ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای سەردانەکەی بۆ پەکین سەردانی لەندەنی کرد و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشدا لەگەڵ ھاوتاکەی رایگەیاند، کاری ھەواڵگری و چالاکی سەربازی چین لە کوبا مایەی نیگەرانییانە و ئەوەشیان بە روونی بە چین وتوە، کە پارێزگاریی لە بەرژەوەندییەکانیان دەکەن و لە نزیکەوە چاودێری ئەو چالاکییە سەربازییانەی چین دەکەن.
نیگەرانییەکانی ئەمریکا لە کاتێکدایە، کە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، چین و کوبا دانوستان دەکەن بۆ بونیادنانی دامەزراوەیەکی ھاوبەشی مەشقی سەربازی.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو رایگەیاند، ئەندازیار پەرھام پاروەری خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی"موحارەبە"، سزای ١٠ ساڵ بەندکردن و دوورخستنەوەی لە زێدی خۆی بۆ شاری جاسک لە پارێزگای ھورموزگان و بە تۆمەتی "ھەوڵی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی"، سزای پێنج ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێنرا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، لە ماوەی دەستبەسەربوونی ئەو چالاکوانە لە بەندیخانەی ئێڤین، کێشی نزیکەی ٢٠ کیلۆ دابەزیوە و لە ماوەی ٢٣٠ رۆژدا تەنیا جارێک لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرەکەیدا چاوپێکەوتنی ھەبووە.
فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا بڵاویکردەوە، کۆمەڵێک کۆچبەری نایاسایی کە بەنیازبوون بە بەلەمێکی لاستیکی لە کەناراوەکانی شارۆچکەی چەشمەی سەربە ئیزمیر بکەونەڕێ، لەلایەن ئاسایشی کەناراوەکان دەستبەسەر بەلەمەکەیاندا گیراوە و ٣٣ کۆچبەری نایاساییان دەستگیرکردووە، لە کەناراوەکانی شارۆچکەی فۆچای سەربە ئیزمیر، ١٩ کۆچبەری نایاسایی دیکە دەستگیرکران.
بەپێی راگەیەنراوی فەرماندەی ئاسایشی کەناراوەکان، لە کەناراوەکانی شارۆچکەی دیکیلی سەر بە ئیزمیر ١٣ کۆچبەری نایاسایی رزگارکراون کە لەسەر بەلەمێکی لاستیکی بوون و لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی یۆنانەوە بۆ ناو ئاوەکانی تورکیا گەڕێندرابوونەوە.
بڕیارە وەفدی ھەرسێ وڵات سبەینێ بگەنە کازاخستان و کۆبوونەوەکە لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی ھەرسێ وڵات بەڕێوەبچێت.
ھاوکات وەفدێکی سوریاش بە سەرۆکایەتی ئەیمەن سوسان یاریدەدەری وەزیری دەرەوە، بەشداریی کۆبوونەوەکەی ئەستانە دەکات، بەپێی سەرچاوەکان پێدەچێت وەفدێکی ئۆپۆزسیۆنی سوریاش کە تورکیا پشتیوانی دەکات، ئامادەی کۆبوونەوەکە ببێت.
لە کۆبوونەوەکەدا کار بۆ بەھێزکردنی متمانەی نێوان تورکیا و سوریا دەکرێت بە ئاڕاستەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان ئەویش لەرێگەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان، تاوتوێکردنی دۆسیەی مرۆیی، دۆسیەی رێگەدان بە گەیاندنی ھاوکاری و کۆمەکە نێودەوڵەتییەکان.
ئاژانسەکانی ھەواڵ بڵاویانکردەوە، لە دیدارەکەدا شی جین بینگ سەرۆکی چین ھیوای خواستووە سەردانە ئەرێنییەکەی بلینکن ببێتە مایەی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات.
ھاوکات سەرۆکی چین بەپێویستی زانیوە کارلێکی پەیوەندی نێوان وڵاتان لەسەر بنەمای رێزگرتن و راستگۆیی بێت، ھیوای خواستووە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆڵی ئەرێنی ھەبێت لە گەرەنتی بەردەوامی پەیوەندییەکانی ئەمریکاو چین.
سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکن بۆ چین یەکەم سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە بۆ چین لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، سەردانەکەش لەکاتێکدایە پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات لەسەر دۆسیەی تایوان و لەشکرکێشی روسیا بۆسەر ئۆکراین و ململانێ ئابورییەکان لەوپەڕی ئاڵۆزیدایە.
عەلی قاسی سەرۆکی داواکاری گشتی تاران لە میانی راگەیاندنی بڕیارەکانی لێخۆشبوون و کەمکردنەوەی سزای زیندانیان رایگەیاند، بڕیاری لێخۆشبوون بۆ ١٥ ھەزار کەس دەرچووە کە تۆمەتباربوون بە ئەنجامدانی کاری توندوتیژی لەو خۆپیشاندانانەی ساڵی رابردوو وڵاتەکەی گرتەوە.
وتیشی، ھەمووان بەرامبەر خێزانی دەستیگرکراوان بەرپرسیارن، لەو پێناوەشدا ساڵی رابردوو ھەلیکاریان بۆ حەوت ھەزار و ٥٠٠ زیندانی رەخساندووە، ٢٢ ھەزار مۆڵەتیش دراوەتە زیندانییان، ھەروەھا لە ساڵی رابردوودا ھەزار و ١٠٢ زیندانی گواستراونەتەوە بۆ شارەکانی خۆیان.
بەپێی ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان، شەپۆلێکی بارانبارین و زریانێکی بەھێز ناوچەی پۆرتور ئەلیگری سەربە ویلایەتی ریۆ گراندی دو سول لە بەرازیل گرتووەتەوە، بەھۆیەوە تائێستا ١٣ کەس گیانیانلەدەستداوە کە منداڵی تەمەن چوار مانگیشیان تێدایە و زیاتر لە ٢٠ کەسیش بێسەروشوێنن و ژمارەیەکی زۆر خانووش زیانیان بەرکەوتووە، کارەباش لەسەدانی ماڵی ناوچەکە بڕاوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، تیمە فریاگوزارییەکانی بەرازیل لە ویلایەتی ویلایەتی ریۆ گراندی دو سول بە دوای بێسەروشوێنبووەکاندا دەگەڕێن، بەڵام بەھۆی بەھێزی زریان و لافاوەکەوە تەرمیان لە دەیان کیلۆمەتر دوور لە شوێنی لافاوەکە دۆزیوەتەوە.
شەھرام سیادی، سەرۆکی زانکۆی "ئەلبورز" بۆ زانستی پزیشکی رایگەیاند، شەش کەسی دیکە بەھۆی خواردنەوەی کحولی دەستکردەوە ژەھراوی بوون و کۆی گشتی ئەو کەسانەی بەوھۆیەوە ژەھراوی بوون بۆ ١٤٧ کەس بەرزبووەتەوە.
ھاوکات دوای گیانلەدەستدانی دوو کەسی دیکە، کۆی گشتی گیانلەدەستدان بەھۆی خواردنەوەی کحولی دەستکردەوە، بۆ ١٢ کەس بەرزبووەتەوە چوار کەسیش ھەناسەدانی دەستکردیان بۆ دانراوە.
پێگەی "ئنتخاب"ی ھەواڵی ئێرانیش لە زاری جێگری وەزیری ناوخۆی ئێرانەوە بڵاویکردووەتەوە، ٩% بۆ ١٠%ی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە ١٥ بۆ ٦٥ ساڵدایە و نزیکەی ٥ ملیۆن کەس دەبن، کحولی دەستکرد دەخۆنەوە.
ساڵانە لە ئێران دەیان کەس بەھۆی خواردنەوەی کحولی دەستکردەوە گیانلەدەستدەدەن، ئامارەکەش لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا و لە کاتی سەرھەڵدانی کۆرۆناوە، زۆر بەرزبۆتەوە.
