کاردانەوەکان لەسەر قسەکانی ژنەکەی ئەبوبەکر بەغدادی بەردەوامن
کوردسات نیوز
١٩ی شوباتی ٢٠٢٤
٢٬٧٤٥
ڤیان دەخیل ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ژنی یەکەمی بەغدادی خۆی وەک کەسێکی باش پیشانداوە، بەڵام لە بەغدادی تاوانبارتر بووە، چونکە دووەمین کەس بووە لە دوای بەغدادی لەناو داعش و ئامادەی سەرجەم کۆبوونەوەکانی دەبوو، ھەموو ئەوانەشی باسی کردوون درۆ بوون و بە ئینگلیزیش لەگەڵ تیرۆریستان قسەی کردووە.
وتیشی، ژنی یەکەمی داعش کە ناوی "ئەسما محەمەد"ە و بە "ئوم خالد" ناودەھێندرا، ھەموو ھەفتەیەک دەچووە زیندانی ئێزدییەکان و ھەڵیدەبژاردن و دەیبردن بۆ ئەوەی دەستدرێژییان بکرێتەسەر.
ڤیان دەخیل دەشڵێت، ئەو ژنەی بەغدادی لە کچێکی ئێزدی داوە کە ناوی "سیپان" بووە، تەنھا لەبەر ئەوەی لە دەفتەرێکدا زانیارییەکانی سەبارەت بە داعش نوسیوە و ئەبوبەکر بەغدادیشی بانگکردووە بۆ ئەوەی لێیبدات و دەستدرێژی بکاتەسەر.
ھاوکات سیپان خەلیلی کچە ئێزدی لەسەر ئەو چاوپێکەوتنە وتی، سەرەتا مامەڵەی ژنەکەی بەغدادی باش بووە بەڵام ناچاری کردووە ئیشەکانی ناو ماڵ بکات و منداڵەکانی بەخێوبکات، بەڵام کاتێک دەفتەرێکی دۆزیوەتەوە کە زانیارییەکانی سەبارەت بە داعش و سەرکردەکانی دەنوسی رەفتاری گۆڕاوە و چەندین جار لێیداوە و ھەندێک جار لەلایەن خۆی و مێردەکەیەوە لێیدراوە.
وتیشی، ژنەکەی بەغدادی وەک کەسێکی بێتاوان قسەی کردووە، بەڵام ئەو ستەمکار بووە و لەگەڵ بەغدادی کارەکانی رێکخراوەکەیان رێکخستووە و داھاتی خۆشی ھەبووە لەو دەستکەوتانەی ھەیانبوو، لەڕێیەوە ئێزدییەکانی دەکڕی و بازرگانی پێوە دەکردن.
جەختیشدەکاتەوە، قسەکانی ژنەکەی بەغدادی راست نین و سەرسوڕمانی خۆی لە زۆرێک لە وەڵامەکانی پیشانداوە.