عەون زیاب لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، سەردانێکی مەیدانی بۆ پڕۆژەی بەنداوی دوبس لە پارێزگای کەرکوک ئەنجامدراوە، بەتایبەت دوای ئەو شەپۆلی بارانبارینەی پارێزگاکانی گرتەوە.
وتیشی، ئەو شەپۆلی بارانبارینەی ئەم دواییە کاریگەری باشی ھەبووە لەسەر یەدەگی ستراتیژی ئاو و ھەروەھا ئاوی پێویست بۆ وەرزی ھاوینی داھاتوو گلدراوەتەوە.
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق راشیگەیاند، بارانبارینەکە کاریگەری باشی ھەبووە لەسەر سامانی ئاو و پڕکردنەوەی چەم و روبارەکان و ھەوڵدەدەن لە وەرزی گەرمادا سودی لێوەربگرن.
ئەحمەد مەزھەر جبوری ئەندامی لیژنەی دارایی بە رۆژنامەی "سەباح"ی راگەیاند، ئەرکی ئەنجومەنی نوێنەرانە کە ھەمواری بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ بکات، بەڵام چاوەڕێن حکومەت یاسای بودجەی ھەموارکراویان بۆ بنێرێت، بەڵام تا ئێستا یاساکە و ھیچ خشتەیەکیان لەوبارەیەوە پێنەگەیشتووە.
وتیشی، لیژنەکەیان رای خۆی ھەبووە لەسەر یاسای بودجە بۆ سێ ساڵ و تێبینی خۆشیان نوسیوە لەوبارەیەوە، بەڵام حکومەت ئەو بەرپرسیارێتییەی ھەڵگرت و بودجەی بۆ سێ ساڵ ئامادەکرد.
لای خۆیەوە، باسم جەمیل ئەنتوان پسپۆڕی ئابوری بە رۆژنامەکەی وتووە، بەھۆی کورتھێنانەوە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ پەسەند نەکراوە، لیژنەی داراییش دەبێت بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکات.
ڤیان دەخیل ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ژنی یەکەمی بەغدادی خۆی وەک کەسێکی باش پیشانداوە، بەڵام لە بەغدادی تاوانبارتر بووە، چونکە دووەمین کەس بووە لە دوای بەغدادی لەناو داعش و ئامادەی سەرجەم کۆبوونەوەکانی دەبوو، ھەموو ئەوانەشی باسی کردوون درۆ بوون و بە ئینگلیزیش لەگەڵ تیرۆریستان قسەی کردووە.
وتیشی، ژنی یەکەمی داعش کە ناوی "ئەسما محەمەد"ە و بە "ئوم خالد" ناودەھێندرا، ھەموو ھەفتەیەک دەچووە زیندانی ئێزدییەکان و ھەڵیدەبژاردن و دەیبردن بۆ ئەوەی دەستدرێژییان بکرێتەسەر.
ڤیان دەخیل دەشڵێت، ئەو ژنەی بەغدادی لە کچێکی ئێزدی داوە کە ناوی "سیپان" بووە، تەنھا لەبەر ئەوەی لە دەفتەرێکدا زانیارییەکانی سەبارەت بە داعش نوسیوە و ئەبوبەکر بەغدادیشی بانگکردووە بۆ ئەوەی لێیبدات و دەستدرێژی بکاتەسەر.
ھاوکات سیپان خەلیلی کچە ئێزدی لەسەر ئەو چاوپێکەوتنە وتی، سەرەتا مامەڵەی ژنەکەی بەغدادی باش بووە بەڵام ناچاری کردووە ئیشەکانی ناو ماڵ بکات و منداڵەکانی بەخێوبکات، بەڵام کاتێک دەفتەرێکی دۆزیوەتەوە کە زانیارییەکانی سەبارەت بە داعش و سەرکردەکانی دەنوسی رەفتاری گۆڕاوە و چەندین جار لێیداوە و ھەندێک جار لەلایەن خۆی و مێردەکەیەوە لێیدراوە.
وتیشی، ژنەکەی بەغدادی وەک کەسێکی بێتاوان قسەی کردووە، بەڵام ئەو ستەمکار بووە و لەگەڵ بەغدادی کارەکانی رێکخراوەکەیان رێکخستووە و داھاتی خۆشی ھەبووە لەو دەستکەوتانەی ھەیانبوو، لەڕێیەوە ئێزدییەکانی دەکڕی و بازرگانی پێوە دەکردن.
جەختیشدەکاتەوە، قسەکانی ژنەکەی بەغدادی راست نین و سەرسوڕمانی خۆی لە زۆرێک لە وەڵامەکانی پیشانداوە.
