"حەسەن فدعم" ئەندامی رەوتی حیکمە رایگەیاندووە، ئەگەر کوتلە سیاسییەکان بە ویلایەتی دووەمی "کازمی" وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق رازی بن، ئەوا چوار ساڵی تر لە پشێوی و ئاژاوە بەردەوام دەبێت، وتیشی نابێت بێدەنگ بن بەرامبەر بە کوژرانی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز و جەختی کردەوە لەوەی دەستی دەرەکی ھەیە لە پشت کاروبارەکانی ناوخۆی عێراق و ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن. ئەو ئەندامەی رەوتی حیکمە وتیشی، رەتیدەکەنەوە "کازمی" بۆ ویلایەتێکی تر ببێتەوە بۆ سەرۆک وەزیران.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، وەرگرتنەوەی مۆڵەت لە کۆنسوڵی فەخری بێلاروس لە بەغداد بۆ ماوەیەکی کاتییە و ئامانج لێی پاراستنی کۆچبەرە عێراقییەکانە و پاراستنی ھاوڵاتیانە لەو گروپانەی قاچاغچیەتی بە مرۆڤەوە دەکەن و بە نایاسایی دەیانگەیەننە بێلاروس.
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق وتیشی، عێراق ھەموو گەشتە ئاسمانییە ڕاستەوخۆکانی لەگەڵ بێلاروس ڕاگرتووە و ھەردوو باڵیۆزخانەی عێراق لە مۆسکۆ و وارسۆ ھەماھەنگی دەکەن بۆ ئەوەی کۆچبەرە عێراقییەکان کە لە سنورەکانی بێلاروس گیریان خواردووە، بە خواستی خۆیان بگەڕێننەوە.
موختار موسەوی ئەندامی ھاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاندووە، دەستوەردانی دەرەکی لە ئەنجامی ھەڵبژاردن ڕوون و ئاشکرایە و ئەو ساختەکاریەش کە لە پڕۆسەی ھەڵبژاردندا ئەنجامدراوە بە دەستوەردانی دەرەکی بووە، بۆیە داوای لە سەرۆکایەتی کۆمار و حکومەت و کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان کردووە گوێ لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران بگرن و دوور بکەونەوە لە پشتگوێخستنیان.
ڕەوتی سەدریش دووپاتیکردووەتەوە ھەوڵ دەدەن بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی و بە ھەموو جۆرێک دەستوەردانی دەرەکیان لە کاروبارەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق ڕەتکردووەتەوە.
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، لە ئەژمارکردنەوەی دەستی دەنگەکاندا نزیکەی ٧٥٠ ھەزار دەنگی پوچەڵ ھەبووە، بە کۆمەڵێک ھۆکاری جیاوازیش ئەو ٧٥٠ ھەزار دەنگە پوچەڵە ھەژمار کراوە.
وتیشی، بەشێکی ئەو دەنگانە دەنگدەر سوتاندوویەتی و بەشێکیشیان بێ مۆر بوون یاخود چەند مۆرێکیان لەسەر بووە یان لە شوێنی ناڕاستدا مۆرکراون، لە ئێستاشدا چاوەڕوانی دەستەی دادوەری دەکەن بە مەبەستی سەیرکردن و یەکلاکردنەوەی ھەموو ئەو تانانەی لەسەر ئەنجامەکان پێشکەشکراون.
جەختیشیکردەوە، دەستەی دادوەری دەتوانێت بڕیار لەسەر ئەژمارکردنەوەی دەستی لە بازنەیەک یاخود چەند ناوەندێکی دەنگدان یان چەند وێستەگەیەکدا بدات.
بەشیر حەداد جێگری خولی پێشووی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رەوشی عێراق بە ئاراستەیەكی نادیاردا دەڕوات، تا ئێستا ئەنجامی هەڵبژاردن لە لایەن دادگای فیدراڵییەوە پەسەند نەكراوە.
وتیشی، ئەو لایەنانەی ناڕازین لە ئەنجامەكان دەیانەوێت ئەو پەیامە بگەیەنن، كە ئەنجامی هەڵبژاردن نەكرێت بە مەرجی پێكهێنانی حكومەت، بەڵكو ئەوانەی كورسی كەمیشیان هێناوە بەشدارییان پێبكرێت.
بە پێی نوسراوێک کە وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی کردووە بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، باسی لەوە کردووە، بەھۆی کەمی وەرگرتنی ڤاکسین مەترسی شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا ھەیە و حاڵەتەکانی تووشبوونیش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ٥٠٪ی تێپەڕاندووە.
ھەر لە نوسراوەکەدا وەزارەتی تەندورستی عێراق داوای لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی کردووە ئامادەکاری زیاتر بکەن بۆ فراوانکردنی پێدانی ڤاکسین و دابینکردنی دەرمان.
عەباس جیھانگیر بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، ژمارەی ئەو عێراقییانەی لەسەر سنوری پۆڵندا و بیلاڕوس گیریان خواردووە زیاتر بە ھەزار کۆچبەر دەخەمڵێندرێن.
