مەھدی رەشید وەزیری سەرچاوەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە دیالە راگەیاند، ئێران ھیچ ھەماھەنگییەکیان لەگەڵ ناکات و بەردەوامە لە گرتنەوەی ئاوی ئەو رووبارانەی دەرژێنە ناو خاکی عێراق ئەوەش زیانی گەورەی بە دانیشتوانی پارێزگای دیالە گەیاندوە، بەو پێیەی بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە ئاوی ئەو رووبارانە دەبەستن لە ئێرانەوە ھاتوون.
جەختیشی کردەوە، ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لەگرتنەوەی ئاوی رووبارەکان و رێککەوتنەکان لەبارەی دابەشکردنی ئاو جێبەجێنەکات ناچار دەبن بۆ بەدەستھێنانی مافەکانیان پەنا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ببەن.
وەزیری سەرچاوەکانی عێراق راشیگەیاند، بەرپرسانی ئێران لەمانگی رابردوودا بە پاساوی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن لە وڵاتەکەیان، ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکیان لەسەر پرسی ئاو رەتکردەوە و بەڵێنیاندا دوای ھەڵبژاردن کۆبوونەوەکە بکەن، بەڵام تێستا بەڵێنەکەیان جێبەجێنەکردووە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق ئاشکرایکرد، بەرەبەیانی ئەمرۆ سێ مووشەک ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا ناوچەی سەوز کراون، بەڵام ھیچ کامیان ئامانجەکەی نەپێکاوەو دوای رووداوەکەش باڵیۆزخانەی ئەمریکا زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێداوە.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکاش لەبارەی ھێرشەکەوە رایگەیاندوە ، ئاگاداری ھێرشەکەن بەڵام وردەکاریی تەواویان لە بەردەستدا نییە.
ھەروەھا واین مارۆیتۆ وتەبێژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەتویتەر نوسیویەتی، ھێرشە بەردەوامەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ھاوپەیمانان پێشێلکردنی سەروەری عێراق و یاساکانیەتی و ژیانی ھاوڵاتیان و ھێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە دەخەنە مەترسیەوە.
لای خۆشیەوە قەیس خەز عەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەھلی حەق رایگەیاند، لەپێناو تێکەڵنەکردنی کارتەکان تا ئێستا دەستەی ھەماھەنگی بەرگری نەچووەتە ناو باڵیۆزخانەی ئەمریکا و ئەگەر بیانەوێت کارێکی وا بکەن پێویستیان بەوە نیە مووشەکی ئاڕاستە بکەن.
ئەبوعەلی عەسکەری، بەرپرسی بەشی ئەمنی کەتائیبی حزبوڵای عێراق لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، ھێرشکردنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان لەلایەن ئەوانەوە ڕەتکراوەیە و شەڕکردن لە دژی ھێزە داگیرکەرەکانیش بڕیارێکی تەواو عێراقییە و کەس دەستوەردانی تێدا ناکات.
عەسکەری دووپاتیشیکردووەتەوە، شەڕکردن لە دژی داگیرکەر ناوەستێت تا دوا سەربازیان لە عێراقدا مابێت و جەختیشدەکەنەوە، بەرگریکردن مافی ڕەوای عێراقییەکانە و بۆ ناچاکردنی داگیرکەرە تاکو وڵات جێبھێڵێت و بڕیارەکەی پەرلەمان بۆ پاشەکشەکردنی ئەمریکا جێبەجێ بکرێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا عەسکەری دەڵێت، وەڵامدانەوەیان زۆر کەمەرشکێن و چاوەڕوان نەکراو دەبێت و وەک قۆناغەکانی پێشوو نابێت.
لەو بارەیەوە فائیق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ڕایگەیاند، ھەندێک لە دۆسیەکانی کوشتنی خۆپیشاندەران و چالاکوانانی مەدەنی، یەکلابووەتەوە و بڕیاری لەسێدارەدان بۆ ئەفسەرێک دەرکراوە.
لە خۆپیشاندانەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩، بە سەدان خۆپیشاندەر لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کوژران و برینداربوون.
حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی وتی، ھاوردەکردنی ھێلکە لەناوچوونی تەواوەتی کەرتی کێڵگە پەلەوەرییەکانی لێدەکەوێتەوە و خاوەن کێڵگەکان بە ناچاری کێڵگەکانیان دەفرۆشن و ملیۆنان کەسیش بێکار دەمێننەوە.
حەمید نایف وتیشی، بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار کاریگەری لەسەر داھاتی کێلگەکان کردووە و وەزارەت رێککەوتووە لەسەر ئەوەی نرخی تەبەقێک ھێلکە بۆ زیاتر لە پێنج ھەزار بەرز نەکرێتەوە.