محەمەد ساحب دەڕاجی راوێژکاری ھونەری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، ھەرچەندە ئەمریکا لە رووی دارایی و کەرتی بانکییەوە چەند سزایەکی بەسەر عێراقدا سەپاندووە و پێدانی پارەی کاشی کەمکردووەتەوە، بەڵام حکومەت چەند رێکارێکی پێویستی گرتووەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەو سزایانە و سەرکەوتووش بووە.
جەختیشیکردەوە، ھیچ مەترسییەک لەسەر مووچەی فەرمانبەران نییە تەنھا لە حاڵەتێکدا نەبێت کە بەھای نەوت زۆر داببەزێت.
راوێژکارەکەی سودانی وتیشی، سەرکەوتنەکانی ئێستای حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی بەشێک لەلایەنەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکانی بێزارکردووە بەتایبەتیش لایەنە سیاسییە کۆنەکان و ترسیان لەسەرکەوتنی زیاتری حکومەتەکەی سودانی ھەیە و ناوبەناویش ئاستەنگ بۆ کارەکانی دروست دەکەن.
سەرچاوە تەندروستییەکان بە میدیاکانی عێراقیان راگەیاندووە، ھێشتا ئەسەدوڵا راشدی بریکاری وەزیری وزەی ئێران لە نەخۆشخانەی یەرموکە و رەوشی تەندروستی ناجێگرە و لە دۆخی بێ ئاگایدایە.
ئەو لێپرسراوەی ئێران شەوی رابردوو لە رێگەی خێرای "غەزالیە" لە بەغداد تووشی رووداوێکی ھاتووچۆ بووە و ئۆتۆمبێلەکەی خۆی کێشاوە بە کۆنکرێتێکدا.
سەرچاوەیەکی ئەمنیش بڵاویکردووەتەوە، شۆفێری ئەو لێپرسراوە ئێرانییە ھەر لەو رووداوەدا گیانیلەدەستداوە، کە ناسنامەکەی عێراقی بووە.
میدیاکانی عێراق باسیان لەوەشکردووە، ئەو لێپرسراوە بە ناسنامەی ھاووڵاتی ئێرانی ھاتووەتە عێراق و خۆی وەک بەرپرسی حکومی نەناساندووە و لە ئۆتۆمبێلێکی مەدەنیدا بووە.
عامر فەیاز ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە چەند بڕیارێکی نێودەوڵەتی رێکخراوی یونامی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ئامادەیی ھەیە، بە مەبەستی بەدواداچوون و چاودێریکردنی ژمارەیەک کاروباری وڵات و چۆنیەتی بەکارھێنانی دەسەڵاتە رەھاکان.
ئەوەشی خستەڕوو، یونامی لە عێراق، دەستێوەردانی کردووە لە کاروباری ناوخۆ و دۆسییەی سیاسیدا، ئەوەش بەدەرە لە دەسەڵاتەکانی ئەو رێکخراوە و ھاوکات پێشێلکردنی رۆڵەکەیەتی لە وڵاتدا.
ئاماژەی بەوەشداوە، دیار نییە یونامی لە دەرەوەی دەسەڵاتەکانی تا چی ئاستێک دەستێوەردانی لە کاروباری ناوخۆی عێراق کردووە، بەڵام چەند دەستێوەردانێکی بەڵگە نەویست ھەیە لەسەر ئەو پرسە.
سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی عێراق ئاشکرایکردووە، دوای کۆکردنەوەی زانیارییە ھەواڵگرییەکان و ماوەیەکی زۆر چاودێریکردنیان و دەستنیشانکردنی ناسنامەیان کە ناسنامەی عێراقییان پێنەبووە، دەزگای ھەواڵگری نیشتیمانی عێراق، توانیویەتی لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ، دوو ھاوسەرەکەی و کچەکەی ئەبو بەکر بەغداد کەسی یەکەمی گرووپی تیرۆریستی داعش دەستگیر بکات و بیانگەڕێنێتەوە بۆ عێراق و رادەستی دادگایان بکات بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی زانیاری لەسەر پاشماوەکانی داعش.
وتیشی، سەرەتا ھەردوو ھاوسەرەکەی و کچەی بەغدادی رەتیانکردووەتەوە ھیچ پەیوەندییەکیان بە بەغدادییەوە ھەبووبێت و وتویانە بە ھەڵە دەستگیرکراون، بەڵام دواتر لە رێگەی پشکنینی دی ئێن ئەیەوە پشتڕاستکراوەتەوە کە ھاوسەر و کچی ئەو گەورە تیرۆریستەن.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقیش رایگەیاندووە، ھەردوو ھاوسەرەکەی و کچەکەی بەغدادی رادەستی دادگا کراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە بۆ وەرگرتنی ھەموو زیانیارییەکی پێویست لەسەر داعش بەتایبەتیش سەرچاوەی داریی و پاشماوەکانیان لە عێراق و ناوچەکە.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەکەی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەراوێزی کۆنگرەی میونشن بۆ ئاسایش لە ئەڵمانیا، لەگەڵ لیزا مۆناکۆ جێگری داواکاری گشتی ئەمریکا کۆبووەتەوە و جەختیانکردووەتەوە لەسەر پەرەپێدانی ھاوکارییە یاساییە و دادوەرییەکان لە نێوان بەغداد و واشنتۆن.
