تەنها ساڵی ڕابردوو ١٨ داواکراو لەلایەن دەستپاکی عێراقەوە لە دەرەوە گەڕێنراونەتەوە
یەحیا
١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤
٦٨١
باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ئەنجامی ھەوڵەکانی حکومەت بۆ بەدواداچوونی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی گەندەڵی لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق داواکراون ئاشکرا کردو رایگەیاند، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ٢٥ داواکراو لە دەرەوە گەڕێنراونەتەوە.
وتیشی، سەرۆک وەزیران فەرمانی داوە بە ڕادەستکردنەوەی داواکراوەکان وەک یەکێک لە فاکتەرەکانی ھەڵسەنگاندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ھەر وڵاتێکدا.
دووپاتیشیکردەوە: لە چوارچێوەی بازنەی داواکراواندا ٥٥ کەس ھەن و فەرمانی ڕادەستکردنەوەیان پێشکەشکراوە، بەڵام لەلایەن ئەو وڵاتانەوە ڕەتکراوەتەوە، چونکە ڕەگەزنامە و پاسپۆرتی ئەو وڵاتانەیان ھەیە، مەگەر ڕێککەوتنێکی دوولایەنە ھەبێت لەگەڵ ئەو وڵاتانە.
عەوادی ئاماژەی بەوەشداوە، کۆی گشتی ئەو کەسانەی لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا لەلایەن دەستەی دەستپاکی لە دەرەوەی عێراق داواکراون گەیشتووەتە ٣٠١ کەس، ھاوکات فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی کە بەسەر وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و پلە تایبەتەکاندا دەرچووە گەیشتووەتە ٤٢ بڕیارە.
باسم عەوادی دەشڵێت، ٢٢٠ کەسیش چونەدەرەوەیان لێ قەدەغەکراوە، کە نزیکەی ٤٠ کەسیان وەزیر و پلەدارن.