د. فیران موسەوی بەڕێوەبەری بەش بەرگریی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، ھۆشداری دەدەن لە کەمکردنەوەی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە تایبەتی لە ئێستادا کە جۆرێکی تری گۆڕاوی ڤایرۆسەکە بە ناوی "دەلتاکرۆن" سەریھەڵداوە.
وتیشی، لە ئێستا دەرمانی چارەسەرکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە و لە ئەگەری پەسەندکردنی و وەرگرتنی ڕەزامەندی بۆ بەکارھێنانی، وەزارەتی تەندروستیی ھەوڵی کڕینی ئەو دەرمانە لە ھەردوو کۆمپانیای فایزەر و مۆدێرنا دەدات.
لەبارەی ڤاکسینی کۆرۆناشەوە ڕایگەیاند، بەھۆی کەمبوونەوەی ئامارەکانی کۆرۆنا ئاستی پێشوازی ھاووڵاتیان لە وەرگرتنی ڤاکسین زۆر کەم بووەتەوە، بەڵام تا ئێستا نزیکەی ١٠ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە.
ڕێکخراوی "یونسێف"ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردووەتەوە، ٥١٩ منداڵ لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا لە عێراق گیانیان لە دەستداوە یاخود کەم ئەندام بوون بەھۆی پاشماوەی جەنگ و بۆمب و تەقینەوەکانەوە، کە ٨٠٪ی ئەو منداڵانە لە ڕەگەزی نێر بوون.
یونسێف داواشی لە حکومەتی عێراق و کۆمەکبەخشان کردووە، ھەڵمەتی ھۆشیارکردنەوە زیاتر بکەن بۆ ئەوەی چیتر منداڵان و کەسانی تر نەبنە قوربانی پاشماوەکانی جەنگ، چونکە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین ڕووبەری پیسبووی بە پاشماوەی جەنگ و مین و بۆمبی چێندراو ھەیە.
(تورکی جەمالی) ئەندامی کوتلەی سادیقون لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی ، سەرۆکی ئەنجومەنەکە ھیچ ڕۆڵێکی ڕاستەقینەی نەماوە، بەڵکو لایەنێکی سیاسی دیاریکراو بە تەواوی دەستی بەسەر کاری ئەنجومەنەکەدا گرتووە و ھەژمونی کردووە بەسەر خودی محەمەد حەلبوسیشدا.
ئەو ئەندامەی کوتلەی سادیقون، بێ ئەوەی ناوی ھیچ لایەنێک بھێنێت جەختیکردەوە، ئێستا حەلبوسی کۆنترۆڵی ئیدارەدانی ئەنجومەنی نوێنەرانی لەدەست دەرچووە و ناتوانێت کاروبارەکانی وەک پێویست بەڕێوە بەرێت، بەڵکو ھەموو ڕۆڵەکە بۆ لایەنێکی دیاریکراو قۆرغ کراوە.
"عەمار حەکیم" لە چاوپێکەتنێکدا جەختیکردەوە، ھەر لایەنێک حکومەت پێکبھێنێت بەشداری تێدا ناکەن، تەنانەت ئەگەر چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکانیش بێت، راشیگەیاند، مانەوەیان لە ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان بۆ پاراستنی ھاوسەنگی و گەورەترین کوتلەیە، ھەر دەستپێشخەری و پێشنیازێکیش کە دەیخەنەڕوو، بۆ بەرژەوەندی گەلی عێراق و پێکھێنانی حکومەتێکی ھاوسەنگە.
"عەمار حەکیم" باسی لەوەشکرد، ھاوپەیمانی سێ قۆڵی گرنگی بە پێکھێنانی حکومەت دەدەن، بەڵام لە رابردوودا پێکەوە روبەڕووی ململانێکان نەبوونەتەوە و ئەگەر حکومەتیش پێبکھێنن ھەر لەسەرەتاوە روبەڕووی کێشە دەبنەوە.