سودانی ئاماژەی بەوە کردووە، حکومەتی عێراق چەندین رێکاری گرتووەتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ھەموو ئەو کەسانەی زیانیان بە سامانی گشتی گەیاندووە لە ھەر ئاست و پێگەیەکدا بێت، لەو چوارچێوەیەشدا لەئێستا بەدواوە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتان لەسەر بنەمای ھاوکاری ئەو وڵاتانە دیاری دەکرێت لە بواری رادەستکردنەوەی داواکراوانی یاسا و تۆمەتبارانی گەندەڵی و ئەو پارانەی بە نایاسایی براونەتە دەرەوەی عێراق.
مەزھەر محەمەد راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، عێراق پێی ناوەتە سەردەمێکی نوێی گەشەکردنەوە بۆ ھەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داھات، ئەوەش بە رێگەی وەبەرھێنان لە سامانی جۆراوجۆر و سەرچاوە سروشتی و مرۆییەکان، ھاوکات پشتگیرکردن لە بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵی بەدیھاتووە.
ئەوەشی خستەڕوو، کەرتی تایبەت لە عێراق لەپێشینەی کارەکانیدایە بۆ وەبەرھێنان بەگوێرەی ستانداردە جیھانییەکان و ھاوکات پاڵپشتیکردن و بەرەو پێشبردنی ئابووری عێراق.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەستکاری چەند بڕگەیەکی یاسای بودجەی گشتی کردووە و لە ناو ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەر دەدرێت و دواتر رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت.
سەرچاوەیەک بە کوردساتی راگەیاندووە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ترسی ئەوەی ھەیە لە ئەنجومەنی نوێنەران گرفت ھەمواری یاسای بودجە دروست ببێت بۆیە پێشنیازکراوە دەستکاری یاساکە نەکرێت، بەڵام مانگانە وەکو پارێزگاکانی دیکەی عێراق پشکی ھەرێم لە موچە رەوانە بکرێت کە ٦١٨ ملیار دینارە.
د.لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە بەغداد پێشوازی لە دادوەر فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری کرد و ھەردولا پشتیوانی خۆیان بۆ بەھێزکردنی رۆڵی دەسەڵاتی دادوەری لە پاڵپشتیکردنی ھێزی یاسا و بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری دوپاتکردەوە.
سەرۆکایەتی کۆمار ئاماژەی بەوەداوە، لەکۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر گرنگی پاراستنی سەربەخۆیی دادوەری و پتەوکردنی بنەماکانی دادپەروەری و یەکسانی لەنێوان ھاووڵاتیاندا.
لەبارەی ھاریکاریی نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی باڵای دادوەریش، لە راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، ھاریکاریی بەرھەمداری ھەردوو دامەزراوە بەردەوام دەبێت بەشێوەیەک، کە بتوانێت بەھێزیی یەکگرتوویی نێوان دەسەڵاتە دەستورییەکان بەدیبھێنێت لە بواری یاسادانان و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و یەکلاکردنەوەی دۆسیەی ئەو دەستبەسەرکراوانەی ماوەی سزاکانیان کۆتاییھاتووە.
لە پەراوێزی بەشداریکردنیان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و کامالا ھاریس جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆبوونەوە و باسیان لە گفتوگۆی لیژنەی باڵای سەربازی بەغداد و واشنتۆن کرد بۆ کۆتاییھێنان بە بوونی ھاوپەیمانان لە عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ھەردوولا لەبوارەکانی ئابوری و گەشەپێدان.
نوسینگەی سەرۆک وەزیران لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاویکردەوە، سەرۆکوەزیران ھەڵوێستی نەگۆڕی عێراقی دوپاتکردەوە بۆ پاراستنی سەروەری خاکی وڵات و جەختیکردەوە کە پاراستنی سەروەری عێراق لەژێر ھیچ ھۆکارێک و ھەلومەرجێکدا ناکرێت بە کەم سەیر بکرێت یان پشتگوێ بخرێت.
