وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان رایگەیاند، ئەمریکا لە ویلایەتی جوزجان لە باکوری ئەفغانستان بە فڕۆکەی بی ٥٢ ھێرشی کردووەتە سەر چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان و بەو ھۆیەوە ٢٠٠ چەکداری بزوتنەوەکە کوژراون.
ھێرشی بی ٥٢کانی ئەمریکا لە کاتێکدایە پێشتر بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاندبوو، دەستیان بەسەر پایتەختی ویلایەتی جوزجاندا گرتووە و جێگری حاکمی ویلایەتەکەش وتبووی، بەرپرسانی حکومی و ھێزە سەربازییەکان بەرەو فڕۆکەخانەی ویلایەتەکە پاشەکشەیان کردووە. لە دواین پێشھاتیشدا ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان کۆنترۆڵی ویلایەتی کوندوزوشیان کردووە و ھێزەکانی حکومەتی ئەفغانستانیش ویلایەتەکەیان بەجێھێشتووە.