جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، کشانەوەی بەشێک لە ڕەوت و حزبەکان کاریگەری نابێت لەسەر کاتی ھەڵبژاردن و پڕۆسەکە لە کاتی دیاری کراوی خۆیدا ئەنجام دەدرێت.
غەلای باسی لەوەش کردووە، کۆمسیۆن کۆتایی بە پڕۆسەی پەسەندکردنی ناوی کاندیدەکان ھێناوە کە ژمارەیان ٣ ھەزار و ٢٤٩ کەسە و بەشێکی ئامادەکارییەکانیش بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا کۆتاییان پێھاتووە.
وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، کاروانێکی نوێی ڤاکسینی ئەسترازێنیکا گەیشتووەتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد و دوای چەند ڕۆژێکی تر سەرجەم ڤاکسینەکان بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت.
ھاتنی ئەم کاروانە ڤاکسینە لە کاتێکدایە "سەیف بەدر" وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق دەڵێت، ئێستا ڕەوشی کۆرۆنا لە عێراق مەترسیدارترینە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە و ڕۆژانە بەرزترین ئامار تۆمار دەکرێت کە لە شەپۆلەکانی تردا ھیچ کات نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە و داواشی لە ھاوڵاتیان کرد ڤاکسین وەربگرن.
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆتایی بە سەردانە چەند ڕۆژییەکەی بۆ ئەمریکا ھێنا و گەڕایەوە بەغداد و لە یەکەم لێدوانیدا وتی، بایکۆتکردنی ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ١٠ی تشرینی یەکەم خزمەت بە ھیج لایەک ناکات.
وتیشی، ھەموو ھەوڵێک دەدەن ھەڵبژاردنەکە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت. ئاشکراشیکرد، ١٧ ھەزار پارچە ئاساوارمان لەگەڵ خۆمان گەراندووەتەوە بۆ عێراق.
ڕۆژی ٢٦ی مانگ مستەفا کازمی سەردانی ئەمریکای کرد و لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە و لەسەر کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە کۆتایی ئەمساڵ ڕێککەوتن.
حەسەن نازم وەزیری رۆشنبری عێراق رایگەیاندوە، ئەمریکا و چەند وڵاتێکی تری ئەوروپی و عەرەبی ١٧ ھەزار پارچە ئاسەوار رادەستی عێراق دەکەنەوە و دوای وەرگرتنەوەیان ئەو ئاسەوارانە لە مۆزەخانەی عێراقییدا دادەنرێن.
وتیشی، لە ھەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی ئەو ئاسەوارانەی لە ساڵانی رابردوودا بە تاڵان براونەتە دەرەوەی عێراق.
بەڕێوەبەری تەندروستی نەینەوا دەڵێت، ھاووڵاتیان پابەندی ڕێنماییەکان نابن و ئەگەر ڕەوشەکە وا بەردەوام بێت نەخۆشخانەکان پڕ دەبن و شوێنی نەخۆش نامێنێت.
تا ئێستاش ٧٠ ھەزار کەس لە پارێزگای نەینەوا ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە و ٨٠ ھەزار ژەمە ڤاکسین لە بنکە تەندروستییەکانی پارێزگایەکە بەردەستە.
لە کۆتایی خولی چوارەم و کۆتایی دانوستانی ستراتیژی، ھەردوو وەفدی دانوستانکاری ئەمریکا و عێراق ڕاگەیەنراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە و تەئکیدیان کردەوە لە پابەندبوون بە بنەماکانی چوارچێوەی ڕێککەوتنی ستراتیژی و ئەمریکاش جارێکی تر دووپاتیکردەوە ڕێز لە سەروەری خاکی عێراق و یاساکانی دەگرێت و بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی پێداویستییەکانی لە پێناو پاراستنی یەکپارچەیی خاکەکەی.
لای خۆشییەوە، حکومەتی عێراقیش پابەندبوونی خۆی پیشاندا بە پاراستنی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە مەشق و ڕاوێژ پێشکەش ھێزەکانی عێراق دەکەن و سەرجەم ھێزەکانی ھاوپەیمانانیش لەسەر داوای عێراق کار دەکەن.
