وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، بۆ دروستکردنی ئارد ٥٢ ھەزار تۆن گەنمی ئوستراڵی گەیشتوەتە کۆگاکانی وەزارەتی بازرگانیی و لەچەند رۆژی داھاتوودا بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت.
ئاماژە بۆ ئەوەشکردووە، پشکی ھەرێمی کوردستان ٦ ھەزار و ٢٥٠ تۆنە، کە پارێزگای ھەولێر ٢ ھەزار و ٢٥٠ تۆن، سلێمانی ٢ ھەزار و ٢٥٠ تۆن و دھۆکیش ھەزار و ٧٥٠ تۆنە، پشکی پارێزگای کەرکوکیش ٢ ھەزار و ٢٥٠ تۆن گەنمە.
ماھر حەماد بریکاری ھونەری وەزارەتی پلاندانای عێراق ئاشکرایکرد، حکومەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٢ ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ناکات و بۆ حکومەتی داھاتوو جێدەھێڵێت.
ماھر حەماد ڕاگەیاندووە تا کاتی پێشکەشکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٢ حکومەتی ئێستا یاسای پاڵپشتییە بە پەلەکان، کێشەی ئاسایش و خواردن و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان چارەسەر دەکات.
لە ڕاگەیەندراوێکدا مالکی بڵاویکردەوە، حکومەتی ئێستای عێراق حکومەتی کار بەڕێکەرە، بە گوێرەی دەستور دەسەڵاتی کەموکورتی ھەیە و ناتوانێت پڕۆژەی ڕاکێشانی بۆری نەوتی بەسڕە- عەقەبە جێبەجێ بکات.
مالکی جەختیکردووەتەوە، ئەو ھەنگاوە پێشێلکاری دەستورە و پێچەوانەی یاسایە، وا پێویست دەکات دادگای فیدراڵی ڕایبگرێت و ھەموو ئەو بڕیار و یاسایانەش ڕابگرێت کە لەو حکومەتەوە دەردەچێت.
مالکی باسی لەوەشکردووە، ئەوان لەگەڵ زۆرکردنی ژمارەی سەرچاوەکانی ھەناردەکردنی وزەن بۆ وڵاتانی جیھان، بەڵام بەو مەرجەی بەفیرۆدانی دارایی تیا نەبێت و نەبێتە بارگرانی بۆسەر شانی ھاوڵاتی عێراقی.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا مالکی داوایکردووە، حکومەتی ئێستا پەلە نەکەن لە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە و وازی لێ بھێنێت بۆ حکومەتی داھاتوو.
شەوی پێنجشەممەش وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، ئەوەی ڕوویدا کێشەیەکی دروستکراو بووە و توانیویانە چارەسەری بکەن و نرخی بەنزین جێگیر بکەنەوە.
وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕێکاری یاسایی دژی ئەو بەنزینخانە ئەھلییانە دەگرنە بەر کە نرخی بەنزینیان بەرزکردووەتەوە و ئەم دۆخە نەخوازروەیان دروستکردووە. بە پێی ھەندێک سەرچاوەش سزای ئەو بەنزینخانانە دراوە کە نرخیان بەرزکردووەتەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق بە گران سوتەمەنی دەکڕێتەوە و بە نرخی ھەرزان بۆ بەنزینخانەکانی دابین دەکات تاکو ڕێگر بێت لە بەرزبوونەوەی نرخەکەی.
مشعان جبوری لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران پێویستی بە نیوە کۆ یەک ھەیە، نەک دوو لەسەر سێی پەرلەمانی، پێشیوایە ھاوپەیمانی ڕزگاری نیشتیمان توانای ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ھەیە و ھەر کاتێکیش ئەو بڕیارە درا، ئەوان ئامادەن بۆ ئەو ئەرکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەڵبژاردن ھیلاکی و تێچوونی دارایی و مرۆیی دەوێت، بەڵام جێی قبوڵ نییە پڕۆسەی سیاسی بەو شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، چونکە دەوڵەت خەرجی و پەسەندکردنی بودجەی لە بەردەمدایە.
