عێراق

بە گوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی تەندروستی عێراق کە ئاڕاستەی سەرجەم نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکانی سەر بەو وەزارەتە کراوە، بەپێی بڕیاری ژمارە ٩٥ی ساڵی ٢٠٢١ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، وەزارەتی تەندروستی بڕیاریداوە بە بڕی ١٠ ملیۆن دینار قەرەبووی کەسوکاری ئەو کەسانە بکاتەوە، کە بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتی تەتدروستی عێراق داواش لە کەسوکاری قوربانییانی کۆرۆنا دەکات، بۆ وەرگرتنی قەرەبووەکە سەردانەی ھۆبەی خانەنشینی وەزارەتیان بکەن و مامەڵەکانیان دەستپێبکەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەی عەرەبی جەدید بڵاویکردەوە، سودانی سوورە لەسەر ئەنجامدانی گۆڕانکاری لەناو کابینەکەیدا، بە مەبەستی باشترکردنی کارەکانی حکومەتەکەی، ئەو بڕیارەشی بە لایەنە سیاسییەکان وتووە. 

ھەر بەپێی رۆژنامەکە، سەرچاوەیەک لەلایەن سودانییەوە پێکھێندراوە بۆ ھەڵسەنگاندنی کاری وەزیرەکان، پێدەچێت لە ماوەی دوو مانگی داھاتوودا گۆڕانکارییەکان جێبەجێ بکرێن و چوار بۆ پێنج وەزیری حکومەتەکەی بگۆڕدرێن. 

ھاوکات، عائدھیلالی سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی دەڵێت، فشارە سیاسییەکان رێگربوون لەبەردەم سودانی بۆ گۆڕانکاری کردن، بەڵام سودانی سوورە لەسەر ئەو بڕیارە و گۆڕانکارییەکان ئەنجامدەدات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران لە میانی بەشداریکردنی لە ٥٤ھەمین کۆڕبەندی داڤۆس، لەگەڵ جەیک سۆلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا کۆبووە و پێکەوە گفتوگۆیانکرد لەبارەی ئامادەکردنی خشتەیەکی کاتی بۆ کۆتایی ھێنان بە ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق.

ئاماژە بەوەشکراوە، ھەر لە کۆبوونەوەکەدا جەختکرایەوە لەسەر دەستپێکردنی کارەکانی لیژنە ھاوبەشەکەی نێوان ھەردوو وڵات بۆ پێداچوونەوە بە پرسی مانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق.

ھەر لە دیدارەکەدا، بانگھێشتنامەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەردانیکردنی نەتەوەیەکگرتووەکان پێشکەشی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرا و ھەردوولا رێککەوتن لەسەر دیاریکردنی وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی ھەردوو سەرۆک.

 سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیکردەوە لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات  بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھێرشی سەر بنکەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق و وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆی ھێرشەکانیشی لەلایەن ئەمریکاوە لە خاکی عێراق ڕەتکردەوە، جەختیلەوەشکردەوە، گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە بە ڕاگرتنی شەڕ لە کەرتی غەززە بەدی دێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی رایگەیاند، ھێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ھەولێر، کە ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی تیادا کرایە ئامانج و خێزانێکی مەدەنی کورد بوونە قوربانی، پەرەسەندێکی مەترسیدارە لەناوچەکە.

ئەوەشی خستەڕوو، ھێرشە مووشەکییەکەی سەر ھەولێر، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران لاواز دەکات و حکومەتی فیدراڵیش بەپێی پرەنسیپی سەروەری نەتەوەیی، بە مافی خۆی دەزانێت ھەر ڕێوشوێنێکی پێویست لەنێویاندا دیپلۆماسی و یاسایی بگرێتەبەر.

