د.لەتیف رەشید سەرۆك کۆماری عیراق دوپاتیکردەوە، کە هەڵبژاردنی بەغداد وەک پایتەختی گەشتیاریی عەرەبی بۆ ساڵی 2025 دەبێتە مایەی دەرخستنی ناسنامە مەزنەکەی و بەرجەستەکردنی مێژووە درەوشاوەکەی و شارستانێتییەکەی، سەرەڕای بەهێزکردنی پێگەی لەسەر نەخشەی ناوچە گەشتیارییەکان.

ئەم وتەیەی سەرۆك کۆمار لە میانی پێشوازیکردنی هات لە د.بەندەر بن فەهد ئال فەهید سەرۆکی رێکخراوی گەشتیاریی عەرەبی و وەفدی یاوەری، لە دیدارەکەدا لە بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆك کۆمار ئاماژەی بەوەکرد، کە ئاسایش و سەقامگیریی عیراق بۆتەهۆی بەهێزکردنی کەرتی گەشتیاری، کە خاوەنی فرەچەشنیی گەشتیارییە، هەروەها پێشوازی کرد لە پێشنیاری دامەزراندنی ئەکادیمیای گەشتیاریی عەرەبی لە بەغداد.

هەر لە دیدارەکەدا جەختکرایەوە لەسەر گرنگی هاوئاهەنگی و هاریکاری بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنە گەشتیاری و کەلەپورییەکان و پێشخستنی ئاستی گەشتیاری.

لە بەرامبەردا وەفدی میوان رونکردنەوەیەکی چڕوپڕی لەبارەی سروشتی کارەکانی رێکخراوەکە و هەوڵەکانی لە ماوەی رابردودا پێشکەش کرد، هەروەها ئەو چالاکی و پرۆژانەی خستەڕوو، کە جێبەجێی کردون بۆ پاڵپشتی لە بەرنامەی پەرەپێدانی گەشتیاری لە ناوچەکەدا، هاوکات وەفدی میوان پێشکەوتنە ئەرێنییەکانی عیراق و توانای رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکانی بەرزنرخاند.