"حەمید ھداوند" فەرماندەی پۆلیسی ئەلبورز دەڵێت، ٦ کەس کە کار لە بواری دابەشکردنی کحول دەکەن لە پارێزگاکە، دەستگیرکراون.
دوای ئەوەی زۆربەی میدیاکانی جیھان بڵاویانکردەوە کە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دوا رۆژی سەردانەکەیدا بۆ چین لەگەڵ شی جین بینگ سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەو زانیاریانەی رەتکردووەتەوە و بەرنامەی کارەکانی دوا رۆژی سەردانەکەی بلینکنیشی لە چین بڵاوکردووەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ئەمڕۆ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوە لە دوارۆژی سەردانەکەیدا بۆ چین لەگەڵ نێردە دیبلۆماسییەکان و سەرمایەدارانی ئەمریکا لەو وڵاتە و وانگ یی سەرۆکی نووسینگەی لیژنەی کاروباری دەرەوەی حزبی شیوعی چین کۆدەبێتەوە و دواتر کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لە بارەی کۆی کۆبوونەوە و کارەکانی لە چین ئەنجام دەدات و دەگەڕێتەوە بۆ ئەمریکا.
سامح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسر رایگەیاند، پێش بڕیارەکەی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لەماوەی رابردوودا تایبەت بە پەسەندکردنی گەڕانەوەی سوریا بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی، بڕیاربوو یەکێتی ئەوروپا و کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی کۆبوونەوەیەکی فراوان ئەنجام بدەن، بەڵام بەھۆی ئەو بڕیارەوە لەبارەی سوریا، یەکێتی ئەوروپا بە رەسمی کۆبوونەوەکەی ھەڵوەشاندووەتەوە.
وتیشی، پێویستبوو یەکێتی ئەوروپا رێز لەبڕیارەکەی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی بگرێت لەبارەی گەڕانەوەی سوریا، چونکە بابەتێکی ناوخۆییە و تایبەتە بە وڵاتانی عەرەبی، بەڵام ھەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ کۆمکاری عەرەبی کە چوار ساڵە ئەنجام نەدراوە، پێشھاتێکی خراپە و کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی ٢٧ وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ ٢١ وڵاتی ئەندامی کۆمکاری عەرەبی.
رۆژنامەکانی یۆنان بڵاویانکردووەتەوە، ئەمڕۆ نۆ کەس کە تۆمەتبارن بە رووداوی نقومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران بە نزیکەی ٧٥٠ سەرنشینەوە، لە شاری کالاماتای یۆنان دادگایی دەکرێن. کە تۆمەتبارن بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ و قاچاغچێتی و دروستکردنی رێکخراوێکی تاوانکاری و چەندین تۆمەتی دیکە.
بە پێی رۆژنامەکانی یۆنان، لێپرسراوانی یۆنان داوای ھاوکارییان لە ئاژانسی "یورۆبول" کردووە، بۆ ھەڵوەشانەوەی ئەو رێکخراوە تاوانکارییە، چونکە بەرپرسن لە نقومبوونی ئەو بەلەمە و لە ماوەی دوو مانگیشدا ١٨ جار کۆچبەرانیان لە لیبیاوە رەوانەی ئیتاڵیا کردووە.
ھەر بەپێی میدیاکان، ئەو نۆ کەسەی تۆمەتبارن بەو رووداوە، میسرین و یەکێکیان رۆڵی گەورەی لەو رووداوە ھەبووە، یەکێکیشیان ھەڕەشەی لەو کۆچبەرانە کردووە، کە دژی بەردەوام بوونی کۆچەکە بوون بەرەو ئیتاڵیا.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، کار دەکەن تا ساڵی ٢٠٢٨ ئاستی ھەناردەی تورکی بگاتە ٤٠٠ ملیار دۆلار.
وتیشی، لەم ساڵدا قەرزەکان کە بۆ پرۆژەی بچوک و مامناوەند دابین دەکرێت، بە رێژەی لە %٢٥.٨ زیاد دەکرێت.