مشعان جبوری جەختیکردەوە لە ئێستادا دوو بژاردە لەبەردەستدایە، یان ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، یاخود پەنا بردن بۆ دادگای فیدراڵی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکە.
بانکی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئابوری عێراق دوای شۆکی پەتای کۆرۆنا و نزمبوونەوەی نرخی نەوت، ھێدی ھێدی دەستی بە بوژانەوە کردووە و گەشەی کەرتی نەوت و نا نەوتی بە ئاڕاستەی ڕاستەقینەی خۆیاندا ھەنگاو دەنێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا ھاتووە، بەھۆی بەردەوامبوونی بەرزی نرخ و زیادەی داھاتی نەوتەوە لە بازاڕەکانی وزەدا، کورتھێنانە داراییەکان نەماوە و یەدەگی نەختینەش زیادیکردووە.
بانکی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی وشکەساڵی و پچڕانی وزە و بەرزبوونەوەی نرخ لە جیھاندا، کەرتی کشتوکاڵی عێراق دووچاری پاشەکشە بووە، بە شێوەیەک لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی لە ١٧.٥٪ و ٣٦.٨٪ دووچاری پاشەکشە بووەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستەی کەشناسی عێراق بڵاویکردەوە، سبەینێ شەممە لە سەرانسەری عێراق ئاسمان ساماڵ و نیمچە ھەور دەبێت ، بەڵام پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشور، لە چاو ڕۆژانی پێشتر کەمێک بەرزدەبێتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت پلەکانی گەرما وەک ڕۆژی ڕابردوو دەبێت و لە ناوچەکانی باکور کەمێک پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە.
ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەی داھاتوو، لە سەرانسەری عێراق ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما کەمێک لە ڕۆژانی سەرەتای ھەفتە بەرزتر دەبێتەوە، لە ھەندێک ناوچەش لە دوای نیوەرۆوە ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچە ھەور.
مەزھەر محەمەد بە ئاژانسی ھەواڵی نیشتمانی عێراقی ڕاگەیاندووە، بەھۆی ئەو داھاتە زۆرەی نەختینە کە دێتەدەستی، عێراق لە مێژووی خۆیدا لە باشترین دۆخی داراییدایە.
ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق داوایکرد، ئەو زیادەیە لە پارەی نەختینە لە کەرتی بەرھەمھێن و ئابوری نیشتمانیدا بەگەڕ بخرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت دەستی کار و توانای مرۆیی نیشتیمانی پێ بەگەڕ بخرێت و سامانی نیشتمانی زیاتر بێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سیاسەتی وەبەرھێنان لە توانا داراییە گەورەکاندا، پێویستە لەو جومگە ئابوریانەدا بەگەڕبخرێت، کە بەردەوامی چالاکی ئابوری و دارایی دەستبەر دەکەن.
ماڵپەڕی (زە وۆڵد)ی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، تیرۆریستانی داعش لە ئێستادا ھێرشی چەتەیی ئەنجام دەدەن لە دژی ژێرخانی ئابوری عێراق و تەنھا دەتوانن ھاوڵاتیان و کەسانی بێدەسەڵات بترسێنن.
ئاماژەی بەوەکردووە، ئێستا داعش لە لاوازترین ساتەوەختەکانی خۆیدایە لە عێراق، ئەو جموجوڵانەش کە لێرە و لەوێ ئەنجامیان دەدات، تەنھا جۆرێکە لە خۆ نمایشکردن و ھیچی تر.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە ھۆکاری ئەو لاوازیەی داعش دەگەڕێتەوە بۆ ئۆپراسیۆنە سەرکەوتووەکانی دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە کوشتنی ژمارەیەک لە سەرکردە مەیدانییەکانی داعش.
لە کۆتاییدا ڕاپۆرتەکە جەختیکردووەتەوە، چیتر داعش لە ١٠ دەقە زیاتر ناتوانێت لەو شوێنانە خۆی بگرێت کە چالاکی تێدا ئەنجام دەدات.
