لە پەراوێزی بەشداریکردنیان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و کامالا ھاریس جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆبوونەوە و باسیان لە گفتوگۆی لیژنەی باڵای سەربازی بەغداد و واشنتۆن کرد بۆ کۆتاییھێنان بە بوونی ھاوپەیمانان لە عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ھەردوولا لەبوارەکانی ئابوری و گەشەپێدان.

نوسینگەی سەرۆک وەزیران لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاویکردەوە، سەرۆکوەزیران  ھەڵوێستی نەگۆڕی عێراقی دوپاتکردەوە بۆ پاراستنی سەروەری خاکی وڵات و جەختیکردەوە کە پاراستنی سەروەری عێراق لەژێر ھیچ ھۆکارێک و ھەلومەرجێکدا ناکرێت بە کەم سەیر بکرێت یان پشتگوێ بخرێت.

لەکۆبوونەوەکەدا کامالا ھاریس بەناوی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاوە جارێکی تر بانگھێشتی سودانی کرد بۆ ئەوەی سەردانی واشنتۆن بکات و ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی پێداگرە لەسەر سەرکەوتنی حکومەتی عێراق لەروبەڕوبونەوەی ئاستەنگییەکان، چونکە حکومەتی عێراق توانای خۆی بۆ ھاوبەشییەک سەلماندووە، جەختیشدەکاتەوە بە گرنگییەوە دەڕواننە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەغداد لەبارەی کۆتاییھێنان بە بوونی ھێزی ھاوپەیمانان لەسەر خاکی عێراق.