عەون زیاب وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، سیاسەتی تورکیا لە بارەی ئاو زۆر خراپە سەرەرای ئەو رێکەوتنەی ھەیە کە دەبێت لە چرکەیەکدا ٥٠٠ مەتر سێجا ئاو بەربداتەوە بۆ رووباری فورات.
وتیشی، بەھۆی ئەو سیاسەتەی تورکیاوە رەوشی پارێزگاکانی باشوری عێراق رووی لە سەختی کردوە، لە کاتێکدا ئاوەکە لە بەنداوەکانی تورکیا رۆژانە دەبێتە ھەڵم بەڵام ئەو وڵاتە ئامادەنییە بەریبداتەوە بۆ ناو رووباری فورات.
وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق جەختیکردەوە، وەزارەت لە ھەوڵەکانی بەردەوامە و لەرێگای دانوستان و گفتۆگۆکانەوە دەیەوێت لایەنی تورکی پابەندبکات بەو رێککەوتنەی کەھەیە.
ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان لە راگەیەنراوێکدا روونیکردەوە، ئەو داواکراوانە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە فەرمانی دەستگیرکردنییان بۆ دەرکراوە، دوای ئەوەی بۆ دەرەوەی وڵات ھەڵھاتبوون.
دەشڵێت، یەکێک لەو داواکراوانە دەستی ھەبووە لە کۆمەڵکوژی سپایکەر و بەشداری لە کوشتنی سەدان ھاوڵاتی عێراقی کردووە و لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ لە ژێر ناوی ساختەدا خۆی حەشاردابوو.
مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، فەرماندەییەکە ھەواڵی دەستگیرکردنی دوو کەسی بە تۆمەتی بەشداریکردن لە کوشتنی سەدان خوێندکاری سەربازی لە کۆمەڵکوژیی "سپایکەر" لە شاری تکریت راگەیاند.
رێکخراوی داعش لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤، لەناو بنکەیەکی سەربازی ناسراو بە "سپایکەر" لە پارێزگای سەڵاحەدین، نزیکەی دوو ھەزار کەسی کوشت، کە خوێندکاری کۆلێژی فڕۆکەوانی و کارمەندانی ئەمنی بوون.
یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، کەشتییەکی پڕ لە گازیان کە بڕەکەی ١٠ ملیۆن لیتر بووە، لەڕێی بەندەری سیناوە ڕەوانەی غەززە کردووە.
دەشڵێت، ئەو بڕە سوتەمەنییە بۆ خەڵکی غەززە نێردراوە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە گەمارۆی توندیان خراوەتەسەر و جەختی لەوەشکردەوە بەردەوام دەبن لە گەیاندنی ھاوکاری زیاتر.
بەوتەی یەحیا رەسوڵ، ناردنی ئەو کەشتییە گازە بە ھەماھەنگی تەواو بووە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای میسر و مانگی سور و ھەواڵگری و وەزارەتی بازرگانی عێراق.
ئاژانسی ھاوار نیوز بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی ھەماھەنگییەکانی نێوان کارگێڕیی کەمپی ھۆل و نوێنەرایەتیی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی ھەرێمی باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا، لەگەڵ لیژنەکانی ئاسایش و کۆچ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کاروانێکی نوێی خێزانە عێراقییەکانی نیشتەجێی کەمپی ھۆل، کەمپەکەیان بەرەو کەمپی جەدعە لە پارێزگای موسڵ بەجێھێشتووە.
راشیگەیاند، ژمارەی خێزانەکان ١٧٣ خێزانە، کە ژمارەی ئەندامەکانیان ٦٥٩ کەسە و لە ژن و پیاو و منداڵ پێکھاتوون.
کەمپی ھۆل دەیان ھەزار کەس لە ژن و منداڵەکانی داعشیان تێدایە، کە زۆرینەیان عێراقیین، حکومەتی عێراقیش تائێستا چەندین ھەزاری لەو کەسانە گەڕاندووەتەوە بۆ وڵاتەکەی.
نوسینگەی رۆژنامەوانیی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڵاویکردەوە، قاسم ئەعرەجی پێشوازی لە مەجید میر ئەحمەدی بریکاری وەزیری ناوخۆی ئێران و وەفدێکی یاوەری کردووە و باسیان لە پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران و زیادکردنی ھاوکارییە ئەمنییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و رێگریکردن لە قاچاخچێتی و بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان کردووە.
باسی لەوەشکردووە، ھەردولا جەختیان کردووەتەوە کە بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنە ئەمنییە ھاوبەشەکەی نێوانیان، ھەروەھا ئەعرەجی پابەندبوونی حکومەتەکەی سودانیی بەو رێککەوتنەوە دووپات کردووەتەوە.
