سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاند، تیرۆریستانی داعش پەلاماری خاڵێکی پشکنینی فەوجی دووی لیوای ١٨ی پۆلیسی فیدراڵییان لە نزیک ناحیەی ڕەشاد داوە و لە ئاکامدا پۆلیسێک کوژراوە.
محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی گۆڕی و تایبەتی کرد بە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی نەخۆشخانەی ئیمام حسێن، ئەوە لە کاتێکدایە بڕیاربوو بە پێی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە، لیژنەی زانایان بۆ دیاریکردنی ئەنجامی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ و پێشنیازە یاسای پاراستنی فەرمانبەری مافپەروەر و پێشنیازە یاسای ھەمواری یەکەمی یاسای مافی مانەوەی بیانییەکان دەنگدانیان لەسەر بدرێت و ھاوکات خوێندنەوەش بۆ چەند پڕۆژەیاسایەک بکرێت.
سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاشکرایکردووە، زۆرینەی خۆپیشاندەرەکانی ناسڕیە کەسوکاری قوربانیەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی ڕابردووی نەخۆشخانەی ئیمام حسێنن و ئەمڕۆ نەخۆشخانە ئەھلییەکانی شاری ناسڕەیەیان داخستووە، شەوی ڕابردووش خۆپیشاندەران ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی ھێزەکانی پۆلیسیان سوتاندووە.
ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە بەغداد، لە دوای کۆبونەوەیەکی لەگەڵ جینین بلاسخارت نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق رایگەیاند، دوایین پێشھاتەکانی عێراق و ئێران و ناوچەکەیان تاوتوێ کردوە و باسیان لە پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران کردوە لەدوای پێکھێنانی حکومەتی نوێی ئێران.
باڵیۆزی ئێران راشیگەیاندوە، پشتگیری وڵاتەکەی بۆ عێراق و ھەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران دوپاتکردووەتەوە و نیگەرانی تارانیشیان گەیاندوە بە نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان سەبارەت بەو دەستوەردانەی ئەمریکا و بەریتانیا لە ھەڵبژاردنی عێراقدا ئەنجامی دەدەن.
سەدر رایگەیاند ، بۆردومانکردنی فرۆکەخانەی ھەولێر چی ئەنجامێکی ھەبووە جگە لە زیادبوونی ھێزەکانی ئەمریکا، ئەوانەشی ھێرش دەکەنە سەر فڕۆکەخانەکان و ناوچەی سەوز زۆرترین سودیان لە بوونی ھێزەکانی ئەمریکا بینیوە.
سەدر باسی لەوەشکردووە، ئەگەر ئەمریکا بکشێتەوە ئەو کەسانەی ھێرش دەکەنە سەر فڕۆکەخانەکان بژێوی ژیانیان لەدەستدەدەن و سیاسەت ئەمانەی ھێشتووەتەوە ئەگەر نا دەبنە سفر.
(ئەلێکسەندەر لافرنتیڤ) نێردەی تایبەتی سەرۆکی ڕووسیا بۆ سوریا ڕایگەیاند، بەغداد بە ڕەسمی بۆ مۆسکۆی ڕوونکردووەتەوە کە ئامادەیە بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا، ڕێکاری تەواویش گیراونەتە بەر.
ئەو بەرپرسەی ڕووسیا بڕیاری کشانەوەی ئەمریکای لە عێراق لەم قۆناغەدا بەدوور زانییوە و وتوویەتی، لە ئەگەری کشانەوەی ھێزەکانی لە عێراق، ئەستەمە ئەمریکا بتوانێت پارێزگاری لە مانەوەی ھێزەکانی بکات لە سوریا، بە تایبەتی کە سەرجەم توانا لۆجستییەکانی ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، لە عێراقەوە دابین دەکرێت.
لێدوانەکەی نێردەی تایبەتی سەرۆکی ڕووسیا لە کاتێکدایە، کە ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەمەریکا بڕیاریداوە فیرقەی سترایکەر کە لە ھەزار و ٨٠٠ سەرباز پێکدێت ڕەوانەی عێراق بکات.
"حسێن ڕەقیب" سەرۆکی دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، دوای پەسەندکردنی ژمارەی کاندیدەکان لە ئەنجومەنی کۆمسیاران، لە ئەمڕۆوە بانگەشەی ھەڵبژاردن دەستپێدەکات بۆ ماوەی ٣ مانگ و تا ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ بەردەوام دەبێت.
وتیشی، بە پێی بڕیارەکانی کۆمسیۆن نابێت فەرمانگە حکومییەکان و مزگەوت و کڵێسە و شوێنە گشتییەکان بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن بەکاربھێنرێن، ناوزڕاندن قەدەغەیە و ھەر پێشێلکارییەکیش ببینرێت، لێپرسینەوە دەکرێت و سزای ئەو کاندیدانە دەدرێت کە ڕێنماییەکانی بانگەشە پێشێل دەکەن.
وەزارەتی بارزگانیی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو ماددە خۆراکیانەی پێشنیارکرابوو بۆ بەشەخۆراکی ھاووڵاتیان زیاد بکرێن، بە کوالیەتییەکی بەرز دابینکراون و لەگەڵ بەشەخۆراکی مانگانەدا دابەش دەکرێن.
ماددە خۆراکییەکانیش پێکھاتوون لە "دۆشاوی تەماتە و فاسۆلیا و نۆک و پاقلە و ڕۆن"
کازمی لە سەردانێکدا بۆ وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند، تیرۆریستان لە ھەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ پەکخستنی ژیان لە عێراق و ھەندێ ھێزی وەھمی ھەوڵدەدەن عێراق نەگاتە ئاستی خودبژێوی لە غاز و وزە.
جەختیشی کردەوە، بەردەوامی کردنە ئامانجی کەرتی کارەبا ھەوڵێکە بۆ پەکخستنی سیستمی ووزە، لەگەڵ ئەوەشدا کۆڵ نادەن و لە پەرەپێدانی کەرتی کارەبا لە ڕێگەی فرە کردنی سەرچاوەکانی وزە بەردەوام دەبن.
کازمی ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە ٨٠ ملیار دۆلار بۆ کەرتی کارەبا خەرجکراوە و گەندەڵی بووەتە ئاستەنگییەکی گەورە لە بەردەم دابینکردنی کارەبای بەردەوام بۆ ھاوڵاتیان.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاشیگەیاند، ڕێگەنادەن کەرتی کارەبا ببێتە بابەتێک بۆ ململانێی سیاسی و ھەڵبژاردن، ئەوانەشی ھەوڵدەدەن بەرپرسیاریەتی قەیرانەکە بخەنە ئەستۆی حکومەتی ئێستا پێویستە بەخۆیاندا بچنەوە.