بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی تر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە ئەنبار لە رێگەی درۆنەوە بۆردومانکرا، کە بەشێک لە ھێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیربوون.
گروپی چەکداری مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا بەرپرسیارێتی ھێرشەکەی لە ئەستۆگرت و ئاماژەی بەوە کرد، لە وەڵامی تاوانکارییەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە، ھێرشەکەیان لە رێگەی درۆنەوە بۆسەر بنکە سەربازییەکە ئەنجامداوە.
بنکەی سەربازی عەین ئەسەد دەکەوێتە سنووری پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق و تایبەتە بە مانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش.
تا ئێستا زیاتر لە ٧٠ ھێرش لەلایەن مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کراوەتەوە سەر بنکە سەربازییەکانی سوپای ئەمەریکا لە سووریا و عێراق.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردەوە، لە سەعات شەشی بەیانی رۆژی ھەینییەوە بانگەشە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کۆتایی ھاتووە و ھەر کاندیدێک یاخو لایەنێک لە بانگەشە بەردەوام بێت، روبەڕووی سزا و رێکاری یاسایی دەبێتەوە.
بڕیارە سبەینێش لە سەعات حەوتی بەیانییەوە تا شەشی ئێوارە دەنگدانی تایبەت بۆ ئاوارە و ھێزە ئەمنییەکان دەستپێبکات.
ئۆفیسی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش رایگەیاندووە، رۆژی شەممە نزیکەی ٢٧ ھەزار ئاوارە و ھێزی تایبەت لە سنوری سلێمانی دەنگدەدەن و تەواوی ئامادەکارییەکانیان کردووە. وتیشی ٢٠ بنکەیان لە سلێمانی و چەمچەماڵ و گەرمیان ئامادەکردووە.
ئەلینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوەشکردوە، پێشوازی لە ھەوڵەکانی سەرۆک وەزیران و دەسەڵاتی دادوەری دەکات بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە تۆمەتبارانی ھێرشکردنەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا.
باسی لەوەشکردووە، ئەمریکا پابەندە بە ھەماھەنگییەکی پتەو لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ گەرەنتیکردنی ھێنانە کایەی دادپەروەری لەم دۆسیەیەدا، چونکە سەربازانی ئەمریکا لەسەر بانگھێشتی حکومەت لەم وڵاتەن و سەروەری و سەربەخۆیی عێراقیش پارێزراوە.
رۆژی ١٤ی ئەم مانگە، حکومەتی عێراق دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە ھێرشکارانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکای راگەیاند و ئاشکرایکرد بەشێک لە تاوانبارانی ھێرشەکە پەیوەندییان بە ھێزە ئەمنییەکانەوە ھەبووە.
بانکی ناوەندیی عێراق راگەیەندراوێکی لە زاری عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، کۆبوونەوەکە کۆمەڵێک ڕێککەوتنی پەیوەست بە پاڵپشتیکردنی سیاسەتەکانی بانکی ناوەندیی عێراق کردووە، ئەوەش بە ئامانجی دروستکردنی پردێک لەگەڵ بانکەکان وەک ھەنگاوی دوای پلاتفۆڕمی ئەلیکترۆنی لە ساڵی داھاتوودا.
جەختیشیکردووەتەوە، کۆمەڵێک لێکتێگەیشتن بە ئامانجی بنیاتنانی تواناکانی بانکە عێراقییەکان و بەرزکردنەوەی پابەندبوونیان بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان باس کراون، ھەروەھا رێککەوتن و ڕەزامەندی کراوە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ ناردنی پارەی کاش بۆ ساڵی ٢٠٢٤.
لە ڕێوڕەسمێکی شکۆداردا، سەرۆککۆمار لەلایەن نیکۆس خریستۆدۆلیدس سەرۆککۆماری قوبرس لە کۆشکی سەرۆکایەتی بە بەڕێوەچونی رێورەسمی تایبەت، پێشوازی لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵیدا، بارودۆخی گشتی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و گەشەپێدان لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی تاوتوێ کرا.
سەرۆککۆمار سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆککۆماری قوبرس دەربڕی بۆ ئەو بانگھێشتنامەیەی کە پێشکەشی کردبوو، ھاوکات ستایشی پەرۆشی قوبرسی کرد بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و جەختیکردەوە کە عێراق ویستی لایەنی قوبرسی بە گرنگ وەردەگرێت بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان بەدیبھێنێت.
