کوردستان

دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی.... 

بەڕێزان خێزان و خانەوادەی کۆچکردوو حاجی کافیە نانەکەلی 

بەبیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی (حاجی کافیە)، 

خێزانی شەھید علی سور قازی خانەیی نیگەران و دڵگران بووم. 

کۆچکردوو حاجی کافیە ژنە تێکۆشەرێکی کۆڵنەدەر و بوێر و خۆڕاگربوو دایکی ھەر چوار ڕۆڵەی شەھید (سەعید، عەباس، رۆستەم، و عوسمان) و  سێ کچیشی لەزیندانەکانی رژێمی لەناوچوودا ئازار و مەینەتییان چەشت، کۆچکردنی دایە کافیە جێگای داخە. 

بۆ کۆچی دوایی ئەم خانمە ماندونەناسە، پرسە و سەرەخۆشیتان ئاڕاستە دەکەم، خوای گەورە لێی خۆش بێت، سەبوری و دڵنەواییش بەھەموو لایەک ببەخشێت. 

انا للە وانا الیە راجعون

قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال

 


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان پەیامێكی بۆ رۆژی شەهیدی یەكێتی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، یەكێتی هەمیشە سیمبولی خەبات و تێكۆشان بووە لەپێناو كوردستان و هەرواش دەمێنێتەوە.

دەشڵێت، مێژوومان هێندە زێڕین و درەوشاوەیە، هەموو رۆژەكانی ساڵ رۆژی تێكۆشان و فیداكاری و شەهید بەخشینە لەپێناو خاك، هەڵدانەوەی هەر لاپەڕەیەكی رابردووش، سەروەرییەكی حزبی شەهیدانی تێدا تۆماركراوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، خوێنی شەهیدانیان لەیادنەكردووە و لەگەڵ هەر ناوهێنانێكییاندا دەست لەسەر دڵ دادەنێین و بەئەمەكی و خۆڕاگریی كەسوكاری شەهیدانیان لەبیرنەكردووە و خۆیان بە قەرزاری هەموو ئەو رۆژانە دەزانین كە سەرباری رژانی خوێنی رۆڵەكانیان، یەكێتییان لە دڵیاندا هەڵگرت، ئەوان خاوەنی راستەقینەی یەكێتین و ئەوانیش خزمەتكاریان دەبن.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ڕونکردنەوەیەکی بەپەلە
لەبنەماڵەی فرسەت مەلەکییەوە
‎بەناوی خوای گەورەو میھرەبان 

‎بۆڕای گشتی 
‎وەک ھەموولایەک ئاگاداربوون لە چەندمانگی ڕابردوودا دەستێکی ڕەش لەنزیک گوندی قەمتەران  ھەستان بەشەھید کردنی (کاکە فرسەت مەلەکی) ھەرلەسەرەتای ڕووداوەکەوە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وھێزە ئەمنیەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی وبەتایبەت ھێزەئەمنیەکانی سنوری ڕاپەڕین زۆر بەووردی دەستیان بەلێکۆڵینەوەو بەدواداچون کرد لەسەر ڕووداوەکە بەمەبەستی دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تاوانبارانی ڕاستەقینەی ڕووداوە کە کە دڵسوزانە ولەخۆبووردوانە بەردەوام بەدواداچونیان بۆ دۆزینەوەی سەرەداوێک لەسەرتاوانەکە دەکرد، 
لەکۆتایدا توانیان تاوانباری ڕاستەقینە وبکوژی شەھید(فرسەت مەلەکی)  بدۆرنەوە.

‎بەناوی بنەماڵەی شەھید(فرسەت مەلەکی) بەپێویستمان زانی لێرەو سوپاس وپێزانین ودەست خۆشی خۆمان ئاڕاستەی سەرجەم ھێزە ئەمنیەکانی سنوری پاریزگای سلێمانی وئیدارەی ڕاپەڕین بکەین بەتایبەت  دەزگای دژە تیرۆر و دەزگای ئاسایشی گشتی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی وبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین ، کە توانیان تاوانباری ڕاستەقینە بدۆزنەوە.

‎دووبارە بەناوی بنەماڵەوە سوپاس وپێزانینی خۆمان ئاراستەی ھێزەئەمنیەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکەین.

‎بەناوی بنەماڵەی شەھید(فرسەت مەلەکی) 
٢٠/١١/٢٠٢٣

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پانێڵێکدا لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایش لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، باسی لە پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان کرد و وتی، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم ھەموو ئامادەییەکی ھەیە بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت و ھیوادارن بەمنزیکانە ھەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە، بەڵام ئەو بابەتە لەلای بەغدادە. 

