عێراق

جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایدەگەیەنێت، رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی دژواردا تێدەپەڕێت و عێراقیش بەدەر نییە لەو ململانێیانە، ئەوەش ھەڕەشەی سەرھەڵدانی رووبەرووبوونەوەیەکی گەورەتر دەکەن.

پلاسخارت دەشڵێت، سەرەڕای ھەوڵەکانی حکومەت بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان، بەڵام عێراق لە مەترسیدایە کە رابکێشرێتە ناو ئەو ململانێیەوە.

دووپاتیشیکردەوە، ئەو ھێرشە بەردەوامانەی لە ناوەوە و دەرەوەی سنوورەکانی عێراقەوە دەستیانپێکردووە، دەبێتەھۆی تێکدانی ئەو سەقامگیرییەی دوای ھەوڵێکی زۆر لە وڵاتدا بەدەستھاتووە لەگەڵ ئەو دەستکەوتانەی لە ساڵانی رابردوودا بەدەستیھێناوە.

راشیگەیاند، سەقامگیری و ئاسایشی عێراق لە پێشینەی کارەکانیایەو بانگەوازی خۆیان بۆ ھەموو لایەنەکان دووپاتدەکەنەوە کە ئەوپەڕی دان بەخۆیاندا بگرن.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە راگەیەندراوێکدا نووسینگەی قاسم ئەعرەجی دەڵێت، پێشوازی لە محەمەد کازم سادق باڵیۆزی ئێران لە بەغدا کردووە و لە کۆبونەوەیەکدا بە گشتیی پێداچوونەوەیان بە دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکەدا کردووە ھەروەھا جەختیان لەسەر چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکان لە رێگەی دیالۆگەوە کردووەتەوە.

دەشڵێت، جەخت لەسەر قووڵایی پەیوەندی نێوان ھەردوو وڵات و گەلانی دۆست کراوەتەوە، ھەروەھا گرنگی رێزگرتن لە سەروەری ھەردوو وڵات بابەتی سەرەکی دیدارەکە بووە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان بکات و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەدەست بھێنێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ئەنجامی ھەوڵەکانی حکومەت بۆ بەدواداچوونی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی گەندەڵی لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق داواکراون ئاشکرا کردو رایگەیاند، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ٢٥ داواکراو لە دەرەوە گەڕێنراونەتەوە.

وتیشی، سەرۆک وەزیران فەرمانی داوە بە ڕادەستکردنەوەی داواکراوەکان وەک یەکێک لە فاکتەرەکانی ھەڵسەنگاندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ھەر وڵاتێکدا.

دووپاتیشیکردەوە: لە چوارچێوەی بازنەی داواکراواندا ٥٥ کەس ھەن و فەرمانی ڕادەستکردنەوەیان پێشکەشکراوە، بەڵام لەلایەن ئەو وڵاتانەوە ڕەتکراوەتەوە، چونکە ڕەگەزنامە و پاسپۆرتی ئەو وڵاتانەیان ھەیە، مەگەر ڕێککەوتنێکی دوولایەنە ھەبێت لەگەڵ ئەو وڵاتانە.

عەوادی ئاماژەی بەوەشداوە، کۆی گشتی ئەو کەسانەی لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا لەلایەن دەستەی دەستپاکی لە دەرەوەی عێراق داواکراون گەیشتووەتە ٣٠١ کەس، ھاوکات فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی کە بەسەر وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و پلە تایبەتەکاندا دەرچووە گەیشتووەتە ٤٢ بڕیارە.

باسم عەوادی دەشڵێت، ٢٢٠ کەسیش چونەدەرەوەیان لێ قەدەغەکراوە، کە نزیکەی ٤٠ کەسیان وەزیر و پلەدارن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی، رۆژی یەکشەممە یەکەم دانیشتنی دادگا لەبارەی سکاڵایەک بەڕێوەدەچێت کە لەلایەن چوار فەرمانبەری ھەرێمەوە لەسەر ھەردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق و ھەرێم تۆمارکراوە و لە سکاڵاکەدا داواکراوە ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێم پابەند بکرێن بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە و پێدانی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەکاتی خۆیدا.

