کازمی لە تویتەر رایگەیاندوە، فرمێسک و جەرگسوتانی کەسوکاری شەھیدانی مەدینە سەدر بوو بە رێگەیان بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنی ئەو تۆڕە تیرۆریستییەی پلاندانەر و ئەنجامدەری ھێرشە ناڕەواکەی بازاڕی وەحیلات بوون .
راشیگەیاند، دەستگیرکراوەکان دەخرێنە بەردەم یاسا و گەل بۆ ئەوەی ببە پەند بیر لەکاری لەو شێوەیە دەکەنەوە .
رۆژی دووشەممەی رابردوو لە ئاکامی تەقینەوەیەک لە بازاڕی وەحێلاتی مەدینە سەدری بەغداد ٣٠ کەس کوژران و ٥٠ی تریش برینداربوون.
بەگوێرەی راگەیەندراوی ھاوبەشی ئەمریکا و عێراق، ئەمریکا بڕیاریداوە نیو ملیۆن ژەمە ڤاکسینی جۆری فایزەر ببەخشێتە عێراق و دەیان ملیۆن دۆلاریش بۆ کەرتەکانی تەندروستی و پەروەردە و ژینگەی عێراق دابین بکات.
بەخشینی نیو ملیۆنە ژەمە ڤاکسین بە عێراق لە کاتێکدایە ژمارەی حاڵەتەکانی توشبوون و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ئاستێکی مەترسیدار بەرزبووەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتریش ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، ئەمریکا بڕی ١٥٥ ملیۆن دۆلار ھاوکاری دەبەخشێتە عیراق.
جاسب حەجامی بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی کەرخ لە بەغداد رایگەیاندوە، بەھۆی زیادبوونی ئامارەکانی کۆرۆنا و پابەند نەبوونی ھاوڵاتیان بە رێنماییە تەندروستییەکان، رەوشەکە بەرەو ئاڵۆزبون دەچێت بەتایبەتی ئامارەکانی گیانلەدەستدان بەھۆی کۆرۆناوە لە زیادبووندان.
سەباح موسەوی بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی پارێزگای کەربەلاش رایگەیاندوە، پێویستە ھاوڵاتیانی عێراق زیاتر روو لە بنکە تەندروستییەکان بکەن بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا و پابەندی رێنماییەکان بن، چونکە ئەگەر رەوشەکە بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت و ئامارەکان لە بەرزبونەوەدا بێت، لە عێراق کارەسات دروست دەبێت.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنی کۆمسیاران تۆماری کۆتایی دەنگدەرانی گشتی پەسەندکرد، بە پێی تۆمارەکە کۆی گشتی دەنگدەران بریتییە لە ٢٤ ملیۆن و ٢٩٩ ھەزار و ٢١ دەنگدەر، کە کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان ھەیە و دەتوانن دەنگ بدەن.
بەپێی راگەیەنراوەکە، دەنگدەرانی لە دایکبووی ساڵی "٢٠٠٢ و ٢٠٠١ و ٢٠٠٣"ش پەسەندکراون، ئەوانیش ژمارەیان ٩٨٨ ھەزار و ٤٣٥ دەنگدەرە، ھاوکات ژمارەی گشتی دەنگدەرانی تایبەتیش بریتییە لە ١٩٥ ھەزار و ٨٥٣ دەنگدەر، ١٢٠ ھەزار و ١٢٦ دەنگدەری ئاوارە و پەنابەرانیش دەستنیشانکراوە.
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لە دواین خولی دانوستانەکانی نێوان بەغداد و واشنتۆن، رێککەوتن لەسەر دانانی خشتەیەک بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق دەکرێت، بە جۆرێک ھەردولا دەگەڕێنەوە بۆ رێککەوتننامەی ساڵی ٢٠٠٨.
وتیشی، بەغداد پێویستی بە ھێزی شەڕکەری بیانی نییە، بەڵام پێویستی بە ھاوکاری و پشتیوانی لۆجستی و ھەواڵگری ھاوپەیمانان و ئەمریکا ھەیە، بەتایبەتی ھێشتا داعش ھەڕەشەی جدییە لەسەر سەقامگیری ئاسایشی عێراق.
تایبەت بە ئامادەکارییەکان بۆ سەردانەکەی مستەفا کازمی، لە رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە بۆ ئەمریکا و ئەنجامدانی دیالۆگی ستراتیژی، وەفدێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ئەمریکایە.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، (نەوفڵ حەمادی) پارێزگاری پێشووی نەینەوای بە تۆمەتی گەندەڵی، خستە ناو لیستی سزاکانەوە، کە پێشتر لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە.
(دومینیک راب) وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند، (نەوفڵ حەمادی) پارێزگاری پێشووی نەینەوا، لەلایەن دەستەی دەستپاکی عێراقەوە تۆمەتبارکراوە، بە بەکارھێنانی موڵکی گشتی لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆی و بردنی ٧٦ ملیار دیناری عێراق بە شێوەیەکی نایاسایی.