وتیشی، لە بواری وزە کێشەیان لەگەڵ عێراق ھەیە و مافە دەستورییەکانی ھەرێم وەک خۆیان جێبەجێنەکراون، راشیگەیاند، لەسەر پرسی نەوت لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کۆبوونەوەیەکی باشیان کردووە و وەزیری نەوت ئەنجامی کۆبوونەوەکەی گەیاندووە بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوو ڕۆژە شەپۆلێکی بەفربارین ڕووی لە چەند پارێزگایەکی باکوری کوردستان کردووە و ئەمڕۆش بەردەوام بوو، بە پێی ڕاگەیاندراوێکی سەرۆکایەتی شارەوانی وان، بەھۆی خراپی کەشوھەوا گرفت لە ھاتوچۆی ھەندێک ناوچە دروست بووە و ڕێگەی ھاتوچۆی نێوان ١٤٢ ناوچەی نیشتەجێبوون داخراوە، لە ئەرزەڕومیش رێگەی زیاتر لە ٣١٦ گوند و لە قەرسیش رێگەی شەش گوند داخراون.

بەفرەکە ھەموو ناوچەیەک لەوانەش شوێنە مێژوویی و سەیرانگاکانی سپی پۆش کردووە و لە شارەکان دوکاندار و خاوەن پیشەکان بەردەم دوکانەکانیان خاوێن دەکەنەوە.

تیمەکانی شارەوانی دەڵێن، بەبەردەوامی ڕێگاوبانی گەڕەک و گوندەکان پاکدەکەنەوە و بەفرە کەڵەکەبووەکان ڕادەماڵن. داوا لە ھاووڵاتییانیش دەکەن بۆ ڕۆژانی داھاتوو ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.بڕیار ڕشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی بەدواداچون بۆ کێشە داراییەکانی ھەرێم و دواکەوتنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ھەرێم، لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆبووەتەوە و باسی ئەو گرفتانەیان کردووە کە بەھۆی بێ موچەییەوە لە ھەرێم دروسبوون.

وەزیری دارایی عێراق لەکۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، تائێستا حکومەتی ھەرێم ھەماھەنگ نەبووە لەو پابەندییانەی لەسەرییەتی و لە ئاشکراکردنی ئەو داتایانەی لایەتی.

باسی لەوەشکردووە، ئەو ٧٠٠ ملیارەی کەماوە لە ماوەی داھاتوودا دەنێردێت بۆ حکومەتی ھەرێم، بەڵام بۆ دوای ئەو قۆناغە جارێکی تر پێویستی بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ ئەوەی ئەم قەرزە ٧٠٠ ملیارە بەردەوام بێت.

لای خۆشیەوە، د.بڕیار ڕشید کە ھاوکات ئەندامی لیژنەی ئابوری و بازرگانی ئەنجومەنی نوێنەرانە جەختدەکاتەوە، تاکە چارەسەر بۆ کێشەی دارایی ھەرێم ھەمواری یاسایی بوجەیە و ئەویش لە ساڵی تازەوە دەکرێت، تا ئەو کاتەش گرنگە حکومەتی ھەرێم دەستپێشخەری بکات بۆ  ڕێکەوتنێکی سیاسی بۆ ئەوەی قەرزەکان بەردەوام بێت و موچەی فەرمانبەران گەرەنتی بکرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پەیامەکە...

تۆماری خەباتی چل و ھەشت ساڵەی یەکێتی و شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، لە یەکەم شەھیدەوە تا دوا شەھید تۆمارێکی پڕلە شانازیی بێبڕانەوەی یەکێتییە کە نەخشەی سەرتاسەری نیشتمانی گرتووەتەوە.

 کەسوکار و خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان.

لەم رۆژەدا بۆ یادی ئەو ھاوخەبات و ھاوسەنگەرانەمان کە لە زیندانەکانی رژێمی بەعسدا بە سەربەرزیی و بەدەم دروشم و سرودەوە چوونەبەر پەتی سێدارە، یان لەسەنگەرەکانی بەرگریدا بەوپەڕی جوامێرییەوە سنگیان دایەبەر گولـلەی دوژمن و گیانیان بەخشی بە وڵات و گەلەکەیان، سەری سوپاسگوزاری و رێزگرتن دادەنوێنین.

لە مێژووی پڕ خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا ھەموو رۆژەکانی ئەم تۆمارە سەربەرزە پڕیەتی لە بیرەوەری شەھید، لە بەخشین و گیانبازیی رۆڵە و کەسوکار و ھاوخەبات و ھاوسەنگەرانمان، بەڵام کە رۆژێکی وەک ٢١ ی تشرینی دووەممان دیاریکردووە بە ترۆپکی شەھادەت یادی لە سێدارەدانی  خاڵە شیھاب و ھاوڕێکانییەتی، ئەوان لە سەرەتای دامەزراندنەوە وەک پۆلێکی سەرمەشق گیانیان بەخت کرد و دروشمی" کەم بژی و کەڵ بژی" یان داھێنا، ئیتر لەو رۆژەوە لە سەنگەری بەرگری لە ناوچە رزگارکراوەکان، لە داستان و نەبەردییەکان، لە زیندانەکان، لە چالاکی و خۆپیشاندانەکانی ناوشارەکان لە راپەڕین و پڕۆسەی ئازادی عێراق و لەڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان، سەدان و ھەزاران رۆڵەی ئەم گەلە چوونەتە نێو کەژاوەی شەھادەتەوە

 کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان 

ئەم یادە پڕ لە شکۆیە دەرفەتێکە بۆ جۆشدانەوەی خەباتی رەوای گەلەکەمان و یەکێتییەکەمان، لە پێناوی ماف و دادپەروەری و دیموکراسی و نەھێشتنی سیاسەتی جیاوازیکردن لە خزمەت بە ناوچەکانی کوردستان، بۆ ئەوانە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو خەباتەی شەھیدەکانمان جۆشدەداتەوە کە لەپێناویاندا گیانی خۆیان بەخشی. 

ھەر لەم یادەدا لە پای سەنگی یەکێتی بە شانازیکردن بە شەھیدەکانییەوە، بۆ ھەمیشە بەڵێنی بەردەوامیدان بەو کاروانە پڕ لە قوربانیدانە دووپات دەکاتەوە.

بە سەنگی شەھیدانمان سەربەرزین و ھەر بەو سەنگەشەوە پێداگری لەسەر سیاسەتی راست و رەوامان دەکەین.

مەکتەبی ڕێکخراوە دیموکراتییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی زانیاریەکانی کوردست نیوز، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان، لیوا روکن جەبار نەعیمە تائی لەپۆستی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک دورخستوەتەوە، لیوا روکن ساڵح حرز ناسر خەفاجی بۆ شوێنەکەی دەستنیشانکراوە.

لیوا روکن ساڵح خەفاجی، پێشتر فەرماندەی فیرقەی پێنج بوە لەدیالە، دواتر کراوەتە فەرماندەی فیرقەی ھەشت و سەرەتای ئەم مانگەیش کراوە بە فەرماندەی فیرقەی نۆی زریپۆش.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی....

(۲۱ی۱۱) رۆژی شەھیدی یەکێتیی رۆژی شایەتی یەکێتییە لەسەر خەباتی نەپساوەی گەلەکەمان لەڕێی مافی چارەنووسدا.
رۆژی رێبازی (کەم بژی و کەڵ بژی)یە کە سەردەقشکێنانی شەھادەت؛ خاڵە شیھاب ، جەعفەر و ئەنوەر  مۆری یەکێتیانەیان لێ دا و لەم کاروانە دوور و درێژەدا سەرکردە ، فەرماندە، پێشمەرگە قارەمانەکانی سەنگەری نەبەردی لە شاخە سەرکەشەکان ، تێکۆشەرانی زیندان و رێکخستنە نھێنییەکانی شۆرشی نوێ  و شەھیدانی راپەڕین و رزگاری و بەرەنگاری تیرۆر و تۆقاندن و ستەمی ھەمە چەشنی دوژمنان گیانبازییان نواندووە و بەخوێن بوونەتە شەھید وشایەتی  ئەم داستانە دوور و درێژە. 

لەو رۆژەوە شار و ئاوایی ، رۆژ نییە و ساڵ نییە لە تەقویمی ژیانی نزیکەی پێنج دەیەی خەباتی گەلەکەمان یەکێتیی شەھیدی تیا نەدابێ و خەڵاتی ئازادی ئاوێتەی گوڵاڵە سوورەی قوربانیدان نەکردبێ.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حزبی شەھیدانە ، بەڵام شەھیدخواز نییە، شەھیدپەروەرە ، ژیاندۆست و ئایندەخوازە لێ کە کوردایەتی و رزگاری و دیموکراتی خوێنی بوێ قەت  درێغی ناکات،  ئەگەرچی بژاردەی یەکەمی تێکۆشانی بێوچانی ھەمەلایەنەی سیاسیی و شارستانی و دیموکراتییە، بەڵام بۆ رزگاری کوردستان ھیچی لێ چاو نییە.