ئەعرەجی راشیگەیاندووە، عێراق ھیچ پێشێلکارییەکی لە سنوورە ھاوبەشەکانی لەگەڵ ئێران تۆمار نەکردووە، جەختیشیکردەوە لە بەرژەوەندی ھەردوو وڵاتدایە ھاوکاربن بۆ رێگریکردن لە ھەر کارێک کە مەترسی لەسەر سنوورە ھاوبەشەکان دروست بکات.
ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، پزیشکانی عێراق بە ھاوکاری ستافێکی پزیشکی ئەڵمانی لە نەخۆشخانەی دڵ لە شاری ناسریە، توانیویانە یەکەمین نەشتەرگەرییەکی ئاڵۆز و دەگمەن بۆ نەخۆشێکی تەمەن ٦٠ ساڵ بکەن کە بەدەست سستبوونی دڵییەوە گرفتار بوو بوو، بۆیە دڵێکی دەستکردیان بە سەرکەوتوویی بۆ چاندووە.
بەوتەی حەسناوی، نەشتەرگەرییەکە نەک تەنھا لە عێراق، بەڵکو لەسەر ئاستی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش دەگمەنە، لەگەڵ ئەوەشدا نەشتەرگەرییەکە ماوەی پێنج کاتژمێری خایاندووە، لە ئێستاشدا نەخۆشەکە باری تەندروستی جێگیرەو دوای ئەو ماوەیەی کە بۆی دانراوە، مەترسییەکانی تێپەڕاندووە.
دوابەدوای سەرکەوتنی نەشتەرگەرییەکەش کە چەند مانگێکە ئامادەکاری بۆ کراوە، کارمەند و پزیشک و پەرستارانی نەخۆشخانەکە ئاھەنگی سەرکەوتنیان گێڕاو بەرپرسانی باڵای عێراقیش وەک دەستکەوتێکی گەورەو مێژوویی لای خۆیانەوە بڵاویان کردەوە.
کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک لە بەغداد کە سەر بە وەزارەتی بازرگانییە لە چەند پارێزگاکایەک ھەڵمەتی فرۆشتنی ئەو ماددە خۆراکیە سەرەکیانەی بە نرخی ھەرزان راگەیاند، جەختیشی لەوەکردەوە کە ئەو ھەڵمەتانە رۆژانە بەردەوام دەبن.
باسی لەوەشکردووە وەزارەتی بازرگانی لە ڕێگەی ماڵپەڕەکەیەوە شوێنی کۆگاکان و نرخی خواردەمەنیەکان بڵاودەکاتەوە.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند، نزیکەی سەعات ٧:٣٠ خولەکی بەیانی بە کاتی عێراق بە مووشەکێکی ١٢٢ ملیم بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای عێراق کراوەتە ئامانج.
وتیشی، لە ئەنجامی ھێرشەکە ھیچ زیانێکی ماددی و مرۆیی لێنەکەوتووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ھێزەکانیان شوێنی ھەڵدانی ئەو مووشەکەیان دیاریکردووە و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن.
راشیگەیاند، ھێزەکانی ھاوپەیمانان دەستیان بەسەر بارھەڵگرێکدا گرتووە کە دەستکاری کراوە بۆ ھەڵدانی پێنج مووشەک.
د.لەتیف ڕەشید سەرۆککۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا پیرۆزبایی ئاڕاستەی لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکات و ھیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێت لە بەدیھێنانی خواستی ھاووڵاتییان و باشترکردنی دۆخی ژیانیان.
دەشڵێت، ئێستا لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردن پێکھێنانی ئەنجومەنی پارێزگاکانیان لەبەردەمە و پێویستە ھاوکاری حکومەتی فیدراڵ بن بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتییان.
سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەشدا، سەرکەوتنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بنەماکانی دیموکراسی بەرجەستە دەکات کە لە دەستووری عێراقدا ھەیە و مافی عێراقییەکان دەستەبەردەکات بۆ دەربڕینی ئیرادەی خۆیان و دیاریکردنی نوێنەرانیان.
میدیا عێراقییەكان لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە ئاشكرایان كرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە ژمارەیەك مووشەك هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە سنووری پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق بەئامانجگیراوە، بەڵام هێرشەكە هیچ زیانێكی گیانی و ماددی لێنەكەوتەوە.
لە حەوتی تشرینی یەكەمی ئەمساڵەوە كە ئیسرائیل هێرشی بۆ سەر غەززە دەستپێكرد، گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران دەستیان كردووە بە بۆردمانكردنی بنكە و هێزەكانی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان و عێراق و سوریا.