سودانی ئاماژەی بەوەشکرد، بەدڵنیاییەوە ئەم کارە پێشھاتێکی مەترسیدارە کە پەیوەندی پتەوی نێوان عێراق و ئێران تێکدەدات و حکومەتی عێراقیش مافی خۆی دەپارێزێت سەرجەم ڕێوشوێنە دیپلۆماسی و یاساییەکان بەپێی پرەنسیپی سەروەری نیشتمانی بگرێتەبەر.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کە ھاوکات سەرۆکی لیژنەی لێکۆلێنەوە لە بۆردومانەکەی شاری ھەولێر رایگەیاند، لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆ و تەندروستی سەردانی بریندارەکان و سەردانی ماڵی پێشڕەو دزەیییان کردوە، بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکانی ئەو لێکۆڵینەوانەی ئەنجامدراون، ئەو ماڵە ماڵی ھاوڵاتی بووە و بنکەی مۆساد نەبووە، لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامیان ھەیە.

راشیگەیاند، ئەو ھێرشانە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و ھەرێمی کوردستانە، وەکوو لیژنەکە ئەو رووداوە ھەڵدەسەنگێنن و دواتر بە راپۆرتێک پێشکەشی سەرۆکوەزیرانی عێراقی دەکەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ ئەلار کاریس سەرۆکی ئیستۆنیا، کە ئەمڕۆ سێشەممە ١٦-١-٢٠٢٤ لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆککۆمار رۆڵی بەشداریکردنی راوێژکارانی سەربازیی ئیستۆنیای لەھێزە فرەنەتەوەییەکان بۆ مەشقپێکردن بە ھێزە چەکدارەکانی عێراقی بەرزنرخاند و ئاماژەی بەوە کرد، کە عێراق ماوەی چەند ساڵە سەقامگیریی ئاسایش بە خۆوەدەبینێت و لەڕێگەیەوە ھەوڵی پەرەپێدانی دەرفەتی وەبەرھێنان دەدات و بەڕێزیان خۆشحاڵی بە بەشداریکردنی کۆمپانیاکانی ئەستۆنیا و ھاوبەشیکردنیان لە پەرەپێدانی پرۆسەی بونیادنان و گەشەپێدان لە عیراقدا دەربڕی.

سەرۆککۆمار بەتوندی سەرکۆنەی ھێرشەکانی بۆسەر خاکی عێراق کرد و جەختی لەوە کردەوە، ئەو ھێرشە پێشێلکردنێکی ئاشکرای بنەماکانی دراوسێیەتییە، کە یاسا نێودەوڵەتییەکان دانیان پێدا ناوە، لەمڕووەوە سەرکۆنەی ئەو ھێرشەی کرد، کە چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر کرایە سەر ھەولێر و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و لە ئەنجامدا خەڵکی سڤیلی بێتاوان بونە قوربانی.

سەبارەت بە پێشھاتەکانی ناوچەکەش، سەرۆککۆمار سەرکۆنەی ھێرشە بەردەوامەکانی دژبە کەرتی غەززە و ناوچەکانی دیکەی فەلەستینی دوپاتکردەوە و داوای راگرتنی دەستبەجێ و بێ مەرجی جەنگ و رێگەدان بە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییە بەپەلەکان کرد بۆ یارمەتیدانی زیانلێکەوتوانی ئەو ھێرشە وەحشیگەرانەیە، ھەروەھا ھەڵوێستی جێگیری عێراقی دووپاتکردەوە سەبارەت بە پرسی فەلەستین و مافی گەلی فەلەستین لە دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەسەر خاکەکەکەیان و قودسی شەریف، کە پایتەختیەتی.

لەلای خۆیەوە، سەرۆکی ئیستۆنیا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆککۆمار دەربڕی بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و وتی "خۆشحاڵم وەک یەکەم سەرۆکی ئیستۆنیا، کە بە سەردان ھاتومەتە عێراق".

ھەروەھا سەرۆک کاریس، جەختی لەوە کردەوە، کە گەلی عێراق پێگەیەکی تایبەتیان ھەیە لەلای گەلی ئیستۆنیا، چونکە عیراق کلتور و شارستانیەتێکی کۆنی ھەیە و ھەموو دەقە پیرۆزەکان لە عێراقەوە ھاتون، ھەروەھا ئەکادیمی و زانستەکان، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمان چالاکن و عیراق ھاوبەشێکی گرنگە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.

سەرۆکی ئیستۆنیا ئاماژەی بەوەدا، کە وڵاتەکەی بەشێوەیەکی چالاکانە بەشداری کردوە لە بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە عیراق و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و لەمڕووەوە قوربانیشیان داوە و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە بینینی ھەوڵەکانی ھێزە ئەمنییەکانی عیراق بۆ ھێنانەکایەی ئاسایش و سەقامگیری.

