کامالا ھاریس ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمریکا پێی ناوەتە سەردەمێکی نوێوە کە تیایدا ڕووبەڕووی چەندین ئاسەنگی وەک پەتا و گۆڕانی کەشوھەوا و ھەڕەشەی ھێرشە ئەلکترۆنییەکان بووەتەوە.


ھاریس لە وتەیەکیدا بە بۆنەی ئاھەنگی دەرچوونی ئەفسەرانی ھێزی دەریایی لە شاری ئاناپۆڵس لە ویلایەتی ماریلاند جەختیکردەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەمریکای خستووەتە سەردەمێکی نوێوە و وتوویەتی کۆرۆنا کاریگەریی درێژمەودای لەسەر جیھان ھەبووە کە جیھانێکی پێکەوە گرێدراوە و لە ھەمان کاتدا جیھانێکی لەرزۆکیشە.


لەلایەکی ترەوە ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی جەختیکردووەتەوە، وروژاندنی پرسی سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە سیاسی کراوە.


مایک ڕایان بەڕێوەبەری بەرنامەی باری نائاسایی ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی داوای لە ھەموو لایەک کردووە تا دەکرێت ئەو پرسە ئاوێتەی سیاسەت نەکەن.


 ئەو لێدوانەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی دوای ئەوە دێت کە جۆو بایدن دەزگای ھەواڵگریی ئەمریکای ڕاسپارد لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بکات.