لەکۆبوونەوەکەدا کامالا ھاریس بەناوی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاوە جارێکی تر بانگھێشتی سودانی کرد بۆ ئەوەی سەردانی واشنتۆن بکات و ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی پێداگرە لەسەر سەرکەوتنی حکومەتی عێراق لەروبەڕوبونەوەی ئاستەنگییەکان، چونکە حکومەتی عێراق توانای خۆی بۆ ھاوبەشییەک سەلماندووە، جەختیشدەکاتەوە بە گرنگییەوە دەڕواننە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەغداد لەبارەی کۆتاییھێنان بە بوونی ھێزی ھاوپەیمانان لەسەر خاکی عێراق.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند، توانیان بنەماڵەی ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی داعش بگەڕێننەوە عێراق و دەستگیریان بکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دادگای تێھەڵچوونەوەی کەرخی یەک، لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی بۆ گێڕانەوەی تیرۆریستانی داواکراو لە دەرەوەی وڵات بۆ عێراق، توانیویەتی بنەماڵەی ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی داعش بگەڕێنێتەوە بۆ عێراق.
ئەوەشی خستەڕوو، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی دادوەری تایبەتمەندی دادگای تێھەڵچوونەوەی کەرخ، بنەماڵەی ئەبوبەکر بەغدادی لە عێراق دەستگیرکراون و وتەیان لێوەرگیراوە، ھاوکات لێکۆڵینەوەکانیش لەگەڵیاندا بەردەوامە.
ئەسما محەمەد ھاوسەری ئەبوبەکر بەغدادی لە لێکۆڵینەوەکانیدا دانی بەوەداناوە کە بەغدادی تەنھا لەخەمی ژیانی خۆیدا بووە و ھیچ باکی نەبوو لە کوژران و لە ناوچوونی کەسە نزیکەکانی خۆی.
ساڵی ٢٠١٤ ئەبوبەکر بەغدادی خۆی وەک خەلیفەی داعش ناساندو لە ساڵی ٢٠١٩ بە بۆردومانی ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا کوژراوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیران بەسەردانێکی رەسمی بەغدادی بەرەو ھۆڵندا جێھێشت.
سەرۆکوەزیران رۆژی ٦ی ئەم مانگە بانگھێشتنامەیەکی رەسمی لەلایەن وەزیری دەرەوەی ھۆڵندا رادەستکرا بۆ سەردانیکردنی ئەو وڵاتە و ئەوکات رایگەیاند، لە بوارەکانی ئابوری، ئەمنی، بازرگانی، بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و بەندەرەکان دەیانەوێت سود لە ئەزمونی ھۆڵندا وەربگرن.
سابرینا سینگ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە چواری ئەم مانگەوە ھێرشنەکراوەتە سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و عێراق و ئوردن، پێشوازیش لەو ھەنگاوە دەکەن، بەڵام ناتوانن پێشبینی دواتر بکەن. وتیشی، ئەرکی ھێزەکانیان لە عێراق و سوریا بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی داعشە.
سابرینا سینگ ئاماژەی بەوەشدا، ھێزە ئەمنییەکانی عێراق ھاوبەشێکی گرنگن لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، بێگومان داعش ھەمان مەترسی و ھەڕەشەی ١٠ ساڵ پێش ئێستای نییە، بەڵام ھێشتا لە ناوچەکە بوونیان ھەیە و پەلامار ئەنجام دەدەن.
وتیشی، دانوستانەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا بەردەوامە، بەڵام باس لە ھیچ خشتەیەکی زەمەنی نەکراوە بۆ کشانەوەی ھێزەکانیان و ئەو دانوستانە راوێژکارین، جەختیشی کردەوە لەوەی ئەوان لەسەر داواکاری حکومەتی عێراق لەخاکی ئەو وڵاتەن.
موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی ئێستای ئەنجومەنەکە بە وەکالەت رایگەیاند، بەپێی ھەموو بەدواداچوون و ھەڵسەنگاندنەکان سوپا و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ئاستێکی زۆر بەھێز و پێشکەوتوودان و بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری وڵات پێویستیان بە ھیچ ھێز و لایەنێکی تر نییە، بەو ھۆیشەوە لە ئێستادا عێراق پێویستی بە ھیچ ھێزێکی بیانی نییە بۆ پاراستنی.
وتیشی، ھێرشە بەردەوامەکانی ئەمریکا لە ناو خاکی عێراق و کردنە ئامانجی کەسایەتییەکان پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و بووەتە ھۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و بەغداد، بۆیە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سوورە لەسەر دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا و بۆ ئەو مەبەستەش لە چەند ھەفتەی داھاتوودا یاسایەکی نوێ لەسەر ئەو پرسە دەردەکەن.