سەرۆکی ئیستۆنیا، ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق ئێستا زیاتر لە جاران ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بەخۆوەدەبینێت و لەمدواییانەدا تێبینی ئەوەیان کردوە، ھەروەھا سەقامگیریی عیراق سەقامگیرییە بۆ ناوچەکە و لەم چوارچێوەیەدا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ عیراق دوپاتکردەوە.

سەرۆک ئەلار کاریس سەرکۆنەی ھەموو جۆرەکانی تیرۆری کرد، کە ھەڕەشەیەکی گەورەیە بۆسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، چونکە کوشتنی خەڵکی بێتاوان و بڵاوکردنەوەی تیرۆر نابێتەھۆی بەرقەراربونی ئاشتی و سەقامگیری. ئاماژەی بەوەشکرد، ئیستۆنیا لە شەڕی دژبە تیرۆریزم لەگەڵ عیراقدایە و لەڕێگەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و یەکێتی ئەوروپاوە پشتیوانی پێشکەشکردوە.

ھەروەھا سەرۆکی ئیستۆنیا رایگەیاند، لە وتووێژەکاندا لەگەڵ سەرۆککۆمار تاووتوێی ئاڵنگارییەکانیان لە ئەوروپا و خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا کردوە، ھەروەھا باسیان لە بارودۆخی مرۆیی غەززە کردووە، کە نیگەرانییەکی گەورەیە بۆ ھەمووان و جەختی لەوە کردەوە، ئیستۆنیا پشتیوانی لە ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ راگرتنی شەڕ و پێویستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی مرۆیی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان.

ھەروەک سەرۆکی ئیستۆنیا رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق باسیان لە شەڕی روسیا و ئۆکرانیا کردوە، جەختی لەوەشکردەوە، کە پێویستە کاربکرێت بۆ چەسپاندنی ئاشتی و خوشگوزەرانی تا ھەموان بگرێتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ سێشەممە ١٦-١-٢٠٢٤ لە کۆشکی بەغداد، د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق و ئەلار کاریس سەرۆککۆماری ئیستۆنیا دیدارێکی دوو قۆڵییان ئەنجامدا و لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و چۆنێتی پەرەپێدانی گفتوگۆیان کرد.

لەدیدارەکەدا، سەرۆککۆمار جەختیکردەوە لەسەر بایەخی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئیستۆنیا و فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکاری لە بوارەکانی ئابوری و ژینگە و کشتوکاڵ و وزەی نوێبووەوە و زانست و تەکنەلۆژیا و گۆڕینەوەی ئەزموون لە بوارەکانی حکومەتی ئەلیکترۆنی و ئاسایشی ئینتەرنێت.

سەرۆککۆمار ئاماژەی بە سەقامگیریی ئاسایش لە وڵات و ھەوڵەکانی حکومەت بۆ دانانی بناغەی سەقامگیری و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابوری و ئاسانکاری بۆ وەبەرھێنەرانی بیانی بەمەبەستی سودمەندبوون لە دەرفەتی وەبەرھێنان لەپێناو پەرەپێدانی ئابوری و پێشخستنی کەرتی تایبەت، کرد.

ھەروەھا پێزانینی خۆی بۆ ھەوڵی راوێژکارەکانی ئیستۆنیا لەچوارچێوەی ھێزەکانی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ"دا دەربڕی، کە مەشق و راھێنان بە ھێزەکانی عیراق دەکەن.

سەبارەت بە پرسی فەلەستینیش، سەرۆککۆمار ھەڵوێستی ھەمیشەیی و راشکاوانەی عیراقی لە رەتکردنەوەی دەستدرێژی دژبە گەلی فەلەستین لە کەرتی غەززە دووپاتکردەوە و رایگەیاند، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی خۆی لەئەستۆبگرێت و کار بۆ راگرتنی بۆردومانە وەحشیگەرانەکان و بە ئامانجگرتنی دانیشتوانی سڤیل و نەخۆشخانەکان بکات.
ھاوکات دوبارە جەختیکردەوە لەسەر رەتکردنەوەی سیاسەتی راگواستن و دەستبەسەرداگرتنی زەوی لە کەرتی غەززەدا، داوای ھەڵگرتنی گەمارۆ و رێگەدان بە چونەژور
ەوەی یارمەتییە مرۆییەکان و گەیشتنی بە دانیشتوانی فەلەستینیشی کرد.

