حسێن تالب بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرھەمە نەوتیەکان رایگەیاند، وەزارەتی نەوت پلانێکی داناوە کە ناوەڕاستی ساڵی داھاتوو کۆتایی بە ھاوردەکردنی بەنزین لە دەرەوەی وڵات بھێنێت، بەو پێیەش ساڵانە بڕی چوار ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ دەوڵەت دەگەڕێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای کارپێکردنی پاڵاوگەی کەربەلا ھاوردەکردنی بەنزین بە رێژەی ٥٠٪ دابەزی کە پێشتر ١٤ ملیۆن لیتر بەنزین ھاوردە دەکرا بەڵام ئێستا نزیکەی حەوت ملیۆن لیتر ھاوردە دەکرێت.
وتیشی، دوای ئەوەی لە بەرھەمھێنانی رۆنی ئۆتۆمبێل و نەوتی سپی پاڵاوگە ناوخۆییەکان دەگەنە ئاستی خۆبژێوی کۆتایی بە ھاوردەکردنی ئەو دوو بەرھەمەش دێت.
حەیدەر حەنون سەرۆکی دەسپاکی عێراق رایگەیاند، دۆسیەی نور زوھەیر و ٣٠ کەسی تر کە تۆمەتباری دزی سەدەن لەلای دادوەرە و بەشێکیان راگیراون و بەشێکیان ھەڵاتون و بەشێکیشیان زیندانی کراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دادگای لێکۆڵینەوە کاردەکات بۆ تەواوکردنی دۆسیەکان و دواتر دادگایی دەکرێن و بەمزووانە بڕیارێکی دادپەروەرانە دەدرێت دژی ئەوانەی سامانی گشتی بەھەدەر دەدەن.
سەرۆکی دەسپاکی عێراق دەشڵێت، کەیسی دزی سەدە تەنھا پەیوەست نییە بە کەسێکەوە و زۆرێک لە حیزب و سەرکردەکانی ناو حکومەتی پێشوو ئاسانکارییان کردووە و پلانیان بۆ داناوە.
وتیشی، لێکۆڵینەوەکان لەسەر کەیسەکە بەردەوامن و فەرمانی دەستگیرکردنی نوێ لە دژی دوو کەسایەتی حکومەت دەرکراوە، کە یەکێکیان بە روونی تۆمەتبارە و زۆر نزیکن لە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی دوای تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان.
وەفدی باڵای ئەمنی تورکیا و عێراق دوای کۆبوونەوەیان لە بەغداد لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەیان بەوەکردووە، دەسەڵاتدارانی ھەردوو وڵات بڕیاریانداوە لەسەر دامەزراندنی لیژنەی ھەمیشەیی ھاوبەش بۆ کارکردن لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ھەماھەنگی لە بوارەکانی بازرگانی، کشتوکاڵ، وزە، ئاو، تەندروستی و گواستنەوە.
دەشڵێن ھەموو ھەوڵەکان دەخەنەگەڕ بەمەبەستی ئامادەکاریی بۆ سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق لە دوای مانگی رەمەزان.
لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پەکەکە مەترسی ئەمنیی بۆ تورکیا و عێراق دروست کردووە و بوونی ئەم ڕێکخراوە لە خاکی عێراقدا بە واتای پێشێلکردنی دەستووری عێراقە.
باس لەوەش کراوە تورکیا بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق دەکات لە بارەی ئەوەی پەکەکە ڕێکخراوێکی قەدەغەکراوە لە عێراقدا.
دەستەی دەسپاکی عێراق رایگەیاند، بە تۆمەتی زیان گەیاندن بە سامانی گشتی سزای حەوت ساڵ زیندانی بەسەر بەڕێوەبەری پێشووی شوێنەواری پارێزگای سەلاحەدین سەپێندرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دادگای تاوانەکانی رەسافە ئەو بڕیارەی دەرکردووە بەھۆی ئەوەی تۆمەتبار ھەستاوە بە ساختەکردنی وێنەی چەند پارچە زەویەکی شوێنەوار و پێدانی بەڵگەنامەی ساختەی خانوبەرە بە ھاووڵاتییان لەسەر زەوی کشتوکاڵی.
دەشڵێت، تۆمەتبارەکە زیانی نزیکەی ١٧٠ ملیار دیناری بە سامانی گشتی گەیاندووە و دادگاش دوای پێداچوونەوە بە بەڵگەنامەکان و بەپێی ماددەی ٣٤٠ی یاسای سزادان بڕیاریدا سزای حەوت ساڵ زیندانی بۆ تۆمەتبار دەربکات.
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە درێژەی گفتوگۆ و دانووستانەکانیان لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی ناجێگیری بەھای دۆلار لە عێراق، لەگەڵ ئەو وەزارەتی ئەمریکا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێک بۆ پێداچوونەوە بەو سزایانەی بەسەر ژمارەیەک لە بانکە عێراقییەکاندا سەپاندوویانە.
