراوە و ھەر کەسێکیش بانگەشە بۆ ئەو حزبە بکات یان ستایشی بکات، ئەنجامدانی تاوان و پێشێلکردنی یاسایە و سزا دەدرێت.
وتیشی، لیژنەیەک پێکدەھێنن بۆ لێکۆڵینەوە لەو زانیارییانەی باس لەوە دەکەن ژمارەیەک فەرمانبەریان بەشداری ئاھەنگێکیان کردووە کە تیایدا ستایشی حزبی بەعسی رووخاو و خودی سەدام حسێن کراوە و بە بەڵگە بسەلمێندرێت ھەر فەرمانبەرێکی وەزارەتی گواستنەوە بەشداری ئەو ئاھەنگی کردووە رادەستی دادگا دەکرێت و سزا دەدرێت.
محەمەد جەعفەر، سەدر باڵیۆزی عێراق لە لەندەن لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ژنێکی بەتەمەنی بەریتانی پارچەیەک شوێنەواری دێرینی رادەستی باڵیۆزخانەکەیان کردووەتەوە کە وەک میرات لە باوکییەوە بۆی ماوەتەوە شوێنەوارەکەش لە سێ مۆر و تابلۆیەک پێکھاتووە و تەمەنیان بۆ زیاتر لە دوو ھەزار ساڵ پێش زاین و ٦٠٠ ساڵ دوای زاین دەگەڕێتەوە.
راشیگەیاندووە، لەگەڵ وەرگرتنەوەی ئەو پارچە شوێنەوارەدا لەو ژنە بەریتانییە، مۆزەخانەی بەریتانیاش پارچەکی تری شوێنەواری رادەستی باڵیۆزخانەی عێراق لە لەندەن کردووەتەوە.
ئەنجومەنی خزمەتگوزاری حکومەتی فیدراڵ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی کارەکانیان بۆ دامەزراندنی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان لەسەر فەرمانی ژمارەی ١٨٤ی ساڵی ٢٠٢٢ی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی خزمەتگوزاری حکومەتی فیدراڵ دانیشتنێکی نائاسایی بە سەرۆکایەتی مەحمود تەمیمی سەرۆکی ئەنجومەنەکە ئەنجامدا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنەکە رەزامەندی دەربڕی لەسەر دامەزراندنی ئەو دەرچووانەی بەشە پزیشکییەکانی عێراق لەسەر میلاکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زاستی و بڕیاردراوە بە ناردنی بڕیاری دامەزراندنی ئەو خوێندکرانە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا.
دادگای فیدراڵی عێراق دانیشتنێکی سەبارەت بە سکاڵایەکی قەشە لویس رافائیل ساکۆ پاتریاکی کلدانییەکان لە عێراق و جیھان ئەنجامدا، کە دژی د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق تۆماریکردبوو.
لە سکاڵاکەدا، لویس ساکۆ داوایکردووە رێکاری دەرچوواندنی مەرسومی کۆماری ژمارە ٣١ی ساڵی ٢٠٢٣ بۆ کشانەوەی مەرسومی کۆماری ژمارە ١٤٧ی ساڵی ٢٠١٣، کە تایبەتە بە دانانی کاردینال لویس رافائیل ساکۆ، بە ناڕاست و نا دروست لە قەڵەم بدات.
بەڵام دادگای فیدراڵی سکاڵاکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، ھیچ رێکارێکی ناڕاست و ناتەندروست لە مەرسومی کۆماری ژمارە ٣١ی ساڵی ٢٠٢٣دا نییە و سکاڵاکەی رەتکردەوە.
مانگی تەممووزی رابردووی ئەمساڵ، وتەبێژی سەرۆکایەتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کشانەوەی ئەو مەرسومە زیان بە پێگەی ئاینی و یاسایی کاردیناڵ لویس ساکۆ ناگەیەنێت و رێز و پێزانینی لە سەرۆکایەتی کۆمار ھەیە، بەوپێیەی پاتریاکی کلدانییە لە عێراق و جیھان. ئاماژە بەوەشدرابوو، سەرۆککۆمار ھەمیشە رێزی لە مەسیحییەکانی عێراق گرتووە و بەرگری لە مافەکانیان کردووە و ھەڕەشە و لێدوانی توند دژی کڵێسا و ھەر مەزھەبێکی دیکە لە وڵاتەکە رەتدەکاتەوە.
لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ١٦ ملیۆن و ١٥٨ ھەزار و ٧٨٨ کەس مافی دەنگدانیان ھەیە و تیایدا ١٩٨ حزب و ٣٩ ھاوپەیمانێتی و ٥٩١٥ کاندید کێبڕکێ لەسەر ٢٨٥ کورسی دەکەن.
لە ھەڵبژاردنی گشتی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، ١٥ ملیۆن و ١٠٨ ھەزار و ١٣٥ کەس مافی دەنگدانیان ھەیە، حەوت ھەزار و ١٦٦ دەنگدان و ٣٥ ھەزار و ٥٥٣ بنکەی دەنگدان تەرخان دەکرێن.
ھەروەھا، لە ھەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجومەنی پارێزگاکان، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان ھەیە، بۆ ھەڵبژاردنی تایبەتەکەش ٥٦٥ ناوەندی دەنگدان و دوو ھەزار و ٣٠٦ بنکەی دەنگدان تەرخان دەکرێن، ھەروەھا بۆ ئاوارە عێراقییەکانی ھەرێمی کوردستان کە ژمارەیان ٤٨ ھەزار و ٢٦٠ دەنگدەر، لە پارێزگاکانی ھەرێم ٣٥ ناوەندی دەنگدان و ١٢٠ بنکەی دەنگدانیان بۆ تەرخان دەکرێت.
لە ھەڵبژاردنەکەدا، لایەنە کوردییەکان لەنێویاندا یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە چوار پارێزگا بەشداری دەکەن، ئەوانیش کەرکوک، سەڵاحەدین و نەینەوا و دیالە.
ژمارەی لیست و ھاوپەیمانێتییەکان لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ژمارەوە ١٠٠ دەستپێدەکات، بەڵام ژمارە ١٥٦ بۆ ھیچ لیستێک دیارینەکراوە، بەھۆی ئەوەی ماددەی ١٥٦ لە یاسای سزادان تایبەتە بە ساختەکاری و فێڵکردن.
عاسم جیھاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی فەرمی عێراقی وت، دوای گفتوگۆ لەگەڵ وەفدی حکومەتی ھەرێم، وەزارەتەکەیان یاسای نەوت و غازی ئامادەکردووە و پێشکەشی حکومەتی کردووە، حکومەتیش لە کارنامەی وەزاری خۆیدا بەڵێنی دەرچوواندنی یاساکەی داوە. وتیشی، لەئێستادا پڕۆژەیاساکە لە ئەنجومەنی وەزیرانە و بە رێککەوتن دەنگی لەسەر دەدرێت، دواتریش لە ئەنجومەنی نوێنەران پێویستی بە سازانی سیاسی دەبێت بۆ تێپەڕاندنی.
بەڵام ئاسۆ فەرەیدون ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی نوێنەران بە میدیاکانی عێراقی راگەیاند، پڕۆژەیاساکە بابەتێکی سیاسی و یاسایی و تەکنییە و پێویستی بە کاری زۆر ھەیە، ھەروەھا رەشنوسی جیاواز لەبارەی ئەو یاسایەوە ھەیە، بەڵام ھەرێمی کوردستان بەو رەشنوسە رازی نەبووە کە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە پێشنیازکرابوو، بە دووریشی زانی لەم خولەی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەراندا، یاسای نەوت و غاز دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەندبکرێت.
دادوەر حیدەر حەنون سەرۆکی دەستپاکی عێراق رایگەیاندووە، گەندەڵی و زیانگەیاندن بە سەروەت و سامانی دەوڵەت و گشتی، ھەرکەسێک بیکات لەھەر ئاست و پلە و پێگەیەک بێت پێویستە بە یەکسانی یاسایان بەسەردا جێبەجێ بکرێت و بەپێی تاوانەکانیان سزا بدرێن.
وتیشی، بێویژدانییەکی گەورەیە ئەو فەرمانبەرە ئاساییانەی گەندەڵی دەکەن و موڵک و سەروەت و سامانی دەوڵەت بەھەدەر دەدەن، لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت و سزا بدرێن، بەڵام لێپرسراوان و ئەوانەی کەسانی باڵا و لایەنە سیاسییەکان لە پشتیانەوەن، پشتگوێ بخرێن و تاوانەکانیان بۆ داپۆشرێت.
