دوو ڕۆژە شەپۆلێکی بەفربارین ڕووی لە چەند پارێزگایەکی باکوری کوردستان کردووە و ئەمڕۆش بەردەوام بوو، بە پێی ڕاگەیاندراوێکی سەرۆکایەتی شارەوانی وان، بەھۆی خراپی کەشوھەوا گرفت لە ھاتوچۆی ھەندێک ناوچە دروست بووە و ڕێگەی ھاتوچۆی نێوان ١٤٢ ناوچەی نیشتەجێبوون داخراوە، لە ئەرزەڕومیش رێگەی زیاتر لە ٣١٦ گوند و لە قەرسیش رێگەی شەش گوند داخراون.

بەفرەکە ھەموو ناوچەیەک لەوانەش شوێنە مێژوویی و سەیرانگاکانی سپی پۆش کردووە و لە شارەکان دوکاندار و خاوەن پیشەکان بەردەم دوکانەکانیان خاوێن دەکەنەوە.

تیمەکانی شارەوانی دەڵێن، بەبەردەوامی ڕێگاوبانی گەڕەک و گوندەکان پاکدەکەنەوە و بەفرە کەڵەکەبووەکان ڕادەماڵن. داوا لە ھاووڵاتییانیش دەکەن بۆ ڕۆژانی داھاتوو ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.