لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ عەلی ڕەشید حەمدانی لە بەغداد لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان کردووە، دەربارەی پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات و دۆسیەی ئاو و دوا پێشھاتەکانی لەمساڵدا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کۆبوونەوەکانی ڕابردوو لەسەر ئەو دۆسییە، کاریگەریی بەرچاویان ھەبووە لەسەر کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ڕابردوو لەسەر دۆسیەی ئاو لە نێوان ھەردوو وڵاتدا.
وەزیری سەرچاوەکانی ئاو داواشی لە لایەنی تورکی کردووە، ھەرچی زووە دەستبکرێت بە کاراکردنی پرۆتۆکۆلی ھاوکاری لەسەر ئاوی روباری دیجلە و سەنتەری ھاوبەشی تایبەت بە گەشەپێدانی کەرتی ئاو و ئاڵۆگۆڕکردنی پسپۆڕی و توێژینەوە ھاوبەشەکان.
لە ڕاگەیەندراوێکدا لیژنەی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، زۆر دوودڵن سەبارەت بە ڕێوشوێنەکانی یاسای سزادانی عێراقی، لە نموونەی ئەو بڕگانەی تایبەتن بە دەستدرێژی سێکسی و تاوانی ناسراو بە شەرەف، کە تا ئێستاش یاسا جیاکاری کردووە لە دژی ژنان لەو بوارەدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە عێراق پەلە بکات لە ھەمواری پێویست لە پڕۆژەیاسای توندوتیژی خێزانی و پێداچوونەتەوە یان ھەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو یاسایانەی کە بوونەتە پاڵپشتی جیاکاری لە دژی ژنان و، ڕێگە دەدات بە پیادەکردنی توندوتیژی لە بەرامبەریان.
نەتەوە یەکگرتووەکان داواشی لە عێراق کردووە، دڵنیایی بدات لەوەی یاساکانی تایبەت بە ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر، بگونجێت لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، بە تایبەتی تاوانی تیرۆر وردتر پێناسە بکات.
سەرکردەیەکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، کاریگەرییەکانی سێیەکی پەکخەر دەرکەوت لەسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراق، کە ھاوپەیمانییەکانی دیکە نەیانتوانی بە تەنھا تێیپەڕێنن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی بەردەوامی گفتوگۆکانی نێوان چوارچێوەی ھەماھەنگی و ڕەوتی سەدر، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ھەفتەی داھاتوودا چارەسەرێکی تەواوفوقی بێتە ئاراوە و کۆتایی بێت بە قەیرانی سیاسی و پاڵنەر بێت بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ.
ئەو سەرکردەیەی دەوڵەتی یاسا جەختیکردەوە، بەبێ بوونی چوارچێوەی ھەماھەنگی ناتوانرێت حکومەت پێکبھێنرێت، خواستی ئەوەشیان ھەیە بە بەشداری ھەموو لایەنەکان حکومەتێکی بەھێز پێکبھێنرێت، لە کاتێکدا وڵات بە چەندین قەیرانی ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبێت.
سەعد سەعدی ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەھلی حەق بە میدیاکانی راگەیاندووە، چوارچێوەی ھەماھەنگی توانای ئەوەیان ھەیە حکومەتی داھاتوو پێکبھێنن و سەرۆک وەزیران کاندید بکەن، ھەموو لایەکیش خواستی گفتوگۆی ھەیە بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کوتلەکانی تری کورد و سوننە ئامادەی گفتوگۆن لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی، چونکە ھیچ بوارێک لەبەردەم ھاوپەیمانی سێ لایەنەکە و چوارچێوەی ھەماھەنگیدا نەماوەتەوە جگە لە پێکھێنانی حکومەت نەبێت.
سەعد سەعدی ئاماژەی بەوەشکرد، ناکۆکی نێوان چوارچێوەی ھەماھەنگی و رەوتی سەدر، کاریگەریی ھەبووە لەسەر پرۆسەی سیاسی و دەستوەردانی دەرەوەش، بوونەتە ھۆی بە بنبەستبوونی پرۆسەی سیاسی لە وڵاتدا.
ھادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح، لەبارەی مۆڵەتەکەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، سازش لە پێکھێنانی گەورەترین کوتلە ناکەن، کە چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعە و رەوتی سەدر و سەربەخۆکان لەخۆبگرێت، کە دوای ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیرانیش دیاری بکەن.