ھەمان رۆژ دادگای فیدراڵی بۆ جاری سێیەم تاوتوێی سکاڵایەک دەکات کە لەلایەن نۆ فەرمانبەری ھەرێمەوە لەسەر سەرۆکوەزیرانی ھەرێم و وەزیری دارایی ھەرێم تۆمارکراوە و داوایان لە دادگای فیدڕاڵی کردووە حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند بکات یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت وەک خۆی جێبەجێبکات بەتایبەت ماددەکانی (٦ و ٧ و ٨ و ٩) و بڕیاری راگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیش ھەڵبوەشێنێتەوە. 

گروپێکی دیکەی فەرمانبەرانی ھەرێم چاوەڕێی یەکلابوونەوەی سکاڵاکەیانن کە ھەمان رۆژ دادگا تاوتوێی دەکات و داوایان کردووە، یاسای بودجەی فیدڕالی جێبەجێبکرێت و ٣٠ رۆژ جارێک موچە وەربگرن.

رۆژی ١٤ی ئەم مانگە جاسم محەمەد، سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی رایگەیاند، پێویستە چارەسەرێکی ریشەیی بۆ کێشەی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بدۆزرێتەوە و چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی ھەرێم بکرێت و لەم کاتەدا دادگا پێداچوونەوە بە سکاڵایەک کە دژی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دەکات.

ھەر بەپێی خشتەی دادگای فیدراڵی، دادگاکە  رۆژی یەکشەممە لەسەر سکاڵایەکی زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و و ئامانج نەجیب شەمعون، ئەندامی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆدەبێتەوە کە  تایبەتە بە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سکاڵاکارەکان داوایانکردووە دادگای فیدڕاڵی ماددەکانی ١ و ٩ و ١٥ و ٢٢ و ٣٦ لە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستوری دابنێت کە پەیوەندیدارن بە کورسی کۆتاکان و دانانی ھەرێم بە یەک بازنەی ھەڵبژاردن.

دادگای فیدراڵی ھەروەھا ھەمان رۆژ لەسەر سکاڵایەکی وەھاب ھەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر کۆدەبێتەوە کە لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی تۆمارکردووە و داوایکردووە جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٠٦ کە لە پەرلەمانەوە دەرچووە بە نادەستوری دابندرێت.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی نووسراوێکی بانکی ناوەندی عێراق کە ئاراستەی بانکە موڵەتپێدراوەکانی کردووە، تا کۆتایی ئەمساڵ کۆتایی دەھێنێت بە کارکردن بە سەکۆی ئەلیکترۆنی حەواڵەکردنی دۆلار بۆ دەرەوە کە لە ساڵی پارەوە کەوتۆتەکار.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم ھەنگاوە لەپێناو پێشخستنی کەرتی بانکی و ھاندانی بانکەکانە بۆ دروستکردنی پەیوەندی دارایی و بانکیی پتە و لەگەڵ بانک و دامەزراوە داراییە جیھانییەکاندا.

دەشڵێت، کاری سەکۆ ئەلەکترۆنییەکە لە ساڵانی داھاتوو تەنھا دەبێتە چاودێری و وردبینیکردنی حەواڵە و بانکەکان پێویستە راستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ بانکەکانی دەرەوەی وڵات دروستبکەن و سەرجەم بەڵگەنامەکان رادەستی بانکی ناوەندیی بکەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەم چەند رۆژی دواییدا نوسراوێک گشتاندنی پێکراوە کە رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا دەگرێتەخۆی و لە ناویاندا باس لە بەستنی ماسک کراوە لەبەرئەوەی نیشانەکانی گۆڕاوی نوێی کۆرۆنا زۆر نزیکن لە زنجیرەکانی تر. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، گۆڕاوی نوێی کۆرۆنا لە چەند وڵاتێک و وڵاتانی دراوسێ تۆمارکراوە و ئەگەری ھەیە لە عێراق بڵاوببێتەوە و رێکارەکانی رووبەڕووبوونەی ھەمان رێکارە کۆنەکانن.
جەختی لەوەشکردەوە، تاقیگەکانی وەزارەت تا ئێستا ھیچ حاڵەتێکی گۆڕاوی نوێی کۆرۆنایان تۆمارنەکردووە. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ھادی عامری، سەرۆکی ھاوپەیمانی نەبنی لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، ھەموو لایەنەکان پێداگرن لەسەر بەیەکگرتوویی مانەوەی چوارچێوەی ھەماھەنگی و تێگەیشتنیشیان ھەبووە لەسەر ئەوەی لە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران روویدا، بۆیەش بەمزوانە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنەکە یەکلایی دەکەنەوە و ئەو ئاستەنگییەش تێدەپەڕێنن.