لای خۆیەوە، ئەلار کاریس سەرۆکی ئیستۆنیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی کاری ھاوبەش لەگەڵ عیراق رونکردەوە، جەختی لەسەر خواستی کردنەوەی ئاسۆی نوێی ھاریکاری کردەوە لە بوارە جیاجیاکانی وەبەرھێنان و ئابوری و سیاسی، بەشێوەیەک کە بەرژەوەندی باڵای ھەردوو وڵات و گەلی دۆست بەدیبھێنێت.

دواتر وتووێژی بەرفراوان لەنێوان وەفدی ھەردوولا بەڕێوەچوو، سەرۆککۆمار سەرۆکایەتی وەفدی لایەنی عێراقی کرد، کە پێکھاتبوو لە  د.ئەحمەد فەکاک بەدرانی وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوارەکان، د.کامل دلێمی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار، د.محەمەد بەحرلعلوم بریکاری وەزارەتی دەرەوە، د.حازم مەحمود حەمید بەڕێوەبەری نوسینگەی  
سەرۆککۆمار، حەیدەر عەزاری سەرۆکی فەرمانگەی ئەوروپا لە وەزارەتی دەرەوە و فەریقی یەکەمی روکن قەیس محەمەداوی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان. لایەنی ئیستۆنیاش لەلایەن سەرۆک ئەلار کاریس-ەوە سەرۆکایەتی دەکراو پێکھاتبون لە سێلیا کونیکاس راوێژکاری سیاسەتی دەرەوە، مادیس روڵ راوێژکاری سیاسەتی ئاسایش، ئەندریک ترۆڤلیدت راوێژکاری پەیوەندیەکان، لیوا ئینۆ مۆتس سەرۆکی ئەرکانی فەرماندەیی ھاوبەش و لێمپێد ویبۆ باڵیۆزی ئیستۆنیا لە عیراق.
 
لە میانی کۆبونەوە بەرفراوانکراوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و میکانیزمەکانی پتەوکردنی ھاریکاری ھاوبەشی نێوان ھەردوو وڵات لەبوارەکانی سیاسی و ئەمنی و ئابوری کرا، ھەروەھا رێگاکانی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوھەوا و ژینگە و دەرئەنجامەکانیان تاووتوێکران، کە خۆیان لە وشکەساڵی و بەبیابانبون و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کاریگەرییەکانیان لەسەر ھەموو چالاکییەکانی ژیانی رۆژانە دەبینێتەوە.

ھەر لە کۆبونەوەکەدا، ھەردوولا ئیدانەی خۆیان بۆ ئەو بۆردومانە دەربڕی، کە شاری ھەولێری کردە ئامانج و لە ئەنجامدا زیانی گیانی خەڵکی سڤیلی بێتاوانی لێکەوتەوە، ئامادەبووان جەختیان لەوە کردەوە، کە بۆردومانەکە پێشێلکردنی سەروەریی عیراقە و تێکدانی ئاسایشی وڵاتە.

ھەروەھا کۆبونەوەکە دوپاتیکردەوە، ئەو ھێرشانەی ھەولێریان کردە ئامانج و پێش ئەوەش سلێمانی و ناوچەکانی دیکەی کوردستان و بەغداد و ناوچەکانی دیکەی لە عیراقدا گرتوەتەوە و کاریگەرییان لەسەر ھاووڵاتییانی سڤیل و بێتاوان و ناوچەکانی نیشتەجێبوون ھەبووە، ھەموو ئەو ھێرشانە پەرەسەندنێکی مەترسیدارن و قبوڵکراو نین و وڵات لە ململانێیەک تێوەدەگلێنن، کە ھیچ سودێکی پێناگەیەنێت.