عامری راشیگەیاند، لە سەردانەکەی کۆتایی مانگی کانوونی یەکەم بۆ حەنانە، موقتەدا سەدر، پێشنیازی کردووە، رەوتی سەدر ببێتە ئۆپۆزسیۆن و چوارچێوەی ھەماھەنگی حکومەت پێکبھێنێت، بەڵام ئەو پێشنیازەیان رەتکردووەتەوە و دەیانەوێت رەوتی سەدر و چوارچێوەی ھەماھەنگی، پێکەوە گەورەترین کوتلە دروستبکەن.
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە تویتێکدا ڕایگەیاند، مۆڵەتی ٤٠ ڕۆژ دەدات بە سێ یەکی پەکخەری پەرلەمان و کوتلەکانی دیکە بۆ دانوستان و ئەوان دەبنە ئۆپۆزسیۆن.
سەدر دەڵێت ھەلێک دەدەم بە لایەنەکانی سێ یەکی پەکخەری پەرلەمان، بۆئەوەی دانوستاندن لەگەڵ کوتلەکان بکەن بەبێ جیاوازی لە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانەوە تاوەکو ٩ی مانگی شەوال.
موقتەدا سەدر لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نوسیویەتی نابێت پەرلەمانتارانی ڕەوتەکەی دەستوەردان لەکارەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بکەن بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان بەمەبەستی پێکھێنانی حکومەتێکی نوێ.
سەدر دەشڵێت "بەمەبەستی ئەوەی عێراق بەبێ حکومەت نەمێنێتەوە و باری ئەمنی و ئابوری و خزمەتگوزاریەکانی دیکە خراپتر نەبن، ھەلێک دەبەخشم بە سێیەکی پەکخەر بەبێ جیاوازی گفتوگۆ لەگەڵ ھەمو کوتلەکان بکەن بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی زۆرینە بەبێ رەوتی سەدر."
نزیکەی ٦ مانگە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق ھەڵنەبژێردراون.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەعات ١١ی کۆدەبێتەوە و ئەگەر رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادەبن دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق بەرێوەدەچێت، ئەوەش لە کاتێکدایە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان و یەکێتیی و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتوو و ئەشراق کانوون و ژمارەیەک لە ئەندامە سەربەخۆکان بایکۆتی دانیشتنەکەیان کردووە و رایانگەیاندووە بەشداری ناکەن تا ئەو کاتەی رێککەوتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکان دەکرێت.
بەوتەی ئەندامێکی دەوڵەتی یاسا بۆ کۆبوونەوەکەی سبەینێ زیاتر لە نیوەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادە نابن.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، شەوی رابردوو بە پێنج مووشەک ھێرشکرایە سەر بنکەی سەربازی تورکیا لە چیای باشیکی سەربە ناحیەی زێلکان، ھیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تائێستاش ئاماژە بە زیانە مادییەکانی ئەو ھێرشە نەکراوە.
ھەر بەپێی زانیارییەکان، مووشەکەکان لە دەشتی نەینەواوە ئاڕاستە کراون، لەنێوان گوندی گوداد و ناحیەی زێلکان کەوتوونەتە خوارەوە، ھیچ لایەنێکیش بەرپرسیارێتی خۆی لە ھێرشەکە رانەگەیاندوە.
پەیڕەوانی مەزھەبی شیعە ئیدانەی ئەو بێڕێزیکردنە دەکەن کە بە مەرجەعەکەیان کراوە و داواشیان کرد ئەو کادیرەی پارتی کە تویتەکەی کردووە و بێڕێزی کردووە بدرێتە دادگا و سزا بدرێت.
بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق کە ئاڕاستەی حکومەتی ھەرێمی کردووە، داوا کراوە لەماوەی ١٥ رۆژدا کۆپییەک لە سەرجەم ئەو گرێبەستانە کە لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە لە بواری نەوت و غازدا لەگەڵ کۆمپانیاکانی بواری دۆزینەوەو بەرھەمھێنان و گواستنەوەو فرۆشتن و ھەناردەی نەوتدا کردویەتی، لەگەڵ تۆماری داھاتی فرۆش و ھەناردەی نەوتی خاو و غاز ، رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات.