سەرۆککۆمار روونی کردەوە کە عێراق ئەمڕۆ سەقامگیری ئەمنی و سیاسی و ئابووری بەخۆوە بینیوە و زەمینەیەکی لەبارە بۆ ھەموو جۆرە وەبەرھێنانێک رەخساوە، ئاماژەشیکرد بە دەرفەتەکان بۆ فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکاریی بنیاتنەری دووقۆڵی، ھەروەھا جەختیکردەوە لە ویستی عێراق بۆ بەشداری پێکردنی کۆمپانیا قوبرسییەکان لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان لە بوارە جیاوازەکانی ئابووری و بازرگانی و گەشتیاریدا.
ھەروەھا ھەردوو سەرۆک کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ھاوبەشیان لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە قوبرس سازکرد و تێیدا سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەدا ئەم سەردانە دانانی بەردی بناغەی دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتە، جەختیشیکردەوە لەسەر خواستی عێراق کە بە شێوەیەکی ھەمەلایەنە پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆماری قوبرس پتەو و فراوان دەکات.
سەرۆککۆمار ھەوڵەکانی عێراقی بۆ کارکردن و ڕەخساندنی ھەلومەرجی گونجاو بۆ زیاتر ھاندانی کۆمپانیا حکومییەکان و کەرتی تایبەت لە ھەمو کەرتەکانی بیناسازی و وەبەرھێنان ڕوونکردەوە، ھاوکات ویستی عێراقی دووپاتکردەوە بۆ پێکھێنانی ھاوبەشیەکی ستراتیژی لەگەڵ ھەموو وڵاتانی دۆست بە کۆماری قوبرسیشەوە، لەڕێگەی دامەزراندنی نوێنەرایەتییەکی دیپلۆماسی لە ھەردوو وڵاتدا بە شێوەیەک کە بەشداربێت لە چەسپاندنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان.
ھەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، سەرۆککۆمار سەردانی مۆزەخانەی شوێنەوارناسی لە شاری لیماسۆلی قوبرسی کرد و جەختیکردەوە لە گرنگی رۆڵی کلتووری و مێژوویی قوبرس و ئەو شارستانییەتە کە دەوڵەمەندە بە ھونەر و ئەدەب لە کەلەپوری مرۆیی جیھانیدا، ھاوکات ویستی خۆی نیشاندا بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان قوبرس و عێراق بۆ چەسپاندنی پەیوەندیی دۆستانە و فراوانکردنە گفتوگۆکان کە ھەردوو وڵات و گەلی دۆست پێکەوە کۆدەکەنەوە.
ھەروەھا سەرۆککۆمار لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە قوبرس پێشوازی لە ژمارەیەک باڵیۆزی وڵاتانی عەرەبی کرد لە قوبرس.
لە دیدارەکەدا ،سەرۆککۆمار باسی لەو پێشکەوتنەکان کرد لە ژیانی سیاسی و ئەمنی و ئابووری عێراق بەدیھاتوون جگە لە دیداری لەگەڵ سەرۆک کریستۆدۆلیدس و ئەو ڕێککەوتنانەی کە ئاسۆی ھاریکاریی نێوان ھەر دوو وڵات فراوانتر دەکەن لە بوارەکانی وەبەرھێنان و ئابووری و ڕۆشنبیری و پەروەردە، ھەروەھا بەھێزکردنی میکانیزمی گواستنەوەی ئاسمانی لە ڕێگەی بۆ بوژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری و قووڵکردنەوەی پەیوەندیی نێوان گەلانی عێراق و قوبرس.
سەرۆککۆمار سەردانی بارەگای پەرلەمانی قوبرسی کرد و لەوێ لەلایەن ئانیتا دیمیتریۆ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران پێشوازی لێکرا و پێشھاتەکانی دۆخی سیاسی و مەسەلە نێودەوڵەتییەکانی جێی بایەخی ھەردولایان تاوتوێکرد و ئاماژەیکرد بە پێویستی بەھێزکردنی ھاریکاریی دوو قۆڵی لەسەر ئاستی پەرلەمان و ئاڵوگۆڕی شارەزایی یاسایی لە نێوان پەرلەمانی عێراق وقوبرسدا و ھەروەھا پێکھێنانی لیژنەیەکی دۆستایەتی عێراق و قوبرس بەگرنگ ناوبرد، لەگەڵ چالاککردنی پەیوەندی نێوان ھەردوولا بە شێوەیەک کەپەرە بە کاری پەرلەمانی و یاسادانان بدات.
