لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا (سیاوەش ئەرجەمندزادە) بەڕێوەبەری بەندەرەکانی پارێزگای بوشەھری ئێران ئاشکرای کرد، ھەناردەی کاڵای نانەوتی کە لە پارێزگاکەی ئەوانەوە ڕەوانەی جیھان کراوە گەشەی بێ ئەندازەی تۆمار کردووە.
(سیاوەش ئەرجەمندزادە) ڕاشیگەیاند، تەنھا لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ و بە دیاریکراوی ھەتا ٢٠ی نیسان، ھەناردەی کاڵای نانەوتی لەو پارێزگایەی ئەوانەوە بە ڕێژەی ١٧٩٪ گەشەی کردووە.
زادە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، تەنھا لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بڕی ٢٤٦ ھەزار تۆن لە شمەک و کاڵای نانەوتی لە بەندەری بوشەھرەوە ڕەوانەی دەرەوە کراوە و زیاتر لە ٣ ھەزار کۆنتێنەر لەسەر پشتی ٢٨ کەشتی زەبەلاح لەو بەندەرە لە جموجۆڵی بەردەوامدان.
دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا بە شێوەیەکی رێژەیی ھەڵبەزودابەزی بە خۆیەوە بینی،ئەمڕۆ نرخی نەوت لە بازارەکانی جیھاندا ھاوشێوەی دوێنێ لە بەرزیدا مایەوە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ٦٨ دۆلار و ٧١ سەنت مامەڵەی پێوەکرا و نەوتی خاوی تەکساسیش لە ٦٥ دۆلار و ٣٧ سەنت لەنگەری گرت.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای ئەو خواستە زۆرەی جیھان دێت لەسەری بەھۆی خستنەوەگەڕی پیشەسازیەکان و جوڵەی بازرگانی و کەمکردنەوەی لەمپەرەکانی گەشت کردن لە نێوان وڵاتاندا.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و وزەی کۆریای باشور ئاشکرای کرد کە ھەناردەی ئۆتۆمبیلەکانیان بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو رووی لە ھەڵکشان کردووە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و وزەی کۆریای باشوردا ھاتووە کە تەنھا لە مانگی چواردا ١٨٨ ھەزار و ٢٩٣ ئۆتۆمبیلیان ھەناردە کردووە، بەم پێیەش ھەناردەی ئۆتۆمبیلی کۆری بە رێژەی لە ٥٣% رووی لە ھەڵکشان کردووە لە یەک مانگدا.
ئاژانسی ھەواڵی یونھابی کۆریای باشوریش بڵاوی کردەوە لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ کۆریای باشور ٧٣٤ ھەزار و ٤٤٨ ئۆتۆمبیلیان ھەناردەی جیھان کردووە، کە بە بەراورد بە ھەمان وادە لە ساڵی رابردوو بە رێژەی ٢٢.٧% ھەناردەی ئۆتۆمبیلیان گەشەی کردووە.
لە رووی داھاتی ئۆتۆمبیلە ھەناردەکراوەکانیشەوە، دەستکەوتەکانی کۆریای باشوور بە رێژەی ٧٣.٤% گەشەی بە خۆیەوە بینیوە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کاری ئەمریکا لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا ٩١٦ ھەزار کەس لە ئەمریکا کاریان دەستکەوتووە , لە کەرتەکانی بەرھەمھێنان و ئاوەدانکردنەوە و پەروەردە و میوانخانەکان تا ئاستێکی باش بووژانەتەوە بەشێوەیەک ٢٨٠ ھەزار کەس لە کەرتی چێشتخانە کاریان دەستکەوتووە و ١٧٦ ھەزار ھەلی کاریش لەڕێستۆرانتەکاندا.
ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی کاری ئەمریکا دەڵێت، لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردووەوە ئەوە جاری یەکەمە نزیکەی ملیۆنێک دەرفەتی کاری نوێ لە ئەمریکا دەڕەخسێن , لەکاتێکدا پێشتر پێشبینیان دەکرد ٦٤٧ ھەزار ھەلی کاری نوێ بڕەخسێت، دروستبوونی دەرفەتی کاریش بەو جۆرەی بڵاوکراوەتەوە ڕێژەی بێکاری لە ئەمریکا بۆ ٦% دابەزاند کە لە مانگی ئادار دا رێژەکە ٦.٢٪ بوو .
وەزارەتی کاری ئەمریکا دەڵێت، ھەرچەندە چالاکییە ئابوورییەکان دەستیانپێکردووەتەوە و ژمارەیەکی زۆری خەڵکیش چوونەتەوە سەر کارەکانیان بەڵام ھێشتا ٨ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەس بەراورد بە پێش سەردەمی کۆرۆنا بێکارن کە دەکاتە ٦ ٪ ی کۆی ھێزی کار لە ئەمریکا .
دوای ئەو پشتیوانییە سەرسەختەی لە دراوی گریمانەیی بتکۆین کردی، (ئیلۆن ماسک) سەرۆکی کۆمپانیای تەسێلا لە ماوەی ئەم ھەفتەیەدا دووچاری زیانێکی ئابووری گەورە بووە کە گۆڤاری فۆربسی ئەمریکی بە زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلار مەزەندەی دەکات.
