دەقی پەیامەکە...

تۆماری خەباتی چل و ھەشت ساڵەی یەکێتی و شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، لە یەکەم شەھیدەوە تا دوا شەھید تۆمارێکی پڕلە شانازیی بێبڕانەوەی یەکێتییە کە نەخشەی سەرتاسەری نیشتمانی گرتووەتەوە.

 کەسوکار و خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان.

لەم رۆژەدا بۆ یادی ئەو ھاوخەبات و ھاوسەنگەرانەمان کە لە زیندانەکانی رژێمی بەعسدا بە سەربەرزیی و بەدەم دروشم و سرودەوە چوونەبەر پەتی سێدارە، یان لەسەنگەرەکانی بەرگریدا بەوپەڕی جوامێرییەوە سنگیان دایەبەر گولـلەی دوژمن و گیانیان بەخشی بە وڵات و گەلەکەیان، سەری سوپاسگوزاری و رێزگرتن دادەنوێنین.

لە مێژووی پڕ خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا ھەموو رۆژەکانی ئەم تۆمارە سەربەرزە پڕیەتی لە بیرەوەری شەھید، لە بەخشین و گیانبازیی رۆڵە و کەسوکار و ھاوخەبات و ھاوسەنگەرانمان، بەڵام کە رۆژێکی وەک ٢١ ی تشرینی دووەممان دیاریکردووە بە ترۆپکی شەھادەت یادی لە سێدارەدانی  خاڵە شیھاب و ھاوڕێکانییەتی، ئەوان لە سەرەتای دامەزراندنەوە وەک پۆلێکی سەرمەشق گیانیان بەخت کرد و دروشمی" کەم بژی و کەڵ بژی" یان داھێنا، ئیتر لەو رۆژەوە لە سەنگەری بەرگری لە ناوچە رزگارکراوەکان، لە داستان و نەبەردییەکان، لە زیندانەکان، لە چالاکی و خۆپیشاندانەکانی ناوشارەکان لە راپەڕین و پڕۆسەی ئازادی عێراق و لەڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان، سەدان و ھەزاران رۆڵەی ئەم گەلە چوونەتە نێو کەژاوەی شەھادەتەوە

 کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان 

ئەم یادە پڕ لە شکۆیە دەرفەتێکە بۆ جۆشدانەوەی خەباتی رەوای گەلەکەمان و یەکێتییەکەمان، لە پێناوی ماف و دادپەروەری و دیموکراسی و نەھێشتنی سیاسەتی جیاوازیکردن لە خزمەت بە ناوچەکانی کوردستان، بۆ ئەوانە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو خەباتەی شەھیدەکانمان جۆشدەداتەوە کە لەپێناویاندا گیانی خۆیان بەخشی. 

ھەر لەم یادەدا لە پای سەنگی یەکێتی بە شانازیکردن بە شەھیدەکانییەوە، بۆ ھەمیشە بەڵێنی بەردەوامیدان بەو کاروانە پڕ لە قوربانیدانە دووپات دەکاتەوە.

بە سەنگی شەھیدانمان سەربەرزین و ھەر بەو سەنگەشەوە پێداگری لەسەر سیاسەتی راست و رەوامان دەکەین.

مەکتەبی ڕێکخراوە دیموکراتییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان