دەستەی ھەناردەی میوە و سەوزەمەنی نوێ لە دەریای ئیجە رایگەیاند، قەبارەی ھەناردەی وڵاتەکەیان لە بەرھەمە سەوزایی و میوەکان لە چاو ساڵی رابردوو گەشەکردنی تەواوی بەخۆیەوە بینیوە.
لەو بارەیەوە خەیرەدین ئۆجاک سەرۆکی دەستەی ھەناردەی میوە و سەوزەمەنی نوێ لە دەریای ئیجە لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، وڵاتەکەیان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ شیلکیان بۆ ٢٩ وڵات ناردووە کە داھاتەکەی نزیکەی ٥ ملیۆن دۆلار بووە، ئەم داھاتەش بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی لە سەدا ١٦٠ زیادی کردووە، ھەروەھا ئامانجی دەستەکەشیان ئاشکراکردووە کە بۆ ئەمساڵ داھاتی ھەناردەی شیلک بۆ ٤٠ ملیۆن دۆلار بەرز بکەنەوە.
ھەناردەی بەرھەمی شیلکی تورکی بەشێوەی سروشتی یاخود بەستووە، لە %٥٠ی رەوانەی ھەریەک لە روسیا و رۆمانیا و عێراق دەکرێت و بازاڕی ئەم وڵاتانە لە بەرھەمی شیلکی تورکی خەفە بووە.
تۆڕی (سی ئێن بی سی) بەریتانی ئاشکرایکردووە، نرخی زێڕ بە رێژەی ١٪ بەرزبووەتەوە لە کاتێکدا گەشەی دەستی کار و پشک و قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا داکشانەوەی تەواوی بەخۆیەوە بینوە لەمانگی چواردا.
تۆڕی (سی ئێن بی سی) بەریتانی راشیگەیاندوە، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە مامەڵەی خێرا بە رێژەی ٠.٨٤٪ بەرزبووەتەوە و بە ھەزار و ٨٣٠ دۆلار و ٤١ سەنت فرۆشرا کە لە شەش مانگی ڕابردوودا نرخی لەو جۆرەی بە خۆیەوە نەبینوە.
جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند، لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵەوە تاکو مانگی نیسان، زیاتر لە ٢٦٦ ھەزار ھەلی کاریان ڕەخساندووە.
ڕاشیگەیاند، ھەوڵی بەھێزکردنەوەی ئابووری ئەمریکا دەدەن، کە بەھۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە سەدان ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە.
عسام جیھاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرایکردووە، یەکەمجارە لە مێژوودا پاڵاوگەی نەوتی زیقار بە درێژایی ٤٥ ڕۆژ لەسەر یەک دابخرێت، بە جۆرێک لە سەختترین دۆخەکانی سەردەمی جەنگ لە ساڵانی نەوەدەکان و ٢٠٠٣ش بەو شێوەیە داخستنی پاڵاوگەکە درێژەی نەکێشاوە و ھیچ بەرچاو ڕوونییەکیش نییە کەی دەکرێتەوە.
وتیشی، درێژەکێشانی ئەو داخرانە دەرھاویشتەی نەرێنی لەسەر کارکردنی پاڵاوگەکە دەبێت کە پێشتر بە بەردەوامی ٢٤ سەعات کاری دەکرد، ئێستاش بە ھۆی داخستنیەوە بە ڕێژەی ١٠٠٪ کۆی زیانەکانی گەیشتووەتە ٢٠ ملیار دینار.
کارگێڕی زانیاری وزەی ئەمریکا ڕاپۆرتی ھەفتانەی ھاوردەکردنی نەوتی ئەمریکای خستەڕوو کە تێکڕای ھاوردەکردنی نەوتی خاو لە ھەفتەی ڕابردوودا ٤ ملیۆن و ٨٤١ ھەزار بەرمیلی ڕۆژانە بووە لە ٨ وڵاتی جیاوازەوە، لەوانە کەنەدا ٣ ملیۆن و ٢٣٢ ھەزار بەرمیل، مەکسیک ٤٦٧ ھەزار بەرمیل و ئیکوادۆر ٣١٨ ھەزار بەرمیل و کۆڵۆمبیا ٣٠٧ ھەزار بەرمیلی ڕۆژانە بووە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە ھاوردەکرنی نەوتی عێراق داوە کە ٤١ ھەزار بەرمیلی ڕۆژانە بووە، ئەوەش بەراورد بە ھەفتەی پێشووتر ٢٢٩ ھەزار بەرمیل دابەزیوە کە عێراق ڕۆژانە ٢٧٠ ھەزار بەرمیلی ھەناردەی ئەمریکا کردووە.
دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو نرخی یەک بەرمیل نەوت لە ٧٠ دۆلار نزیک بوەوە و پاشان دابەزی، ئەمڕۆ نرخی نەوت لە بازارەکانی جیھان بەرزبوونەوەی تۆمارکردەوەو، نرخی یەک بەرمیل نەوتی سوکی بەسرە کە رەوانەی ئاسیا دەکرێت ٦٧ دۆلار و ٧٥ سەنتی تۆمار کرد و نەوتی خاوی برینتیش ٦٨ دۆلار و ٢٥ سەنتی تۆمار کرد، بەڵام نەوتی رۆژئاوای تەکساس ٦٤ دۆلار و ٨٠ سەنتی تێنەپەڕاند.