ھیشام رکابی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی سیاسەتی حکومەتی فیدراڵ لەسەر ئاستی ئابووری ھەڵدەسەنگێنێت و لە ڕاپۆڕتەکەیدا ھاتووە، عێراق لە گەشەی بەرھەمی ناوخۆیی نانەوتیدا بەرەوپێش دەچێت.
ئەوەشی خستەڕوو، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێشوازی لە پلانەکانی حکومەتی فیدراڵ دەکات بۆ بەھێزکردنی بەڕێوەبردنی دارایی گشتی و نەختینەی ناوخۆ و پشتیوانی خۆشی بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ چاکسازی دووپاتدەکاتەوە.
حسێن عەلی مەردان، جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، تورکیا بەردەوامە لە سیاسەتە توندڕەوەکەی بەرامبەر بە عێراق و پابەندی ئەو رێککەوتنە ئاوییانە نییە لەنێوان ھەردوو وڵاتدا ھەیە.
ئەوەشی خستەڕوو، زۆرینەی بەنداوەکانی عێراق بەھۆی بڕینی پشکی وڵاتەکە لەلایەن تورکیاوە دووچاری رێژەیەکی زۆری کەمئاوی بوونەتەوە و ژمارەیەکیان لە وشکبوونی تەواو نزیکن. راشیگەیاند،پێویستە حکومەتی فیدراڵ لەڕێگەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانەوە فشاربخاتە سەر تورکیا بۆ بەردانەوەی پشکی عێراق لە ئاو.
ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ ھاوتا تورکییەکەی ھاکان فیدان لە ئەنقەرە کۆبووە و چەند پرسێکییان تاوتوێکرد، یەکێک لە پرسەکە پرسی ئاوە و تا ئێستا ئەنجامی گفتوگۆکان ئاشکرا نەکراوە.
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی لە کۆنفرانسێکی وەزارەتی داراییدا ھۆشداریدا لە کەمبوونەوەی داھاتی نانەوتی و رایگەیاند، حکومەت ناتوانێت داھات لە چوارچێوەی ئامرازەکانی ئێستادا دابەش بکاتەوە.
عەلاق لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە بابەتێکی دیکە کرد و وتی، بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای زانیاری لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بووەتە پێویست، تا بتوانێت رۆتینات و گەندەڵی لە دامەزراوەکاندا کەم بکاتەوە.
بە وتەی عەلی عەلاق، لە چوارچێوەی ھاندانی پارەدانی ئەلیکترۆنیدا، بانکی ناوەندیی زۆرترین سوود لە تەکنەلۆژیای مۆدێرن وەردەگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا ڕووبەڕووی زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار دەبنەوە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ زیاتر دڵنیابوونەوە لە ئەنجامی دەنگەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کە ١٨ی ئەم بەڕێوەچوو، رۆژی پێنج شەممە لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە لەسەرجەم ئەو پارێزگایانەی ھەڵبژاردنیان تێدا کراوە ژماردنەوەی دەستی بۆ دەنگەکان دەکرێت.
راشیگەیاندووە، لایەنە سیاسییەکان و بریکارانی ھاوپەیمانییەکان و میدیاکان ھەموو ئەوانەی دەیانەوێت چاودێری پرۆسەکە بکەن، دەتوانن ئامادە بن بۆ بینینی ژماردنەوەی دەستی دەنگەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق.
چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاند، بەئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەمەستی گفتوگۆکردن لەسەر پێکھێنانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ھەڵبژاردنی پارێزگارە نوێیەکان کۆنەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، فراکسیۆنی چوارچێوەی ھەماھەنگی لەسەر ئاستی پارێزگاکان پێکھێندراوە ئەوەش بەمەبەستی خێراترکردنی رێکارەکانی پێکھێنانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەردەوام بە ھاووڵاتییان.
چوارچێوەی ھەماھەنگی، رۆڵی ھاووڵاتیانی بەرزنرخاندوە کە توانیویانە بەشداری لە ھەڵبژاردندا بکەن لەگەڵ ھەوڵەکانی حکومەت لە چاودێریکردن و جێبەجێکردنی بەرنامەی ھەڵبژاردندا کە بە سەرکەوتووی ئەنجامدراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠-١٢-٢٠٢٣، لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، د. لەتیف رەشید ھیوای سەرکەوتنی بۆ سەرۆک سیسی دەربڕی و ئومێدی خواست گەلی میسری براش لە پێشکەوتن و گەشانەوەی زیاتردا بژین، ھەروەک جەختیکردەوە لەسەر ویستی عیراق بۆ پتەوکردنی پەیوەندی برایانە، کە ھەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاکاندا کۆدەکاتەوە.
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆک سیسی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆککۆمار دەربڕی و جەختی لەسەر خواستی کۆماری میسری عەرەبی کردەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیریی عیراق و سەلامەتی گەلەکەی.