د. لەتیف رەشید، سەرۆككۆماری عێراق لە كۆنفرانسی دیالۆگی بەغداد لە وتەیەكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، عێراق كاری كردوە بۆئەوەی نەبێتە خاڵی هێرشكردنەسەر هیچ لایەنێكی ناوچەیی، بەڵكو دەبێتە فاكتەری ناوچەیی كاریگەر لەپێناو هاریكاری بونیادنەر و پشتگیریكردنی ئیرادەی دیالۆگ و بەهاكانی لێكتێگەیشتن لەنێوان وڵاتە جیاوازەكاندا.
وتیشی بە پشت بەستن بەو بنەما گشتیانەی حكومەتەكانی عێراق پەیڕەویانكردووە، دەتوانین هەوڵ و رۆڵی عێراق لە دروستكردنی كەشێكی گونجاو و پاڵپشت بۆ گفتوگۆ لەنێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ، شانشینی عەرەبی سعودیە و كۆماری ئیسلامی ئێران پشتڕاستبكەینەوە. لەڕاستیشدا هەوڵەكانمان بەبێ ئەنجام دەبون ئەگەر ئیرادە و هاریكاری بونیادنەرانەی حكومەتەكانی هەردوو وڵاتی دراوسێ نەبوایە.
کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتی موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنەکە بەڕێوەدەچێت بەگوێرەی کارنامەکەشی، کۆبوونەوەکە لە چوار بڕگە پێکھاتووە و تیایدا خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ چەند پرۆژەیاسایەک دەکرێت، لەنێویشیاندا خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسایەک دەکرێت کە تایبەتە بە ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی رژێمی بەعس.
پرۆژەیاساکە لەلایەن لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە خراوەتەڕوو، بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە٥٢ی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی رژێمیبەعس کە تایبەتە بە مووچەی خانەنشینی دادوەر و داواکاری گشتی.
رۆژنامەی عەرەبی جدید بڵاویکردووەتەوە، بەھۆی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی عێراقەوە، بۆ داخستنی دامەزراوە و قوتابخانەکانی لە پارێزگاکانی ھەرێم لە بەرواری ٣٠ی تەموزی ئەمساڵ، مافی خوێندنی نزیکەی ١٤٠ ھەزار خوێندکاری عێراقی لە ھەرێم دەکەوێتە مەترسییەوە و لەدوای ئەو بەروارەوە لە خوێندن بێبەش دەبن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، زۆرینەی ئەو خوێندکارە عێراقییانەی لە ھەرێمن، خێزانەکانیان لە ترسی بارودۆخی ناھەمواری عێراق روویان لە ھەرێم کردووە، بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەش ترس و دڵەڕاوکێی بۆ دروستکردوون و بە ئاوارەبوونی زۆرەملێ ناوی دەبەن.
رۆژنامەکە راشیگەیاندووە، بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی حکومەتی فیدراڵە بۆ کۆتایھێنان بە دۆسییەی ئاوارەبوون سەرچاوەی گرتووە و ھیچ فشار و ھەوڵێکیش نییە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی.
لە میانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ شەممە ٢٤-٢-٢٠٢٤ لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆککۆمار جەختیکردەوە، عێراق سورە لەسەر چەسپاندنی بناغەکانی دیالۆگی جددی و بنیاتنەر بۆ روبەڕوبونەوەی ئاستەنگەکان لەسەر ھەردوو ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی، ئاماژەی بەوەشکرد پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، بنەمای دیالۆگی پەسندکردووە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی ھاوبەش لەبارەی پرس و دۆسییەکان. ھەروەک عێراق رۆڵی ھەرێمی گێڕاوە لە نزیککردنەوەی دیدگاکان لەنێوان وڵاتانی ناوچەکەدا.
سەرۆککۆمار باسی لەوەکرد، گۆڕانکاری و روداوە خێراکان، کە لە جیھاندا روودەدەن، وا دەخوازن بەھاکانی دیالۆگ و پەیوەندی و ھاوبەشی بەھێزبکرێن، کە بنەماکانی پێکەوەژیان دەچەسپێنن و دەرفەتی ئاشتی لەسەرئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی پتەودەکەن.
ھەروەھا ئاماژەی بەو ھەلومەرجەدا، کە عێراق پێیداتێپەڕی، لەوانە جەنگ، ئابڵوقە، توندوتیژی و تیرۆر و کاریگەرییان لەسەر ئاستی خزمەتگوزاری و ژێرخانی ئابوری.
