لەگەڵ زیادبوونی ھێرشەکان بۆ سەر کەشتییەکان لە ئاوە نێودەڵەتییەکاندا، ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر داواکاری ھندستان، کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە ئاسایشی دەریایی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدات.
نەفتالی بینیت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش رایگەیاندووە، ئێران کردەوەی تیرۆریستی بەرامبەر جموجوڵ و بازرگانی دەریایی دروست دەکات و ھەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەقامگیری ناوچەکە و ئاسایشی جیھان.
ئۆفێر جەندلمان وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەش جارێکی تر پەنجەی تۆمەتی ئاراستەی ئێران کردووە و تۆمەتباری کرد بە ھێرشی سەر کەشتیی میرسەر ستریت لە دەریای عەرەب.
بە پێی زانیارییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، لە ماوەی ١٢ رۆژی رابردوودا لە ٤٧ شاری تورکیا ٢٢٣ دارستان سوتاون و لەو ژمارەیەش ٢١٧ یان کۆنترۆڵ کراوە و شەش ئاگریشیان بەردەوامە و نەتوانراوە کۆنترۆڵ بکرێت.
بەکر پاکدەمیرلی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیاش دەڵێت، بەردەوامن لە ھەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئاگرەکان بەڵام لەگەڵ کوژانەوەی ھەر ئاگرێکدا چەند ئاگرێکی تر سەرھەڵدەدات.
خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاندووە، ھێزەکانی وڵاتەکەی لە لیبیا دەمێننەوە و ئەو وڵاتە چۆڵ ناکەن، دەشڵێت، مانەوەی ھێزەکانی تورکیا لە لیبیا بۆ ھەماھەنگییە لە بواری سەربازی و مەشقپێکردن و ئەو ھەنگاوەش بە رەزامەندی ھەردوو لایە.
داواکاری بۆ دەرچوونی ھێزی بیانی لە لیبیا، وەک سەرەتایەکە بۆ بەرێوەچوونی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لەو وڵاتە.
بڕیار بوو ئەمڕۆ "ڕەئیسی" کاندیدانی حکومەتەکەی پێشکەشی پەرلەمانی ئێران بکات، بەڵام "عەلی رەزا سەلیمی" ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، تا ئێستا لیستی کاندیدەکان نەگەیشتووەتە دەستیان و پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە پێشکەش بکرێن.
پەیامنێری کوردسات نیوزیش ڕایگەیاند، ھۆکاری دواکەوتنی پێشکەش کردنی ناوی وەزیرەکان بۆ پەرلەمان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناکۆکی ھەیە لەسەر وەزیرە ئابورییەکان، ھاوکات ڕەئیسی، "محەمەد موخبری" وەک جێگری یەکەمی خۆی دیاری کرد.
"محەمد باقر قالیباف" سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش دەڵێت، "ڕەئیسی" دوو ھەفتەی لە بەردەمدایە بۆ ئەوەی کابینە وزارییەکەی پێشکەش بکات، لەسەر داواکاری "عەلی خامنەیی" ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیش پێویستە پێکھێنانی حکومەت خێرا بکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، بە توندی ئیدانەی ئەو ھێرشە موشەکییانە دەکەن کە لەلایەن حزبوڵای لوبنانییەوە دەکرێتە سەر ناوچەکانی ئیسڕائیل، چونکە ئەو ھێرشانە ژیان و ئارامیی ئیسڕائیلی و لوبنانییەکان دەخاتە مەترسییەوە و سەقامگیریی لوبنانیش دەشێوێنێت.
ئەو ھەڵوێستەی ئەمریکا دوای ئەوە ھات ئیسڕائیل داوای لە واشنتۆن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دژی حزبوڵای لوبنان ھەڵوێستیان ھەبێت، چونکە حکومەتی لوبنان ناتوانێت حزبوڵا کۆنترۆڵ بکات و ڕێگر بێت لە ھێرشکردنە سەر ئیسڕائیل.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند، داوا لە سەرجەم ئەو بەریتانییانە دەکات کە تا ئێستا لە ئەفغانستانن و ماونەتەوە، بە زووترین کات خاکی ئەو وڵاتە بەجێبھێڵن و بگەرێنەوە بۆ بەریتانیا.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت، ھۆکاری ئەم داواکارییەیان ئەوەیە کە ڕەوشی ئەفغانستان خراپتر بووە و پێکدادانەکانی نێوان بزوتنەوەی تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان زیاتر بووە.