لە کۆبوونەوە فراوانکراوەکەدا، کۆمەڵێک پرسی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و ھەوڵەکان بۆ ھێنانەکایەی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی تاووتوێ کران. سەبارەت بە پرسی فەلەستین-یش، لە کۆبونەوەکەدا جەختکرایەوە لەسەر پێویستی راگرتنی دەستدرێژی بۆ سەر غەززە و رەتکردنەوەی سیاسەتەکانی سزادانی بەکۆمەڵ، کە داگیرکەر دژی غەزە پیادەی دەکات، بە تایبەتی بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و نەخۆشخانە و دامەزراوە مەدەنییەکان. ھەروەک پێویستی ئاسانکاری بۆ گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ گەلی فەلەستین، دوپاتکرایەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە ڕاگەیەندراوێکدا حکومەتی عێراق دەڵێت، ھێرشەکەی سەر ھەولێر پێشێلکردنی سەروەری عێراق و ئاسایشی گەلی عێراقە.

دووپاتیشیدەکاتەوە کە ھەموو ڕێکارێکی یاسایی دەگرنەبەر بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

دەشڵێت، سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەبارەی ھێرشەکەوە پێکھێناوەو ئەنجامەکەشی بۆ ڕایگشتی و جیھان بڵاودەکەنەوە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی خانمی یەکەمی عێراق... 

بەنیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێری ئەو دۆخە ئاڵۆزە ئەکەین کەشەوی ڕابردوو بەھۆی بۆردوومانە ھەڕەمەکیەکانی سەر شاری ھەولێرەوە سەریھەڵدا کەجگە لەدروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ، ژمارەیەک ھاوڵاتی بێ تاوان بوونە قوربانی.

بەردەوامیی ئەم ھێرش و پەلامارانە کەلەناوچە سنورییەکانەوە دەستیپێکرد و ئێستاش ناو شارەکانی ھەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، ژیان و ئارامی و سەقامگیری دەشێوێنێت.

ھیچ بیانوویەک نییە بۆ چەندبارەبوونەوەی بۆردوومان و بەزاندنی کایەی ئاسمانی و سەروەری خاکی عێراق، بەتوندی ئیدانەی ھەر دەستدرێژییەک دەکەین کە وڵات بکاتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ھاوکێشە ھەرێمایەتییەکان.

دەبێت سنورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنرێت کەپێشێلکارییەکی تەواوی یاسا نێودەوڵەتیەکانە و ھاوڵاتیان دەکاتە ئامانج و ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە. 

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد 
خانمی یەکەمی عێراق 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، واشنتۆن ئیدانەی ھێرشەکانی ئێران بۆسەر ھەولێر دەکات و دژایەتی خۆشی بۆ ھێرشە بێباکەکانی ئەو وڵاتە دەردەبڕێت کە دەبنەھۆی دروستکردنی ناسەقامگیری لە عێراقدا.

باسی لەوەشکردوە، بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیری و بەدیھێنانی خواستەکانی گەلی عێراق، بەردەوام دەبن لە پشتگیریکردنی ھەوڵەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆئەوانەی لە ھێرشەکەشدا گیانیانلەدەستداوە، پرسەنامە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵەکانیان کرد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ھەڵبژاردەی عێراق لە یەکەم یاریی خۆی لە جامی نەتەوەکانی ئاسیا، بە ئەنجامی سێ بە یەک یارییەکەی بردەوە، بەم شێوەیە ھەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی چوارەمی پاڵەوانتیەکە، بووە خاوەنی سێ خاڵ و سەرۆک کۆماریش پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی کرد.

سەرۆک کۆمار دەشڵێت، ھیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین لە پاڵەوانێتییەکەدا، ھەروەھا ھەمووان متمانەیان بە توانای ھەڵبژاردەی عێراق ھەیە بۆ درێژەدان بە سەرکەوتنەکان و ھێنانی شادی بۆ عێراقییەکان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی دەسپاکی عێراق بڵاویکردەوە، لە پارێزگای زیقار تیمەکەیان توانیویەتی لە دوو گرێبەستی نەوتیدا گەندەڵی ئاشکرابکەن کە یەکێکیان تایبەتە بە دامەزران و چاککردنەوەی کێڵگەی نەوتی غەراف کە گرێبەستەکە ٢٧ ملیۆن دۆلار بووە، لە کاتێکدا بەپێی خەمڵاندن تەنیا ١٢ ملیۆن دۆلاری پێویست بووە. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، تێبینی زیادەڕەوی بە بڕی ١٨ ملیۆن دۆلار لە گرێبەستەکەدا کردووە بۆ دابینکردنی بۆری نەوت لەو کێڵگەیەدا و بڕی ٣٧ ملیۆن دینار لەلایەن لیژنەی کڕین بەھەدەردراوە. 

