ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەرز ئاشکرایکردووە، ئەمریکا لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماتییەکان لەگەڵ چین لە ڕێککەوتن نزیک بووەتەوە، کە حکومەتی بەیجین ھانبدات بە کەمکردنەوەی ئاستی ھاوردەکردنی نەوتی خاوی ئێران بۆ وڵاتەکەی، بە ئامانجی ناچارکردنی تاران بە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی.
ھەوڵە دیپلۆماتییەکانی واشنتۆن لە کاتێکدایە، سەرەڕای گەمارۆکانی سەر کەرتی نەوتی ئێران، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا مانگی ئاب، چین ڕۆژانە زیاتر لە ٥٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی لە ئێران کڕیوە.
بایدنی تەمەن ٧٨ ساڵ ڕایگەیاند، بۆ لەناوبردنی پەتای کۆرۆنا پێویستە ھەمووان ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن.
وتیشی، ٧٧٪ی کەسانی پێگەیشتوو لە ئەمریکا لانی کەم دۆزێکی ڤاکسینیان وەرگرتووە و لە ٢٣٪ خۆیان نەکوتاوە. بایدن ڕاشیگەیاند، یەک ملیار دۆزی ڤاکسینی کۆرۆنا دەبەخشنە وڵاتان.
سەنتەری کۆنترۆڵکردنی پەتاکان لە ئەمریکا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕەزامەندی پیشاندا لەسەر بەکارھێنانی ژەمی سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ کەسانی تەمەن ٦٥ ساڵ و بۆ کەسانی تەمەن ١٨ بۆ ٦٤ ساڵ کە نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە.
"ماکرۆن" لە کاتی کردنەوەی پیشانگایەکی خۆراکدا لە شاری "لیون"، لەلایەن خوێندکارێکی تەمەن ١٩ ساڵەوە ھێلکەیەکی تێگیرا و بەر شانی کەوت، ھێزەکانی پۆلیسیش بە پەلە ئەو کەسەیان دەستگیر کرد و دادگای فەڕەنساش ڕایگەیاند ئەو کەسە لەلایەن پۆلیس و دادگاوە نەناسراوە. دوای ئەو ڕووداوەش "ماکرۆن" وتی دەچێتە لای ئەو کەسە و دەیبینێت.
ئەو ڕووداوە ھاوکاتە لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاستی جەماوەری "ماکرۆن"، کە تەنھا ٣٨٪ی فەڕەنسییەکان لە کارەکانی ڕازین.
"ماکرۆن" چەندین جاری تر ڕووبەڕووی ھێرش بووەتەوە لەلایەن خەڵکەوە، لە ٨ی حوزەیرانی ئەمساڵیشدا، کەسێک زلەیەکی لێدا و ئەوەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، ئەو کاتەشی کە کاندید بوو بۆ سەرۆکایەتی فەڕەنسا لە پێشانگایەکدا لە "پاریس" ھێلکەی بۆ ھەڵدرا.
سوپای کۆریای باشور ڕایگەیاند، وڵاتەکەی مووشەکێکی بە ئاڕاستەی دەریای "ژاپۆن" ھەڵداوە بە بێ ئەوەی زانیاری زیاتر لە بارەیەوە بڵاوبکاتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش ئیدانەی تاقیکردنەوە مووشەکییەی کرد و بە ھەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی ناوی برد، داواشی لە "پیۆنگ یانگ" کرد بگەڕێتەوە بۆ دانوستانەکانی داماڵینی چەکی ئەتۆمی.
ھاوکات "کیم سونگ" باڵیۆزی کۆریای باکور لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئەگەر "واشنتۆن" دەیەوێت کۆتایی بە جەنگی کۆریا بێت، دەبێت دەست ھەڵبگرێت لە سیاسەتە دوژمنکارییەکانی و ڕاھێنانە سەربازییەکانی و بڵاوکردنەوەی چەکی ستراتیژی لە ناوچەکە.
"خلوسی ئاکار" لە ڤیدیۆ کۆنفرانسێکدا لەگەڵ گەورە فەرماندەکانی سوپا ڕایگەیاند، لە نزیکەوە بەدواداچوون و چاودێرییان بۆ ڕەوشی باکوری سوریا ھەیە.
وتیشی، دەیان ساڵە تورکیا لەگەڵ ھێزەکانی پەکەکە لە شەڕدایە کە بناغەی ھێزەکانی سوریای دیموکراتن، نیگەرانیشی دەربڕی لە پڕچەککردن و ھاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئەو ھێزانە.
بە وتەی "خلوسی ئاکار" سوپای تورکیا بەردەوام دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان بە تایبەت لە عێراق و سوریا، بە ڕێزگرتن لە ماف و سنور و سەروەری وڵاتانی دراوسێ.
میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویانکردەوە، ٦٨٦ کۆچبەری نایاسایی کە خەڵکی وڵاتانی سوریا و مەغریب و بەنگلادیش و میسڕن و ژن و منداڵیشیان لە ناودایە، لە ڕێگەی وڵاتی لیبیاوە، گەیشتوونەتە دوورگەی لامبیدۆزای ئیتاڵیا و لەلایەن دەسەڵاتداریەتی ناوچەکەوە ھەموو پێداویستییەکیان پێشکەشکراوە.
لە دوورگەی لامبیدۆزای ئیتاڵیا کەمپ ئامادەکراوە بۆ نیشتەجێکردنی ئەوە کۆچبەرانەی دوای ڕزگارکردنیان لە دەریا دەگەنە ئەو دوورگەیە.
جان ئیف لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، ڕێگە نادەن ئێران واھەست بکات تێپەڕبوونی کات لە بەرژەوەندیەتی، چونکە پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران گەورەترین مەترسیە.
وتیشی، پێویستە بەزووترین کات دانوستانەکانی تایبەت بە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی دەستپێبکەنەوە، کە نزیکەی چوار مانگە ڕاگیراوە.
ئاژانسی "تی تی" سویدی ڕایگەیاند، تەقینەوەیەکی بەھێز لە بینایەکی نیشتەجێبوون لە شاری "گۆتەنبێرگ" ڕوویداوە و بەھۆیەوە ٢٥ کەس ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون، نزیکەی ١٠٠ بۆ ٢٠٠ کەسی تریش لە دانیشتووانی ئەو بینایە و بیناکانی نزیک ڕووداوەکە، گواستراونەتەوە.
بە پێی میدیاکان، تەقینەوەکە ئاگرکەوتنەوەی لێکەوتووەتەوە و ئاگرەکە بۆ ماڵەکان تەشەنەی سەندووە و زیانی ماددی ھەبووە، ھۆکاری تەقینەوەکەش نەزانراوە، ھێزەکانی پۆلیسیش لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.
ئەردۆغان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی سی بی ئێسی ئەمریکی رایگەیاندوە، ئەگەر ئەمریکا ئاشتی دەوێت، دەبێت بزانێت ھیچ ھۆکارێک نەماوە بۆ مانەوەی ھێزەکانی لە وڵاتاندا و پێویستە چۆن لە ئەفغانستان کشایەوە بە ھەمان شێوە لە سوریا و عێراقیش بکشێتەوە و رێگە بە گەلانی ئەو وڵاتانە بدات خۆیان بڕیار بەدەست بن.
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا لەبارەی نیازی تورکیا بۆ گرتنەوەی شوێنی ئەمریکا لە سوریا، ئەردۆغان وتی، ئەگەر سورییەکان پێشوازییان لێنەکەن و بە راستی نەیانەوێت تورکیا لە وڵاتەکەیاندا بمێنێتەوە، ھەرگیز لە سوریا نامێننەوە.
نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە تورکیا موشەکە ئێس ٤٠٠ەکانی دروستکراوی روسیا لەناو ببات و چیدی کەلوپەلی سەربازی لە مۆسکۆ نەکڕێت، بەپێچەوانەوە روبەڕوی گەمارۆی زیاتر دەبێتەوە.
ئەم لێدوانەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پاش ئەوەدێت کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە کڕینی سیستمی بەرگریی موشەکیی ئێس ٤٠٠ لە روسیا و کەسیش ناتوانێت رێگریان لێبکات.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمریکا پێیوایە ئەو سیستمە ھەڕەشەیە بۆ سەر فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف ٣٥، بۆیە ئەو پرسە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرەی ئاڵۆز کردووە.
ئەمڕۆ محەمەد موش، وەزیری بازرگانی تورکیا سەردانی بەغداد دەکات، رۆژی ٢٦ی مانگیش سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات و پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا و کردنەوەی دەروازەیەکی نوێی سنوری گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
لە سەردانەکەیدا بۆ ھەرێمی کوردستان وەزیری بازرگانی تورکیا بەشداری لە کۆڕبەندی کاری عێراقی-تورکیادا دەکات و لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەشدا لەگەڵ بازرگان و بەرپرسانی بازرگانی عێراق و ھەرێمی کوردستاندا کۆدەبێتەوە و باس لە ھەڵگرتنی ڤیزای بازرگانانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکرێت تاکو بەبێ ڤیزا سەردانی تورکیا بکەن.
لە ساڵی رابردوودا قەبارەی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا نۆ ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلار بووە و تاکو مانگی ھەشتی ئەمساڵیش قەبارەی بازرگانی گەیشتووەتە شەش ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار.