ھاوپەیمانی وەتەنیە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ویستیان بەشداری ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکەن چونکە ئەنجومەنی خزمەتگوزارین، بەڵام لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیان بڕیاریاندا بە بەشداری نەکردن لە ھەڵبژاردنەکە، چونکە گەندەڵی و ھەژموونی بیانی بەسەر ژینگەی ھەڵبژاردنەوەکە ھەیە، لەگەڵ فشاری سیاسی کە رۆڵی گەورەی لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی دیموکراسی ساختەدا ھەیە.
راشیگەیاند، ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بە فۆڕمە کۆنەکەی پشتگوێخستنی داواکاری گەلە کە "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراق ھەوڵی بەدیھێنانی دەدات، بەڵام گەندەڵی بەھێزترە لە ئیرادەی سەرۆک وەزیران.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، ئەو بڕیارە دوای کۆبوونەوەی سەرکردەکان و بە ھەماھەنگی لەگەڵ حزبە ھاوپەیمانەکان کە ھاوپەیمانی وەتەنیەی لەگڵ بنیاتنرا دراوە، لەپێناو رێزگرتن لە خوێنی شەھیدان و قوربانیدانی شۆڕشگێڕان و دادپەروەری.
ھاوپەیمانی وەتەنیە دووپاتیشی کردەوە، ئەنجومەنی پارێزگاکان پراکتیزەیەکی دیموکراسییە کە گوزارشت لە بەشداریی خەڵک دەکات لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان، بەڵام ئیستغلالکردنیان لەلایەن ھێزەکانی گەندەڵی و مافیاکانەوە دڵنیای کردنەوە ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە مەراسیمی کردنەوەی سەنتەری داتای نیشتمانی لە سکرتاریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، لەئێستادا سەکۆ ئەلیکترۆنییەکان لە عێراق نزیکەی ٣٠٠ خزمەتگوزاری پێشکەش بە ھاوڵاتییان دەکەن، لەنێویاندا خزمەتگوزارییەکانی مامەڵەکردن بە دراوە بیانییەکانەوە، کە ئەمەش رۆڵی گرنگی ھەیە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و خراپ ئیدارەدان لە فەرمانگە حکومییەکان.
ئەوەشی خستەڕوو، بە ئەلیکترۆنیکردنی مامەڵەکانی دراو، دەتوانێت چارەسەری کێشەی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار بەرامبەر بە دینار بکات.
سەرۆک وەزیرانی عێرق جەختیشیکردەوە، حکومەت ھەموو رێوشوێنێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە داراییانەی رووی لە عێراق کردووە.
د. یاسین ساڵح، بەڕێوەبەری گشتی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ھەرێم رایگەیاند، پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن بۆ ناردنی پێنج ھەزار کەس بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات لەسەر ئەستۆی حکومەتی عێراق.
وتیشی، ھەفتەی رابردوو وەفدێکی خوێندنی باڵای ھەرێم، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕاوێژکارانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرپرسی ئەو بەرنامەیە بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات کۆبوونەتەوە، بڕیاردراوە دابەشکردنی ئەو پێنج ھەزار کورسییە بەسەر پارێزگاکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەپێی رێژەی دانیشتوان بێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو ٥ ھەزار کورسییەی بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات راگەیەندراوە، بۆ چوار ساڵە و لە قۆناغی یەکەمدا ٤٠٠ کورسی دابینکراوە، لەئێستادا فۆرمی پێشکەشکردن راگەیەنراوە، دوا وادەی پێشکەشکردنیش لە ١٥ی ئەیلولی ٢٠٢٣ دەبێت،
عومەر سودانی، ئەندامی لیژنەی پاڵپشتی دینار بە رۆژنامەی "سەباح"ی راگەیاند، لیژنەکەیان بڕیاریداوە بە کردنەوەی ئەژمارێکی بازرگانی لە بانکی تی بی ئای، بۆ ئەوانەی ناسنامەی ژووری بازرگانی بەغدادیان پێیە رێگەیان پێدەدرێت مانگانە ١٠٠ ھەزار دۆلار بە نرخی رەسمی وەربگرن.
وتیشی، ئەو رێکارە لەپێناو رێگریکردنە لە بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار لە بازاڕی رەش، بازرگانانیش پشتیوانی بڕیارەکەیان کردووە، کە بە ھەماھەنگی لەلایەن سەرۆکی ژووری بازرگانی بەغدادەوە دەکرێت و جێبەجێکردنیشی دەستیپێکردووە، کاریگەرییەکانیشی لە ماوەی داھاتوودا دەردەکەوێت.
