گەڵف کیستۆن کە لە کێڵگەی شێخان کۆمپانیای سەرکارە، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیادا ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١ بەرھەمی کێڵگەی شێخان بە ڕێژەی ٢٠٪ زیادیکردووە و تێکڕای بەرھەمی ڕۆژانە گەیشتووەتە ٤٣ ھەزار و ٦٠٠ بەرمیل.
لای خۆشیەوە (جۆن ھاریس) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گەڵف کیستۆن ڕایگەیاند، خۆشحاڵین کە ڕایدەگەیەنین دەستمان کردووەتەوە بە کارکردن بۆ تەواوکردنی بیری ژمارە ١٣، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە دەستمان کردووەتەوە بە کاری ھەڵکەندن لە پێش وادەی دیاریکراودا. لە ئەنجامی ئەمەدا ئێستا چاوەڕێ دەکەین لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵدا کۆی بەرھەمی کێڵگەکە بگەیەنینە ٥٥ ھەزار بەرمیلی ڕۆژانە و لە کۆتایی ساڵدا تێکڕای بەرھەم لە سەرووی ڕێژەی دیاریکراو بێت کە ٤٠ بۆ ٤٤ ھەزار بەرمیلە.
کێڵگەی شێخان یەکێکە لە کێڵگەکانی سنووری پارێزگای دھۆک و لە مانگی تەمموزی ٢٠١٣وە دەستکراوە بە بەرھەمھێنان نەوت و تاوەکو ئێستاش ٨٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی لێ بەرھەمھێنراوە، کۆمپانیای گەڵف کیستۆنیش بە نیازە ئاستی بەرھەمھێنان لە کێڵگەکە بگەیەنێتە ١١٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای سنە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند: وشکەساڵی بڕی ٦ ترلیۆن تمەن زیانی بە کەرتی کشتوکاڵی ئەو پارێزگایە گەیاندووە.
محەمەد فەرید سپەری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای سنە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند: ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن تۆن بەربوومی کشتوکاڵی لەو پارێزگایە بەرھەم دێت و ئەمساڵ بەھۆی باران نەبارین و وشکەساڵی زیانێکی زۆری لە جوتیاران داوە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای سنە وتیشی: بە ھۆی وشکەساڵییەوە بڕی ٦ ترلیۆن تمەن زیان بە کەرتی کشتوکاڵی ئەو پارێزگایە گەیشتووە و لە ئێستادا چاوەڕێی ئەوەین کە پەرلەمان و حکومەت بڕیاری قەرەبووکردنەوە بدەن.
فازڵ غەڕاوی ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی کە داھاتێکی کەم و دیاریکراویان ھەیە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەھۆی سیاسەتەکانی حکومەت لە بەرزکردنەوەی بەھای دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی، کە بووەتە ھۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستی سەرەکی ڕۆژانەی ھاوڵاتیان.
وتیشی، ھاوڵاتیانی عێراقی ڕووبەڕووی چەندین قەیران بوونەتەوە، جگە لە کەموکورتی لە دابینکردنی خزمەتگوزاریەکانی وەک کارەبا و لێکەوتە تەندروستیەکان، خوێندنی باڵا و ژینگە و نەبوونی ھەلی کار، لەگەڵ ئەوانەشدا زیادبوونی بەھای دۆلار کاریگەری لەسەر ژیانیان زیاترکردووە و توانایان نابێت پێداویستیەکانیان دابین بکەن بۆیە پێویستە لەسەر حکومەتی عێراق بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ قەرەبوویان بکاتەوە، بۆ ئەوەی چیتر لە بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار بەرامبەر بە دینار زیانیان پێنەگات.
ڕاپۆرتێکی کۆمپانیای وزەی (ئێس ئاند پی گڵۆباڵ پلاتس) ئاشکرای کرد، وێڕای ئاسانکاریەکانی ڕێکخراوی ئۆپیک پڵەس بۆ زیادکردنی بڕی ھەناردەی نەوتی وڵاتانی ئەندام، بەڵام حکومەتی عێراق لە مانگی ئایاردا بە ڕێژەی ٨٨٪ پابەندبووە بە ڕێنمایی و بڕیارەکانی ڕێکخراوەکەوە.
