فەریق ئەحمەد مەمور، بەڕێوەبەری بەشتی کارتی نیشتمانی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، پیلانێک ھەیە بۆ ئەوەی لەمەودوا کارتی نیشتیمانی بەشێوەی رەنگاو رەنگ چاپ بکرێن و بدرێن بەو کەسانەی کە مامەڵەی دەرھێنانی کارتەکە تەواو دەکەن.

وتیشی، تائێستا ٣٦ ملیۆن و ٧١٤ ھەزار ھاوڵاتی کارتی نیشتمانیان وەرگرتووەتەوە، بەوپێیەش ٪٨٣ی ھاوڵاتییانی تەواوی عێراق خاوەنی کارتی نیشتمانین و نزیکەی ھەشت ملیۆن ھاوڵاتی ماون کە کارتەکانیان وەرنەگرتووە.

بەڕێوەبەری بەشی کارتی نیشتمانی ئاماژەی بەوەشدا، لەئێستادا ھاوڵاتییان دەتوانن لەھەمان ئەو رۆژەی مامەڵەی کارتی نیشتمانی پێشکەش دەکەن، ھەمان رۆژ کارتەکەیان وەربگرنەوە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق یەکی نیسانی ئەمساڵی دیاریکردووە وەک دوا وادە بۆ کارکردن بە بەڵگەنامەکانی دیکە و لەدوای ئەو وادەیەوە تەنھا کار بە کارتی نیشتیمانی دەکرێت.