د.بڕیار ڕشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی بەدواداچون بۆ کێشە داراییەکانی ھەرێم و دواکەوتنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ھەرێم، لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆبووەتەوە و باسی ئەو گرفتانەیان کردووە کە بەھۆی بێ موچەییەوە لە ھەرێم دروسبوون.

وەزیری دارایی عێراق لەکۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، تائێستا حکومەتی ھەرێم ھەماھەنگ نەبووە لەو پابەندییانەی لەسەرییەتی و لە ئاشکراکردنی ئەو داتایانەی لایەتی.

باسی لەوەشکردووە، ئەو ٧٠٠ ملیارەی کەماوە لە ماوەی داھاتوودا دەنێردێت بۆ حکومەتی ھەرێم، بەڵام بۆ دوای ئەو قۆناغە جارێکی تر پێویستی بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ ئەوەی ئەم قەرزە ٧٠٠ ملیارە بەردەوام بێت.

لای خۆشیەوە، د.بڕیار ڕشید کە ھاوکات ئەندامی لیژنەی ئابوری و بازرگانی ئەنجومەنی نوێنەرانە جەختدەکاتەوە، تاکە چارەسەر بۆ کێشەی دارایی ھەرێم ھەمواری یاسایی بوجەیە و ئەویش لە ساڵی تازەوە دەکرێت، تا ئەو کاتەش گرنگە حکومەتی ھەرێم دەستپێشخەری بکات بۆ  ڕێکەوتنێکی سیاسی بۆ ئەوەی قەرزەکان بەردەوام بێت و موچەی فەرمانبەران گەرەنتی بکرێت.