لەم رۆژە پیرۆزەشدا ھەم خەباتی ئاوەدانی درێژەپێدەدا و ھەم بەڵێن و وەفاداری بۆ رێبازی شەھیدانی  بەڵێن و وەفای تاسەرە.
ھەروا پابەندێتی  بە یادگارە شیرینەکانیان کە کەسوکاری شەھیدانن دووپات دەکاتەوە .
سڵاو لە گیانی پاکی شەھیدانی یەکێتیی و شۆرشی نوێ و تێکرای شەھیدانی کوردستان.
رۆحی سەرۆکی نەمر سەرۆک مام جەلال

شاد و ئاسوودە بێت.
                 
مەکتەبی سیاسیی 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە ھۆی بارینی بەفرەوە رێگەی نێوان ٢٦١ گوند و ناوچە لە پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم و ئەردەخان و قەرس داخراوە، تیمەکانی سەر بە سەرۆکایەتی شارەوانی ئەرزەڕۆم سەرقاڵی پاککردنەوەی ڕێگەوبانەکانن.
ھاوکات شەپۆلێکی بەفربارین پارێزگاکانی بۆلو و کارابوک و ساکاریا لە باکوری کوردستانی گرتوەتەوە، لەو ناوچانە زیاتر لە پێنج سانتیمەتر بەفر باریووە.

ھاوکات لە بەرزاییەکانی پارێزگای کارابوکیش بەفر باریوە و ئاستەنگی ھاتوچۆ بۆ ھاووڵاتیان دروستبووە، لە ھەندێک شوێن رێگەی نێوان کارابوک - بارتن بە ھۆی بەفرەوە گیراوە و بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکان گیریان خواردوە و روداوی ھاتوچۆی لێکەوتوەتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بۆ ئەوەی لە وتارەوە بۆ کردار بچن، پێویستە بە زوترین کات بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەبەشداریی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەکان و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ نوێنەرانی مامۆستایان و وانەبێژانی ناڕازیی کوردستاندا کۆببنەوە و ڕوون و ڕاشکاوانە، داھاتی گشتیی و مافی دارایی و موچەو پرۆسەی خوێندن، تاوتوێبکەن و چارەسەری بکەن.

جەختی لەوەشکردوەتەوە، ماف و موچەو خوێندن نەکرێنە کارتی ھەڵبژاردن و سازشی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان، چونکە بۆ ھەمیشە شوێنی کار و ھۆڵەکانی خوێندن، پیرۆزترین شوێنن تیایاندا ھەموومان، بەیەکبگەن، ئیرادە بۆ گۆڕانکاریی ڕیشەیی یەکبخەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کارۆخ عەبدوڵا، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ لە ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەم ھەفتەیە شایستە داراییەکانی مانگی ئەیلوولی مامۆستایانی وانەبێژ لە سەرجەم پەروەردەکانی سنوری ھەولێر و دھۆک دابەشدەکرێت.

وتیشی، لە ھەفتەی داھاتوودا شایستە داراییەکانی مانگی ئەیلوولی مامۆستایانی وانەبێژ، لە سەرجەم پەروەردەکانی سنوری سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین دابەشدەکرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەقی پەیامەکەی شاناز ئیبراھی ئەحمەد خانمی یەکەمی عێراق...

کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان
جەماوەری کۆڵنەدەر و شەھید پەروەری یەکێتی

ڕوون و ئاشکرایە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک ھێزێکی ڕێچکەشکێن و ھەڵگری دروشمی مێژوویی و نەتەوەیی، خاوەن پێگەیەکی گەورەی نیشتمانییە، ھەروەک حزبی ڕاپەڕاندنی ئەرکە سەختەکان و ھەردەم پشت و پەنای گەلەکەمانبووە لە پارچەکانی تری کوردستان و لە ڕۆژگارە سەخت و دژوارەکاندا، ئەو گەورەییەی یەکێتیە کە ھەڵگری ناسنامەی حزبی شەھیدانی لێنراوە چونکە خاوەنی زیاتر لە بیست ھەزار قوربانی و تێکۆشەری سەنگەری شەرەف و بەرگری ناو زیندانەکانی داگیرکەران و بەر پەتی سێدارەیە.