لە پەراوێزی سەردانەکەدا، سەرۆککۆمار سەردانی زانکۆی قوبرسی کرد و گەشتێکی بەناو بەشەکانی زانکۆکەدا کرد و بەش و کۆلێژەکانی بەسەرکردەوە و گوێی لە روونکردنەوەیەکی وردی دامەزراندنی زانکۆ و پسپۆڕی و کۆلێژەکانی گرت، ئەوچالاکیی و خزمەتگوزارییە گرنگانەی کە پێشکەشی خوێندکاران و کۆمەڵگەی دەکات، جگە لەبەرنامە و ئاسانکاری و پلان و کارە لە پێشینەکان و گرنگترین دەستکەوتە زانستی و ئەکادیمییەکانی کە لە بوارە جیاوازەکاندا بەدەستی ھێناوە.
سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەکرد کە حکومەت گرنگی بە کەرتی پەروەردە لە عێراق دەدات و پەرۆشی بۆ دروستکردنی پردی ھاریکاری لە نێوان زانکۆکانی عێراق و زانکۆکانی قوبرس و دامەزراوە فێرکارییەکان نیشاندەدات لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی ئەزموون و سازکردنی پڕۆژەی توێژینەوەی ھاوبەش، ھەروەھا ھاریکاری لە بواری توێژینەوەدا و پڕۆژەی زانستی و ڕەخساندنی دەرفەتی ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی بۆ مامۆستایان و خوێندکاران .
سەرۆککۆمار ھەروەھا سەردانی پەیمانگای قوبرس (CYL)ی کرد کە گەشتێکی بەناو تاقیگەکانی پەیمانگاکەدا کرد و ڕوونیکردەوە کە عێراق لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا دواکەوتووە لە پەرەپێدانی پەیمانگە و ناوەندە زانستی و توێژینەوەکانیدا بەھۆی جەنگە یەک لە دوای یەکەکانەوە کە لە ھەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی پێکردوە و پاشان ڕووبەڕووبووی سەختی دژ بە تیرۆر و توندوتیژی بۆتەوە، ئاماژەیدا بە کۆتایھاتنی ئەم قۆناغە و جێگیربوونی سەقامگیری ئەمنی و سیاسی و ئابووری کە عێراق ھەوڵدەدات پەرە بە زانست و توێژینەوەکان بدات.
سەرۆککۆمار پێزانینی خۆی بۆ پەیمانگەی قوبرس و دابینکردنی سکۆلەرشیپ بۆ خوێندکارانی عێراقی نیشاندا بەو پێیەی عێراق ١٠ سکۆلەرشیپی ماستەر و دکتۆرای لە پەیمانگای قوبرس پێبەخشرا وەک پێزانینێک بۆ سەردانەکەی سەرۆککۆمار.
سەرۆککۆمار کۆتایی سەردانەکەی بۆ کۆماری قوبرس ھێنا بە دیدار لەگەڵ ڤالێنتینۆس چارالمبۆس شارەزای پۆرسەلین نێودەوڵەتی و ھونەرمەندی قوبرسی کە زیاتر لە سێ دەیە لە عێراق ژیاوە و کاری کردووە و بانگھێشتی کرد بۆ ئەوەی جارێکی دیکە سەردانی عێراق بکاتەوە و کارەکانی نمایش بکات و چاوپێکەوتن لەگەڵ ھاوکار و خوێندکارەکانی لە بەغداد بکات.
ھەروەھا سەرۆککۆمار، سەردانی قەڵای مێژوویی لیماسۆلی کرد کە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دروستکراوە و ھەوڵەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری قوبرسی لە پاراستنی مێژوویی و ڕەسەنایەتی شوێنەوارەکانی بەرز نرخاند، ئاماژەیکرد بە گرنگی چالاککردنی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی ئەزموون و لێھاتوویی نێوانیان عێراق و قوبرس لە بواری پاراستنی کەلەپوری فیکری و کەلتووری ئەو دوو وڵاتە.