وتیشی، تا ئێستا لایەنە سیاسییەکان و گەلی عێراق پلان و پڕۆگرامی ھاوپەیمانی سێ قۆڵی بۆ ئیدارەدانی دەوڵەت نازانن، جەختیشیکردەوە، ھەر حکومەتێک بەبێ چوارچێوەی ھەماھەنگی یاخود رەوتی سەدر پێکبێت، ناتوانێت سەقامگیری بەدیبھێنێت.
کۆمپانیای فڕۆکەوانی کۆماری ئیسلامی ئێران (ھۆما)، لە راگەیەندراوێکدا دوایین رێنماییەکانی لەبارەی گەشتکردن بۆ عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو گەشتیارانەی تەمەنیان لەسەرو ١٢ ساڵە، تەنھا بە مەرجی وەرگرتنی ڤاکسینەکانی جۆری (فایزەر و مۆدێرنا و ئەسترازینیکا و جۆنسۆن و سینۆفارم و سینۆڤاک) ، دەتوانن سەردانی عێراق بکەن و ١٤ رۆژیش بەسەر وەرگرتنی ڤاکسینەکە تێپەڕبوبێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو گەشتیارانەی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، دەبێت پشکنینی کۆرۆنایان کردبێت و ٧٢ سەعات بەسەر پشکنینەکە تێپەڕنەبوبێت.
لە راگەیەندراوەکەی کۆمپانیای ھۆمادا ھیچ ئاماژەیەک بە ڤاکسینەکانی دروستکراوی ئێران نەکراوە کە تا ئێستا، کامیان مۆڵەتی بەکارھێنانیان لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیھانییەوە وەرنەگرتووە.
سەرچاوەیەک لە دادگای فیدراڵی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە دادگای فیدڕاڵیی سەبارەت بەو سکاڵایانە کۆدەبێتەوە کە داوا دەکەن بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بەرزبکرێتەوە و بگەڕێندرێتەوە بۆ بەھای پێشووی کە ١٠٠ دۆلار بەرامبەر ١٢٠ ھەزار دینار بوو.
لە دانیشتنی یەکەمدا کە رۆژی ٨ی ئادار بەڕێوەچوو، دادگای فیدراڵی سەرەڕای بانگھێشتکردنی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی، داوای لە شارەزایانی بواری ئابووری کرد سەرنج و تێبینییەکانیان لەبارەی لێکەوتەکانی بەرزکردنەوە یان مانەوەی بەھای ئێستای دینار بەرامبەر دۆلار بخەنەڕوو. ڕۆژی ١٤ی ئاداریش دادگای فیدڕاڵی لەسەر ئەو پرسە کۆبووەوە، بەڵام بڕیاریدا کۆبوونەوەکە بۆ ئەمڕۆ دوابخات.
"روبا فەلاح" ئەندامی تیمی راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە رۆژێکدا بۆ ١٠٠ حاڵەت دابەزیوە، ئەوەش بە مانای ئەوە دێت کە شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا لە عێراق کۆتاییھاتووە، بەڵام کەمبوونەوەی ژمارەی توشبووان بە مانای کۆتایھاتنی مەترسییەکانی ئەو ڤایرۆسە نایەت.
"روبا فەلاح" وتیشی، رێژەی وەرگرانی دۆزی یەکەمی ڤاکسینی کۆرۆنا گەیشتۆتە زیاتر لە ٢٥٪، بەڵام ئەوانەی دۆزی دووەمیان وەرگرتووە ١٧٪ی تێنەپەڕاندووە و ئەوەش رێژەیەکی کەمە، زۆرینەی ئەو توشبووانەشی تۆمار دەکرێن ئەوانەن کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە.
"عارف حەمامی" سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان ئاشکرایکرد، دەستیانکردووە بە دانوستان و پێکھێنانی لیژنەکان لەگەڵ تەواوی ھێزە سیاسییەکان، بە ھێزە سیاسییەکانی نێو ھاوپەیمانی سێ قۆڵیشەوە، لە سەروو ھەموویانەوە رەوتی سەدر.