دەشڵێت، لە وێستگەی بەرھەمھێنانی کارەبا لە بەرژەوەندی کۆمپانیای ئور بڕی دوو ملیۆن دۆلار لە سامانی گشگی بەھەدەر دراوە. 


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەراجی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە عێراق بڕێکی باش  قەرزی دەرەکی وەرگرتووە چونکە بەھۆی دابەزینی نرخی نەوت و کورتھێنانی بودجەوە پێویستی پێی بووە، بەڵام لە ئێستادا حکومەت ھەوڵ دەدات پارێزگاری لە ئابوری وڵات و ریزبەندییەکەی بکات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ھەربۆیە کار دەکات بۆ ئەوەی لەمەودوا ئەو قەرزانە رابگرێت کە سودیان بۆ عێراق نییە .

بەپێی داتا رەسمییەکانیش،  قەرزە دەرەکییەکانی عێراق گەیشتۆتە ٢٥ ملیار دۆلار.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تەحسین خەفاجی، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند: عێراق پێویستی بە ھیچ ھێزێکی بیانی نییە و لە ئێستاشدا ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانان راوێژکردن و راھێنان و ئاڵوگۆڕی زانیارییە. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لیژنەی ھاوبەشی نێوان عێراق و ھاوپەیمانان دەست بە کارەکانی دەکات و یەکێک لە کارەکان دانانی خشتەیەکە بۆ کشانەوەی ھاوپەیمانان لە عێراق و پێداچوونەوەیە بە پەیوەندییەکان بە گشتی. 
وتیشی، بیرۆکەی ئیمزاکردنی یاداشتنامە و رێککەوتن لە نێوان عێراق و چەند وڵاتێکی ھاوپەیمانان ھەیە لەبارەی پێدانی چەک و راھێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی. 

ئەو لێدوانە لە کاتێکدایە، تۆڕی سی بی ئێسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، فەرماندە سەربازییەکان لە واشنتۆن، بەنیازن ھەزار و ٥٠٠ سەرباز لە ویلایەتی نیوجێرسی بگوازنەوە بۆ عێراق و سوریا، ئامانج لەو ھەنگاوەش بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی داعشە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە میانەی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ دووشەممە ١٥-١-٢٠٢٤ لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، باڵیۆزی سعودیە سڵاوی خادمی ھەردوو حەرەمی پیرۆز خاوەن شکۆ شا سەلمان کوڕی عەبدولعەزیز ئال سعود پادشای عەرەبستانی سعودیە و  شازادەی جێنشین شازادە محەمەد کوڕی سەلمان بە سەرۆککۆمار گەیاند و ھیوای خواست گەلی عێراق لە پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی زیاتردا بێت، ھاوکات سەرۆککۆمار سڵاوی خۆی بە باڵیۆزی سعودیە نارد بۆ خادمی ھەردوو حەرەمی پیرۆز و شازادەی جێنشین و ھیوای خواست گەلی سعودیە لە خۆشگوزەرانی و گەشەسەندنی زیاتردا بێت. 

سەرۆککۆمار جەختیکردەوە لە ویستی عێراق بۆ بەئەندامبون لە رێکخراوی بازرگانیی جیھانی لەڕێی بەدیھێنانی پێوەرە بازرگانی و ئابوریی پێویستەکانەوە.

ھەروەھا ستایشی رۆڵی شانشینی عەرەبستانی سعودی کرد لە نزیککردنەوەی تێڕوانینەکان و ھەوڵدان بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا.

