وەفدێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، سەردانی کۆمەڵی دادگەری کرد و لەلایەن عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی حزبەکە پێشوازییان لێکرا.

مەبەست لە سەردانەكەی وەفدەکەی یەكێتی بۆ لای سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری، گفتوگۆکردن بوو لەسەر پێشهات و ئەگەرەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستان و یەكەمین كۆبوونەوەی پەرلەمان و كابینەی نوێی حکومەت، هەردوولا هاوڕابوون كە پێویستە خەمی هاووڵاتی و بژێوییان لە پێشینەی كارەكانی هەموو لایەك بێت و حوكمڕانی بە شێوەیەك بێت كە هاووڵاتی لە سایەیدا بەهرەمەند بێت.

جارێكی دیكە سەرۆكی كۆمەڵ سەرنج و تێبینییەكانی كۆمەڵی دادگەریی لەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان خستەڕوو و جەختی لە بڕیاری كۆمەڵ لە نەچوونە پەرلەمان كردەوە.

وەفدی یەكێتی باسیان لە ڕۆڵی گرنگی کۆمەڵی دادگەری کرد لە رابردوو و لە ئێستاشدا دەتوانن بە ئامادەبوونیان لە پەرلەمان رۆڵی کاریگەریان هەبێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا پرسی موچە یەكێك بوو لەو بابەتانەی بە گرنگییەوە باسی لێوە كرا و داكۆكی كرا لەسەر ئەوەی پێویستە موچە كە مافی سەرەتایی هەر فەرمانبەرێكە بێ كەم و كورتی خەمی بخورێت و دابەش بكرێت و ستەم لە فەرمانبەران نەكرێت.