لە ڕاپۆرتەکەی (ئێس ئاند پی گڵۆباڵ پلاتس)دا ھاتووە، بەرھەمی نەوتی ڕێکخراوی ئۆپیک لە مانگی ڕابردوودا ڕۆژانە ٤٣٠ ھەزار بەرمیل زیادی کردووە و شانشینی سعودیەش (٣٦١) ھەزار بەرمیلی نەوتی ڕۆژانەی لەو ژمارەیە ھەناردە کردووە.
ڕاپۆرتەکەی (ئێس ئاند پی گڵۆباڵ پلاتس) ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، کە حکومەتی عێراق ڕۆژانە تەنھا ٢٠ ھەزار بەرمیل نەوتی زیاتری ھەناردە کردووە و بە ڕێژەی ٨٨٪ پابەندبووە بە ڕێنمایی و بڕیارەکانی ڕێکخراوی ئۆپیک پڵەسەوە.
دوای ئەوەی دوێنێ نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان ٧٣ دۆلاری بەخۆوە بینی، ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت نزیک بووەوە لە ٧٢ دۆلار و ٧٠ سەنت، نەوتی خاوی تەکساسیش لە نزیکی ٧١ دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، ھەرچی نەوتی خاوی سوکی بەسڕەشە لە سەروو ٧٢ دۆلار و ٧٥ سەنتەوە ھاوسەنگی وەرگرت.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازارەکانی جیھان دوای ئەوە دێت کە ھەر یەک لە وڵاتانی چین و ھیند و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نزیکەی ھەفتەیەکە خواستیان لەسەر نەوت زیادی کردووە.
بەھۆی کاریگەری بڕیاری بانکی ناوەندی بۆ زیادکردنی فرۆشتنی دۆلار، بەھای ئەو دراوە بیانییە ڕووی لە دابەزین کرد و ھاوکات نرخی ئاڵتون-یش دابەزی.
ئەمڕۆ بەراورد بە دوو ڕۆژی ڕابردوو نرخی دۆلار کەمێک دابەزیوە و ١٠٠ دۆلار بە کڕین بە ١٤٩ ھەزار و ٥٠٠ دینارە و بە فرۆشتن بە ١٥٠ ھەزار و ٢٥٠ دینارە و بڕیاری بانکی ناوەندی بۆ زیادکردنی فرۆشتنی دۆلار و خستنەبازاڕی ئەو دراوە بیانییە، کاریگەری لەسەر دابەزینی زیاتری نرخەکەی دەبێت دوای ئەوەی نرخەکەی گەیشتە ١٥١ ھەزار دینار .
دوای ئەوەی نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاست لە ھەفتەی ڕابردوودا، لە دوێنێوە دەستی بە دابەزین کردووەتەوە و ئەوەش بەھۆی کاریگەری ھەڵئاوسانی ئابووری لە ئەمریکایە، ئەمڕۆ بەھای یەک ئۆنسە دابەزیوە بۆ ١٨٧٦ دۆلار و نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە ٢١ بە ٣٩٦ ھەزار دینارە و عەیارە ١٨ بە ٣٤٠ ھەزار دینارە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی بانکی ناوەندی عێراقدا ھاتووە لە پێناو پڕکردنەوەی خواستی بازاڕ لە دۆلاری ئەمریکی و ھاوسەنگی سیاسەتی نەختینەیی لە عێراقدا، بانکی ناوەندی عێراق ھەفتانە ٣٠٠ ھەزار دۆلار بۆ بانکەکان دابین دەکات و، ھەرچی پشکی کۆمپانیاکانی ئالوێری دراویشە بە پێی ڕیزبەندی پۆلێنکراویان دۆلاریان بۆ زیاد دەکات بە جۆرێک، کۆمپانیاکانی ئالوێری دراو لە جۆری "A" بڕی ٢ ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار دۆلار و لە جۆری "B" بڕی ٧٥٠ ھەزار دۆلار و جۆری"C"یش ٧٠ ھەزار دۆلار.
زیادکردنی خراوەڕووی دۆلاری ئەمریکی لەلایەن بانکی ناوەندیەوە دوای ئەوە دێت، دوو ھەفتەیە بەھای دۆلاری ئەمریکی لە بەرامبەر دیناری عێراقیدا ڕووی لە ھەڵکشان کردووە، بەم ھەنگاوەی بانکی ناوەندیش چاوەڕوان دەکرێت بەھای دۆلار ڕوو لە داشکانەوە بکات.