د.لەتیف رەشید لە بەغداد ئامادەی سێیەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتی تایبەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا بوو و لە وتارێکدا باسی لەوەکرد، پێویستە عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ سەبارەت بە دابەشکردنی سەرچاوەکانی ئاو بگاتە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە.
دەقی وتارەکەی سەرۆککۆمار...
وەزیرە بەڕێزەکان
خوشکان برایان ، ئامادەبووانی بەڕێز
سڵاوی خوداتان لێبێت
لە سەرەتاوە خۆشحاڵم کە سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی سەرۆکایەتی و ستافی زانکۆی بەناوبانگی بەغدا و پەیمانگای عێراقی بۆ دیالۆگ بکەم کە بانگھێشتیان کردین بۆ بەشداریکردن لەم کۆنفرانسە گرنگەدا، ھەروەھا دەمەوێت ستایشی تیشک خستە سەر ئەو بابەتە زۆر گرنگتان بکەم کە لەڕاستیدا مەترسیەکی راستەقینەیە بۆ جیھانەکەمان، کە گۆڕانی کەشوھەوا و کاریگەرییە ڕاستەوخۆو ناراستەوخۆکانیەتی لەسەرمان .
لە دەیان ساڵی ڕابردوودا عێراق ڕووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە بووەتەوە و بەدەست نادادپەروەری ڕژێمە تۆتالیتارییەکانەوە دەناڵێنێت کە نوقمی شەڕە ناوچەییەکان و گەمارۆ و داگیرکارییەکی نێودەوڵەتی و دواجاریش سەرھەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆتەوە کە بە خوێنی شەھیدەکانمان و قوربانیدانی گەلەکەمان ویەکڕیزیمان شکستمان پێھێنا.
ئەمڕۆ کۆدەبینەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاڵنگاریەکی دیکە کە ھەڕەشە لە جیھان و مرۆڤایەتی بە گشتی دەکات، ئەویش گۆڕانی کەشوھەوایە، کە لە ئەنجامی چالاکیی ئابووریی جیھانی مۆدێرن و پشتبەستنی بێسنووری بە سووتەمەنی کانزایی، کە دەبێتە ھۆی زیادبوونی دەردانی گازە گەرمکەرەکان - گرنگترینیان دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە.
دەردانی بێ سنووری گازی گەرمکەر کاریگەری لەسەر کەشوھەوای جیھان دروستکردوە، لە ئەنجامە ڕاستەوخۆکانیان، لافاو، ئاگرکەوتنەوە، شەپۆلی گەرمای لەڕادەبەدەر لە زۆرێک لە وڵاتانی جیھان، زریانی تۆز و کەمی باران کە ناوچەکەمان لەم ساڵانەی دواییدا تووشی بووە، بەتایبەت عێراق. ئەگەر دۆخەکە وەک خۆی بەردەوام بێت، مەترسییەکە کاریگەری لەسەر ھەموو لایەنەکانی ژیانمان دەبێت، لە خۆراک و ئاسایش و تەندروستی و ژینگە و ئابووریدا، ئەمەش پێویستی بە کارکردنی ھەموان ھەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵنگاریە ڕاستەقینەیە.
تا ئەم دواییانە عێراق وڵاتێکی خۆبژێو بوو لە ڕووی خۆراکەوە، و وەزارەتەکانی سەرچاوە ئاوییەکان و کشتوکاڵ پێکەوە کار دەکەن بۆ دابینکردنی پێداویستی جووتیاران لە ئاو و ئامێر و کەرەستەکانی ئاودێری.
بەڵام دۆخەکە بەھۆی کەمی ئاوەوە دەستی بە گۆڕانکاری کردوە کە بە شێوەیەکی سەرەکی سیاسەتی وڵاتانی سەرچاوەکانی ئاو و کەمی باران و خراپی بەڕێوەبردن رۆڵیان ھەبوو لەم بوارەدا.
عێراق بە تایبەتی کاریگەری گۆڕانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی کەشوھەوای لەسەرە. ئێمە بەدەست پلەی گەرمی بەرز و کەمی باران و بە بیابانبوون و وشکەساڵی و زریانی تۆزوخۆڵەوە دەناڵێنین. ئەم گۆڕانکاریانە کاریگەری وێرانکەریان دەبێت، بەو پێیەی دەبێتە ھۆی تێکچوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان و نەمانی زۆنگاوەکان و کەمبوونەوەی بەرھەمی خۆراک و زیادبوونی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان، ھەروەھا زیادبوونی کۆچ بۆ شارەکان و ناسەقامگیری .