مێژووی تێکۆشان وگیانفیدایی گەلەکەمان تۆمارێکی پرشنگدارە، مێژووی کاروانی خەبات و ڕۆح بەخشینی ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانەیە، ھەرجێگەیەکی ئەم کوردستانە سەیربکەیت لە پێناو ئازادکردنیدا، خوێنی پێشمەرگە و تێکۆشەرانی یەکێتی لێ ڕژاوە و تێکەڵی خاک بووە، دوایین کاروانی قوربانیدانیش گیانبەختکردنی دەیان فەرماندەی ئازا و پێشمەرگەی قارەمان بوو کە ‌لە جەنگی دژ بە تیرۆرستانی داعش لە پێناو پاراستنی سنورەکانی ھەرێمی کوردستان و ئارامی و ئازادی و سەربەستیدا خۆیانکردە قوربانی.

جەماوەرە پۆڵاینەکەی حزبی شەھیدان
 مەشخەڵانی ڕێگەی سەختی خەباتی دوێنێ و خەباتی ئەمڕۆ
 شەھیدانی سەربەزی ئازادی خاک و گەل

 بەڵێن بێت تا دوا ھەناسە ھەڵگری ئاڵا سەوزەکەی یەکێتی و بیروباوەڕی ئێوە ‌بین، خەمڕەوێنی کەسوکارە سەربەرزەکانتان بین، ھەوڵدەدەین بەدیھێنەری ھیوا و ئاواتەکانیان بین.

ھەر لەم یادە بەرزەدا وەک وەفایەک بۆ سەرجەم شەھیدان و کەسوکارە سەربڵندەکانیا‌ن بەڵێن بێت کە درێژەپێدەری ڕێبازی یەکێتیەکەیان بین و پابەندبین بە ڕێگا و ڕێبازی ھەڤاڵی کۆچکردوومان مامی گەورەی گەلی کورد (مام جەلال) و بە دروشمی تەبایی و نوێکردنەوە برەو بە یەکێتیەکەمان بدەین و لەسەر گڵکۆی پیرۆزیان بەڵێنی وەفا دووپات کەینەوە
سەری ڕێز و نەوازش بۆ تێکڕای شەھیدان دادەنەوێنم

 شەھیدان ئەو مەشخەڵە ھەمیشە داگیرساوەن کە ھێز و ورەیان پێ بەخشیوین 

یادی یەک بە یەکیان بە خێر و ھەزاران ھەزار سڵاو لە ڕۆحی پاکیان 

شاناز ئیبرایم ئەحمەد

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەرگری شارستانی ھەولێر رایگەیاند، ھاووڵاتییەک بەناوی رێباز فەیسەڵ، خەڵکی گوندی شێخەلاسە لە ناحیەی مەلاقەرەی سەربە قەزای مەخمور لە کەندێکدا خنکاوە و تەرمەکەی لەلایەن ھاووڵاتیانی سنورەکەوە دۆزرایەوە.

یەکێک لەو کەسانەی تەرمەکەی دۆزیوەتەوە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بە ھاوکاری چەند کەسێک تەرمەکەیان لە کەندەکە دەرھێناوەتەوە.

ھاوکات سەرکەوت کاڕەش وتەبێژی بەرگری شارستانی ھەولێر بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو ھاووڵاتیە تەمەنی ٢٨ ساڵە، ھەوڵی داوە ئاژەڵەکانی بگوازێتەوە، بەوھۆیەوە خنکاوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ لە دیوانی پارێزگای سلێمانی، د.ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، ھەریەکە لە شاھۆ عوسمان بۆ جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ کاروباری کارگێڕی بەوەکالەت و  عوسمان ئەنوەر بۆ قائیمقامی قەزای شارباژێڕ بەوەکالەت و رەفعەت فاتیح بۆ بەڕێوەبەری ناحیەی بەکرەجۆ و ھیوا محەمەدی بۆ بەڕێوەبەری ناحیەی سیوەیل راسپارد.

لە مەراسیمی راسپاردنی ئەو لێپرسراوانەدا، ھەریەکە لە عەتا محەمەد وەک نوێنەری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و ئاوات محەمەد قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی ئامادەبوون.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بڕیاربوو ئەمڕۆ مامۆستایانی وانەبێژ بچنە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران لە ھەولێر بۆ داواکردنی دامەزراندنی ھەمیشەیی، بەڵام ھێزێکی ئەمنی زۆر لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی کوردستان بڵاوکرانەوەو  رێگرییان لەو گردبوونەوەیە کرد و رێگەیان نەدا مامۆستایانی وانەبێژ داواکارییەکانیان بخەنەڕوو.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە دوێنێوە عەلی رەئوف نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە ھەرێمی کوردستان لەلایەن ھێزە ئەمنییەکان دەستگیرکراوە و چارەنووسی نادیارە، پارێزەرانیش سەردانی چەند شوێنێکیان کردووە و ھەمووان وتویانە کە لای ئەوان نییە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...103104105106107...674