راشیگەیاند، نەبوونی چاودێری ئەمنی و قۆرغکاری ھۆکاری بەرزبوونەوەی نرخن، کە لە عێراق نرخی ھێلکەی مریشک بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و نرخی تەبەقێک گەیشتە حەوت ھەزار، لەکاتێکدا نرخەکەی چوار بۆ پێنج ھەزار دینار بووە.
یەحیا رەسوڵ وتەبێژی مستەفا کازمی فەرماندەی ھێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، ھێرش کردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و بنکەی "عەین ئەسەد" لە "ئەنبار"، ھێرشکردنە بۆ سەر ھەژموونی وڵات و یاسا نێودەوڵەتییەکان، جارێکی تریش رەتیکردەوە خاکی عێراق بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان و بە دوای ئەو کەسانەوەش دەبن لە یاسا دەرچوون، بۆ ئەوەی ژینگەیەکی ئارام بۆ ھەڵبژاردنەکانی عێراق دابین بکەن.
وتەبێژەکەی کازمی وتیشی، بژاردەی شەڕ و ئاشتی مافی دەوڵەتە و دەبێت خۆڕاگربن و رێز لەو بڕیار و دەرئەنجامانە بگرن لە دانوستانە ستراتیژییەکانەوە دەدرێن.
(یەحیا رەسوڵ) وتەبێژی فەرماندەی ھێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، بڕیار دراوە بە گەڕاندنەوەی زیاتر لە (٦٠) ھەزار کارمەند بۆ سەر کارەکانیان، کە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ەوە بە چەند ھۆکارێک لە کارەکانیان دورخراونەتەوە.
وتیشی، زۆرینەی ئەو کارمەندانە لە ڕیزی ھێزە ئەمنییەکان بوون و پێشتر بە شێوەی گرێبەست دامەزرابوون.
(یەحیا ڕەسوڵ) ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دۆسیەی تیرۆرکردنی (ھیشام ھاشمی) چالاکوان و شارەزای کاروباری ئەمنی پێش ساڵێک بە دەستی گروپێکی چەکدار، ئێستا لە دەستی دەزگای ھەواڵگری و لیژنەیەکی تایبەتە بۆ ئاشکراکردنی تۆمەتباری ڕاستەقینەی تاوانەکە و گەشبینیشن کە لەو دۆسیەیە دادپەروەری بەدیدێت.
سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبرێژکراو، لەلایەن سیستمی بەرگری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا خراوەتەخوارەوە.
دوای ڕووداوەکە باڵیۆزخانەی ئەمریکا زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێداوە و ھێزێکی ئەمنیی زۆر لە نزیک باڵیۆزخانەکە کۆبووەتەوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ ھێزەکانی عێراق لێکۆڵینەوە لە ھێرشەکە دەکەن و بەردەوام دەبن لە پاراستنی کارمەندان و باڵیۆزخانەکەیان و لەو پێناوەشدا ھەموو ڕێوشوێنێک دەگرنەبەر.
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە چەند موشەکێک ئاڕاستەی ھێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی عەین ئەسەد کران و تاوەکو ئێستاش ھیچ گروپ و لایەنێک بەرپرسیاریەتی ئەو ھێرشانەی لەئەستۆ نەگرتووە.
وەلائی دەشڵێت، نەک تەنھا لە عێراق، بەڵکو لە کوردستان و سوریا و ئوردن و کوەیت و سعودیەش، بەرەنگاری ئەمریکا دەبنەوە و ھێرشەکانیان لە ئاسمان و زەوی و دەریا و بە درێژایی ھەموو سنوورەکانی عێراق دەبێت.
ھەڕەشەکەی ئەمینداری کەتیبەکانی سەید شوھەدا لە کاردانەوەی ئەو ھێرشەیە کە ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕابردوو، لەلایەن ئەمریکاوە کرایە سەر چەند پێگەیەکی کەتیبەکانی سەید شوھەدا لە سنووری عێراق و سوریا و بەھۆیەوە پێنج ئەندامی ئەو گرووپە کوژران.
خەتیب زادە لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی ھەفتانەیدا ڕایگەیاند، ئێران ھەمیشە دووپاتیکردووەتەوە کە زمانی ھەڕەشە و ھێز ھیچ سودێکی نابێت بۆ بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
وتیشی، ھێرشە بەردەوام و دوبارەکانی ئەمریکا دژی گروپە چەکدارەکانی عێراق و سوریا لە سنوری نێوان ھەردوو وڵات، تەنھا بۆ بە ئامانجکردنی ئەو ھێزە بنەڕەتیانەیە کە شەڕ لە دژی شانە نوستووەکانی داعش دەکەن چونکە ئەمریکا دەیەوێت ئەو گروپە لەناو نەچێت و بەھێزبێتەوە.
سەبارەت بەو تۆمەتانەش کە ئاڕاستەی ئێران دەکرێت لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق، وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ھەرگیز دەستیان لە کاروباری ناوخۆی عێراق وەرنەداوە و نیازێکی لەو جۆرەشیان نییە.