ئەوەشی خستەڕوو، پرۆسەی چاپکردنی دراوی ناوخۆیی لەسەر بنەمای خواستی ناوخۆ بەردەوامی ھەیە، وتیشی، ناسەقامگیری بازاڕەکانی دراو و بەھای دۆلار بەرامبەر بە دینار، دەگەڕێتەوە بۆ مامەڵەی نایاسایی بازرگانە بچووکەکانی مامەڵەکاری دراو، کە بە نایاسایی مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بە دۆلارەوە دەکەن.
نوسینگەی رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردودا لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵاتییەکان دەنگۆیەک بڵاوکرایەوە، گوایە سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بە نھێنی ھەوڵی گەڕانەوەی رێبەری رەوتی سەدر دەدەن، بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە و بێ بنەمان.
ئەوەشی خستەڕوو، ھیچ پەیامێکی نھێنی و پەیوەندی ناڕاستەوخۆ لە نێوان سەدر و سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی سەبارەت بە گەڕانەوەی ناوبراو بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەران نەبووە و لەلایەن خودی سەدرەوە تەواوی پەیوەندییەکان بە چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە راگیراون.
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە ئامانجی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت و گۆڕانکاری لە ژمارەیەک مادەیی یاسایی و شایستە داراییەکان، کۆتاییان بە تۆمارکردنی داتا و زانیارییەکان بۆ ھەمواری یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢٤ ھێناوە.
ئەوەشی خستەڕوو، یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢٤یان رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ پەسەندکردنی، دوای ئەوەش یاساکە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران و دەکرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت.
یەکێک لەو ماددانەی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٤، کە بڕیارە ھەمواربکرێتەوە، پەیوەستە بە چارەسەرکردنی گرفتەکانی پەیوەست بە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و جیاکردنەوەیەتی لە خەرجی کرداری.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لیژنەی دارایی بە سەرۆکایەتی عەتوان عەتوانی لەگەڵ عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی کۆبونەوە بۆ تاوتوێکردنی سیاسەتەکانی کاش و سیستمی بانکی لە عێراقدا و بەرزکردنەوەی بەھای دینار لە بەرامبەر دۆلاردا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، باس لە گرنگی بەدواداچوونی دۆسیەی ئابووری وڵات و سیاسەتی کاشی دۆلار کرا لە رێگەی چاودێریکردن و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەو بەربەستانەی کە رووبەڕووی کارەکانی بانکی ناوەندی دەبنەوە.
دەشڵێت، لیژنەی دارایی خواستی خۆی دەربڕی بۆ ھەماھەنگیکردن لەگەڵ بانکی ناوەندی بۆ زیادکردنی بەھای دیناری عێراقی و کۆنترۆڵکردنی بازاڕ بەمەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانی سەرشانی ھاوڵاتیان.
ئەلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە وتارێکدا کە لە رۆژنامەی سەباحدا بڵاویکردووەتەوە، ئەوەشی خستوەتەڕو، لە دوو دەیەی رابردوودا ئەمریکا بە بەھای ١١ ملیار دۆلار ھاوکاری تایبەت بە گەشەپێدانی کۆمەڵگەیی و بە بەھای ٣.٥ ملیار دۆلاریش ھاوکاری بۆ بەھێزکردنی توانای ھێزە ئەمنییەکانی عێراق خەرجکردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، واشنتۆن خواستی ئەوەی ھەیە حکومەتی عێراق بتوانێت لێپرسراویەتی تەواوی خۆی بۆ پاراستنی سەروەری و بەرگریکردن لە خاکەکەی جێبەجێبکات و رۆڵیشی ھەبێت لە ئاسایشی ناوچەکەدا.
جەختیشدەکاتەوە پێویستە پەیوەندییەکانی واشنتۆن و بەغداد تەنھا لە بواری ئەمنیدا نەبێت و بوارەکانی ئابوری، کلتوری و زانستیش بگرێتەوە.
ئەعرەجی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، حکومەتەکەی سودانی رێکاری پێویست و یەکلاکەرەوەی گرتووەتەبەر لەسەر سنورەکانی عێراق و تورکیا، بۆیە داگیرکاری تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق قبوڵکراو نییە و ھیچ بەھانەیەکی نییە. چونکە عێراق خۆی دەتوانێت روبەروی مەترسییەکانی داعش ببێتەوە لەسەر سنورەکان.
ھەروەھا رایگەیاندووە، عێراق لەگەڵ تورکیا چەند دۆسێیەیەکی ھاوبەشیان ھەیە، بەڵام لە دوایین سەردانی وەفدی عێراقییدا، لایەنی تورکی ھەڵوێستی ئەرێنییان ھەبووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
نوسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەکەیدا بڕیاریداوە بە کەمکردنەوەی باجی گومرگی لەسەر ئاژەڵی زیندووی ھاوردەکراو بۆ سەربڕین و بەخێوکردن بەڕێژەی ٥٠%، کە ئەو پێشنیازە لەلایەن ئەنجومەنی وزاری بۆ ئابوری کرابوو، لەپێناو کەمکردنەوەی نرخی گۆشتی سوور.
بەپێی ئەو بڕیارە، باج لەسەر ئاژەڵی ھاوردەکراو بۆ سەربڕین بەڕێژەی ٢% دەبێت و بۆ ئاژەڵی ھاوردەکراویش بۆ بەخێوکردن بەڕێژەی ٥% دەبێت. بڕیارەکەش بۆ ماوەی ساڵێک دەبێت و دواتر پێداچوونەوەی پێدا دەکرێت.
عێراق کەمکردنەوەی باجی گومرگی لەسەر ئاژەڵی زیندووی ھاوردەکراو بەڕێژەی ٥٠% پەسەندکرد
ئەحمەد یڵدز جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ لە بەغداد زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ لێپرسراوانی عێراق ئەنجامدەدات، لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكانی بۆ دیدار وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات و سەردانی سەرۆك كۆماری توركیا بۆ عێراق.
ئەوەشی خستەڕوو، سەردانی لێپرسراوانی توركیا بۆ عێراق گرنگە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدانی توركیا- عێراق و بەهێزكردنی پەیوەندییەكان و ئابووری هەردوو وڵات.
جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا ئاماژەی بەوەشدا، بەگوێرەی پلان و ئامادەكارییەكان، بەر لە تەواوبوونی مانگی نیسان، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا سەردانی عێراق دەكات.
ئەوەش لەكاتێكدایە، بڕیارە ئەردۆغان لە سەردانەكەیدا بۆ عێراق هەریەك لە دۆسییەكانی ئاو و هەناردەی نەوتی هەرێم و تیرۆر لەگەڵ لێپرسراوانی عێراق و هاوكات لێپرسراوانی هەرێمی كوردستانیش تاوتوێبكات.
جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لیژنەکەیان میوانداری تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەکات و لەبارەی مووچە و بودجەی ھەرێم داوای روونکردنەوەی لێدەکەن.
وتیشی، تەوەرێکی دیکەش تایبەت بە پرسی دەروازە سنورییەکان و باج و لەوبارەیەشەوە ئەندامانی لیژنەی دارایی داوای روونکردنەوە لە وەزیری دارایی دەکەن.
بەھا ئەعرەجی لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، کشانەوەی رەوتی سەدر کاریگەری لەسەر پڕۆسەی سیاسی کردووە و ئەگەر بوونیان ھەبووایە ھەڵەی زۆر لە پڕۆسەی سیاسی رووینەدەدا، پێشبینیشیکرد رەوتی سەدر بە بەھێزی بگەڕێتەوە ناو کاری سیاسی.
بەھا ئەعرەجی وتیشی، پێیوایە لەپێناو بەرژەوەندی عێراق، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لەگەڵ نوری مالکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا کۆببێتەوە.
ئەعرەجی باسی لەوەشکرد، نیگەرانییەک لەنێوان نوری مالکی و محەمەد شیاع سودانیدا ھەیە، سودانیش یەکەم سەرۆک وەزیرانە کە ٦٧%ی پڕۆگرامە حکومییەکەی جێبەجێکردووە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی بڵاویکردووەتەوە، عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق پلان و رێکارەکانی تایبەت بە پرۆژەی کڕین و تۆمارکردنی چەک کە لەلای ھاووڵاتیانە پەسەند کردووە، لەسەرەتای مانگی نیسانی داھاتووشەوە پرۆژەکە لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و چەکی بێ موڵەت تۆمار دەکرێت یان لە ھاووڵاتیان دەکڕدرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانج لەو پرۆژەیە کەمکردنەوە و نەھێشتنی چەکی بێمۆڵەتە کە بووەتە ھۆکاری زۆربوونی تاوانەکان و حکومەتی عێراقیش ١٥ ملیار دیناری بۆ کڕینی چەک لە ھاوڵاتیان تەرخانکردووە، واتە بۆ ھەر پارێزگایەک یەک ملیار دینار تەرخانکراوە.
محەمەد جاسم خەفاجی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیژنەی یاسایی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، جووڵەیەکی سیاسی ھەیە لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا بۆ ھەموارکردنەوەی یاسایی ھەڵبژاردنی عێراق و گۆڕینی لە سیستمی سانت لیگۆوە و بۆ فرە بازنەیی.
ئەوەشی خستەڕوو، بەشدارینەکردنی فراوانی ھاوڵاتییان لە دوایین ھەڵبژاردنی عێراق، پرسی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنی لەناو چوارچێوەی ھەماھەنگی و ئیدارەی دەوڵەت ھێناوەتە ئاراوە و چەند دانووستان و رێککەوتنێکی سیاسی لەوبارەیەوە کراوە. چاوەڕوانیشدەکرێت، لە ئایندەیەکی نزیکدا لیژنەیەک لەناو لایەنە سیاسییەکاندا پێکبھێندرێت بەمەبەستی ئامادەکردنی رەشنووسێک بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن.
ھاوکات، عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە ھۆشداری لە ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنی عێراق دەدات و دەڵێت، دەبێت یاسای ھەڵبژاردن رەنگدانەوەی سیاسەتی عێراق بێت نەک خواستی لایەنە سیاسییەکان، دەشڵێت، ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن ھیچ سودێکی بۆ عێراق نابێت.