لە ھەموو دیدارەکانیدا، سەرۆککۆمار سەرکۆنەی توندی بەردەوامی دەستدرێژی و جینۆساید دژ بە گەلی فەلەستین لە غەززە کرد و جەختیکردەوە لە مافی گەلی فەلەستین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کرد کار بکات بۆ وەستاندنی دەستدرێژی و رێگەخۆشکردن بۆ گەیاندنی پێداویستی بۆ خەڵکی غەززە.
محەمەد جاسم خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرەڕای گرنگی یاسای لێبوردنی گشتی لە دۆخی ئێستای وڵاتدا، پەسەندکردنی ئەو یاسایە لە ئەنجومەنی نوێنەران پێویستی بە رێککەوتنی سیاسییە، بەڵام تائێستا ناکۆکی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان ھەیە سەبارەت بەو یاسایە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران وتیشی، تاکو ناکۆکییەکانی سەر یاسای لێبوردنی گشتی چارەسەرنەکرێن و دڵنییایی ئازادنەبوونی تیرۆریستان نەدرێت، یاساکە لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند ناکرێت، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت، تێپەڕاندنی یاساکە بکەوێتە وەرزی سێیەمی یاسادانانی ئەنجومەنی نوێنەران.
محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی ھێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، سەربازانی سوپای عێراق لە ١٤ تا ٢٠ی ئەم مانگە بۆیان نییە داوای مۆڵەت بکەن بەھۆی ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان.
ئاماژەی بەوەشکردوە، سوپای عێراقیش دەخرێتە ئاستی ھۆشداری (ج) کە بە واتای بەرزترین دۆخی ئامادەکاری دێت بۆ ھەر ھەڕەشەیەک لەسەر ئاسایشی دەوڵەت و سەروەری وڵات و خەڵک.
سودانی دەشڵێت، ئەو بڕیارە ئەو کەسانەش کە لە مۆڵەتدان و سەرجەم یەکە سەربازییەکان و فەرماندەکان دەگرێتەو.
موقتەدا سەدر رێبەری سەدر لە پەیامێکی نوێدا کە لەبارەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندووە، ئەوان کەسانی پاکن و بەدەرن لەگەندەڵییەکانی ھەڵبژاردن و گەندەڵکاران.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامی و سەروەری عێراق، نابێت لایەنگرانی رەوتەکەی ھەڵبکوتنەسەر پرۆسەیەکی ھەڵبژاردنی پڕ لە گەندەڵی.
کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق رایگەیاند، ئەپڵیکەشنێکی تایبەتیان بۆ مۆبایلی سیستمی ئەندرۆید دروستکردوە کە لە رێگەی ئەو ئەپڵیکەیشنەوە دەنگدەران زانیارییان بە دەستدەگات لەبارەی شوێنی دەنگدان و چەند رێنماییەکیی تێدایە بۆ رۆژی دەنگدان.
دەشڵێت، ئەپڵیکەیشنەکە لە رێگەی سکانکردنی سەر کارتی دەنگدان دادەبەزێندرێت.
ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە رۆژی ١٨ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت و بەپێی راگەیەندراوەکانی کۆمسیۆن سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ ئەو پرۆسەیە تەواو بووە.
داود سەلمان بەڕێوەبەری رێکارەکان و مەشق لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، ژمارەی چاودێرەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کە ١٨ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، زیاتر لە ٥٠٠ رێکخراوی ناوخۆیی و بیانین و زیاتر لە ٩٠٦ تیمی چاودێریش لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق چاودێری بۆئەو ماوەیە دەکەن کە پێویستە بانگەشەی ھەڵبژاردن تیایدا رابگیرێت بەتایبەتیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
وتیشی، ژمارەی فەرمانبەرانی کۆمیسیۆن بۆ دەنگدانی گشتی و تایبەت زیاتر لە ٤٢٠ ھەزار فەرمانبەرە و ٩٠٠ ھەزار دەنگدەری تایبەتیش مافی دەنگدانیان ھەیە.
رێکخراوی ئۆپیک رایگەیاند، لە ئەمساڵدا خواست لەسەر نەوت بە تێکڕای رۆژانە ١٠٢ ملیۆن بەرمیل و لەساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر لە ٩٩ ملیۆن بەرمیل بووە، ئەوەش بەپێی ئەو ھەڵسەنگاندنانەی مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ئەنجامدراون.