دەشڵێت، بەھێزی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە فرەچەشنی تێڕوانینی لایەنەکانی دایە لەسەر ھەر پرسێک پێش ئەوەی لەسەر بڕیاری کۆتایی رێکبکەون، چونکە سەرکردەکانی ھاوپەیمانییەکە لە لێپرسراوایەتی سەر شانیان و قەبارەی مەترسییەکانی سەر عێراق و ناوچەکە ئاگادارن.

شەممەی رابردوو لە خولی یەکەمی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، شەعلان کەریم کاندیدی ھاوپەیمانی تەقەدوم بەسەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی زیاتر لە ١٥٠ دەنگی بەدەستھێنا و خولی دووەمی دەنگدان بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەرپرسێکی دیبلۆماسی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە عەرەبی جەدیدی وتووە، ئێران بە نیازە وەفدێکی فەرمی ڕەوانەی بەغدا بکات، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی لێکەوتەکانی بۆردومانەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر شاری ھەولێر.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی داھاتوودا تاران بە رەسمی وەفدێک ڕەوانەی بەغداد  بکات، بۆ ڕوونکردنەوەی دیدگای ئێران سەبارەت بە بۆردومانکردنی شاری ھەولێر کە بەوتەی تاران، بارەگای مۆسادی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج.

دەشڵێت، وردەکاری و ئامانجی ھاتنی وەفدی داھاتووی ئێران دیار نییە ، بەڵام زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بۆ ڕوونکردنەوەی ھەڵوێستی ئێران و کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکان و ڕێگریکردن لە دەستوەردانی لایەنەکانی دیکە بەتایبەت ئەمریکا ھاوکاریکردنی عێراق بۆ تۆمارکردنی سکاڵا دژی تاران لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

بە وتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ، وەزارەتەکەیان و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی فایلێکی تەواویان سەبارەت بە شوێنەکانی بۆردومانی ئێران و قوربانییەکان ئامادە کردووە، ھەروەھا پووچەڵکردنەوەی تەواوەتی چیرۆکی ئێرانی سەبارەت بە بوونی بارەگای موساد لەخۆگرتووە لە شوێنە ئامانجدارەکان.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، دوو منداڵ لەناو قەفەزێکدا لە باخچەیەک نزیک پردی جادریە لە بەغدادی پایتەخت بەجێھێڵدراون، کە لە رەوشێکی خراپدان و بڕێکی کەم خواردنیان بۆ بەجێھێڵدراوە.

دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە، پۆلیسی کەرخ منداڵەکانی رزگارکردووە و وەزارەتی ناوخۆش منداڵەکانی بۆ ناوەندێکی چاودێری گواستووەتەوە.

لێپرسراوێکی وەزارەتەکەش رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی ھۆکاری بەجێھێشتنی ئەو منداڵانە بەو شێوەیە بزانن، بەڵام تائێستا ھیچ زانیارییەک سەبارەت بە دایکیان و ژیانی پێشووی منداڵەکان نییە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس وتی، کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانان لە عێراق داواکاری گەل و نیشتمانەو گرنگە بۆ سەقامگیری وڵاتەکە.

جەختی لەوەش کردەوە، باوەڕیان بە پەیوەندی دراوسێیەتی باش ھەیەو پێویستە ھەمووان لەوە تێبگەن کە ھیچ کاتێک لە عێراقەوە ھێرش ناکرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ.

سودانی وتیشی، دەستیان کردووە بە دانوستان لەگەڵ ھاوپەیمانان بۆ ئەوەی کۆتایی بە ئەرکەکانیان بھێنن لە عێراق، بەوپێیەی پاساوەکانی مانەوەیان بوونی نەماوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دەستەی دادوەری پێداچوونەوەی بە ٣٢٩ سکاڵادا کرد کە لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان تۆمارکرابوون و بڕیارەکانیشی ئاڕاستەی کۆمسیۆن کردوەتەوە.

دەستەی دادوەری ھەڵبژاردن دوابڕیاری خۆیشی لەسەر نۆ سکاڵای دیکە یەکلاییکردەوە کە لەسەر سزادانی لیست و کاندیدەکان ئاڕاستەی کرابوون، لەم بارەیەوە کۆمسیۆن وردەکاری بڕیارەکانی نەخستووەتەرو.