ئیحسان عەبدول جەبار وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرای کردووە، بەھۆی ئەو سەرکەوتنانەی لە بواری نەوت و پێکھاتەکانی بەدەستیان ھێناوە، ھاوردەکردنی پێکھاتە نەوتیەکان بۆ ناوخۆی عێراق بە گوژمەی ٢ ملیار دۆلار کەمیکرووە.
وەزیرەکەی نەوتی عیراق ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ئەو پڕۆژانەی لە بواری ووزە بە تایبەت نەوتدا خراونەتەگەڕ، ھاوکارە بۆ کەمبوونەوەی ھاوردەی پێکھاتە نەوتیەکان بە ڕێژەی ٥٠٪ و چاوەڕوانیش دەکرێت لە کۆتایی ٢٠٢٢دا ھاوردەی پێکھاتە نەوتیەکان بە بڕی ٩٠٪ کەمبکاتەوە.
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی ئابووریەکەی بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە ھەناردەی نەوت بەستووە، بەڵام شمەکە پترۆکیمیاییەکان و پێکھاتەکانی دیکەی نەوت تەنانەت ھەندێجار بەنزینیش لە دەرەوە ھاوردە دەکات.
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرای کرد کە توانیوانە ئەو گازەی لەگەڵ نەوتدا بەفیڕۆ دەڕۆی بەرھەمی بھێنن، بەم ھۆیەشەوە بەرھەمی گازی سروستی ساڵانە زیاد دەکات بۆ ٢ ملیار و ٦١٢ ملیۆن پێ سێجا.
عاسم جیھاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە بە ڕێژەی ٥٠٪ بۆ ٦٠٪ وەبەرھێنان لە گازدا دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش سعودیە خوازیارە لە کێڵگەی گازی عوکازدا وەبەرھێنان بکات و پشکی ھەبێت لە وزەی عێراقدا.
زیاتر لە ساڵێکە حکومەتی عێراق بە چڕی ئاڕاستەی وەبەرھێنانی ڕوو کردووەتە بواری گاز و تا ئێستا شەش گرێبەستی گەورەی بواری گازی لەگەڵ کۆمپانیا فەڕەنسی و بەریتانی و ئیماڕاتی و ئێرانیەکان ئیمزاکردووە.
کەمال حسێن لەتیف سەرۆکی دەزگای عێراقیی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە تیشکدەرەکان بە ئاژانسی بلومبێرگی ڕایگەیاندووە: پلانمان ھەیە ٨ وێستگەی ئەتۆمی دروست بکەین بە مەبەستی بەرھەمھێنانی نزیکەی ١١ گێگاوات کارەبا و حکومەتیش بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانە گفتوگۆی لەگەڵ لێپرسراوانی ڕووسیا و کۆریای باشوور و کۆمپانیا جیھانییەکانی ئەو بوارە کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە: بە پێی پێشبینییەکان وڵاتەکەمان بە بێ بوونی وزەی ئەتۆم پێش ساڵی ٢٠٣٠ ڕووبەڕووی کێشەی گەورە دەبێتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو: ئێستا عێراق ١٠ گێگاوات کارەبا کورتھێنانی ھەیە بۆ ئەوەی تەواوی پێداویستی وڵات پڕبکاتەوە و پێشبینی دەکەین لە ١٠ ساڵی داھاتووشدا وڵاتەکەمان پێویستی بە ١٤ گێگاوات کارەبای زیاتر ببێت، بۆیە ئیستا ئامادەکاری بۆ پلانەکە دەکرێت و ٢٠ شوێن بۆ دروستکردنی وێستگەی ئەتۆم دەستنیشان کراوە و پێدەچێت ساڵی داھاتوو یەکەمین گرێبەست بۆ دامەزراندنیان ئیمزا بکرێت.
لە میانەی بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەی لوتکەی نەیجیریای نێودەوڵەتی بۆ نەوت لە رێگەی ئینتەرنێتەوە، ئێوارەی رۆژی دووشەممە (محمد بارکیندۆ) ئەمینداری گشتی رێکخراوی ئۆپیکی تایبەت بە وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت ئاشکرای کرد،رێکخراوەکەیان و وڵاتانی ھاوپەیمانانیان پێشبینی دەکەن کە لە مانگەکانی داھاتوودا نەوتی عەمبارکراوی وڵاتانی جیھان بە تەواوی کەمبکات.
(محمد بارکیندۆ) وتیشی وڵاتە پیشەسازیە پێشکەوتووەکان سەرەڕای ھاوردەکردنی بەردەوامی نەوت، کەچی تەنھا لە مانگی رابردوودا بڕی ٦ ملیۆن و ٩ ھەزار بەرمیلی ناو عەمبارەکانیشیان بەکارھێناوە، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ کەمبوونەوەی زیاتری عەمبارەکانی نەوتیان لە مانگەکانی داھاتوودا.
ئەمینداری گشتی رێکخراوی ئۆپیک گەشبینی خۆی نیشاندا بەرامبەر ئەو خواستە زۆرەی لەسەر نەوت ھەیە لە جیھاندا و چاوەڕێش دەکەن رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا خواستی ھەمووەکی لەسەر نەوت زیاتر بکات.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئێوارەی دوێنێ بە ئامادەبوونی مستەفا کازمی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران گرێبەستی بنیادنان و فراوانکردنی فڕۆکەخانەی ناسریەی نێودەوڵەتی ئیمزا کرا.
ئیمزای گرێبەستەکە لە نێوان (نائل سەعد) سەرۆکی دەسەڵاتی فرۆکەوانی عێراق و (جین کیو) بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتی چین بۆ ئەندازیاری تەلارسازی ئەنجامدرا، کە بە تەواوبوونی ئەم فڕۆکەخانەیە توانای ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گواستنەوە لە باشوری عێراق پێدەنێتە قۆناغێکی دیکەوە.
بنیادنانەوەی فڕۆکەخانەی ناسریەی نێودەوڵەتی دوای ئەوە دێت کە لە مانگی ١٠ی ساڵی ڕابردوو لە میانی کۆبوونەوەی نێوان (تشانغ تاو)ی کۆنسوڵی چین لە بەغدا و (حەمید نەعیم) ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، کە تیایدا چین بڕیاری ھەموو ھاوکاریەکیان لەو بوارەوە خستەڕوو.
زیادبوونی خواست لەسەر سوتەمەنی لە ئەوروپا و پێشبینییە ئەرێنییەکان بۆ داھاتووی بازاڕی نەوت و فراوانبوونی ھەڵمەتەکانی کوتان بە ڤاکسینی کۆرۆنا، کاریگەری لەسەر بازاڕی نەوت لە جیھاندا دروستکردووە و بووەتە ھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بە جۆرێک نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە ٧٢ دۆلار و ٨٣ سەنت و نەوتی سوکی تەکساسیش بە ٧٠ دۆلار و ٦٢ سەنت مامەڵەی پێوەکراوە.
شارەزایانی بازاڕی نەوت پێشبینی دەکەن، لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ، سەرەڕای بەرزکردنەوەی پلە بە پلەی ھەناردەکردن لەلایەن ڕێکخراوی ئۆپێکەوە، بەڵام خواستی جیھان بۆ نەوت لە خستنەڕوو زیاتر دەبێت و پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ.
مەزھەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ کاروباری دارایی دەڵێت، بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٢ دوو بڕگەی جیاواز دەبێت لە یاسای بودجەی ئەمساڵ، یەکێک لە بڕگەکانیش دیاریکردنی نرخی نەوتە.
ڕاوێژکارەکەی دارایی سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند، رەشنوسی بودجەی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٢ دوو ماددەی جیاواز دەبێت لەیاسای بودجەی ٢٠٢١، ماددەی یەکەمیش پەیوەندی بەداھاتی نەوتەوە ھەیە، وەک نرخی و بڕی ھەناردە و فرۆشتنی نەوت، ئەوەش بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئەرێنی بازاڕی وزە و ئاسایبوونەوەی ئابووری جیھان بۆ قۆناغی دوای کۆرۆنا دیاریدەکرێت .
ئاماژەی بەوەشکردووە، پەیوەندییەکی بەھێز ھەیە لەنێوان بەرزبونەوەی گەشەی ئابووری جیھان و بەرزبونەوەی خواست لەسەر نەوتی لە بازاڕی وزە و بەرزبونەوەی نرخەکەی .
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ماددەی دوەم بودجەی ساڵی داھاتوو لە بودجەی ئەمساڵ جیادەکاتەوە، ئەوەیە عیراق رووبەڕووی کەمترین بڕی قەرزو کورتھێنان دەکاتەوە، لەکاتێکدا تەرخانکردنی پارەش بۆ پرۆژەکانی وەبەرھێنان و بوژاندنەوەی ناوچە جیاجیاکان زیاد دەکرێت، ھۆکاری ئەوەش زیادبونی داھاتە .