"عارف حەمامی" وتیشی، ئامانجی سەرەکی گفتوگۆکانیان کۆتاییھێنانە بە بنبەستی سیاسی و خێراکردنی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد، کەشێکی باش لە دانوستانەکاندا ھەیە لەگەڵ لایەنەکان و رەنگە لە رۆژانی داھاتوودا قەیرانی سیاسی عێراق بەرەو چارەسەر ھەنگاو بنێت.
بەپێی زانیارییەکان، ئێوارەی ئەمڕۆ ھادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح، سەردانی حەننانە لە شاری نەجەف دەکات و چاوی بە موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر دەکەوێت و دەستپێشخەرییەکەی چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعە بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستووی سیاسیی عێراق، پێشکەشی سەدر دەکات، کە داوایان کرد بوو، کوتلەی گەورە لە نێوان چوارچێوەکە و رەوتی سەدر دروستبکرێت و لیژنەیەکیش لە ھەردوولا بۆ دیاریکردنی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران پێکبھێندرێت.
ھەر لەبارەی ھەوڵەکانی تێپەڕاندنی چەقبەستوویی سیاسی، "عارف حەمامی" سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعەکان ئاشکرای کرد، دەستیانکردووە بە دانوستان لەگەڵ ھەموو ھێزە سیاسییەکان، بە لایەنەکانی ناو ھاوپەیمانیی سێ قۆڵی، لە سەروو ھەموویانەوە رەوتی سەدر.
نوسینگەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نوسراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەپێی دەستوور و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی و یاسای ئەنجوومەنی نوێنەران، زاراوەی "سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران" نادەستوورییە، بۆیە دەستەواژەی "سەرۆکایەتی" ھەڵدەوەشێتەوە و مامەڵەی لەگەڵدا ناکەن، چونکە ئەنجوومەنی نوێنەران لە سەرۆک و دوو جێگیر پێکدێت، نەک دەستەی سەرۆکایەتی.
مەشعان جبوری، پەرلەمانتاری ھاوپەیمانیی سەروەری، لە تویتێکدا رایگەیاند، حاکم زاملی جێگیری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، ناکۆکی لەگەڵ محەمەد حەلبوسی ھەیە و زاملی پێداگری دەکات کە ئەو بەشێکە لە دەستەی سەرۆکایەتیی نەک جێگر، راشیگەیاند، ئەو ناکۆکییە ھەڕەشە لە ھاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان دەکات، کە لە رەوتی سەدر و ھاوپەیمانیی سەروەری و پارتی پێکھاتووە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا دامەزراوەی شەھیدانی نەجەف بڵاویکردەوە، گۆڕە بە کۆمەڵەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ ، کە بە ڕاپەڕینی شەعبانییە ناسراوە، قوربانییەکانیش لە لایەن ڕژێمی بەعسی پێشووەوە گولـلەباران کراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، نوێنەرانی ناوەندی بەڵگەی تاوان لە فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگاکە و پسپۆڕانی بەشی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە پارێزگاکە، دەستیان کردووە بە ھەڵدانەوە و ھەڵگرتنەوەی بەڵگەکان و دواتر ناردنی ڕووفاتەکان بۆ پشکنین بە مەبەستی ناسینەوەیان.
بە پێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی ھەماھەنگی، وەفدەکە دانووستان لەگەڵ ھەموو فراکسیۆنەکان دەکات، جگە لە فراکسیۆنەکەی سەدر، ئەویش لەبەر ئەوەی موقتەدا سەدر بریاری ھەڵپەساردنی دانوستانەکانی پەیوەست بە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی داوە.