گۆڤارەکە لە نوێترین راگەیەندراویدا ئاماژەی بە دابەزینی سامانی (ئیلۆن ماسک) سەرۆکی کۆمپانیای تەسێلا کردووە بۆ ١٤٥ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار، ئەمەش دوای ئەوەی ئیلۆن ماسک تەنھا لەم ھەفتەیەدا ٢٠ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار زەرەری کرد و پێگەی ئەم گەورە ملیاردێرەی ھێنایە ریزبەندی سێھەمی دەوڵەمەندەکانی جیھان.
کەمبوونەوەی سامانی (ئیلۆن ماسک) گەورە ملیاردێری ئەمریکی دوای ئەوە دێت کە ساڵی رابردوو پشتیوانی خۆی و کۆمپانیای تەسێلای بۆ دراوی گریمانەیی بتکۆین نیشاندا و بڕیاریدا ئۆتۆمبیلە کارەباییەکانی بە بتکۆین بفرۆشێت، بەمەش ئەو دراوە گریمانەییە ٢٩%ی بەھاکەی بەرز بوەوە، بەڵام بڕیاری راگرتنی مامەڵەکردنی کۆمپانیاکەی دا بە دراوی گریمانەیی بتکۆین بەھۆی ئەو زیانە ئابوورییە زۆرەی ئەو دراوە بەو ملیاردێرەی گەیاند.
گروپی کۆمپانیاکانی عەلی بابا کە لەلایەن "جاک ما"ی ملیاردێری چینیەوە خاوەنداریەتی دەکرێت، لە ڕاپۆرتی دارایی خۆیدا سەبارەت بە چارەکی یەکەمی ٢٠٢١ بڕی ٥ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن یوان زیانیکردووە کە دەکاتە ٨٣٦ ملیۆن دۆلار و ئەوەش قورسترین دۆخە کە لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا تووشی کۆمپانیاکە ھاتووە.
ھۆکارەکەشی بۆ ئەو سزا داراییانە دەگەڕێتەوە کە حکومەتی چین سەپاندی بەسەریدا کە بڕەکەی ٢ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار بوو، سەرباری ئەوەی کۆتایی ساڵی پار عەلی بابا توانی ببێتە خاوەنی ١ ملیار کڕیاری چالاک بە درێژایی ساڵەکە.
کۆمپانیای دانا غاز تەنھا لە چوار مانگی ئەمساڵ ڕێژەی قازانجەکانی ٤١٪ بەرزبووەتەوە.
لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا کۆمپانیای داناغازی ئیماراتی ڕایگەیاند،دوای بەرز کردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانیان لە ھەرێمی کوردستان،پوختەی قازانجەکانیان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بە رێژەی ٤١٪ بەرزبووەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەی داناغازدا ھاتووە کە تەنھا لەم چوار مانگەدا ٢٤ ملیۆن دۆلار قازانجیان کردووە لە کاتێکدا ساڵی رابردوو لە ھەمان وادەدا تەنھا ١٧ ملیۆن دۆلاریان قازانج کردبوو.
لەوبارەیەوە (پاتریک ئالمان وارد) سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای داناغاز ڕایگەیاند ، کۆمپانیاکەیان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ توانیویانە بەرھەمی خۆیان زیاد بکەن و لە ھەوڵیشدان بەرھەمھێنانی خۆیان لە ھەرێمی کوردستان ھەتا مانگی نیسانی ٢٠٢٣ لە ٤٤٠ ملیۆن پێ سێجاوە بەرزبکەنەوە بۆ ٦٩٠ ملیۆن پێ سێجا.
بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی مونتەدای ئابووریی جیھانی، ئامێری زیرەک و رۆبۆتەکان لە چەند ساڵی داھاتوو دا جێگای ٨٥ ملیۆن کارمەند دەگرنەوە .
لێکۆڵینەوەکە ئەوەشی دەرخستووە، تاوەکو ساڵی ٢٠٢٥ لە بەشێکی زۆری کاروبارەکاندا پشت بەستن بە ئامێرە ئەلکترۆنییەکان بەڕێژەی ٥٢ ٪ زیاد دەکات و ڕۆبۆتەکان لە کۆمپانیا گەورەو مامناوەندەکاندا جێگەی نزیکەی ٨٥ ملیۆن کرێکار دەگرنەوە .
لێکۆڵینەوەیەکی مونتەدای ئابووریی جیھانی باسی لەوەشکردوە، لە پێنج ساڵی داھاتوودا خاوەنکارەکان کاروبارەکانیان بە یەکسانی بەسەر مرۆڤ و ئامێرەکاندا دابەش دەکەن ھاوکات چین دەبێتە یەکەمین وڵاتی جیھان کە زۆرترین کارمەندی بەھۆی رۆبۆتەوە کارەکانیان لە دەست بدەن ، لەدوای ئەویش ھەریەک لە ژاپۆن، ئەڵمانیا دێن .