عێراق، وەک وڵاتێکی بەرھەمھێنەری نەوت، ڕووبەڕووی کاریگەرییە ناڕاستەوخۆکان دەبێتەوە کە گرنگییەکی کەمتریان نییە لەو مەترسیەی کاتێک ئابووری جیھانی پشتبەستنی بە سووتەمەنی بەردینی کەم بکاتەوە.
لە ژێر ڕۆشنایی ئەوانەی باسکران، بە پێویستی دەبینین کاربکەین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری ھاووڵاتیان و بڵاوکردنەوەی کەلتوری گرنگیدانی ژینگەیی و ھوشیارکردنەوە لە پرۆسەی خوێندندا کە ھەموو ئاستەکانی خوێندن لەخۆبگرێت، لە قۆناغی سەرەتاییەوە دەستپێبکات و کارکردن چڕبکرێتەوە بۆ سنووردارکردن یان کەمکردنەوەی ھەر کاریگەرییەکی نەرێنی کە عێراق ڕەنگە دوچاری ببێتەوە.
ئێمە وەک وڵاتێکی بەرھەمھێنەری نەوتی بەرپرسیارانە دەبێت کاربکەین بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمکەر لە عێراقەوە (واتە ئەوەی پێی دەوترێت کەمکردنەوەی کرداریی کەشوھەوا) ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە لە بەڵگەنامە نیشتمانییەکەماندا کە لە چوارچێوەی بەرنامەکانی وەزارەتی نەوت و لقەکانیدا تۆمارکراوە و ئاماژەمان پێکردووە، بە وەستاندنی سووتاندنی گازی میتان، و سوودی لێ وەربگرن بۆ بەرھەمھێنانی وزەی کارەبایی.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بە ڕۆڵی وەزارەتی کارەبا بکەین لە ئەنجامدانی گرێبەستی بەرھەمھێنانی کارەبا لە وزەی پاک وەک وزەی خۆر.
خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوھەوا پێویستییەکی ڕەھایە. ئەمەش پێویستی بەوەیە کە بە میکانیزمی چالاکییە سەرەتاییەکانماندا بچینەوە، وەک ئاودێری و کشتوکاڵ، ھەروەھا دەبێت کاربکەین بۆ ھەمەچەشنکردنی چالاکییە ئابوورییەکانمان. جیھان پشتبەستنی بە سووتەمەنی بەردینی کەمدەکاتەوە. بۆ نموونە یەکێتیی ئەورووپا بەر لە کۆتایی ئەم دەیە کۆتایی بە بەرھەمھێنانی ھەموو ئەو ئۆتۆمبێلانە دەھێنێت کە پشت بە سووتەمەنی بەردینی دەبەستن.
مرۆڤ بۆ یەکەمجار لە کەناری دیجلە و فورات و لقەکانیان لە میزۆپۆتامیا کشتوکاڵی کرد و عێراق یەکەم سەرچاوەی یاساکانە. کۆنترین بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پرسی ئاو، پەیمانی ئاشتی ھەمیشەیی "میسلیم"ە کە زیاتر لە ٤٥ سەدە لەمەوبەر لە نێوان دوو شاری سۆمەری کە کەوتبوونە کەناری دیجلە، ئەوانیش لەکش و ئوما ئەنجامدرا. ئامانجی ئەم پەیماننامەیە چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییە لەمێژینەی نێوان ھەردوو شارەکە بوو لەسەر بەکارھێنانی ئاوەکانی ڕووباری دیجلە. پەیماننامەکە کۆمەڵێک ڕێسای بۆ ھاوبەشکردنی ئاوەکانی ڕووبارەکە دامەزراند، ھەروەھا لایەنەکانی پەیماننامەکەی لە دروستکردنی بەنداو یان پێکھاتەی دیکە قەدەغە کرد کە دەستوەردان لە ڕۆیشتنی ڕووبارەکە بکات و ئاو لە وڵاتی خوارەوەی ڕووبارەکە ڕابگرێت.