جەختی لەوەشکردەوە، کە حکومەت بەرنامەیەکی داڕشتوە و کاری لەپێشینەی بریتییە لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و باشترکردنی ئاستی بژێوی ھاووڵاتیان، سەرەڕای پشتگیریکردن لە کەرتی تایبەت، ھاندانی وەبەرھێنان و ئاسانکاریکردن بۆ بازرگانان.
سەرۆککۆمار ئاماژەی بە بایەخی رۆڵی ناوەندەکانی دیالۆگ و لێکۆڵینەوە کرد لە پرۆسەی دروستکردنی بڕیاردان و خستنەڕووی بژاردەکان لەڕێی شیکردنەوەی روداوەکانی ئێستا و لێکەوتە چاوەڕوانکراوەکانی و پێشبینیکردنی داھاتوو بۆئەوەی یارمەتی بڕیاردەر بدەن، کە بڕیاری دروست بدات.
ھەروەھا ئەو ھەوڵانەی بەرزنرخاند، کە بۆ سازکردنی شەشەمین کۆنفرانسی دیالۆگی بەغداد دراون و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە بەدیھێنانی ئامانجەکانی کۆنفرانسەکە. ئاماژەی بەوەشدا، سازکردنی ئەم جۆرە کۆنفرانسانە دەبنەھۆی دەوڵەمەندکردنی ئەو دید و بیرۆکە و بۆچونانەی بەشداردەبن لە بەھێزکردنی بناغەکانی سەقامگیری و پەرەپێدانی دۆخی ئابوری و باشتر دابینکردنی پێداویستییەکانی ھاووڵاتیان.
لەلایەن خۆیانەوە، ئەندامانی وەفدەکە رێنماییەکانی سەرۆککۆمار و گرنگیپێدان و پەرۆشی بۆ ئامادەبونی لە کردنەوەی کۆنفرانسەکە و پێشکەشکردنی وتەکەی بەرزنرخاند، کە لەلای ئامادەبوانی کۆنفرانس جێی بایەخ بووە. دوپاتیشیانکردەوە، سەقامگیریی عێراق و بەھێزکردنی رۆڵی لە دیالۆگی ناوچەییدا، دەتوانێت بەشداری بکات لە بەدەستھێنانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
بەپێی کارنامەی کۆبونەوەکەی دادگای باڵای فیدراڵی، سبەینێ دادگاکە لەسەر سکاڵایەکی نۆ فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان کە لەسەر سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی ھەرێمی کوردستان تۆمارکراوە کۆدەبێتەوە کە تایبەتە بە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان.
لە سکاڵاکەدا، داواکراوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دارایی پابەندبکرێن بە جێبەجێکردنی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٨، بەتایبەت ماددەکانی شەش، حەوت و ھەشت و نۆ.
لە سکاڵاکەدا داواکراوە، دادگای فیدراڵی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ھەڵبوەشێتەوە.
رۆژی ٢١ی ئەم مانگە دادگای فیدراڵی لە کۆبونەوەیەکدا، چەند بڕیارێکی دەکرد و تیایدا ھەردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق و ھەرێمی کوردستانی پابەندکرد بە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و دابەشکردنی مووچە لە رێگەی بانکەکانی عێراقەوە.
بەپێی راگەیەنراوی نوسینگەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری فایەق زێدان کۆبوەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی گشتی وڵات تاوتوێکرا، بەدواداچوونیش بۆ دیارترین رێوشوێنەکانی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئیداری و دارایی کرایەوەلەگەڵ گرنگی ھەماھەنگی لە بەرەنگاربوونەوەی تاوان بە ھەموو شێوەکانیەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، ھەردولا جەختیان لەسەر گرنگی باشترکردنی ھەماھەنگی و یەکخستنی نێوان دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی دادوەری کردەوە، ئەوەش بە ئامانجی پتەوکردنی سەروەری یاسا و بەھێزکردنی رێوشوێنە دادوەرییەکان بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری وڵاتدا
مەنار عوبەیدی، سەرۆکی دامەزراوەی عێراقی داھاتوو بۆ لێکۆڵینەوەی ئابوری رایگەیاند، بەراورد بە ساڵی٢٠٢٢، داھاتی راستەقینەی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٣ بەگشتی ١٦٪ و داھاتی نەوت ١٩٪ و داھاتی نانەوتیش بەڕێژەی ٣٩٪ کەمیکردووە.