ھێرشی چەکدارانی تاڵیبان بۆ سەر سوپای ئەفغانستان بەردەوامە و لە دواین پێشھاتیشدا ڕۆژی ھەینی تاڵیبان توانی بەرپرسێکی ئەفغانستان لە کابوڵ بکوژێت، ئەمەش یەکەم جارە تاڵیبان دەستی بە کابوڵ بگات.
میدیاکانی سوریا بڵاویان کردەوە، ئەمریکا (٤٠) گەورە تیرۆریستی داعشی لە گرتووخانەی (سەناعە) لە حەسەکە، کە لە ژێر دەسەڵاتی ھەسەدەیە گواستووەتەوە بۆ بنکەی سەربازی (شەدادیە)، کە لە ژێر ڕکێفی سەربازە ئەمرکییەکانە.
بە پێی زانیاری سەرچاوە ھەواڵییەکانی سوریا، ئەو تیرۆریستانەی کە گواستراونەتەوە بۆ بنکەی سەربازی (شەدادیە)، ئەمیری ھەواڵگری داعش و پسپۆری دروستکردنی بۆمبن.
(جین ساکی) وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ڕەفتاری چەکدارەکانی بزوتنەوەی تاڵیبان و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن و تیرۆر، یارمەتیدەر نابێت بۆ ئەو بزوتنەوەیە کە متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەستبھێنێت. وتیشی، لە ئەفغانستان کردەوە سەربازییەکان شوێنی پڕۆسەی ئاشتی گرتووەتەوە.
(جین ساکی) ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پێویستە بزوتنەوەی تاڵیبان پشتیوانی نێودەوڵەتی بەدەستبھێنێت، بەڵام ئاسۆیەک بۆ ئەوە نابینن.
"ئەبو فەزڵ شکارچی" وتەبێژی ھێزە چەکدارەکانی ئێران ھۆشداریدا بە ئیسڕائیل و ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران بڕیار بدات ڕووبەڕووی دوژمنەکانی ببێتەوە، ئامادەی ئەو کارەیە و بە ڕوونی ئەنجامی دەدات، وەک ئەوەی لە عەین ئەسەد بەرامبەر ئەمریکا بە ئەنجامی گەیاند.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوژمنەکانی ئێران ترسیان لە یەکگرتوویی ئێران ھەیە و دەستیان بە جەنگێکی دەروونی کردووە، وەک ئەو زانیارییە ھەڵبەستراوانەی لە بارەی ھێرشی سەر کەشتییەکان بڵاویدەکەنەوە. وتیشی، ستراتیژی ئەمریکا و بەریتانیا و ئیسڕائیل شێواندنی سەقامگیریی ناوچەکەیە.
فەرحان حەق جێگری وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نیگەرانن لە ئاڵۆزییەکانی سەر سنورەکانی نێوان ئیسڕائیل و لوبنان کە بووەتە ھۆی خراپبوونی ڕەوشی ناوچەکە و داوا لە حزبوڵا و ئیسڕائیلیش دەکەن دان بە خۆیاندا بگرن.
بەکر پاکدەمیرلی وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا ئامارەکانی ١١ ڕۆژی ڕابردووی کەوتنەوەی ئاگری لە وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تا ئێستا لە ٤٧ شاردا ٢٢٢ ئاگر کەوتووەتەوە و لەو ژمارەیەش توانراوە ٢٠٩ ئاگریان کۆنترۆڵ بکرێت و ١٣ ئاگریش بەردەوامە و تا ئێستا نەتوانراوە کۆنترۆڵ بکرێت.
پاکدەمیرلی باسی لەوەش کردووە، لە ئێستادا زۆرترین ئاگر لە دارستانەکانی پارێزگای موغڵایە کە ھەشت ئاگرە و بەشێکی ئاگرە نوێیەکانیش بەھۆی بەھێزی ڕەشەباوە کەوتووەتەوە.
خۆبەڕێوەبەری ھەرێمی کوبانیش دەڵێت، ئامانجی تورکیا لە کەمکردنەوەی ئاوی فورات لەسەر ڕۆژئاڤا، بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردە و داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات لە دژی ئەو ھەڵوێستەی تورکیا بوەستنەوە و ڕێگە لەو کارەساتە مرۆییە بگرن.