سێ سەرچاوەی ئاگادار لەبەغداد بە کوردسات نیوزیان راگەیاند، ئەمڕۆ وەفدی ھەرێم دەگەڕێنەوە بەغداد و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی لەگەڵ وەفدەکەدا دەبن.

ئاماژەیان بەوەشکرد، وەفدەکە گفتۆگۆ  لەبارەی ئەو راپۆرتە دەکەن کە دیوانی چاودێری دارایی عێراق ئامادەیان کردووە لەبارەی وردبینی لە داھات و خەرجییەکانی ھەرێم، وەفدەکە دەیانەوێت وەڵامی کۆتایی بەغداد وەربگرن لەبارەی ناردنی پشکی تەواوی ھەرێم یاخود ناردنی بڕە پارەیەک وەک قەرز ھاوشێوەی مانگەکانی رابردوو.

بەوتەی سەرچاوەکان، تا ئێستا ھەرێم و بەغداد لەسەر چەند خاڵێک ناکۆکن و نەگەیشتوون بە رێککەوتنی کۆتایی، حکومەتی عێراق داوای رادەستکردنی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت و داھاتە نانەوتییەکانی دەکات، بەڵام ھەرێم تا ئێستا ٥٥ ھەزار بەرمیلی رادەستکردوە، ھەروەھا بەغداد داوا دەکات تەواوی داھاتی نانەوتی رادەست بکرێت و دواتر ٥٠%ی داھاتی نانەوتی رەوانەی ھەرێم بکاتەوە،.

وەفدی ھەرێم ھەفتەی رابردوو سەردانی بەغدادی کرد و و چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق ئەنجامدا لەبارەی ناردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە کەی پشکی ھەرێم رەوانە دەکرێت.