عەلی فەتلاوی سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، دەستپێشخەری چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ چارەسەری ئەو بنبەستبوونە سیاسییەی ھاتووەتە ئاراوە، لە لایەن بەشێکی زۆری پەرلەمانتاران و ھێزە سەربەخۆکانەوە پێشوازیکراوە.
وتیشی، ژمارەی پەرلەمانتارانی سێ یەکی پەکخەر نیوە کۆ یەکی تێپەڕاندووە لە ناو ئەنجومەنی نوێنەران، بۆیە ھاوپەیمانی سێ لایەنەکە جگە لە دەستپێکردنی گفتوگۆ و ڕێککەوتن لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی و پەلەکردن لە پێکھێنانی حکومەتی نوێ، ھیچ بژاردەیەکی دیکەی لە بەردەستدا نەماوە.
عەلی فەتلاوی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر گفتوگۆکان ئەنجامیان نەبێت، ھاوپەیمانی سێ لایەنەکە لێی بەرپرسیارە، کە تا ئێستاش چارەسەرەکان ڕەتدەکەنەوە.
"عەمار حەکیم" لە یادی ٣٤ ساڵەی تاوانی ئەنفالدا ڕایگەیاند، ئەنفال قێزەونترین تاوانی ڕژێمی بەعسی پێشوو بوو بەرامبەر گەلی کورد، کە ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان و ئاوارەبوون و داگیرکردنی سەرەوەت و سامان و خاک و باخ بوونەوە و دەیان گۆڕی بە کۆمەڵیشی لێکەوتەوە.
"عەمار حەکیم" ڕاشیگەیاند، بۆ زامن کردنی دووبارە نەبوونەوەی کارەسات و تاوانی لەو شێوەیە، پێویستە لایەنە سیاسییەکان پابەند بن بە دیموکراسیەت و کار بکەن بۆ بەدیھێنانی، ئەوەش لە ڕێی یەکخستنی ڕیزەکان و وەلانانی بەرژەوەندییە حزبییەکان و بەدیھێنانی داواکاری گەل لە باکورەوە تا باشور.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا لە ئەنجامی دانوستان لەگەڵ حکومەتی عێراق، بڕیاردراوە ماوەی مانەوەی ڕاوێژکارە سەربازییەکانی یەکێتیەکە لە عێراق تا ٣٠ نیسانی ٢٠٢٤ درێژ بکرێتەوە، لە کاتێکدا بڕیار بوو ئەرکی ئەو ڕاوێژکارانە لە ٣٠ ئەم مانگەدا کۆتایی پێبێت.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە یەکێتی ئەوروپا جگە لە حکومەتی عێراق لەگەڵ ھاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانیش گفتوگۆی کردووە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە تا ئێستا عێراق لە ڕووی ئەمنی و سەربازییەوە پێویستی بە پشتگیری و ھاوکاری نێودەوڵەتیە.
ڕاوێژکارەکانی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق ئەرکیان پێشکەشکردنی ڕاوێژی ستراتیژی دەبێت بە ھێزە عێراقییەکان بۆ جێبەجێکردنی لایەنە شارستانیەکان لە پڕۆگرامی کەرتی ئەمنی عێراقی.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردوەتەوە ، پێش مانگی رەمەزان بڕیاری گرنگیان داوە لە بەرژوەندی ھاووڵاتیان بۆ بەرەنگاربونەوەی گرفتی بەرزبونەوەی نرخی خۆراک کە بەھۆی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکراینەوە دروست بووە و حکومەت بەرپرسیارێتی چەند بریارێکی سەختی لە ئەستۆ گرتووە، بەڵام بەشێک لە وەزارەتەکان ھەندێک بریاریان داوە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی ھاوڵاتیان ھەیە، ھەربۆیە دوپاتیکردۆتەوە کە دەبێت سەرجەم وەزارەتەکان بە تەواوی پابەندی بریارەکانی ئەنجومەنی وەزیران بن.
