شانەی ئەمنی عێراق رەتیدەکاتەوە ھێزی بیانی نوێ ھاتبێتە ناو عێراق
ئاکام
١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤
٤٤٩
تەحسین خەفاجی، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند: عێراق پێویستی بە ھیچ ھێزێکی بیانی نییە و لە ئێستاشدا ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانان راوێژکردن و راھێنان و ئاڵوگۆڕی زانیارییە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لیژنەی ھاوبەشی نێوان عێراق و ھاوپەیمانان دەست بە کارەکانی دەکات و یەکێک لە کارەکان دانانی خشتەیەکە بۆ کشانەوەی ھاوپەیمانان لە عێراق و پێداچوونەوەیە بە پەیوەندییەکان بە گشتی.
وتیشی، بیرۆکەی ئیمزاکردنی یاداشتنامە و رێککەوتن لە نێوان عێراق و چەند وڵاتێکی ھاوپەیمانان ھەیە لەبارەی پێدانی چەک و راھێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
ئەو لێدوانە لە کاتێکدایە، تۆڕی سی بی ئێسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، فەرماندە سەربازییەکان لە واشنتۆن، بەنیازن ھەزار و ٥٠٠ سەرباز لە ویلایەتی نیوجێرسی بگوازنەوە بۆ عێراق و سوریا، ئامانج لەو ھەنگاوەش بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی داعشە.