محەمەد حسێنی یاریدەدەری سەرۆکی ئێران بۆ کاروباری پەرلەمان رایگەیاندوە، ئەو کارە ترسنۆکانەیەی ئەمریکا ئەنجامیدا تیرۆر بوو، بۆیە لە خوێنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران خۆش نابن و سازش لەسەر تۆڵەسەندنەوەی ناکەن.
راشیگەیاندوە، بەردەوام دەبن لە تۆڵەسەندنەوە تا ئەو کاتەی ئەمریکا بە تەواوی ناوچەکە جێدەھێڵێت.
ئەو لێپرسراوەی ئێران دوپاتیشیکردوەتەوە، دەبێت ئەمریکا بزانێت بە کوشتنی سولەیمانی کۆتایی بە رێبازەکەی نەھاتووە و کاریگەرییەکانی بەردەوام دەبێت.
لە رۆژی ٣ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠دا، قاسم سولەیمانی و ئەبومەھدی موھەندیس لە بۆردومانێکی ئەمریکادا کوژران و ئەمڕۆش لە ئێران و چەند شارێکی عێراق و ھەرێمی کوردستان رێوڕەسم بۆ ساڵیادیان رێکدەخرێت.
بەھرام دارایی سەرۆکی رێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئێران رایگەیاند، لەئێستادا ھیچ جۆرە ڤاکسینێک لە دەرەوەی وڵات ھاوردە ناکەن و تەنھا پشتیان بە بەرھەمی ناوخۆ بەستووە.
ئەوەش بۆ یەکەمجارە لە حکومەتەکەی ئیبراھیم رەئیسیدا قەدەغەکردنی ھاوردەکردنی ڤاکسین رادەگەیەندرێت، لەکاتێکدا پێشتر رەئیسی خێراکردنی کوتان و ھاوردەکردنی ڤاکسینی بە گرنگترین دەستکەوت لە ١٠٠ رۆژی یەکەم سەرۆکایەتییەکەیدا لەقەڵەم دابوو.
پشتبەستنی ئێران بە بەرھەمی ناوخۆ لەکاتێکدایە تا ئێستا ڤاکسینەکانی دروستکراوی ئێران لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیھانییەوە پەسەند نەکراون و زیاتر لە ١٤٧ ملیۆن دۆز ڤاکسینیش، لە جۆرەکانی ئەسترازینیکا و سینۆفارم و سپۆتنیک و بەھاراتی ھیندستان ھەناردەی ئێران کراوە.
کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بایدن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ فۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین، پشتگیری ئەمریکای بۆ ئەو وڵاتە دوپاتکردوەتەوە و رایگەیاندوە، ئەگەر روسیا ئۆکراین داگیر بکات، لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیان ھەڵوێستی توند و یەکلاکەرەوەیان دەبێت.
دوپاتیشیکردەوە، پشتگیری ھەموو رێگەیەکی دیبلۆماسی دەکەن بۆ کۆتاییھێنان بە ئاڵۆزییەکانی نێوان روسیا و ئۆکراین.
بڕیاریشە رۆژانی ٩ و ١٠ی ئەم مانگە دانوستانی نێوان ئەمریکا و روسیا لەسەر ئاستی باڵا بەڕێوەبچێت بۆ تاوتوێکردنی ئەو ھەڕەشانەی روسیا لەسەر ئۆکراین دروستیکردوە.
روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، تیرۆریستانی داعش لە بۆسەیەکدا کاروانێکی سوپای سوریایان لە نێوان دەشتاییەکانی حمس و دێرەزور لە خۆرھەڵاتی ئەو وڵاتە کردوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا نۆ سەرباز کوژران و ١٥ی تریش برینداربوون.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، لەو بۆسەیەدا داعش چەکی رەشاشی بەکارھێناوە.
ئەوە لەکاتێکدایە سوپای سوریا دەستیکردوە بە ناردنی کاروانی سەربازیی بۆ دەشتاییەکانی حمس و کاروانەکەش پێکدێت لە سەدان سەرباز و ئۆتۆمبێلی سەربازیی و چەکی قورس.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، شەپۆلێکی بەھێزی بارانبارین ئێرانی گرتووەتەوە و لە پارێزگاکانی شیراز و بەندەر عەباس و سیستان و بەلوچستان لافاو دروستبووە و ئاو چووەتە ناو ماڵەکان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەھۆی لافاوەکە تا ئێستا چوارکەس لە پارێزگای شیرازگیانیان لەدەستداوە و١١ کەسیش بریندارن.
پەیامنێری کوردسات نیوز وتیشی، لێپرسراوانی ئێران ھۆشدارییانداوە لە ئەگەری دروستبوونەوەی لافاو لەماوەی ٢٤ سەعاتی داھاتوودا.
عەبدولباری عومەر جێگری وەزیری تەندروستی ئەفغانستان رایگەیاندووە، ژمارەی دانیشتوانی ئەفغانستان ٣٩ ملیۆن کەسە و لەوژمارەیەش، ٣ ملیۆن و٥٠٠ ھەزار کەسیان ئالودەی مادەی ھۆشبەن کە ئەوەش رێژەی لە ٩٪ دانیشتوانی وڵات دەکات. ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، خەرجی رۆژانەی ھەر تاکێکیان بۆ دابینکردنی ماددەی ھۆشبەر نزیکەی ٣ دۆلاری ئەمریکییە.
پێشتر رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان ئاشکرایکرد، لە ساڵی ٢٠٢٠ رووبەری دابینکراو بۆ چاندنی ئەفیون لە ئەفغانستان ٣٧٪ زیادکراوە و بەو پێبەش ئەفغانستان لە ٨٥٪ی ئەفیونی جیھان بەرھەم دەھێنێت.
لەدوای گرتنەوە دەستی دەسەڵاتی ئەفغانستان لە لایەن بزوتنەوەی تاڵیبانەوە لە ١٦ ئابی ساڵی رابردوو ، ٥٤٣٧ ئەفغانی گەیشتوونەتە وڵاتی ئەڵمانیا، کە حکومەتی بەرلین پێی وایە ئەوانەی گەیشتوون و ئەوانەش کە ماون، مەترسی لەسەر ژیان ھەیە لە سایەی دەسەڵاتی تالیباندا.
وەزارەتی ناوخۆیی ئەڵمانیا ڕایگەیاندوە، بەشێک لەو کەسانە کاریان بۆ بەرژەوەندی وەزارەتی گەشەپێدانی ئەڵمانیا،کردوە یان وەک وەرگێڕ لەگەڵ ھێزە چەکدارەکانی ئەڵمانیا بوون و ئێستا ترسیان ھەیە لە لایەن تالیبانەوە بچەوسێنرێنەوە یان دەستگیر بکرێن.
حکومەتی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشکردووە، گواستنەوەی ئەو کەسانە کاری لە ھەرە پێشینەی کارەکانی دەبێت، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستانەوە ٣٨٠٠ ھاوڵاتی ئەفغانی گواسترانەوە بۆ ئەڵمانیا.