عێراق

قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، عێراق لە جەنگی بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش سەرکەوتووبووە، بەڵام لەئێستادا لە جەنگێکی ھەواڵگیریدایە بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا و پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی بەدەستھاتوون.

راشیگەیاند، عێراق ئەزموونی مەیدانی ھەیە لە بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش، بەڵام پێویستە لە بە بەرەوپێشبردنی ھێزە ئەمنییەکانییەتی لە ڕووی ئەکادیمییەوە.

قاسم ئەعرەجی سەبارەت بە کەمپی ھۆلیش رایگەیاندووە، لەئێستادا عێراق لە رێگەی ھەماھەنگییە نێودەوڵەتییەکانەوە لە ھەوڵدایە بۆ داخستنی کەمپی ھۆل، بە مەبەستی دوورخستنەوەی مەترسییەکانی ئەو کەمپە لەسەر ناوچەکە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە زنجیرە ئۆپراسیۆنەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچییەکانی دراو و یاریکردن بە بەھای دراوەکان، ھەروەھا دوای دانپێدانانی دەستگیرکراوەکانی بەغداد، لەسەر بوونی گرووپی قاچاخچێیکردن بە دراو لە ھەرێمی کوردستان، بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ١١ تۆمەتباریان لە شاری ھەولێر دەستگیرکرد.

دوای دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، ژمارەیەک کەس لە سەرانسەری عێراق، ناو بەناو لەسەر قاچاخچێیکردن بەدراو دەستگیردەکرێن.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە


فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لەگەڵ ھاکان فیدان پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوتیان لەرێگەی بەندەری جەیھان و بەردانەوەی ئاویان تاوتوێکردووە.

جەختیشیکردەوە، دەستور رێگەنادات ھیچ گروپێک خاکی عێراق بۆ ھێرشکردنەسەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربھێنێت.

لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، پشتیوانی یەکێتی و سەروەری خاکی عێراق و حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی دەکەن و داوا لەسەرجەم وڵاتانی ناوچەکە دەکەین پشتیوانی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بکەن.

وتیشی، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا گەیشتووەتە ٢٥ ملیار دۆلار.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، تۆمەتبارێکی بە ٤٢ ساڵ سزادا، کە ئەو تۆمەتبارە لە چوار ھەژماری بانکی و بەھاوکاری چەند تۆمەتبارێکی دیکە، بڕی ھەشت ملیار و ٩٨٥ ملیۆن دیناری بردووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، تۆمەتبارەکە ھەڵھاتووە و بەپێی چوار مادەی یاسای سزادانی عێراق سزادراوە، لە ئێستاشدا بەپێی بڕیاری دادگا دەستبەسەر موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانیدا گیراوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لەکۆبوونەوەکەدا ھانی لیژنەی وەزاری تایبەت بە ئامادەکردنی یاسای نەوت و غازی داوە گفتوگۆکانیان تەواو بکەن، بە ئامانجی ئامادەکردنی رەشنوسی یاساکە لەگەڵ تیمە ھونەرییەکانی ھەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکانی ھەرێم.

باس لەوەشکراوە، ئامادەبوونی کۆبوونەوەکە کۆک بوون لەسەر ئەوەی وەزارەت و پارێزگاکان پابەندبن بە میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

ھەر لەکۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئەنجامی سەردانەکەی وەفدی ئەمنی باڵا بەسەرۆکایەتی وەزیری بەرگری عێراق کرا بۆ ئەمریکا کراوە، جەختکراوەتەوە لەسەر پشتیوانی لە گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا بەئامانجی پتەوکردنی سەروەری وڵات.

پرسی ھەڵبژاردن تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بووە و لەو بارەیەوە سوربوونی لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف دوپاتکردووەتەوە، سەرباری تاوتوێکردنی رەشنوسی یەکەمی ھەمواری یاسای کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خەزعەلی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی عێراقیەی رەسمی ئاماژەی بەوەکرد، ھیچ ھێزێک ناتوانێت سەقامگیری عێراق تێکبدات و ئاڵوگۆڕی ھێزەکانی ئەمریکا لەمانگی داھاتودا رەنگە بەشێوەیەکی گەورە بێت و ٢٥٠٠ سەرباز دەگۆڕدرێن، ئەوەش بە ئاگاداری حکومەتی عێراقە و ھیچ سەربازێکی نوێ زیاد ناکرێت

خەزعەلی جەختیکردەوە عێراق دەتوانێت پارێزگاری لەخۆی بکات و ھێزی شەڕکەری ئەمریکی زیاتر رەوانەی سوریا دەکرێت، ئامانجەکەشی رانەگەیەنراوە کە بۆ دروستکردنی ھەرێمێکە لەسەر سنوری سوریا.

بەوتەی خەزعەلی، وەفدی ئەمنی عێراق پێش ئەوەی بچێتە واشنتن مەرجەکانی خۆی سەپاندووە و چونە دەرەوەی ھێزەکانی ئەمریکا شتێکی نەگۆڕە و ئەو بابەتە کۆتایی ھاتووە.

باسی لەوەشکردووە، یەکێک لە داواکارییەکانی وەفدی عێراق لە ئەمریکا ئەوەیە پرسی عێراق لە سوریا جیابکرێتەوە بەتایبەت لە پرسەکانی پەیوەندیدار بە مەترسی داعشەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەک لە بانکی ناوەندیی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوو ھەفتەیە بانکی ناوەندیی کار لەسەر پڕکردنەوەی خواستی ناوخۆیی بۆ دۆلار دەکات، لەپێناو ھاوسەنگکردنی بازاڕی دراو و گەڕانەوەی متمانە بۆ بەھای دینار.

راشیگەیاند، بانکی ناوەندیی عێراق لە مەزادی دۆلاری رۆژی سێشەممە زیاتر لە ١٩٨ ملیۆن دۆلاری فرۆشتووە کە زیاتر لە ١٢٧ ملیۆن دۆلاری بە حەواڵەبووە، ھەروەھا ٧١ ملیۆن دۆلاریش بەشێوەی کاشبووە، بۆپڕکردنەوە خواستی ناوخۆی بازاڕی دراوی عێراقی.

وتیشی، ئەو رێژەیە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەرێژەی ١٠٠٪ قبوڵکراوبووە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەیسەم سافی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، گەشتیار دەتوانێت بە ئەلیکترۆنی و بەبێ چوونی بۆ نوسینگەکانی گواستنەوە، بلیتی فڕۆکە بۆ گەشتی ناوخۆیی و دەرەکی بکڕێت، تاکو کۆتایی ئەمساڵ ئەو خزمەتگوزارییە دەچێتە بواری جێبەجێکردن.

لەبارەی نرخی بلیتەکانیشەوە وتی، لە ئەگەری سەقامگیربوونی دارایی و زیادبوونی داھات، کار لەسەر کەمکردنەوەی نرخی بلیتەکان دەکەن، کە ھەندێک پێیانوایە نرخەکان بەراورد بە ھەندێک لە کۆمانپای گشتییەکانی بواری گواستنەوەی ئاسمانی گرانە.

ھەروەھا وتیشی، مانگی ئەیلوولی داھاتوو، فڕۆکەی نوێ لە ھێڵی فڕۆکەوانی عێراقی دەخرێنە خزمەتەوە، ئەوەش لەپێناو ئاسانکاریکردن بۆ گەشتەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خالید یەعقوبی، راوێژکاری ئەمنیی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ھیچ جۆرە کۆکردنەوەیەکی ھێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق رووینەداوە، بەڵام ئەوەی ھەبووە ئاڵوگۆڕ بووە لەگەڵ ئەو یەکانەی ئەمریکا کە لە سوریان. 

راوێژکارەکەی سودانی، بەشێک لە ناوەڕۆکی دانوستانەکانی ماوەی رابردووی بەغداد و واشنتۆنی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، سەرکردایەتیی عێراق لە دانوستانەکاندا، پێداگیرییان لەسەر پاراستنی سەروەریی عێراق کردووەتەوە و ھەموو داواکارییەکانیان لە دانوستانەکاندا بەدەستھێناوە.

وتیشی، رێککەوتوون لەسەر پێکھێنانی لیژنەیەکی سەربازیی ھاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشەکانی داعش.

راوێژکارەکەی سودانی باسی لەوەشکردووە، ھیچ بڕگەیەک یان کۆبوونەوەیەکی نھێنی لە دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمریکا نییە و سوپاسالاری پێشمەرگەش لەگەڵ ئەو وەفدە ئەمنییەدا بووە، کە سەردانی ئەمریکایان کردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مستەفا کرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی بە رۆژنامەی "سەباح"ی راگەیاند، لیژنەکەیان ھەوڵدەدات ھەفتەی داھاتوو میوانداری "عەلی عەلاق" پارێزگاری بانکی ناوەند بکات، بۆ تاوتوێکردنی دواکەوتنی دابەشکردنی پارەی دەستپێشخەری بۆ نیشتەجێبوون، کە لە ساڵی رابردوودا ئەو دەستپێشخەرییە راگەیەندرا وەک ھەنگاوێکی سەرەتایی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون.

وتیشی، زۆرێک لەو ھاووڵاتیانەی کە پارەی پێویستیان نییە بۆ دروستکردنی خانووەکانیان، چاوەڕێی ئەو دەستپێشخەرییەن. بەشێک لە ھاووڵاتیانیش قەرزیان لە بانکەکان وەرگرتووە بەبێ سود بۆ کڕینی یەکەکانی نیشتەجێبوون. 

"مستەفا کرعاوی" راشیگەیاند، پارەی ئەو دەستپێشخەرییە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە پێشکەشی بانکەکان دەکرێت، لیژنەی داراییش دەیەوێت لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری دواکەوتنی ناردنی  ئەو پارانە بۆ بانکەکان بکات.  

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

"عەلی عەباس شەفیعی" پارێزگاری شاری میھران رایگەیاند، تەواوی جموجوڵە بازرگانییەکان لە دەروازەی میھرانی سەر سنور لەگەڵ عێراق لەمڕۆوە تا ١١ی ئەیلول دادەخرێت، ئەوەش لەپێناو ئاسانکاری بۆ زیارەتکارانی چلەی ئیمام حسێن. 

وتیشی، دەرگاکانی ھاتنە ناوەوە لە دەروازەی میھران بەرەو دەروازەی زرباتیە لە عێراق بۆ ٥ دەروازە زیادکراون و ھیچ ئاستەنگێک لەبەردەم زیارەتکاراندا نییە. 


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆمەڵەی پیشەسازیی خۆراک و خواردنەوەکان لە تورکیا رایگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەھای ١٢.٢٣ ملیار دۆلار خۆراک و بە بەھای ١٢.٤٦ پیشەسازیی خۆراکیان ھەناردەی وڵاتانی دەرەوە کردووە و ئاردیش لە پلەی یەکەمی ئەو ماددە خۆراکییانە بووە کە ھەناردەی کراون.

دەشڵێت لەماوەی ئەو شەش مانگەدا داھاتی ھەناردەی ئارد ٦٨٣ ملیۆن دۆلار بووەو دوای ئەویش رۆنی زەیت دێت کە لەو ماوەیەدا داھاتەکەی ٤٩٤ ملیۆن دۆلار بووە.

کۆمەڵەی پیشەسازیی خۆراک و خواردنەوەکان لە تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە، لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا عێراق لەسەر ئاستی وڵاتان گەورەترین کڕیاری ماددە خۆراکییەکان بووە لە تورکیا و لەو ماوەیەدا بە بەھای ١.٤ ملیار دۆلار خۆراکی لە تورکیا کڕیووە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ھاوپەیمانی سەربەخۆکان، داوایەکی ئاڕاستەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کردووە و تیایدا داوای دواخستنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکات بە بیانووی کێشەی کەمی ژمارەی دەنگدەران و کاندیدەکان.

ھاوپەیمانێتییەکە لە داواکارییەکەیدا دەڵێت، پێویستە ھەمووان لە شکۆی ئەنجومەنی پارێزگاکان تێبگەن، چونکە راپرسییەکان پەیوەست بەو ھەڵبژاردنەوە ئاماژە بۆ پاشەکشێی گەورەی ژمارەی دەنگدەران دەکات، بۆیە ئەو پاشەکشێیە ئاماژەیەکی گەورەیە بۆ پێشھاتە نوێیەکان و پێویستە بڕیار بدرێت تا پڕۆسەکەی سەرکەوتوو بێت.