ئاماژەی بەوەشکردوە، خواست لەسەر نەوت لە جیھاندا لە ساڵی داھاتوودا بەڕێژەی لە سەدا ٢ پۆینت ٢٥ زیاد دەکات و دەگاتە ١٠٤ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
رێکخراوەکە گەشبینە بەوەی چەند ھۆکارێک کاریگەرییان لەسەر بازاڕەکان دەبێت و چالاکی بازرگانی نەوت زیاتر دەبێت.
ئەنجومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیارەکانی فەرمانگەی حزبەکانی سەربە کۆمیسیۆنی لە بارەی حەلبوسی و حزبەکەی پەسەندکرد و یەکەمیان بریتییە لە رەتکردنەوەی سەرجەم داواکارییەکانی تایبەت بە ھەڵوەشاندنەوەی حزبی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی حەلبوسی لەبەر ناتەواوی ئەو بەڵگە و زانیارییانەی بۆ ئەو مەبەستە پێشکەشکراون.
خاڵێکی تری بڕیارەکەی کۆمیسیۆن بریتییە لە جوڵاندنی سکاڵایەک لە دژی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی حوکمەکانی ماددەی ٥٠ لە یاسای حزبە سیاسییەکان ژمارە ٣٦ی ساڵی ٢٠١٥.
بەپێی ماددەی ٥٠ لێپرسراوی ھەر حزب یان رێکخراوێکی سیاسی سەروەت و سامانی حزبەکەی بەبێ رەزامەندی فەرمانگەی حزبەکان بۆ رێکخراو و کەسایەتی و ھەر لایەنێک لە دەرەوەی عێراق بنێرێت زیندانی دەکرێت بۆ ماوەیەک کە لە یەک ساڵ کەمتر نییە و لە سێ ساڵیش زیاتر نییە.
ھادی عامری لە میانی کەمپەینێکی بانگەشەی "ھاوپەیمانیی بونیادی دەنێین" لە پارێزگای واست، وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدڕاڵی توانای بەرگرییکردنیان لە عێراق ھەیە و پێویستیان بە بوونی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق نییە و پێویستە دەستبەجێ ئەو ھێزانە عێراق بەجێبھێڵن.
عامری داواشی لە حکومەتی عێراق کرد، کۆتایی بە بوونی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق بھێنێت.
ئەو قسانەی عامری لەکاتێکدان، نزیکەی دوو مانگە ھێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکە و ھێزەکانی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان و عێراق و سوریا چڕبوونەتەوە و رۆژی ھەینیی رابردووش ئەو گرووپانە ژمارەیەک مووشەکیان ئاڕاستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد کرد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن دەیڤید کامیرۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیاوە پێگەیشت، لە میانی گفتۆگۆکاندا پەیوەندی نێوان ھەردوو وڵات و ڕێگاکانی پتەوکردنیان تاوتوێ کرا، جگە لەوەش پێداچوونەوە بە بارودۆخی ئەمنی و سیاسی ناوچەکە و دوایین پێشھاتەکانی پرسی فەڵەستین کرا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتیکردەوە، بە پێی یاسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان عێراق پابەندە بە پاراستنی ڕاوێژکاران و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان کە لە وڵاتەکەدا کاردەکەن.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش، پێزانینی خۆی بۆ ھەڵوێستەکانی حکومەتی عێراق لە پاراستنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان دەربڕی و پشتیوانی وڵاتەکەشی بۆ عێراق دووپاتکردەوە.
ئاژانسی ئەسۆشییەتد پرێس بڵاویکردەوە، بەرپرسانی واشنتۆن لە چەند نامەیەکدا ھۆشدارییان داوەتە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەسەر زیادبوونی ھێرشی گروپە چەکدارەکان بۆ سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.
ئەوەشی خستەڕوو، واشنتۆن داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، ھاوسەنگی لە نێوان گروپە چەکدارەکان و ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق رابگرێت و کۆتایی بھێنێت بەھێرشی گروپەکان بۆ سەر ھێزەکانی ئەمریکا.
بەپێی ئاژانسەکە، بەرپرسانی واشنتۆن لە نامەکانیاندا بۆ سودانی، ئاماژەیان بە ھێزی پێگەی ئێران لە عێراق کردووە، لەکاتێکدا ئەو وڵاتە لەلایەن ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێندراوە، ئەمەش ئەرکی سەرۆکوەزیرانی عێراق قورستر دەکات، بۆ دروستکردنی ھاوسەنگییەک لەنێوان واشنتۆن و ئێران لە عێراق.