بەھرام دارایی سەرۆکی رێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئێران رایگەیاند، لەئێستادا ھیچ جۆرە ڤاکسینێک لە دەرەوەی وڵات ھاوردە ناکەن و تەنھا پشتیان بە بەرھەمی ناوخۆ بەستووە. 


ئەوەش بۆ یەکەمجارە لە حکومەتەکەی ئیبراھیم رەئیسیدا قەدەغەکردنی ھاوردەکردنی ڤاکسین رادەگەیەندرێت، لەکاتێکدا پێشتر رەئیسی خێراکردنی کوتان و ھاوردەکردنی ڤاکسینی بە گرنگترین دەستکەوت لە ١٠٠ رۆژی یەکەم سەرۆکایەتییەکەیدا لەقەڵەم دابوو.


پشتبەستنی ئێران بە بەرھەمی ناوخۆ لەکاتێکدایە تا ئێستا ڤاکسینەکانی دروستکراوی ئێران لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیھانییەوە پەسەند نەکراون و زیاتر لە ١٤٧ ملیۆن دۆز ڤاکسینیش، لە جۆرەکانی ئەسترازینیکا و سینۆفارم و سپۆتنیک و بەھاراتی ھیندستان ھەناردەی ئێران کراوە.