ھەروەک سەرۆککۆمار ستایشی ھەوڵەکانی تیمی پەیوەندیدار بۆ بەئەندامبونی عیراق لە رێکخراوەکە و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لیژنەی نیشتمانی کرد بەمەبەستی پەلەکردن لە تەواوکردنی ئەم دۆسیەیە بەشێوەیەک، کە ببێتە مایەی پەرەپێدانی سیستمی بازرگانی و ھێنانەدی سەقامگیری و گەشەپێدانی بەردەوام، لەم بارەیەشەوە ئاماژەی بۆ بایەخی سودوەرگرتن لە ئەزموونی شانشینی عەرەبستانی سعودیە کرد.

سەرۆککۆمار تیشکی خستەسەر پێشھاتە ئەرێنییەکانی عێراق، کە رەنگدانەوەی ئەرێنی ھەبوە لەسەر ژیانی گشتی عێراقییەکان، جەختیکردەوە کە حکومەت گرنگی بە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پەرەپێدانی چالاکییە ئابوورییەکان و ھاندانی وەبەرھێنانی بیانی لە وڵات دەدات و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیھان لە ئاستێکی باشدایە. ھاوکات بەڕێزیان ئاماژەی بەوەدا، کە عێراق ئەندامێکی کارا بووە لە زۆربەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا.

لەبەرامبەردا باڵیۆزی سعودیە جەختیکردەوە لەوەی شانشینی سعودیە سورە لەسەر پاڵپشتیکردنی عیراق لە کۆڕ و کۆبونەوە نێودەوڵەتییەکاندا و ھەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی سەقامگیری ئەمنی و گەشەپێدان و پێشکەوتن لە بواری ئابوری و وزەدا.

باڵیۆز ئاماژەی بەوەشدا، عیراق لەبارەی پرۆسەی چاکسازی و گەشەکردن و پێشکەوتن لە بوارە جیاجیاکاندا، بەرەو پێشەوە ھەنگاودەنێت.

لای خۆیەوە سەقر موقبل باسی لە ئەنجامی کۆبونەوەکانی کرد لەگەڵ لیژنەی نیشتمانی عێراق، کە لە بەغداد سازیکردوە بۆ بەئەندامبونی کۆماری عێراق لە رێکخراوی بازرگانیی جیھانی، خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەرامبەر ئەو ھەنگاوانەی عێراق گرتویەتیەبەر بۆ جێبەجێکردنی پێوەرە پێویستەکان و دووپاتکردنەوەی پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ بەئەندامبونی عێراق لە رێکخراوی بازرگانیی جیھانی.

سەرۆکی تیمی پەیوەندیدار راشیگەیاند، ئەندامبونی عێراق لەو رێکخراوە دەستکەوتە بۆ ناوچەکە و جیھان، ھەروەھا رۆڵی دەبێت لە پەرەپێدان و فراوانکردنی ئەو پێشکەوتنانەی لە خزمەتگوزارییەداراییەکاندا بەدەستھاتون و ھەروەھا باشترکردنی ژینگەی وەبەرھێنانی بیانی.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەلینا رۆمانسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغداد، حکومەتی وڵاتەکەی دڵنیاکردەوە کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد سەلامەتەو بەردەوامن لە کارکردن، ھەروەھا ھەوڵدەدەن ھاوبەشی ھەمەلایەنەی ئەمریکا و عێراق بەھێز بکەن.

رۆمانسکی لە راگەیەندراوێکدا بەخێرھاتنی لە ڕیچارد ڤێرما جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کارگێڕی و سەرچاوەکان کردووە بۆ بەسەرکردنەوەی دامەزراوەکانیان لە عێراق و دڵنیایی دەکاتەوە کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا سەلامەتە و بەردەوامە لە کارکردن.

خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە کە ستافە دیبلۆماسی و راوێژکارەکانیان رۆژانە کاری قورس دەکەن بۆ بەھێزکردنی ھاوبەشی ھەمەلایەنەی ئەمریکا و عێراق.

ئەو پەیامەی رۆمانسکی لەکاتێکدایە کە بۆردوومانکردن و بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی ئەمریکا لە عێراق لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە چڕتر بووەتەوەو سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لیژنەیەکی پێکھێناوە بۆ دیاریکردنی وادەی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لە عێراق.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...5354555657...337