ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، برینی زۆربەیان سوک بووە و دوای وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانە گەڕاونەتەوە ماڵەوە.
بە پێی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە دەنگدان و خوێندنەوەی یەکەم بۆ چەند پڕۆژە یاسایەک دەکرێت کە لە نێویاندا، ھەڵبژاردنی ئەندامانی دادگای پێداچوونەوەی فیدڕاڵی و یاسای (ئامار و سیستمی زانیاری جوگرافی) ھەیە.
ھاوکات ڕێککەوتنی حکومەتی عێراق لەگەڵ سعودیە لە بواری گواستنەوەی ئاسمانی پەسەند دەکرێت، کە لەلایەن لیژنەی پەیوەندییەکانەوەی ڕەشنووسەکەی بۆ ئامادەکراوە.
"جاسب حەجامی" بەڕێوەبەری تەندروستی کەرخ ڕایگەیاند، پێدەچێت کۆرۆنای گۆڕاو لە جۆری دەلتا ھاتبێتە عێراقەوە، چونکە ژمارەی تووشبووان لە نێو گەنجان زۆر زیادی کردووە و ئەو کەسانەشی لە نەخۆشخانە دەخەوێندرێن لە ٣٠٠ کەسەوە بۆ ٥٠٠ بەرزبووەتەوە.
وتیشی، بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان و نیشانەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی کە دەلتا ھاتووەتە عێراق، بەڵام تا ئێستا لە ڕێی تاقیگەوە تەئکیدی لێنەکراوەتەوە.
بە وتەی بەڕێوەبەری تەندروستی کەرخ، لە چەند ڕۆژی داھاتوودا کاروانێکی نوێ لە ڤاکسینی فایزەر کە بڕەکەی ١١ ھەزار و ٧٠٠ دۆزە دەگاتە عێراق و ھەڵمەتەکانی کوتان فراوانتر دەکەن.
بەر لە دەستپێکردنی ئەو خۆپیشاندانەش، ڕێوڕەسمێکی ڕەمزی بۆ ناشتنی ئەو چەکدارانەی حەشدی شەعبی ڕێکخرا کە لە بۆردوومانێکی ئەمریکا لە "ئەلبوکەمال" کرانە ئامانج.
لەو ڕێوڕەسمەدا "فالح فەیاز" سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و "قاسم ئەعرەجی" ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و "ھادی عامری" سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح ئامادەی بوون. عەسائیب ئەھللحەقیش بڵاویکردەوە، ئەمریکا جەنگێکی کراوە و کۆتایی نەھاتووی بەرپا کردووە.
قاسم ئەعرەجی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، عێراق لەم قۆناغەدا پێویستی بە ھێزی بیانی نیە و ھێزێکی ئەمنی باشی ھەیە کە دەتوانێت پشتی پێ ببەستێت، ھەر بۆیە بەمنزیکانە کازمی سەردانی واشنتۆن دەکات و لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو وڵاتە خشتەی کشانەوەی ھێزە ئەمریکییەکان لە عێراق دادەنێن.
ئەوە لە کاتێکدایە "کێنێس ماکێنزی" فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر دەبنەوە بۆ کشانەوە لە عێراق، بەڵام ھێزەکانیان لەسەر داوای حکومەتی عێراق لەو وڵاتەن و بڕیاری کشانەوەشیان تەنھا لە دەستی حکومەتی عێراقدایە.
ماجد حەنتوش وەزیری کارەباری عێراق لە ژێر فشاری موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر دەست لە کارکێشانەوەی پێشکەش بە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد.
ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند، وەزیری کارەبا دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی ئاڕاستەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران کردووە.
دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری کارەبا دوای ھەڵوێستێکی موقتەدا سەدر ھات سەبارەت خراپی ڕەوشی کارەبا و بوونی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی کەرتەکە و داوای لە وەزیر کرد دەست لە کار بکێشێتەوە.
لە پارێزگاکانی نەجەف و بەسڕە و دیالە و سەڵاحەدین، بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، بۆ ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە پشووی ڕەسمی ڕاگەیەنرا.
ھاوکات سیتسمی کارەبای نیشتمانی لە پارێزگاکانی میسان و زیقار و بەسڕە و سەماوە لەکارکەوتووە و دانیشتوانی ئەو پارێزگایانە بێ کارەبا بوون. بەڵام تا ئێستا ھۆکاری لەکارکەوتنەکەی ئاشکرا نەکراوە.
ئەڵماس فازڵ، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کودسات نیوزی راگەیاند، لەبارەی ھێرش و بۆردومانەکانی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان و بەزاندنی سەروەری خاکی عێراق ، بانگھێشتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی دەکەن. وتیشی تەوەرێکی تری بانگھێشتنامەکە لەبارەی ئامادەکارییەکانی حکومەتە بۆ ھەڵبژاردن.
ئەڵماس فازل باسی لەوەش کرد، ئیمزا بۆ بانگھێشتکردنی کازمی کۆکراوەتەوە و دواتر دەدرێتە سەرۆکایەتی پەرلەمان تاکو رەزامەندی لەسەر دەرببڕێت و ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی بکات.
دوای ئەوەی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، وێستگەی کارەبای سەڵاحەدین لە سامەڕا لە رێگەی کاتیۆشاوە بۆردومانکراوە، زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە، گرووپی تیرۆرستی داعشیش بەرپرسیارێتی خۆی لەو ھێرشە مووشەکییە راگەیاند.
چەند ھەفتەیەکە پەلامارەکانی داعش بۆ سەر وێستگە و تاوەرەکانی کارەبا لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق زیادیکردووە، ئەوەش ھاوکاتە لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، حکومەتی عێراقیش بۆ پاراستنی ئەو تاوەرانە بیر لە بەکارھێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دەکاتەوە.
سەعات یەکی دوای نیوڕۆی سبەینێ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە و بەپێی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە، دەنگ لەسەر ئەندامانی دادگای پێداچونەوەی فیدڕاڵی و پرۆژەیاسای پەسەندکردنی رێککەوتنی گواستنەوەی ئاسمانی لە نێوان عێراق و سعودیە دەدات و خوێندنەوەش بۆ ژمارەیەک پرۆژەیاسا دەکات.
لەلایەکی ترەوە، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆبووەوە و تاوتوێی کاری قۆناغی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانیان کرد، جەخییان لە کاراکردنی رۆڵی چاودێریی ئەنجومەنی نوێنەران و پێکھێنانی لیژنەی شارەزایانی کۆمسیۆن و مافی مرۆڤیان تاوتوێ کرد.
ئیکتیفا حەسناوی ئەندامی لیژنەی تەندروستی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، سەرباری ئەو داواکارییانەی بۆ راگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆی گشتی ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی کراوە، بەڵام تا ئێستا وەزارەتەکە بە نیاز نییە ئەو ھەنگاوە بنێت، بەڵکو دەیەوێت لە رووی فراوانکردنی ھەڵمەتەکانی کوتان دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، روبەڕوی شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنا ببێتەوە.
ئاشکراشیکردوە، لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەکی زیاتر لە ھاوڵاتیان روویان لە بنکە تەندروستییەکان کردوە بۆ بەکارھێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا.
لەلایەکی تریشەوە بەھۆی زیادبونی ئامارەکانی کۆرۆناوە، شانەی قەیرانەکان لە پارێزگای زیقار قەدەغەی ھاتوچۆ و راگرتنی دەوامی رەسمی لە فەرمانگە حکومییەکان بۆ ماوەی یەک ھەفتە راگەیاند و بڕیارەکە لەمڕۆوە جێبەجێ دەکرێت.