ئەمڕۆ دەبێ بە ھاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ - ئێران، تورکیا، و سوریا - وڵاتانی دۆست کە لەگەڵیاندا بەرژەوەندی ھاوبەشی ئایینی، کولتووری و جەماوەری ، ھەروەھا بەرژەوەندی ھاوبەشی ئەمنی و ئابووری ھاوبەشمان ھەیە، دەبێت ھەوڵبدەین بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە لە ڕێگەی پەیماننامەوە کە زامنی مافی گەلەکانمان بکەین، کەبەدەستھێنانی ئاوە . لەڕاستییدا عێراق تاکە وڵات نییە کە خۆی لەم دۆخە سەختەدا ببینێتەوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ھیچ ڕێککەوتنێکی بەرفراوانی ڕەوا ھاوشێوەی پەیمانی لەکش و ئومما نییە.
لەگەڵ ھەموو ئەوانەی سەرەوە، پێویستە خۆمان بگونجێنین و میکانیزمە کشتوکاڵییەکانمان مۆدێرن بکەین بۆ ئەوەی بە کەمترین سەرچاوەی ئاو کاربکەین و بەکارھێنانی تەکنیکەکانی سیستمی کشتوکاڵی مۆدێرن گشتگیر بکەین کە ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە بەدەستھێنانی ئاسایشی خۆراک. جێگای خۆشحاڵییە کە وەزارەتی کشتوکاڵ دەستپێشخەری کردوە بۆ گۆڕینی ئەو میکانیزمانە، بە ھاوکاری لەگەڵ دامەزراوە کارامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک ڕێکخراوی جیھانی خۆراک و کشتوکاڵ و بەرنامەی خۆراکی جیھانی.
گۆڕانی کەشوھەوا پرسێکی نێودەوڵەتییە و لەدوای لوتکەی زەویەوە کە لە ساڵی ١٩٩٢ لە شاری ڕیۆ دی جانیرۆی بەرازیل بەڕێوەچوو، جیھان دەستیکردووە بە گرنگیدان پێی. زۆرینەی ڕەھای وڵاتانی جیھان ئەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەیان واژۆ کردووە کە ھەوڵی چارەسەرکردنی پرسی گۆڕانی کەشوھەوا دەدات و ناوە تەواوەکەی کۆنفرانسی چوارچێوەی "نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوھەوا" یە. عێراق لەم لوتکەیەدا لە ھەردوولا، نێودەوڵەتی و عێراقی ئامادەبوو.
کارکردن لەم بوارەدا لەگەڵ وڵاتانی پیشەسازی و گەشەسەندوو لە دانوستانەکاندا، کە ئەنجامەکانی بۆ جیھان گرنگ دەبێت. دانوستان ئاسان نییە، بەرژەوەندی ناکۆکی لە نێوان وڵاتانی پیشەسازی (بە بەرپرسیارێتی مێژوویی سەبارەت بە دەردانی گازی ژەھراوی) و وڵاتانی تازەپێگەیشتو کە پێداگری لەسەر مافی خۆیان دەکەن بۆ گەرەنتیکردنی ژیانێکی شایستە، و ھەموو ئەو شتانەی کە ئەمە لە ڕووی بەکارھێنانی وزەی بەردینەوە پێویستی پێیەتی. بە سەرنجدانی گرنگی دەرئەنجامەکان، گرنگی ئەو وڵاتانە دەبینین کە بەشداری لەم دانوستانانەدا بکەن لەگەڵ شاندە فراوان و بەرپرسیار و کاراکان. بەتایبەت کە ئەم دانوستانانە پێویستی بە ھاوکاری ژمارەیەک لایەن ھەیە لە کۆنفرانسی ساڵانەی داھاتووی لایەنەکانی ئەم ڕێککەوتنە (بیست و ھەشتەم Cop ) لە مانگی داھاتوو لە ئیمارات بەڕێوەدەچێت.
چاوەڕوانین کە نوێنەرایەتی عێراق بکەین لەم کۆنفرانسەدا بە ھاوکاری وەزیرە پەیوەندیدارەکان، گومانی تێدا نییە کە دەرئەنجامی کۆنفرانسەکەمان بەشدارییەکی ئەرێنی لە کارەکانی شاندی عێراقی و بەھێزکردنی ھەڵوێستەکانیدا دەبێت. بۆیە سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ زانکۆی بەغدا و پەیمانگەی عێراقی بۆ دیالۆگ دووپات دەکەمەوە کە ئەم کۆنفرانسەیان سازکرد، ھەروەھا سوپاسی ئامادەبووانی بەڕێز دەکەم کە لەگەڵ ئێمە بەشداریان کرد.