دەشڵێت، لە ساڵی رابردودا داھاتی نەوت ١١٧ ترلیۆن دینار بووە داھاتی نانەوتیش زیاتر لە ھەشت ترلیۆن دیناری عێراقی بووە، بەڵام ساڵی ٢٠٢٢دا داھاتی نەوت ١٥٣ ترلیۆن دینار و داھاتی نانەوتیش ١١ ترلیۆن دینار بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، خەرجی حکومەت لە ٢٠٢٣دا ١٤٢ ترلیۆن دینار بووە کە ٢٤ ترلیۆنی بۆ وەبەرھێنان بووە، بەڵام ساڵی ٢٠٢٢ خەرجی حکومەت تەنیا ١١٦ ترلیۆن دینار بووە.
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پاڵاوگەی بێجی کردەوە، دوای بەگەڕخستنەوەی پاڵاوگەکە.
ساڵی رابردوو کارەکانی بەگەڕخستنەوەی پاڵاوگەی بێجی دەستیپێکرد، دوای ئەوەی ئامێر و کەرەستەکانی لە ھەرێمی کوردستانەوە گەڕێندرانەوە.
پاڵاوگەی بێجی گەورەترین پاڵاوگەی عێراقە و رۆژانە دەتوانێت ١٥٠ھەزار بەرمیل نەوت بپاڵێوێت، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران پێشتر رایگەیاندبوو بە خستنەوەکاری تەواوەتی پاڵاوگەکە عێراق پێویستی بە ھاوردەکردنی بەرھەمەکانی نەوت لە دەرەوە نامێنێت.
شەوی ڕابردوو، فەخری کەریم سەرۆکی دەزگای ئەلمەدا بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری، لە دوای گەڕانەوەی لە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب بۆ ماڵەکەی خۆی، لە گەڕەکی قادسیەی بەغداد تەقەی لێ کرا، بەڵام بەبێ زیان ڕزگاری بوو.
عەبدولئەمیر شەممەری وەزیری ناوخۆی عێراق لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە پێکھێنا و جەختی لە چڕکردنەوەی ھەوڵە ئەمنی و ھەواڵگرییەکان کردەوە بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران.
فەخری کەریم سەرۆکی ئەنجوومەنی عێراقە بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان، ساڵانە ھەڵدەستێت بە کردنەوەی پێشەنگای نێودەوڵەتی کتێب لە ھەولێر و بەغداد.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی دەزگای مەدا، تەقەکەرێک بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب لە گەڕەکی قادسیەی بەغداد ڕێی بە ئۆتۆمبێلەکەی فەخری کەریم سەرۆکی دەزگاکە گرتووە کە لەگەڵ غادە عاملی بەڕێوەبەری گشتی دەزگاکە لە پێشەنگای نێودەوڵەتی کتێب گەڕاونەتەوە ماڵەوەو بە چەکی سووک تەقەی لێکردووە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق بڵاویکردووەتەوە، لە کاتژمێر شەشی سەر لەبەیانی و نۆی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ سیستمی بەرگری ئاسمانی لە ھەردوو ناوچەی نێودەوڵەتی و فڕۆکەخانەی بەغداد پشکنینیان بۆ کراوە.
پێشتر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوز و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد چەند جارێک پشکنینیان بۆ سیستمی بەرگری ئاسمانی خۆیان کردووە بۆ چالاککردنی سیستەمەکە لە دژی ھەر جۆرە ھێرشێکی مووشەکی و درۆنی کە بکرێتە سەریان.
فەریق ئەحمەد مەمور، بەڕێوەبەری بەشتی کارتی نیشتمانی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، پیلانێک ھەیە بۆ ئەوەی لەمەودوا کارتی نیشتیمانی بەشێوەی رەنگاو رەنگ چاپ بکرێن و بدرێن بەو کەسانەی کە مامەڵەی دەرھێنانی کارتەکە تەواو دەکەن.
وتیشی، تائێستا ٣٦ ملیۆن و ٧١٤ ھەزار ھاوڵاتی کارتی نیشتمانیان وەرگرتووەتەوە، بەوپێیەش ٪٨٣ی ھاوڵاتییانی تەواوی عێراق خاوەنی کارتی نیشتمانین و نزیکەی ھەشت ملیۆن ھاوڵاتی ماون کە کارتەکانیان وەرنەگرتووە.
