بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەکەی، کازمی لە میانی پێشوازیکردنی لە ژمارەیەک لە مەترانەکانی کڵێسای کلدانی کاسۆلیکی ، دوپاتیکردۆتەوە کە پێویستە ھەموان پێکەوە کار بکەن بۆ پاراستنی گیانی پێکەوە ژیان لە نێو عێراقییەکاندا و بوونی مەسیحییەکانیش لە عێراق یەکێکە لە گرنگترین بنەماکانی پێکەوە ژیان لە وڵاتەکەدا ، کازمی داواشی کردوە ھەموو ئەو ھاوڵاتیە عێراقییە مەسیحییانەی لە ساڵانی رابردوودا بەھۆی رەوشی عێراقەوە وڵاتەکەیان جێھێشتوە بگەرێنەوە و پشتگیری و ھاوکاری تەواوی حکومەتیشی بۆ ئاسانکردنی گەرانەوەیان دوپاتکردۆتەوە .
 بەھۆی ناسەقامگیری رەوشی عێراقەوە ، لە ساڵانی رابردوودا ژمارەی مەسیحییەکان لە وڵاتـەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردوە ، بە جۆرێک پێش ساڵی ٢٠٠٣ ژمارەیان یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بووە ، بەڵام لە ئێستا ژمارەیان ٢٥٠ ھەزار تێپەر ناکات کە زۆرینەیان نیشتەجێی ھەرێمی کوردستانن .