عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە ئاژانسی رەسمی ھەواڵەکانی عێراقی راگەیاند، رۆژانە بانکی ناوەندیی بەردەوامە لە دابینکردنی پارەی کاش وپێدانی بە بانکە رەسمییەکان بە وەزارتی داراییشەوە، سەرجەم ئەو دەنگۆ و زانیارییانەش دوورن لە راستییەوە کە باس لەوە دەکەن کێشەی پارەی کاش (سیولە) ھەیە لە عێراق.

وتیشی، لە داھاتوویەکی نزیکدا شێوازێکی نوێی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکان رادەگەیەنن و دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە خۆی لەوەدا دەبینێتەوەگەشتیاران لەرێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە ناوی خۆیان تۆمار دەکەن و لە بانکە تایبەتەکانی ناو فڕۆکەخانەکانیشەوە ئەو بڕە دۆلارەی داوایان کردووە پێیان دەدرێت، کە ئەمەش گرەنتیکردنی گەیشتنی دۆلارە بە دەستی گەشتیاران بەبێ ئەوەی ھیچ جۆرە کارێکی نایاسایی دروست ببێت.