کازمی راشیگەیاندووە ، قۆناغی داھاتوو قۆناغی داواکاری و بە دیھێنانی ئامانجەکانە ،بۆیە دەبێت ھەموان لە ئاست بەرپرسیارێتیدا بن، داواشی لە ھێز و لایەنە سیاسییەکان کردووە کاری جددی بکەن بۆ ئامادەکردنی یاسای بودجەی ٢٠٢٢ ی عێراق .
تورکی عەتەبی سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان رایگەیاند ، بژاردەی بون بە ئۆپۆزسیۆنی لایەنەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان و تا ئێستا باسی لێوەنەکراوە و بە نیازی ھەنگاوێکی لەو شێوەیەش نین ، بەڵکو ھەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی ھاوپەیمانی لەگەڵ رەوتی سەدر بەردەوامە و بە تەنھا چارەسەری دەزانن بۆ کرانەوەی بنبەستی سیاسی و پێکھێنانی حکومەتێکی بەھێز.
دوپاتیشیکردۆتەوە ھەوڵی چوارچێوەکە بۆ بەشداریکردن لە پێکھێنانی حکومەتی داھاتوودا لە پێناو دەستکەوتی سیاسی نیە ، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە پارێزگاری لە پرۆسەی سیاسی بکەن و روبەروی قەیرانەکان ببنەوە ، بەتایبەت لە ئێستادا کە ناوچەکە بە چەندین ئاڵەنگاریدا تێدەپەرێت .
زاملی بە ئاژانسی ھەواڵی نیشتیمانی عێراقی ڕاگەیاندووە، ئەنجومەنی نوێنەران یاسایی و دەستورییە و بەردەوامە لە ئەرک و کارەکانی و خاوەنی بڕیار و ڕای خۆیەتی، بۆیە پشتیان بە دەستور و یاسا بەستووە، کاتێک داوای پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٢یان لە حکومەت کردووە.
زاملی ئاماژەی بەوەشکرد، داوایان لە حکومەت کردووە، بە زووترین کات پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکات.
دەربارەی یاسای ئاسایشی خۆراکیش زاملی وتی، یاسای ئاسایشی خۆراک نابێتە جێگرەوەی بودجە و بە ھیچ شێوەیەک دەستبەرداری پڕۆژەیاسای بودجە نابن.
ئاشکرایکرد، یاسای ئاسایشی خۆراک چارەسەری چەند کێشەیەکی دیاریکراو دەکات و بەم نزیکانەش پەسەند دەکرێت.
چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان دوای کۆبوونەوەکەی دوێنێ ئێوارە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە ئاماژەیدا بەوەی، لە کۆبوونەوەکە باس لە رەوشی چەقبەستووی سیاسی و دواکەوتنی پێکھێنانی حکومەت کراوە، جەختیان کردەوە لەوەی پابەندن بە ھەماھەنگی کردن لەگەڵ ھێزە سیاسییەکانی تر، چونکە بە بێ ھەماھەنگی و دەست خستنە ناو دەستی یەکتر، بەرژەوەندی خەڵک بەدی نایەت.
چوارچێوەی ھەماھەنگی ڕاشیگەیاند، ھەوڵی تاکڕەوییان لە دەسەڵاتدا نەداوە و کاریش ناکەن بۆ دوورخستنەوەی لایەنەکانی تر بەڵکو ھەماھەنگییان لەگەڵ دەکەن.
ڕاشیانگەیاند دیاریکردنی وادەیەکی دیاریکراو بۆ پێکھێنانی حکومەت تەنھا چەقبەستوویی سیاسی درێژتر دەکاتەوە، ھەموو ھەوڵێکیش دەدەن بۆ لێکتێگەیشتن و ڕێگە نادەن گەورەترین پێکھاتە بکرێتە بچووکترین و لاوازترین.
چوارچێوەی ھەماھەنگی داواشی لە لێپرسراوانی دادوەری کرد ڕێگە لە حکومەتی ئێستا بگرن لە تێپەڕاندنی یاساکان، چونکە ئێستا حکومەتێکی کاربەڕێکەرە.