ئەنجومەنی وەزیران: هەوڵەكانمان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بۆ دابینكردنی موچە بەردەوامە
٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٩
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، لە هەوڵەكان لەگەڵ حكومەتی عیراق بەردەوامن بۆ دابینكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پێویستە وەك ناوچەكانی دیكەی عیراق لەکاتی خۆیدا بدرێت.
ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکەش راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، بۆ موچەی هەر سێ مانگی ١٠ و ١١ و ١٢ی ئەمساڵ جەختكراوەتەوە کە حكومەتی هەرێم لە هەوڵەكانی بەردەوامە لەگەڵ حكومەتی عیراق بۆ دابینكردنی موچە، هەروەها پێویستە وەك ناوچەكانی دیكەی عیراق موچەی موچەخۆرانی هەرێمیش بدرێت
لە راگایەندراوەکەدا ئەوەش باسکراوە، کە بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان خراوەتەڕوو، پێویستە لەمەودوا ئەو ڕێژەیەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێم بكرێتە بنەما بۆ دەستنیشانكردنی شایستەكانی هەرێم لەلای حكومەتی عیراق و ژمارەی بەشداریی نوێنەرایەتی كورد لە دامەزراوە دەستووریەكان و دیاریكردنی بەشەبودجە و مووچەی هەرێم.
هاوکات سكرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیرانیش راسپێردرا، بۆ ئامادەكردنی نووسراوێك بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، بۆئەوەی لەئێستا بەدواوە و بۆ ساڵی دارایی 2025، ڕێژەی نوێی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بكرێتە بنەما بۆ دیاركردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە گشت شایستە دەستوورییەكانی عیراق.