فراس مسلماوی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی رایگەیاند لیژنەیەکیان پێکھێناوە بۆ پێداچونەوە بە بڕگەی ٦٧ لە یاساکانی ساڵی ٢٠١٧ کە تایبەتە بە دامەزراندی سێ یەکەمەکان.
وتیشی ئەو لیژنە ھەوڵدەدات ئەو بڕگەیە بگۆڕێت بۆ ئەوەی ھەر ١٠ یەکەمەکەی زانکۆ و پەیمانگاکان بتوانن ھاوشێوەی سێ یەکەمەکە دابمەزرێنرێن.
پێشتر وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پشتوانی خۆی بۆ ئەو بڕیارە دەربڕیبوو.
رۆژنامەی "مەدا" ی عێراقی لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە واشنتۆن بڵاویکردووەتەوە، بڕیارە سودانی و بایدن لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی نەتەوەیەکگرتووەکان کە بڕیارە مانگی ئەیلولی داھاتوو لە نیویۆرک بەڕێوەبچێت، کۆببنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی ئاڵۆزی رەوشی عێراق و دۆسیەی ئێران، بڕیاردراوە ئەو دیدارە لە پەراوێزی ئەو کۆبوونەوەیە نێودەوڵەتییە بێت، بەڵام تا ئێستا دۆسیە و بابەتەکانی کۆبوونەوەکەی نێوان بایدن و سودانی دیاری نەکراوە.
سەرچاوەیەکی نزیکیش لە چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاندووە، سودانی سێ جار بانگھێشتنامەی بۆ سەردانیکردنی واشنتۆن رەتکردووەتەوە، چونکە دڵنیا نەبووە لە نیازی ئەمریکا، ئەگەرچی گرنگی بە ھاوبەشی و ھەماھەنگی لەگەڵ ئەمریکا دەدات.
سێ سەرچاوەی ئاگادار لەبەغداد بە کوردسات نیوزیان راگەیاند، ئەمڕۆ وەفدی ھەرێم دەگەڕێنەوە بەغداد و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی لەگەڵ وەفدەکەدا دەبن.
ئاماژەیان بەوەشکرد، وەفدەکە گفتۆگۆ لەبارەی ئەو راپۆرتە دەکەن کە دیوانی چاودێری دارایی عێراق ئامادەیان کردووە لەبارەی وردبینی لە داھات و خەرجییەکانی ھەرێم، وەفدەکە دەیانەوێت وەڵامی کۆتایی بەغداد وەربگرن لەبارەی ناردنی پشکی تەواوی ھەرێم یاخود ناردنی بڕە پارەیەک وەک قەرز ھاوشێوەی مانگەکانی رابردوو.
بەوتەی سەرچاوەکان، تا ئێستا ھەرێم و بەغداد لەسەر چەند خاڵێک ناکۆکن و نەگەیشتوون بە رێککەوتنی کۆتایی، حکومەتی عێراق داوای رادەستکردنی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت و داھاتە نانەوتییەکانی دەکات، بەڵام ھەرێم تا ئێستا ٥٥ ھەزار بەرمیلی رادەستکردوە، ھەروەھا بەغداد داوا دەکات تەواوی داھاتی نانەوتی رادەست بکرێت و دواتر ٥٠%ی داھاتی نانەوتی رەوانەی ھەرێم بکاتەوە،.
وەفدی ھەرێم ھەفتەی رابردوو سەردانی بەغدادی کرد و و چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق ئەنجامدا لەبارەی ناردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە کەی پشکی ھەرێم رەوانە دەکرێت.
ساڵح خەرابشە وەزیری وزەی ئوردن بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، پرۆژەی بەستنەوەی کارەبای نێوان وڵاتەکەی و عێراق بە دوو قۆناغ ئەنجام دەدرێت و قۆناغی یەکەم بە بەستنەوەی کارەبای ھەردوو ناوچەی (ریشە و روتبە) دەستپێدەکات و چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەم مانگە ئامادەبێت.
وتیشی، قۆناغی دووەم بەستنەوەی کارەبای ھەردوو ناوچەی ریشە و قائیم دەبێت بە توانای ٤٠٠ کیلۆڤۆڵت و پێدەچێت لەم مانگەدا تەواو ببێت.
ھەروەھا وەزیری وزەی ئوردن جەختیکردەوە لە گرنگی رێککەوتنی ئوردن و عێراق لەسەر زیادکردنی بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە عێراقەوە بۆ وڵاتەکەی لە ١٠ ھەزار بەرمیلەوە بۆ ١٥ ھەزار بەرمیلی رۆژانە.