بە پێی ھەواڵی سەرچاوەکان، وەفدەکەی چوارچێوەی ھەماھەنگی لەگەڵ بزووتنەوەی بابلیۆنی کۆبووەتەوە.
دەستپێکردنی وتووێژەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی دوای ئەوە دێت، موقتەدا سەدر رایگەیاند، دەرفەت بۆ چوارچێوەی ھەماھەنگی دەرەخسێنێت لەگەڵ ھێزە سیاسییەکان دانوستان بکات بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی پێکھێنانی حکومەت و ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.
ھادی عامری، سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح رایگەیاند، پڕۆسەی سیاسی عێراق لە دوای ٢٠٠٣وە، لەسەر سێ بنەما بونیادنراوە، ئەوانیش "رێککەوتن و ھاوبەشی و ھاوسەنگی"یە بۆیە لە ئێستادا ھەوڵی لێکتێگەیشتنی نێوان شیعە-شیعە دەدەن، وتیشی، چوارچێوەی ھەماھەنگیی سازش ناکەن لەسەر پێکھێنانی گەورەترین کوتلە شیعە و پۆستی سەرۆک وەزیران کە مافی شیعەکانە.
ئەو لێدوانەی سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح، کە ھاوپەیمانییەکەی بەشدارە لە چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعە، دوای ئەوە دێت، کە موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، ٤٠ رۆژ مۆڵەتی بە سێیەکی پەکخەر دا، کە دانوستان لەگەڵ لایەنەکان بکەن و حکوومەتی نوێ بە بێ رەوتی سەدر پێکبھێنن.
فاتن حەلفی ئەندامی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق ڕایگەیاند، بەگوێرەی ئەو دۆسیە و کەیسانەی کە ھاتوونەتە بەردەستی، بۆی دەرکەتووە تەشەنەکردنی مادە ھۆشبەرەکان بوونەتە مەترسییەکی گەورە لەسەر خێزان و دامەزراوەکانی دەوڵەتیش.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە لەمەودوا ھەر کەسێک کە داوا پێشکەش دەکات بۆ دامەزراندن یان وەرگرتن لە وەزارەتەکانی دەوڵەت، یان خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکان، ئەگەر بە پشکنین دەرکەوت لە ئالودەبوانی مادەی ھۆشبەرە، ڕێگە بە دامەزراندنیان نەدەن.
ڕوونیشیکردووەتەوە، پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندارەکان، بڕگەی پشکنینی مادەی ھۆشبەر زیاد بکرێت ، بۆ ھەر کەسێک بیەوێت لە کارێکی گشتی دەستبەکار بێت، بۆ ئەوەی وەک بەرپەرچدانەوەیەک بێت لە بەرامبەر تاوانی مادە ھۆشبەرەکان.
لە کۆتایی پێشنیازەکەیدا ڕوونیکردووەتەوە، کەم ڕۆژ ھەیە ھاوڵاتیانی عێراق لەگەڵ تاوانێکی کارەساتباری بەکارھێنەرانی مادە ھۆشبەرەکان بە ئاگا نەینەوە، دیاترینیان کوشتنی دادوەر ئەحمەد فەیسەڵ دادوەریی لێکۆڵینەوەی تاوانی مادە ھۆشبەرەکان لە پارێزگای میسان بوو کە لە لایەن باندەکانی مادەی ھۆشبەرەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاند، دوای تویتەکەی موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی سەدر، ئەمڕۆ چوارچێوەی ھەماھەنگی کۆبوونەوەیەکی گرنگ دەکات، کە چاوەڕوان دەکرێت دەستپێشخەرییەک رابگەیەندرێت بۆ کۆتایی ھێنان بەو بنبەستە سیاسییەی لە عێراقدا ھاتووەتە ئاراوە.
شەوی ڕابردوو موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر لە تویتێکدا داوای لە چوارچێوەی ھەماھەنگی کرد، حکومەت پێکبھێنن و ئەوان دەبنە ئۆپۆزسیۆن.