بەڕێوەبەری بەشی کارتی نیشتمانی ئاماژەی بەوەشدا، لەئێستادا ھاوڵاتییان دەتوانن لەھەمان ئەو رۆژەی مامەڵەی کارتی نیشتمانی پێشکەش دەکەن، ھەمان رۆژ کارتەکەیان وەربگرنەوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق یەکی نیسانی ئەمساڵی دیاریکردووە وەک دوا وادە بۆ کارکردن بە بەڵگەنامەکانی دیکە و لەدوای ئەو وادەیەوە تەنھا کار بە کارتی نیشتیمانی دەکرێت.
دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەمانگی کانوونی دووەمی رابردوو، نوسینگەکانیان لە ١٥ پارێزگای عێراق، چەندین دۆسیەی گەندەڵییان ئاشکرا کردووە، لەو چوارچێوەیەشدا ١٤٧ کەس بە تۆمەتی تێوەگلان لەو گەندەڵییانە دەستگیرکراون.
راشیگەیاندووە، زۆرترین دۆسیەکانی گەندەڵی لە پارێزگای کەربەلا بوون و ژمارەیان ٤٥ دۆسیەیە، لەدوای ئەویش پارێزگای زیقار ٤٤ دۆسیەی گەندەڵی تێدا ئاشکرابووە، زۆرترین تۆمەتبارانی دەستگیرکراویش لە پارێزگای موسەننا بووە، کە ژمارەیان ٢٣ کەسە.
نوسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بڵاویکردەوە، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی پێشوازی کریستۆڤەر کۆنز سیناتۆری ئەمریکی کردووە و تیایدا، ھاریکارییەکانی ھاوپەیمانانی لە عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بەرزنرخاندووە، ئاماژەی بەوەشداوە، عێراق ھەوڵی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ھاوپەیمانان دەدات.
ئەعرەجی راشیگەیاندوە، کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانان لە عێراق واتای دابڕانی وڵاتەکە نییە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەڵکو ئامانج لێی دروستکردنی پەیوەندییەکی ھاوسەنگە لەگەڵ ھاوپەیمانان بە لەبەرچاوگرتنی سەروەری خاکەکەی.
جەختیلەوەشکردەوە، عێراق نایەوێت ببێتە ھەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی لەکاتێکدا ھەوڵدەدرێت وڵاتەکە بکرێتە گۆڕەپانی یەکلایکردنەوەی ململانێکانی وڵاتان.
مستەفا کەرعاوی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دواین بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە گۆڕانکاری لە مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران بریتییە لە زیادکردنی دەرماڵەی فەرمانبەرانی پلە ھەشت و نۆ و ١٠ بە رێژەی ٥٠٪ کە بە فەرمانبەرانی پلە نزم دادەنرێن بۆئەوەی مووچەکانیان زیاتر بکات.
وتیشی، تائێستا خشتەکانی تایبەت بە بودجەی ٢٠٢٤ رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران نەکراوە و داواشیکرد، ئەنجومەنی وەزیران بە زوترین کات ئەو خشتانە رەوانە بکات بۆئەوەی دوای گفتوگۆ پەسەند بکرێن، بەتایبەتیش بەرزکردنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەرانی پلە نزم بە رێژەی ٥٠٪ کە ئەو بڕیارە لەناو خشتەکانی بودجەی ٢٠٢٤ جێگیرکراوە.
عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە ئاژانسی رەسمی ھەواڵەکانی عێراقی راگەیاند، رۆژانە بانکی ناوەندیی بەردەوامە لە دابینکردنی پارەی کاش وپێدانی بە بانکە رەسمییەکان بە وەزارتی داراییشەوە، سەرجەم ئەو دەنگۆ و زانیارییانەش دوورن لە راستییەوە کە باس لەوە دەکەن کێشەی پارەی کاش (سیولە) ھەیە لە عێراق.
وتیشی، لە داھاتوویەکی نزیکدا شێوازێکی نوێی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکان رادەگەیەنن و دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە خۆی لەوەدا دەبینێتەوەگەشتیاران لەرێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە ناوی خۆیان تۆمار دەکەن و لە بانکە تایبەتەکانی ناو فڕۆکەخانەکانیشەوە ئەو بڕە دۆلارەی داوایان کردووە پێیان دەدرێت، کە ئەمەش گرەنتیکردنی گەیشتنی دۆلارە بە دەستی گەشتیاران بەبێ ئەوەی ھیچ جۆرە کارێکی نایاسایی دروست ببێت.