رونیشیکردەوە، نەوتی ھەناردەکراو لە عێراقەوە لەسەدا حەوتی پێداوییستییەکانی وڵاتەکەیان دەستبەر دەکات.
عەبدولزەھرە ھنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان ئاماژەی بەوەکردووە، سەرەڕای ئەوەی رێژەی کارکردنی منداڵانی عێراق دەگاتە لەسەدا حەوت و بە رێژەیەکی نزم دادەنرێت، بەڵام واتای ئەوەیە ملیۆنێک و ١٠٠ ھەزار منداڵی عێراقی لە مافەکانیان بێبەشن.
وتیشی، بە پێی توێژینەوەکان منداڵان گیرۆدەی جیاکاری رەگەزین لە بوارەکانی خوێندن و کاتبەسەربردن بەتایبەت لە ناوچە گوندنشینەکان و ئەرکی دەوڵەت و کۆمەڵگەیە بیانپارێزێت.
وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان بە پێویستی دەزانێت منداڵان چێژ لە ژیانی منداڵێتی ببینن و تەنھا مافی خوێندن و تەندروستی بۆ دەستبەرنەکرێت، بەڵکو پێویستە لە توندوتیژی خێزانی و دامەزراوەکانی فێرکاری و کۆمەڵگە بپارێزرێن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی رێکخراوی تەندروستی جیھانی لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردووەتەوە، دوای بەدواداچوونی زۆر و ئەنجامدانی چەندین جۆر پشکنین، دەرکەوتووە گۆڕاوێکی نوێی ڤایرۆسێکی کۆرۆنا لە ئەمریکا و دانیمارک و ئیسرائیل بڵاوبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو سێ وڵاتەیان لە ئەنجامی بەدواداچوون و پشکنینەکان ئاگادار کردووەتەوە، ھۆشداریشیان پێداون کە پێویستە زۆر بە وردی چاودێری ئەو گۆڕاوە نوێیەی کۆرۆنا بکەن و ھاوڵاتیانیشیان لە مەترسییەکانی ئەو گۆڕاوە نوێیەی کۆرۆنا ئاگادار بکەنەوە.
بە ئامادەبوونی جینین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان و فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق و نوێنەری وڵاتان، لە رێورەسمێکدا لە یادی ٢٠ ساڵەی تەقینەوەکەی بارەگای نەتەوەیەکگرتوەکان کرایەوە.
ھاوکات وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەیادی تەقینەوەکەدا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و جگە لە دەربڕی ھاوسۆزی خۆی بۆ نەتەوەیەکگرتوەکان و ئاژانسەکانی جەختیشیکردەوە، لەسەر گرنگی بەھێزکردنی بەدەنگەوەھاتنی مرۆیی رەوشەکە ھەر چۆنێک بێت و تیرۆر ھەمووان دەکاتە ئامانج بەرپرسیارێتیی پێکەوەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەیی و بەردەوامیکاری ھاوبەش بۆ لاوازکردنی کاریگەری ئایدۆلۆژیا لە ھەموو شوێنێک .
لە ١٩ی ئابی ساڵی ٢٠٠٣ ھێرشێکی خۆکوژی کرایەسەر بارەگای نەتەوەیەکگرتوەکان لە بەغداد و بەھۆیەوە سێرجیۆ ڤیێرا دیملۆ نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان و ٢١ کەسی دیکە کوژران و زیاتر لە ١٠٠ کەسی تر برینداربوون.
بە پێی نوسراوێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، سەرجەم ئەفسەران بە پلەی مولازم دەبێت لە یەکی مانگی ئەیلوول تاکو یەکی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، لە بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاریی پزیشکی خۆیان بکێشن، تاکو پلە بەرزکردنەوەی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ بیانگرێتەوە.
بە پێی نوسراوەکە، ھەر ئەفسەرێک کێشی لە دوو کیلۆوە لە کێشی ئاسایی زیاتر بێت، پلە بەرزکردنەوەی ساڵانەی رادەگیرێت.
ھەروەھا ئەوانەشی پلەیان عەمید یاخود لیوایە، ئەگەر کێشیان لە پێنج کیلۆوە لە سەروو کێشی ئاساییەوە بێت، مۆڵەتی یەک ساڵیان پێدەرێت، تاکو کێشیان کەمبکەنەوە، بەپێچەوانەوە رێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر و خانەنشین دەکرێن.
ھەروەھا ئەوانەی پلەیان عەقیدە بۆ ماوەی دوو مانگ دەخرێنە راھێنانی ناوەندی چاکسازیی پۆلیسەوە بە پێچەوانەوە خانەنشین دەکرێن.