بەگوێرەی یاسای ھەڵبژاردنەکان دوای پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنەوە، پێویستە لە ماوەی دوو ھەفتەدا ئەنجومەنی نوێی پارێزگاکان کۆببنەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەسعەد بزونی، ئەندامی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، کۆبوونەوەکەی رۆژی یەکشەممەی داھاتوو سێ تەوەری گرنگ لەخۆدەگرێت، کە دیارترینیان تاوتوێکردنی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و رێککەوتنە لەسەر کاندیدێکی قبوڵکراو بۆ ئەو پۆستە. ھەوڵیش دەدەن ھەڵوێستی لایەنەکانی چوارچێوە لەسەر کاندیدێک یەکبخەن.

ھەروەھا لە کۆبونەوەکەدا دوایین پێشھات و ئاڵۆزییەکان سەبارەت بە ھێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ھەولێر دەخەنەڕوو. 

تەوەری سێیەمی کۆبونەوەکەش تابەت دەبێت بە پەسەنکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەنجومەن و پارێزگارە نوێیەکان.

ھەروەھا لە کۆبونەوەکەی چوارچێوەدا ئەنجامی بەشداریکردنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆڕبەندی داڤۆس باس دەکرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی ناسنامە و باری شارستانی و رەگەزنامە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، پابەندن بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ھاوڵاتیان و کاری بەردەوام ھەیە بۆ ئەوەی سەرجەم ھاووڵاتییان لە دوای ١ی ئازارەوە ببنە خاوەنی کارتی نیشتیمانی. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانج لە وەستاندنی کارکردن بە ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامە ئەوەیە کە کار بە کاغەز کەمبکرێتەوە و سیستمی ئەلیکترۆنی بەکاربھێندرێت، ئەوەش خزمەتگوزارییەکە پێشکەش بە ھاووڵاتییان دەکرێت. 

دەشڵێت، رێکاری دەرھێنانی کارتی نیشتیمانی تەنیا ھاوڵاتییانی ناوخۆی عێراق دەگرێتەوە و بۆ ئەو عێراقیانەی کە لە دەرەوەن رێکاری دیکەیان بۆ ئەنجام دەدرێت ئەگەر ویستیان ببنە خاوەن کارتی نیشتیمانی. 



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، تیمەکەیان توانیویەتی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای چیمەنتۆی عێراقی و بەڕێوەبەری کۆمپانیایەک دەستگیربکەن بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستیان کەوتووە ئەو بەڕێوەبەرە داوای ٥٠٠ ھەزار دۆلاری لە کۆمپانیاکە کردووە.

ئەوەشھاتووە، وەرگرتنی ئەو پارەیە لەلایەن ئەو بەڕێوەبەرەوە لەبەرامبەر وەرگرتنی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و بەگەڕخستنەوەی کارگەی چیمەنتۆی بادوش بووە لە نەینەوا. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەڕێوەبەرەکە لەو پارەیەی داوایکردووە بڕی ٢٠٠ ھەزار دۆلاری وەرگرتووە و تیمی دەسپاکیش توانیویانە بەڵگەی وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە پەیدا بکەن لە رێگەی پشکنینی بەڵگەنامەکانی کۆمپانیاکەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نوری مالکی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و ھادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح و فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەسدی شەعبی لە بەغداد کۆبوونەوە و لە دیدارەکەدا، گفتوگۆکرا لەبارەی دوایین پێشھاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، ھەر سێ سەرکردە سیاسییەکە پشتیوانی خۆیان بۆ سیاسەتی حکومەتەکەی سودانی دووپاتکردووەتەوە و ئاماژەیان بەوەداوە، ھەنگاوەکانی حکومەتەکەی سودانی خزمەت بە وڵات و بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق دەکات.

ھاوکات جەختیان لە ھەنگاوەکانی حکومەتەکەی سودانی کردووەتەوە بۆ دۆسیەکانی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری، پتەوکردنی سەروەری نیشتمانی.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە گوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی تەندروستی عێراق کە ئاڕاستەی سەرجەم نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکانی سەر بەو وەزارەتە کراوە، بەپێی بڕیاری ژمارە ٩٥ی ساڵی ٢٠٢١ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، وەزارەتی تەندروستی بڕیاریداوە بە بڕی ١٠ ملیۆن دینار قەرەبووی کەسوکاری ئەو کەسانە بکاتەوە، کە بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتی تەتدروستی عێراق داواش لە کەسوکاری قوربانییانی کۆرۆنا دەکات، بۆ وەرگرتنی قەرەبووەکە سەردانەی ھۆبەی خانەنشینی وەزارەتیان بکەن و مامەڵەکانیان دەستپێبکەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...5253545556...337