دوبارە سڵاوی خودای گەورەتان لێبێت
عەمید ماجد عەدنان، بەڕێوەبەری گشتی پاسپۆڕت لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، لە مانگی ئازاری ساڵی داھاتووەوە دەرھێنانی پاسپۆڕت بە سیستەمی کۆن رادەگیرێت و دەگۆڕێت بۆ سیستەمی ئەلیکترۆنی.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ھێشتا ٢٢ بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆڕت لە پارێزگاکانی عێراق بە سیستەمی کۆن پاسپۆڕت بۆ ھاوڵاتییان دەردەھێنن، بەڵام لە مانگی ئازاری ساڵی داھاتووەوە سەرجەمیان دەگۆڕێن بۆ سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ دەرھێنانی پاسپۆڕت، کە پاسپۆڕتەکە لە تەواوی وڵاتانی جیھان متمانە پێکراوە.
راشیگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا پێنج بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆڕت لە پارێزگاکانی دھۆک و موسەنا و زیقار و دیالە و سەڵاحەدین.
گروپی چەکداری "مقاوەمەی ئیسلامی" لە عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە رێگەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە جارێکی دیکە بنکەی سەربازی " عەین ئەسەد"ی ھێزەکانی ئەمریکایان لە ئەنبار کردووەتە ئامانج.
ھاوکات، پات رایدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پنتاگۆن رایگەیاند، لە ماوەی ١٧ تا ٣٠ی تشرینی یەکەم، ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لانیکەم ١٤ جار لە عێراق و نۆ جار لە سوریا لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ھێرشیانکراوەتە سەر، وتیشی لە ھێرشەکاندا ٢١ سەربازی ئەمریکی برینداربوون و کەسێکیش کە وەبەرھێنەری بیانی بووە کوژراوە.
وتەبێژی پنتاگۆن راشیگەیاند، سوپای ئەمریکا زۆرێک لەو ھێرشانەی کە کراونەتە سەریان پووچەڵکردووەتەوە و نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەکانیان.
لە دوای ھێرشەکەی ٧ی تشرینی یەکەمی بزوتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و ھەڵگیرساندنی شەڕ، ھێرشی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بە تایبەتیش مقاوەمەی ئیسلامی بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا چڕتربوونەتەوە.
نوسینکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی و جۆرجیا میلۆنی لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا گفتوگۆیان لەبارەی باشترکردنی پەیوەندییەکانی بەغداد و رۆما و دوایین پێشھاتەکانی شەڕی ئیسرائیل کردووە و سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لە کۆتاییھێنان بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس، لە رێگەی دانوستانی دەستبەجێ کردووەتەوە.
راشیگەیاند، ئەوەی لە ٧ی تشرینی یەکەمدا ڕوویدا، دەرئەنجامی ساڵانێکە لە نادادپەروەری، کوشتن، ڕێزنەگرتن لە پەیمان و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و بێبەشکردنی خەڵکی فەلەستین بووە لە سەرەتاییترین مافەکانیان بۆ ژیان بە سەلامەتی.
سودانی جەختیکردووەتەوە، لەسەر پێویستی کردنەوەی ڕێڕەوی سەلامەت بۆ گەیشتنی یارمەتییە مرۆیی و پزیشکییەکان بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن فەڵەستینی کە لە دۆخێکی سەختدا دەژین.
لای خۆیەوە، جۆرجیا میلۆنی نیگەرانیی وڵاتەکەی لە رووداوەکانی غەززە دەربڕی و پشتوانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ ھەوڵەکانی کەمکردنەوەی پەرەسەندنی شەڕی غەززە ئاشکراکرد.
ھاوکات ستایشی ھەوڵەکانی دەزگا ئەمنییەکانی عێراقی کرد لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، ئاماژەی بە ھاوبەشی ستراتیژی نێوان عێراق و ئیتاڵیا کرد، ھەروەھا بە رەسمی بانگھێشتی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد بۆ سەردانی رۆما، سودانیش بەڵێنی بە زووترین کات سەردانی ئەو وڵاتە بکات.