ھەردوولا جەختیانکردەوە، ھەموو ئەو بنکە سەربازییانەی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانانیان تێدایە عێراقین و بە پێی یاساکانی عێراق بەڕێوەدەبرێن و مانەوەی ھێزەکانیش تەنھا بۆ پشتیوانیکردنی حکومەتی عێراقە لە جەنگی دژ بە داعش.
ھەروەھا وەفدی ھەردوو وڵات ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی پەیوەندی ئەمنی دەگۆڕدرێت بۆ مەشق و ڕاھێنان و ڕاوێژ و ھەماھەنگی ھەواڵگری و تا کۆتایی ئەمساڵ ھیچ ھێزێکی شەڕکەری ئەمریکا لە عێراق نامێنێت، لە بەرامبەردا ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ھێزەکانی عێراق لە نێویاندا پێشمەرگە لە پێناو بەرزکردنەوەی تواناکانیان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ھەڕەشەکان.
"سەدر" لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ڕێککەوتنی نێوان "کازمی و بایدن" لە کۆشکی سپی، دەبێت تەواوی ھەڵمەتە سەربازییەکان لە دژی ھێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق ڕابگیرێن، ھێزە ئەمنییەکانی عێراقیش کار بکەن بۆ بەدیھێنانی ئاشتی و دوورخستنەوەی تیرۆر و توندڕەوان، سوپاسی ھەوڵەکانی "مستەفا کازمی"یشی کرد بۆ گەیشتن بەو ڕێککەوتنە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشیدا "سەدر" بڵاویکردووەتەوە، عێراق بەرەو سەربەخۆیی و ھەژموون و سەروەری خۆی ھەنگاو دەنێت.
"ئیسماعیل حەدیدی" ڕاوێژکاری سەرۆک کۆمار لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، سەرباری ئەو ھەوڵانەی ھەندێک لە لایەنە سیاسییەکان بۆ دواخستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن دەیدەن، بەڵام پڕۆسەکە لە وادەی دیاریکراودا بەڕێوەدەچێت، سەرۆکایەتی کۆماریش دڵنیایی داوەتە وڵاتانی ھاوپەیمان و ھاوبەشی عێراق سەبارەت بە بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە لە وادەی دیاریکراودا.
ڕاوێژکارەکەی سەرۆک کۆمار ھۆشداریشی داوە لە ھەر ھەوڵێک کە بۆ تێکدانی دیموکراسیەت لە عێراقدا بدرێت، چونکە ئەو ھەوڵانە کاریگەری نەرێنی لەسەر وڵاتەکە دەبێت و کێشەی زۆر و بێ متمانەیی دروست دەکات.
(مستەفا کازمی) سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانی لەسەر ووردەکاری گفتوگۆی ستراتیژی نێوان (بەغداد و واشنتۆن) رایگەیاند: تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا خاکی عێراق بەجێدەھڵن، وتیشی پەیوەندییەکانی نێوان (ئەمریکا و عێراق) پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە و دەرفەتی گەورە لەبەردەم وەبەرھێنان و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری وڵاتەکەی دروست دەبێت .
(مستەفا کازمی) وتیشی" لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا، ھەفتانە ٤٠٠ ھەزار ڤاکسینی کۆرۆنا لە جۆری فایزەر بە عێراق دەگاتە.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بانگەشەی ھەڵبژاردن لە ٨ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە و لە سەعات شەشی بەیانی رۆژی ٧ی تشرینی یەکەم کۆتایی دێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لیژنەیەکیان پێکھێناوە بۆ چاودێریکردنی ھەڵمەتەکانی بانگەشەی کاندیدەکان و ھەماھەنگیشیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی شار و شارۆچکەکانی عێراق ھەیە، یاداشتی لێکتێگەیشتنیشیان لەگەڵ دەستەکانی راگەیاندن و پەیوەندیش ئیمزا کردووە، جەختیشیکردووەتەوە ئامادەکارییەکانیان بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخت بەردەوامە.