رۆژنامەی عەرەبی جدید بڵاویکردووەتەوە، بەھۆی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی عێراقەوە، بۆ داخستنی دامەزراوە و قوتابخانەکانی لە پارێزگاکانی ھەرێم لە بەرواری ٣٠ی تەموزی ئەمساڵ، مافی خوێندنی نزیکەی ١٤٠ ھەزار خوێندکاری عێراقی لە ھەرێم دەکەوێتە مەترسییەوە و لەدوای ئەو بەروارەوە لە خوێندن بێبەش دەبن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، زۆرینەی ئەو خوێندکارە عێراقییانەی لە ھەرێمن، خێزانەکانیان لە ترسی بارودۆخی ناھەمواری عێراق روویان لە ھەرێم کردووە، بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەش ترس و دڵەڕاوکێی بۆ دروستکردوون و بە ئاوارەبوونی زۆرەملێ ناوی دەبەن.

رۆژنامەکە راشیگەیاندووە، بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی حکومەتی فیدراڵە بۆ کۆتایھێنان بە دۆسییەی ئاوارەبوون سەرچاوەی گرتووە و ھیچ فشار و ھەوڵێکیش نییە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی.