"سەڵاحەدین دەمیرتاش" ھاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" لە زیندانی سزا قورسەکانی ئەدێرنە لە ڕێگەی بەرنامەی دەنگ و ڕەنگی ڕاستەوخۆ بە ڕێگەی ئۆنلاین بەشداری لە بەڕێوەچوونی دادگاییکردنیدا کرد، داواکاری گشتیی کۆماری ئەنقەرەش تۆمەتەکانی ھەڕەشەی کوشتن لە سەرۆکی داواکاری گشتیی کۆماریی ئەنقەرە و مەترسی خستنەسەر ژیانی بەھۆی ئاشکراکردنی ناسنامەکەی لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی "دژەتیرۆر"، خستەپاڵ دەمیرتاش و داوایکرد ٨ ساڵ زیندانی بکرێت.
ھاوکات داواکاری گشتیی کۆماریی ئەنقەرە ٣ ھەزار و ٥٠٠ لاپەڕەی تۆمەتنامەی پێشکەش بە ١٩ەیەمین دادگای سزا قورسەکان کردووە، ئەو تۆمەتنامەیەشی لە دواین دادگاییکردنی دەمیرتاش بەکارھێنراوە.
لە کۆتایی دادگاکەشدا دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرە سزای زیندانیکردنی ٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیکردنی بەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە)دا سەپاند، پارێزەرەکانیشی بە پێی داواکارییەکی یەکێتی ئەوروپا بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش، داوایانکرد "سەڵاحەدین دەمیرتاش" ئازاد بکرێت.
کامالا ھاریس ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمریکا پێی ناوەتە سەردەمێکی نوێوە کە تیایدا ڕووبەڕووی چەندین ئاسەنگی وەک پەتا و گۆڕانی کەشوھەوا و ھەڕەشەی ھێرشە ئەلکترۆنییەکان بووەتەوە.
ھاریس لە وتەیەکیدا بە بۆنەی ئاھەنگی دەرچوونی ئەفسەرانی ھێزی دەریایی لە شاری ئاناپۆڵس لە ویلایەتی ماریلاند جەختیکردەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەمریکای خستووەتە سەردەمێکی نوێوە و وتوویەتی کۆرۆنا کاریگەریی درێژمەودای لەسەر جیھان ھەبووە کە جیھانێکی پێکەوە گرێدراوە و لە ھەمان کاتدا جیھانێکی لەرزۆکیشە.
لەلایەکی ترەوە ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی جەختیکردووەتەوە، وروژاندنی پرسی سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە سیاسی کراوە.
مایک ڕایان بەڕێوەبەری بەرنامەی باری نائاسایی ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی داوای لە ھەموو لایەک کردووە تا دەکرێت ئەو پرسە ئاوێتەی سیاسەت نەکەن.
ئەو لێدوانەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی دوای ئەوە دێت کە جۆو بایدن دەزگای ھەواڵگریی ئەمریکای ڕاسپارد لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بکات.
حوسییەکانی یەمەن ڕایگەیاند، ھێزەکانیان لە ماوەی ڕابردوودا نزیکەی ٤٠ ناوچەی سەربازیی گرنگیان لەناو قوڵایی خاکی سعودیە کۆنترۆڵکردووە و ھێزەکانی سعودیە و سودانیان لەو ناوچانەدا گەمارۆداوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، حوسییەکان لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕێی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، چەندین ناوچەی ستراتیژییان لەناو خاکی سعودیە، بۆردومان کردووە.
بەھۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان حوسییەکان و حکومەتی یەمەن کە لەلایەن سعودیەوە پشتیوانی لێدەکرێت، سەدان ھەزار سەرباز و ھاوڵاتی مەدەنی کوژراون و گەورەترین قەیرانی مرۆییش لەو وڵاتەدا، سەریھەڵداوە.
کارین جین پیێر جێگری وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتن ھاوتا ڕووسییەکەی بەردەوامە و ڕوونکردنەوەکەی کۆمپانیای مایکرۆسوفت لە بارەی ئەنجامدانی ھێرشی ئەلیکترۆنی، کاریگەری لەسەر بەڕێوەچوونی لوتکەی نێوان ھەردوو سەرۆک نابێت.
پێشتر، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ڕایگەیاندبوو، ھێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر چەند دامەزراوەیەکی حکومەتی ئەمریکا کراوە و بە پێی زانیارییەکانیش، پێدەچێت ھێرشە ئەلیکترۆنییەکە لە ڕووسیاوە ئەنجام درابێت.
لە بەرامبەرشیدا، کۆشکی کریملن سەرجەم تۆمەتەکانی کۆمپانیای مایکرۆسۆفتی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، ھیچ بەڵگەیەک لە بەردەستدا نییە لە بارەی تێوەگلانی ڕووسیا لە ھێرشە ئەلیکترۆنییەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا.
ڕۆژی ھەینی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا ئاستەنگیان بۆ پێکھێنانی ئەو لیژنەیە دروستکرد کە ئەرکی لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوی ھەڵکوتانە سەر کۆنگرێسی پێ دەسپێردرێت لە ٦ی کانونی دووەمی ئەمساڵدا، لە سەروبەندی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکادا.
٥٤ ئەندامی ئەنجومەنی پیران دەنگیان بەو پڕۆژەیاسایە داوە لە بەرامبەر ٣٥ دەنگی نەیاردا، لە کاتێکدا پڕۆژەیاساکە پێویستی بە ٦٠ دەنگ ھەیە. پێشتر پڕۆژەیاساکە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە تێپەڕێنراوە کە زۆرینەی ئەندامەکانی لە دیموکراتەکانن.
حوسام زەکی یاریدەدەری ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی، لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیارە لە ٨ی مانگی داھاتوودا، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی، کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاری لە شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر، ئەنجام بدەن. ڕوونیشیکردەوە، کۆبوونەوەکە لەسەر داوای حکومەتی قەتەرە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوایین پێشھاتە سیاسییەکانی ناوچەکە و ڕەوشی فەڵەستین و مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی دەبێت.
حکومەتی قەتەر، لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە، سەرۆکایەتی ئەم خولەی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی دەکات.