ئەردۆغان دووپاتی کردوەتەوە کە بە ھەموو توانایان کاردەکەن بۆ پشتیوانییکردن لە بەرھەمی ناوخۆیی و ھەناردەکردنی بۆ وڵاتانی دەرەوە.
دەسەڵاتدارانی تورکیا بڵاویانکردەوە، دوای ئاگادارکردنەوەیان لە بوونی بەلەمێکی پلاستیکی کۆچبەران، لە کەناراوەکانی ویلایەتی چانەقەڵا، تیمەکانی فریاگوزاری بەھانایانەوە چوون و ١٨ کۆچبەریان رزگارکردووە کە ھەڵگری رەگەزنامەی سوریا و یەمەن و فەڵەستین و ئەفغانستان بوون.
لە کەناراوەکانی ویلایەتی موغلاش تیمەکانی فریاگوزاری ٣٥ کۆچبەری نایاساییان رزگارکرد، کە لە نێو سێ بەلەمی پلاستیکیدابوون و لەلایەن دەسەڵاتدارانی یۆنانەوە ناچارکرابوون بگەڕێنەوە ئاوە ھەرێمییەکان.
ھانا مالیار جێگری وەزیری بەرگری ئۆکراین رایگەیاند، لەیەک کاتدا و لە سەرجەم میحوەرەکانەوە ھێزەکانیان لە پێشڕەویدان و سەرکەوتنی تەکیتیکیان لە سەرجەم ئەو میحوەرانەدا بەدەستھێناوە کە ھێرشیان کردوونەتەسەر.
ڤۆلۆدیمێر زیلیسنکی سەرۆکی ئۆکراینیش لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا جەختی لە گرنگی ھێرشەکە کردەوە و رایگەیاند، ئازادکردنی ھەر بستەخاکێکی وڵاتەکەیان گرنگییەکی لە رادەبەدەری ھەیە.
لەبەرامبەریشدا ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا لەوتەیەکدا لە کۆڕبەندی ئابوری لە شاری سانپترسبۆرگ، لە بایەخی ھێرشی پێچەوانەی ئۆکراینی کەمکردەوە و رایگەیاند، ھیچ دەرفەتێک نیە بۆ سەرکەوتنی ھێرشەکە.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی ھیندستان رایگەیاند، پلەکانی گەرما لە ناوچەی بالیا لە پارێزگای ئوتار پرادێش بۆ ٤٢.٢ پلە بەرزبووەتەوە، ئەوەش لە سەرووی پلەی گەرمای وەرزییەوەیە، بەوھۆیەشەوە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا ٤٦ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە ٣٤ کەسیان لە پارێزگای ئوتار پرادێش و ١٢ کەسی دیکەشیان لە ناوچەی بیھارە.
پزیشکانی ھیندستان دەڵێن، ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی ٦٠ ساڵەوەیە، رەنگە گەرما کاریگەریی خراپی کردبێتە سەر ئەو نەخۆشییانەی ھەیانبووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە مانگەکانی نیسان و ئایار و حوزەیران لە ھیندستان، بەگشتی مانگە گەرمەکانن، لەم ساڵانەی دوایشدا کاریگەریی گەرما بە بەراوورد بە ساڵانی رابردوو زۆر زیاتر بووە.
بە پێی میدیاکانی تورکیا، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی ناتۆدا لە برۆکسلی پایتەختی بەلژیکا لەگەڵ لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا کۆبوەتەوە و سەبارەت بە پرسەکانی بەرگری و ئەمنی دوو قۆڵی و دۆسیەی ناوچەیی گفتوگۆیان کردوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، وەزیری بەرگری تورکیا لە کۆبوونەوەی ناتۆدا جارێکی تر ھەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر بە قبوڵکردنی بە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ دووپات کردوەتەوە و رایگەیاندوە، ئەگەر سوید ھاوشێوەی فنلەندا پابەندبوونەکانی جێبەجێ بکات، ئەویش لە ناتۆ قبوڵ دەکرێت.