ئۆپراسیۆنەکە لە گوندی پەڵکانە و شۆراوە و ناوچەی تاوێرکەوە لە خۆرھەڵاتی قەزای خورماتوو ئەنجامدرا و چوار بۆمبی چێنراو پوچەڵکرانەوە و ژمارەیەک مۆڵگەی و شوێنی حەوانەوەی تیرۆرستانیش لەناوبران، بەڵام دواتر دوو بۆمبی چێنراو بە ھێزەکانی حەشدی شەعبیدا تەقینەوە و دوو کەسیان بریندار بوون.
ھاوکات لە ناوچەی زەرگەیش لە خۆرئاوای قەزاکە، سوپای عێراق کێوماڵێکی بۆ دەستگیرکردن و لەناوبردنی مۆڵگەکانی داعش ئەنجامدا.
میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی ھێرشەکانی چەند رۆژی رابردووی داعش بۆ سەر ھێلەکانی کارەبا لە پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکوک، تا ئێستا حەوت کەس کوژراون و ١١ کەسی تر برینداربوون.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ھەر بەھۆی ئەو ھێرشانەوە ٦١ ھێڵی کارەبا پچڕاوە، ئەوەش ھاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و مەترسی بۆ سەر ژیانی ھاوڵاتیانی عێراق دروستکردووە.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی لە حکومەتی عێراق بڵاویکردووەتەوە کە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بۆ لەمەودوا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ پاراستنی تاوەرەکانی کارەبا بەکاربھێنرێت.
سادق عەتیە پسپۆڕی کەشناسی عێراق رایگەیاند، لە ئەمڕوە لە شار و شارۆچکەکانی عێراق، بە رێژەیەکی کەم دابەزین لە پلەکانی گەرما بەدیدەکرێت.
چەند رۆژێکە پلەکانی گەرما لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، بەرێژەیەکی بەرچاوو بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە و لە ھەندێک ناوچە بەتایبەت لە پارێزگاکانی باشووری عێراق، پلەکانی گەرما بۆ سەروو ٥٠ پلە بەرزبوونەتەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، کارەبای نیشتمانی لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق بڕاوە و بەوھۆیەوە کێشەی ئاو لەعێراق سەری ھەڵدا و لە بەشێک لە شارەکانی بێ ئاو بوون.
وتیشی، ھەر بەھۆی بڕانی کارەباوە بەرھەمھێنانی سوتەمەنی لە چەند پاڵاوتگەیەکی عێراق بۆ ٥٠٪ کەمیکردووە.
ھەروەھا وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند، ئێران رووباری کارۆنی بەتەواوی گرتووەتەوە.
شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان نیوزی راگەیاند، وەزیری دارایی عێراق ئامادە نییە ئیمزا لەسەر ناردنی ٢٠٠ ملیار دینار بکات بۆ ھەرێم بە شێوەی پێشینە و وەزیری دارایی روونیکردووەتەوە، ئەگەر بە شێوەی پێشینە پارە ڕەوانەی ھەرێم بکرێت، حکومەتی ھەرێم لەسەر و ئەو ٢٠٠ ملیارەوە قەرزار دەبێت.
شیروان میرزا راشیگەیاند، وەزیری دارایی عێراق لەڕووی خەرجی و بودجەوە بەتەنھا کێشەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو کێشەی لەگەڵ پارێزگاکانی تری عێراقیش ھەیە.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی وتی، لە ناردنی ٢٠٠ ملیارەکە بۆ ھەرێمی کوردستان، بێ ھیوا نین و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ خەرجکردنی ھەیە.
وتیشی دوای گەڕانەوەی مستەفا کازمی لە ئەوروپا، دۆخەکە گۆڕانکاری ئەرینی بەسەردا دێت.
دوای ئەوەی کارەبای نیشمانیی لە زۆرینەی پارێزگاکانی عێراق بڕا و گرفتی بۆ نەبوونی ئاوی لە زۆرینەی پارێزگاکان دروستکرد و بەرھەمھێنانی سووتەمەنی لە چەند پاڵاوتگەیەک بۆ نیوە کەمیکرد، ھاوکات بەھۆیەوە تاقیکردنەوە وزارییەکانی پۆلی نۆی بنەڕەتی بۆ ماوەی دوو ھەفتە دواخرا.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ئەوروپاوە ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد و بڕیاریدا بە پێکھێنانی لیژنە بۆ چارەسەرکردنی نەبوونی کارەبا بە سەرۆکایەتی خۆی و ئەندامێتی وەزیرانی کارەبا و نەوت و دارایی و ناوخۆ.
کازمی داواشیکرد، پەلە بکرێت لە دابینکردنی کارەبای زیاتر و زیادکردنی بڕە سووتەمەنی بۆ مۆلیدە ئەھلییەکان.
کازمی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ نوێنەرانی ھەمیشەیی ھاوپەیمانی ناتۆ لە برۆکسل وتی، ناتۆ ھاوبەشێکی گرنگ بووە لە روبەڕوبوونەوەی داعش و ویستی جدییان ھەیە بۆ بەردەوامیدان بە مەشق و بەھێزکردنی توانا سەربازییەکان لەگەڵ ھاوپەیمانییەکە.
بە وتەی کازمی، عێراق ماوەی چوار دەیەیە بە دەست شڵەژانی ئابوری و سیاسییەوە دەناڵێنێت و دەبێت عێراق نەبێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، چونکە ئەمنیەت و سەقامگیری عێراق بۆ ناوچەکە گرنگە.
کازمی ھێزەکانی عێراقی لە سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و حەشدی شەعبی و پێشمەرگەی کوردستان بەرز نرخاند، کە لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکەوە رۆڵی گەورەیان ھەبووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە تا ئێستا عێراق ھێڵی یەکەمە لە جەنگی داعش.