حوسام زەکی یاریدەدەری ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی، لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیارە لە ٨ی مانگی داھاتوودا، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی، کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاری لە شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر، ئەنجام بدەن. ڕوونیشیکردەوە، کۆبوونەوەکە لەسەر داوای حکومەتی قەتەرە.


ئاماژەی بەوەشکرد، دوایین پێشھاتە سیاسییەکانی ناوچەکە و ڕەوشی فەڵەستین و مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی دەبێت.
حکومەتی قەتەر، لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە، سەرۆکایەتی ئەم خولەی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی دەکات.