ھەڵبەزو دابەزی نرخی نەوت لە جیھاندا دەگەڕێتەوە بۆ شەپۆلەکانی کۆرۆنا ڤایرۆس کە مەترسی لەسەر پرۆژەکان و دابەزینی خواستی ھەمووەکی دروست کردووەو رێگە نادات نرخەکەی جێگیر ببێت.
بەپێی داتایەکی کۆمەڵەی ھەناردەکارانی تورکیا ناردنی کاڵاوشتومەکی تورکی بۆ سعودیە بەرێژەی ٩٤.٤% کەمیکردوەو گەشتووەتە یانزە ملیۆن دۆلار.
پێگەی ئەلکترۆنی (پی ئەی ئینتلیجێنس) تایبەت بەشیکاری ئابووری و سیاسەت ئاماژەی بەھەوڵەکانی رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکی تورکیا کردوە بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ سعودیە و پێدەچێت لەپێناو ئاسایکردنەوەی ھەناردەی وڵاتەکەی چاوپۆشی لەکەیسی کوشتنی جەمال خاشقچی بکات لەناو باڵیۆزخانەی سعودیە لە تورکیا و ململانێکانیان لەسەر لیبیاش کۆتایی پێبھێنن.
مەسیح کشاوەرز سەرۆکی لیژنەی ھاوردەکارانی برنج لە ئێران رایدەگەیەنێت، تەنھا ٢٠% ھاوڵاتیانی ئێران توانای کڕینی برنجیان ھەیە، بەھۆی کەمی دراوی بیانیشەوە ھاوردەکردنی برنج کەمیکردوە و نرخەکەشی بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
وتیشی، نرخی برنجی ھاوردەکراویش بە رێژەی ١٥٠% بەرزبووەتەوە و نرخی یەک کیلۆگرام برنجی ھاوردە گەیشتووەتە ٣٠ ھەزار تمەن و نرخی یەک کیلۆگرام برنجی بەرھەمھێنراوی ئێرانیش بۆ زیاتر لە ٤١ ھەزار تمەن بەرزبووەتەوە.
بەگوێرەی ئاماری گومرگەکانی ئێرانیش لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەبڕی ٩٢٥ ملیۆن دۆلار، ٨٧٠ ھەزار تۆن برنج ھاوردەی ئێران کراوە، کە بەراورد بەساڵی ٢٠١٩ بە رێژەی ٤٠% دابەزیووە.
بەیانی ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی جیھان نرخی نەوت نزیک بووەوە لە ٧٠ دۆلار بەڵام لە ئێوارەدا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت ٢٨ سەنت دابەزی و بە ٦٨ دۆلار و ٦٨ سەنت فرۆشرا و خاوی تەکساسیش ٣١ سەنت نرخەکەی دابەزی و بە ٦٥ دۆلار و ٣٢ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرا.
ئاژانسی ڕۆیتەرزیش ئاشکرای کردووە لە ئەنجامی زۆر بوونی پێکوتەی کۆرۆنا لەسەر ئاستی جیھان و ڕێگەدان بە گەشت کردن و خستنەوەگەڕی پیشەسازیەکان، چاوەڕوان دەکرێت نرخی نەوت لە چەند مانگی داھاتوو لە دەوروبەری ٨٠ دۆلار تۆمار بکات.
کۆمپانیاکەی شاماران لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کۆمپانیاکەیان توانیوویەتی ١٠٤٪ی قەرزەکانی بگەڕێنێتەوە و قەواڵەکانیشی بە بڕی ١٠ ملیۆن دۆلار بدەنەوە ئەمە سەرباری ئەوەی لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ توانیوویانە ١٣ ملیۆن دۆلار قازانج بکەن.
عادل شاوش بەڕێوەبەری کۆمپانیای شاماران ڕایگەیاندووە بەھۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ساڵی ڕابردوو تەواوی پڕۆژەکانی گەشەپێدانیان وەستاندووە بەڵام بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ٢٠٢١ گەشبینن و ھەوڵی پەرەپێدانی پڕۆژەکانیان ئەدەن.
ھەر بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی شاماران لەم ساڵدا بڕی ٤١ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار دۆلاریان وەک شایستەی دارایی کۆمپانیاکە لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە پێدراوە و لە ماوەی کارکردنیشیان زیاتر لە ٤٠ ملیۆن بەرمیل نەوتیان بەرھەمھێناوە.
ئیحسان عەبدول جەبار وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، پلانی کڕینەوەی پشکی ئیکسۆن مۆبیلیان ھەیە لە لایەن کۆمپانیای نەوتی بەسڕەوە کە ڕێژەکەی ٣٢ % لە کێڵگەی رۆژئاوای قەڕنەی یەک لە باشووری عێراق.
کۆمپانیا ئیکسۆن مۆبیل پلانی فرۆشتنەوەی پشکەکانی لە کێڵگەی ئەلبارز ھەیە کە بڕی ٢٠ ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتی زانراوی ھەیە و لە ساڵی ٢٠١٠ وە کۆمپانیا ئەمریکیەکە کاری تێدا دەکات.
ھۆکاری فرۆشتنەوەی پشکەکانی ئیکسۆن دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەکانی ئۆپیک پڵەس بە کەمکردنەوەی ڕێژەی بەرھەمھێنان و ناجێگیری بارودۆخی سیاسی و دواکەوتنی شایستە داراییەکانییان لە لایەن حکومەتی عێراقیەوە .