ئەلینا رۆمانسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغداد، حکومەتی وڵاتەکەی دڵنیاکردەوە کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد سەلامەتەو بەردەوامن لە کارکردن، ھەروەھا ھەوڵدەدەن ھاوبەشی ھەمەلایەنەی ئەمریکا و عێراق بەھێز بکەن.

رۆمانسکی لە راگەیەندراوێکدا بەخێرھاتنی لە ڕیچارد ڤێرما جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کارگێڕی و سەرچاوەکان کردووە بۆ بەسەرکردنەوەی دامەزراوەکانیان لە عێراق و دڵنیایی دەکاتەوە کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا سەلامەتە و بەردەوامە لە کارکردن.

خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە کە ستافە دیبلۆماسی و راوێژکارەکانیان رۆژانە کاری قورس دەکەن بۆ بەھێزکردنی ھاوبەشی ھەمەلایەنەی ئەمریکا و عێراق.

ئەو پەیامەی رۆمانسکی لەکاتێکدایە کە بۆردوومانکردن و بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی ئەمریکا لە عێراق لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە چڕتر بووەتەوەو سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لیژنەیەکی پێکھێناوە بۆ دیاریکردنی وادەی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لە عێراق.