ھاوپەیمانی سەربەخۆکان ئەوەش بەپێویست دەزانێت کە دەنگدەران متمانەیان بۆ بگەڕێتەوە تا کەمی دەنگدەر کاریگەریی لەسەر شەرعیەتی پڕۆسەی ھەڵبژاردن دروستنەکات.

ئەو داواکاریەش لە کاتێکدایە کە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، کە بڕیارە لە رۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عادل عەبدولمەھدی، لە وتارێکدا کە لە رۆژنامەی "شەرقلئەوسەت"دا بڵاوبووەتەوە، وەڵامی ئەو رەخنانە دەداتەوە، کە تۆمەتباری دەکەن، بەوەی لە ماوەی دەسەڵاتیی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق  لە ژێر ھەژموونی ئێراندا بووە.

عادل عەبدولمەھدی لە وتارەکەیدا، باس لە خەرجییەکانی کڕینی غاز لە ئێران و ھەروەھا ئەو قەرزانە دەکات، کە کەوتوونەتە سەر عێراق بەھۆی سزاکانی ئەمریکاوە، دەشڵێت، لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ تاکو مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨، (کە ئەوکات حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران بووە)، بە بەھای ١٢ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار، عێراق چەکی لە ئەمریکا کڕیووە، ئەوەش دوو ھێندە زیاترە لە خەرجییەکانی کڕینی غاز لە ئێران لە ھەمان ماوەدا.

عادل عەبدولمەھدی یەکێکە لە سیاسەتمەدارە دیارەکانی عێراق، لە ماوەی ٢٠١٨ بۆ ٢٠١٩ سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە، بەھۆی خۆپیشاندانەکانی تشرینی ٢٠١٩، دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی راگەیەنراوێکی  نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دیدارێکیدا لەگەڵ تۆم تۆگندھات وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئاسایشی بەریتانیا لەبارەی چەند دۆسیەیەکی گرنگ گفتوگۆیان کردووە، لەنێویاندا روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و گەندەڵی. 

سودانی پشتیوانییەکانی بەریتانیای بۆ عێراق لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بە گرنگ وەسف کردووە و ھەماھەنگی ئەو وڵاتەشی بە گرنگزانی بۆ کێوماڵکردنی ئەو تاوانانەی لە سنورەکانەوە دەکرێن، بەتایبەتی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ و مادەی ھۆشبەرەو ئەو مادانەی کاریگەریی لەسەر ژیری مرۆڤ جێدەھێڵن. 

لەبەرامبەردا وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئاسایشی بەریتانیا دووپاتیکردووەتەوە، کە پشتیوانی لە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکەن بە پێشکەشکردنی تەکنەلۆژیای نوێ و پشتیوانی ھەموو ئەو ھێزانەش دەکەن کە رۆڵیان ھەیە لە پاراستنی ئاسیش و ئارامی عێراق.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت بە سەردانێکی رەسمی کە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت گەیشتە ئەنقەرە.

ھاوکات باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، وەزیری نەوت لەسەردانەکەیدا، ژمارەیەک پرسی گرنگ تایبەت بە پەرەپێدان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکارییەکان لە بواری نەوت و غاز و وزە، ھەروەھا دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لە بەندەری جەیھانی تورکیا لەگەڵ لێپرسراوانی  تورکیا تاوتوێ دەکات.

لە راگەیەندراوەکەدا، ئەوەش خراوەتەڕوو کە وەزیری نەوت، لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ئەنقەرە لەگەڵ فاتیح دۆنمەز وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا و ژمارەیەک لێپرسراوانی دیکەی تورکیا کۆدەبێتەوە.

لە ٢٥ی ئاداری ئەمساڵەوە تائێستا ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکیا وەستاوە و بەو ھۆیەوە تائێستا زیاتر لە دوو ملیار دۆلار زیان بەر ھەرێم کەوتووە، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیشدا یەکەم قۆناغی دانوستان لە بەغداد لەنێوان تورکیا ھەرێم و عێراق لەبارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم بەڕێوەچوو، بەڵام ھیچ ئەنجامێکی لێنەکەوتەوە و بڕیاردرا کۆبوونەوەی داھاتوو لە ئەنقەرە بێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...101102103104105...338