داواشکراوە داواکارییەک پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیران بکرێت بۆ دروستکردنی کۆمپانیایەکی تایبەت بە نەوتی ھەرێم کە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی سەرجەم چالاکییە نەوتی و غازییەکانی لەو کێڵگانەدا پێبدرێت ، بەپێی نوسراوەکە کۆمپانیاکە سەر بە حکومەتی ناوەند دەبێت و بارەگا سەرەکییەکەی لە ھەولێر دەبێت.
سەدر لە تویتێکدا حکومەتی تەوافوقی بە ھەموو شێوەکانیەوە رەتکردۆتەوە و رایگەیاندووە ، تەوافوق بە مانای کۆتاییھاتنی وڵات دێت ، سەدر لەو پەیامەدا کە ئاراستەی لایەنەکانی تری کردوە رایگەیاندووە ، داخرانی سیاسی باشترە لە رێککەوتن لەگەڵتان ، دەشڵێت ھیچ خێرێک لە حکومەتی تەوافوقی و بەشبەشێنەدا نییە.
سەدر پەیامەکەی ئاراستەی عێراقییەکانیش کردوە و رایگەیاندوە ، ھەرگیز گەلی عێراق ناگەرێنێتەوە بۆ نەھامەتییەکانی رابردوو .
لە تویتێکدا نوری مالکی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی بە کۆبوونەوەیەکی مەترسیدار ناوبردووە و دەڵێت چوارچێوەی ھەماھەنگی و ھاوپەیمانەکانی دڵنیای دەدەن کە ھێزی سێ یەکی دابینکەرن و ئەمڕۆ ڕێگریان کرد دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت.
مالکی دەشڵێت سەلماندیان سێیەکی بەکخەری پەرلەمان مسۆگەرە و ھاوپەیمانی سێقۆڵی ھیچ دەستپێشخەریەکیان پێشکەش نەکردوە بۆ چارەسەرێکی واقعیانە کە پرۆسەی سیاسی لە داڕوخان بپارێزێت.
ھەر لە تویتەکەیدا، مالیکی نوسیویەتی وەرەقەیەکی دەستپێشخەریان ئامادەیە بۆ پاراستنی پرۆسەی سیاسی لە چەقبەستن و ئەمڕۆ و سبەی لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیان کۆدەبنەوە.
نوری مالکی راشیگەیاندوە بە مەبەستی سەرخستنی دەستپێخەرییەکەیان لەگەڵ سەرجەم ھێزو پێکھاتە سیاسییەکانی تردا کۆدەبنەوە و گفتوگۆ دەکەن، دەشڵێت گەشبینن سەرکەون تا عێراق لە داڕوخان بپارێزن.
ڕاگەیاندنی حەشدی شەعبی بڵاویکردەوە، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی نەینەوا و سەڵاحەدین و ئەنبار سەر بە حەشدی شەعبی، ئۆپراسیۆنێکیان بۆ لەناوبردنی شانە نوستووەکانی داعش لەو ناوچانە دەستپێکردووە، ھێزی ئاسمانی و فڕۆکەکانی سوپاش لە ئۆپراسیۆنەکەدا بەشدار دەبن.
ھاوکات "عەبدولئەمیر شمەری" جێگری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند، ٨٠٪ی سنورەکانی وڵاتەکە لەگەڵ سوریا پارێزراوە و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق کار دەکەن لەسەر پاراستنی تەواوەتی سنورەکە، بۆ ڕێگریکردن لە ھەر کردەوەیەکی تیرۆریستی و دزە کردنی تیرۆریستان بۆ ناوچەکە.
عیسام کریتی سەرکردەی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، لێدوانی ھەندێک پەرلەمانتار لە بارەی پێکھێنانی حکومەتی فریاگوزاری لە ئەگەری یەکلانەبوونەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار لە دانیشتنی سبەینێی ئەنجومەنی نوێنەران، ھەوڵێکە بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخی سیاسی ئێستای وڵات.
وتیشی، عێراق لە حکومەتەکانی پێشتردا بە دۆخی سەختدا تێپەڕیوە ھەر لە حکومەتەکەکەی مالکی و جەعفەری تا دەگاتە حکومەتەکەی عەبادی، بەڵام حکومەتی فریاگوزاری ڕانەگەیەنراوە.
بە وتەی ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی ھەماھەنگی، لێکتێگەیشتنی سیاسی گشتی ڕێگە بەو بژاردەیە نادات.