لە سەرەتای کابینەکەی محەمەد شیاع سودانیەوە، وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی عێراق، دەستیان بە لێپرسینەوە لەو ئەفسەر و پلەدارانە کردووە، کە کێشیان لە سەروو کێشی دیاریکراوە و داوایان لێدەکرێت کێشیان کەمبکەنەوە.
ئەلینا رۆمانۆوسکی لە راگەیەنراوێکدا بە بۆنەی رۆژی کارکردنی مرۆیی رایگەیاند، وڵاتەکەی بە گەورەترین بەخشەری ھاوکاری مرۆیی لە عێراق دادەنرێت و لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە زیاتر لە ٣ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار ھاوکاری مرۆییان پێشکەشکردووە و ھاوکاربووە لە کۆتایھێنان بە ئاوارەبوونی ٥ ملیۆن عێراقی.
باڵیۆزی ئەمریکا راشیگەیاندوە، بەردەوامن لە ھاوکاریکردنی نزیکەی ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەس کە ھێشتا لەناوخۆی وڵاتەکەدا ئاوارەن.
موقتەدا سەدر، نوسراوێکی ئاڕاستەی ئەندامانی گرووپی چەکداریی سەرایا سەلام کرد و دوای کرد، لەپێناو پاراستنی شکۆیان و لە خۆشەویستی بۆ عێراق و گەلەکەی، بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەو، ھیچ نمایشێکی سەربازیی چەکداریی ئەنجام نەدەن.
سەدر لە نوسراوەکەیدا کە بەدەست نووسیوویەتی، دەشڵێت، پێویستە یاسایەک بۆ سزادانی ھەر کەسێک دەربکرێت، کە سەرپێچی ئەو یاسا و بڕیارە دەکات.
داواش لە تەحسین حەمدانی (بەرپرسی سەرایا سەلام) دەکات، گشتاندن بۆ بڕیارە بکات و "بەزووترین کات" رێکاری پێویست بگرێتەبەر.
گرووپی چەکداریی سەرایا سەلام، بە باڵی سەربازیی رەوتی سەدر دادەنرێت، ساڵی ٢٠١٤ لەکاتی شەڕی داعشدا دروستکرا.
سەناء موسەوی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری چاودێری کۆمەڵایەتی بە ئاژانسی ھەوڵی عێراقی راگەیاند، لەئێستادا رێژەی ھەژاری لە عێراق ٢١%ـە و شەش ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەس مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی وەردەگرن.
باسی لەوەشکردوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق گرنگییەکی تایبەت بە دۆسیەی چاودێری کۆمەڵایەتی دەدات و لەئێستاشدا پێشنیازێک ھەیە بۆ ئەوەی چاودێری کۆمەڵایەتی دەرۆزەکارەکانیش بگرێتەوە.
راوێژکارەکەی سودانی باسی لەوەشکردوە، سودمەندبووانی چاودێری کۆمەڵایەتی مانگانە ژمارەیان زیاد دەکات، یاساش ئەو کەسانەی دیاریکردووە کە ھاوکاری دارایی دەیانگرێتەوە، ئەگەریش بژێوی خێزانەکە گەیشتە سەروی ھێڵی ھەژاری، ئەو کاتە ھاوکارییەکەی حکومەت بۆ ئەو خێزانە دەبڕدرێت.
باسم محەمەد، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق لەکۆبوونەوەیدا لەگەڵ کۆمپانیای گەڕان و دۆزینەوەی کێڵگەی نوێی نەوتی، باسی لەوەکردوە، لەئێستادا وەزارەتەکەیان دەستیکردووە بە کارکردن لە ژمارەیەک کێڵگەی نوێی نەوت و لە داھاتویەکی نزیکیشیدا لە سنوری قەزای کفری سەر بە پارێزگای دیالە دەستدەکەن بە ھەڵکەندنی بیرێکی نوێی نەوت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەم کاتەدا پرۆسەی گەڕان و بەرھەمھێنانی نەوت لە ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق و ناوچە سنورییەکان چڕکراوەتەوە، ھاوکات کاریش دەکرێت بۆ گەشەپێدان و فراوانکردنی کێڵگەی نەفتخانە لە خانەقین و زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوت تیایدا.
تائێستا حکومەتی ھەرێم لەسەر ئەو ھەوڵەی حکومەتی عێراق و کارکردن بۆ فراوانکردنی چالاکییەکانی وەزارەتی نەوت لە سنوری ماددەی ١٤٠ ھەڵوێستی خۆی رانەگەیاندووە.