وتیشی، حکومەت فڕۆکەیەکی بۆ کۆچبەرە گیرخواردووەکان ناردووە، بەڵام زۆرینەیان رەتیدەکەنەوە بگەڕێنەوە بۆ عێراق.
عەباس جیھانگیر جەختیشی کردەوە، لە نزیکەوە چاودێری رەوشی ئەو کۆچبەرانە دەکەن، بەڵام بەھۆی خراپی رەوشی وڵاتەکەیانەوە نەڕۆشتوون بەڵکو پلانی تریان ھەیە چونکە لە ئێستادا رەوشی عێراق باشە.
داواشی لە پاسەوانەکانی سەر ئەو سنورە دەکەن کە کۆچبەران ئازار نەدەن و پابەند بن بە پەیمانامە نێودەوڵەتییەکانەوە.
کۆبونەوەکانی وەفدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەسەرۆکایەتی خالید شوانی لە بەغداد لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەردەوامە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رەوشی سیاسی عێراق و نەخشە رێگەی پێکھێنانی حکومەت.
لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارە ئەمرۆ لەگەڵ دەستەی سیاسی سەدر کۆببێتەوە، بۆ بەرچاوو رونی لەسەر ئەو نەخشە رێگەیانەی ھەیە بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، دواتر ئەنجامی ئەو کۆبونەوانە بۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەرز دەکرێتەوە بۆ ئەوەی ھەنگاوەکانی داھاتوو جێبەجێ بکرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژی چوارشەممەش وەفدی یەکێتی لەگەڵ فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کۆبووەوە.
ھێڵی ئاسمانی عێراق لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، ھەموو ئامادەکارییەکانیان تەواوکردوە بۆ جێبەجێکردنی رێنماییەکانی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی بۆ پشکنینی کارتی نێودەوڵەتی وەرگرتنی ڤاکسین، بڕیارە لە رۆژی ٢٢ی ئەم مانگەوە، ھاوڵاتیان بۆ گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات ئەو کارتەیان پێبێت.
راشیگەیاندوە، لە رۆژی ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ ھەر ھاوڵاتییەکی عێراق بەنیازی گەشتکردن بێت بۆ دەرەوەی وڵات پێویستە بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا و بەڵگەی پشکنین"پی سی ئار"ی ٧٢ سەعات پێش گەشتەکەی پێبێت، ھەر کەسێک ئەو دوو مەرجە جێبەجێ نەکات رێگەی پێنادرێت گەشت بکات.
ھاوکات بڕیارە رۆژی یەک شەممەش لە سلێمانی پڕۆسەی دروستکردنی کارتی ڤاکسینی نێودەوڵەتی دەستپێبکات.
مەھدی حەمەدانی وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لەگەڵ تەمام رەعد ھاوتا سورییەکەی، لە رێی ڤیدیۆ کۆنفرانسێکەوە، قەیرانی کەمبونەوەی ئاوی وڵاتەکانیان تاتوێکرد و باسیان لەو کاریگەرییە نەرێنییانە کرد کە ئەو گرفتە دروستیکردوە.
ھەردولا دوپاتیان کردەوە کە گۆرانکارییەکانی کەش و ھەوا و سیاسەتەکانی تورکیا بۆ کەمکردنەوەی بڕی بەردانەوەی ئاوی روبارەکانی دیجلە و فورات، ھۆکارن بۆ کەمبونەوەی ئاوی سوریا و عێراق، ھەردولاش ئامادەیی تەواویان دەربری بۆ ھاوکاری و ھەماھەنگی بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەری ھاوبەش بۆ گرفتەکە .
تاریق حەرب رایگەیاندوە، بەپێی یاسا ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دووبارە ناکرێتەوە، تەنھا بە بریارێک نەبێت کە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بدرێت لە دوای کۆبونەوەی ئەنجومەنەکە، بە جۆرێک کە ئەنجومەنەکە بریاری خۆ ھەڵوەشاندنەوە و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت بدات.
وتیشی، ئەو بژاردەیەش بە دور دەزانرێت، چونکە ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر داوای رێژەیەکی کەمی لایەنە سیاسییەکان کە لە سەدا دوو تێناپەرێنن، خۆی ھەڵناوەشێنێتەوە، ھەربۆیە رێگایەکی یاسایی بۆ دووبارە ئەنجامدانەوەی ھەڵبژاردن نیە.
وەفدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ماوەی دوو رۆژە سەردانی بەغدادی کردووەو لە درێژەی دیدارو کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ ھێز و لایەنە سیاسییەکان، لەگەڵ دەستی سیاسی رەوتی سەدر کۆبووەوە.
خالید شوانی سەرۆک وەفدی یەکێتی بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ دەستەی سیاسی رەوتی سەدر گفتوگۆیان کردوە لەبارەی کۆی رەوشی سیاسی و ئەنجامی ھەڵبژاردن و قۆناغی داھاتووی سیاسی.
وتیشی، گفتوگۆکانی ئێستا راوێژکارین و دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردن، کۆبوونەوەی رەسمی دەستپێدەکات.